تەجرەبەكە ناسكە، با دەنگ نەكەین
Thursday, 15/07/2010, 12:00
باشوری كوردستان بۆ 20 ساڵ دەچێت بەنێو دەیان كێشەو گرفت گوزەر دەكات و ئەم قۆناغەی ئەمڕۆ تیایدا دەژین جیاوازە لەو سەردەمەی دوێنی كە بەسەر چوو، چیتر لەپەنای ئەوەی كە تەجرەبەكەمان ناسكەو دەبێت چاو پۆشی لە زۆر شت بكەین.
ئێوە بوون لە دوای راپەڕین هەرچی هەبوو ئاودیوتان كرد، ئێمە بووین دەمانگوت تەجرەبەكە ناسكە با دەنگ نەكەین!
ئێوە بوون شەری كورد بە كوردتان كرد و هیچ نەما بەیەكتر نەكەن، نێومالی كوردتان كردە دوو لەت، چما بیكەن، ئێمە بووین دەمانگوت شەڕ راگرن تەجرەبەكەمان ناسكە، چ تكایەك نەما تا لێتان نەكەین، بەڵام هەر بە قسەی خۆتان كرد، ئێوە بوون لە هەڵبژاردنەكان دەیان بەڵێنی بریقەدارتان بەخەڵكداو تەزویریشتان كرد، ئێمە بووین دەمانگوت بۆ دیموكراسیەتی كوردستان جوان نییە با تەجرەبەكە لەكەدار نەكەین، دەنگمان نەكرد. ئێوە بوون بە تەزكیەی هەردوو لاتان هەرچی كادیرو ئەندامانتان هەبوو كردە فەرمانبەری میری، ئێمە بووین دەمانگوت لێگەڕێن چی دەكەن با بیكەن بەس شەڕ نەكەن. ئێوە بوون بەشداری چالاكانەتان كرد لە دروست كردنەوەی عیراق، ئێمەبووین دەمانگوت لێگەڕێن با بزانین سودیان لە حكومەتەكانی دیكە وەرگرتووە، كەچی ئەوانتان بەهێزكردو خۆتان لاواز، ئەوانتان كردە خاوەن عیراق و ئایندەی هەرێمی كوردستانتان بە كەركوكەوە پڕ كێشە جێ هێشت.
ئێستا بالەخانەكان گەورەتر دەبن، فرۆكەخانەكان پان و پۆڕتر دەبن، كۆمپانیا بیانیەكان زۆرتر دەبن، ئێستا پێتان دەلێین بەسە، قبوڵ ناكەین هەژاران هەژارتر بن، بێكاران بێكارتر بن، بێ مالان بێ مالتر بن، سواڵكەران سوالكەرتر بن، چیتر تەجرەبەكە ناسك نییەو سەیری عیراقی نوێ بكەن و بیر لە ژیان و ماڵ و داهاتووی ئەو خەڵكە بكەنەوە.
نەوتمان هەیە، ئاومان هەیە، سامانمان هەیە، پارەو خاك و نیشتمانمان هەیە، نەتەوەمان هەیە، كادیرو كەسی لێهاتوو و مرۆڤی ئازاو ئاقلمان هەیە، بۆچی كیانی سیاسیمان نەبێت؟ بۆچی لەو هەموو رووداو و پێشهاتانە بریارمان نەبێت بۆ داننان بەخۆمان و چەسپاندنی سەربەخۆیمان بە راگەیاندنی دەولەتی خۆمان.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست