کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ساڵى لافاوەكە

Wednesday, 17/02/2010, 12:00


+ ئەرێ چۆن لەم وەزعە تێ ئەگەى؟!
- كام وەزع؟
+ ئەى ماڵت ئاوابێ بۆ ئەوەنە خۆت لە مەوزوع گێل ئەكەى؟! یەعنى نازانى!
- ئێ كورە ئاخر ئەوەنە زۆرە باروەڕت بێ نازانم كامیان ئەڵێى! ناكا وەزعى هەندێ لە رۆژنامەنووسان بڵێى كە حیزبەكان هەموو كاتێ دوو مانگ پێش هەڵبژاردن دەعوەتیان ئەكەن و دەستی هاوكارییان بۆ درێژ ئەكەن تەنها لە پێناو ئەوەى لە كاتى هەڵبژاردندا جوقە نەكەن!
+ نەوەڵڵا من ئەوەم نەئەزانى هەى زمانت بە بڕینچێ، دەتوخوا با واز لەو جۆرە رۆژنامەنووسە ئینتیهازیانە بێنین لە لایەكەوە جوێن بە دەسەڵات ئەیەن و لە لایەكى تریشەوە بە وتار نووسین و تەلەفۆنى شەوانە دەیانەوێت كەناڵەكانى دەسەڵات بدۆزنەوە لە پێناو دامەزراندندا پاكانە دەردەبڕن و پاشاگەردانى لە هەڵوێستەكانى خۆیان دەكەن!
- كورە ئەوانە دەردى پشدەرى وتى "فس كەڵەبابن"! چونكە نەخشەى هەڵبژاردن و پیلانەكانى حیزبی كوردى هێندە بێهێز نییە تاكو ئەو جۆرە كەسانە بتوانن شلوێى بكەن!
+ ئێستا با لە مەوزوعى خۆمان دوور نەكەوینەوە تۆ چۆنى تێ ئەگەى؟! - ئەرێ ئەوە تۆ ئەڵێى حەملت بە هەڵبژاردنەوە هەیە و بێزوو بەو پرسیارەوە ئەكەى؟!
+ مەبەستت كام هەڵبژاردنەیە؟!
- كورە مەبەستم ئەم هەڵبژاردنەى ئێستایە كە بە رێوەیە.
+ كوڕى باشبە با دەست لەو مەوزوعە نەدەین!
- بۆ؟!
+ كورە بابە ئەوە لە ئیرادەى ناوخۆیى دەرچووە كە ئێمە بڵێین وەڵڵا خۆمان جل بۆ خۆمان ئەدوورین! فەقیر مەبە و بۆمان ئەدورن.
- یەعنى بە قەولى جەنابت هەموو ئیرادەكان لاى كوێخا ئەمریكایە؟!
+ ئەى دەمخۆش ئاخر ئەگەر هەموو نەخشەكان ئەو داینەڕێژێ و رێژەى بەشداربوانى سیاسیى لە عێراقدا دیارى نەكا و جار جارەش لە ناو خودى لایەنە سیاسییەكاندا مزایەدە بەسەر یەكتریدا نەكرێ، كارەكان بە ناوى دیموكراسیەوە سەرناگرێ!
- باشە مەبەستت لە ساڵى لافاوەكە چییە؟!
+ جاران ئێمە قوتابی بووین، ئەگەر لەو ساڵە حكومەت بەرژەوەندیەكى باشى توشبوایە ئەوا تەواوى قوتابیان بە تەممەڵ و زیرەكەوە دەرەچوون، ئەوكاتەش ناویان لێ ئەنا ساڵى لافاوەكە، واتە بە بێ جیاوازى هەمووى دەرەچوو! ئینجا تەماشاكە لەوەتەى دیكتاتۆر لە عێراقا نەماوە بڕوانە مەهزەلەى دیموكراسى لە عێراق چۆن خوڵقاوە؟! دەمێك پشتگیرى نەوەكانى حسێن و دەمێك نەوەكانى عومەر و جارجارەش بە خاڵۆزاكانى فەهد ئەڵێ خەمتان نەبێ جیهان لە نێوان خۆماندا بەشكراوە! لەولاشەوە بە نهێنى لەگەڵ تەیاراتى جۆراوجۆر تا ئەگاتە بەعسیە خۆماڵیەكانى یەمەن و سوریا تا ئەگاتە موسڵ و لەولاشەوە بە خدر و پیرۆتى كورد ئەڵێ ئێمە میوانین لاى ئێوە، چونكە ئێوە هەمیشە گوێ لە گۆرانیەكەى (ماملێ) ئەگرن و قەدرى میوان باش ئەزانن! بەڵام داوایەكمان هەیە ئەو سیعرەى كە لە دەفتەرى قەرزى گشتى عێراق بە 140 قەبڵانوتانە، ئەگەر بكرێ خاترمان بگرن و شتێ كەمترمان لێ بسێنن، چونكە وەزعى داراییمان ناجۆرە! ئەگەر قەناعەتیش ناكەن خۆتان ئەزانن ئێمە بێ شەرمین ئەكرێ وەك مێژوو بە 75 لێتان بكڕێنەوە!
- كورە ئەوە تۆ ئەڵێى چی بابە ئەوەى تۆ ئەیڵێى لە قسەى سەر تەنوور ئەچێ و كەس بە تورێ نایكڕێ، ئەى قوڕ بەسەر ئەو حیزبەى وەكو كادیر وەرت ئەگرێ و تەحلیلی سیاسییت پێ ئەكا! بە فەخرى عالەم بە دەردى تەحلیلی مەرەزى ناوبازاڕى لێ ئەكەى! هەزار و یەك كرمى ئەسكارس لە هەناوى مێژوودا ئەدۆزیتەوە، بەخوا باشبوو لە مەكتەبی دیراسات و لێكۆڵینەوەى هیچ حیزبێكى كوردیدا نەبووى، ئەگینا لە بەینى دوو پژمین و كۆكینێكدا رۆژئاواى ئەفریقات ئەكرد بە ناحیەى (خورماڵ)!
+ بێ عەقڵ مەبە تۆ بزانە هەموو كات لە نزیكبوونەوەى هەڵبژاردەنەكان چەندین جار كۆپتەرە شینەكان لە بەینى ئاسمانى (عێراق- كوردستان)دا هاتووچۆ دەكەن.
- ئەرێ بە راست ئەو كۆپتەرانە چین؟!
+ خوا پێم نەگرێ ئەو كۆپتەرانە نەفەرات ئیش ئەكەن و پەیام و ریسالەیان پێیە بۆ ئەوەى قەناعەت بە هەموو لایەك بكرێ و ئاو بێنە و دەست بشۆ بڵێ خوا نەیبڕێ!
- چى خوا نەیبڕێ؟!
+ بێ عەقڵ مەبە ئەوە بڕیارمیا ئاگام لێت بێ!
- حەو.. حەو..
+ حەوى بۆچییە؟! هەرچەنە خۆم لە ئیمتیحانى پێشوو ئیكمال بووم، بەڵام ئەمساڵ بە هۆى لافاوەكەوە هەموومان بە پێى كەموزۆرى دەرەچین و منیش كە دەرچووم وەعد بێ سەرى گوریسێكت لە بەغا بەمێ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە