کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هەر بنەماڵەیەك چەند دیكتاتۆر بێت لەئاست میللەت دا بچوك و زەلیلە

Friday, 17/07/2009, 12:00


ئەگەر خوێندنەوەى دوێنێى بروسكەكان لە رادیۆ بە دەنگى زوڵاڵى فەرهاد سەنگاوى بۆ راپەرین لە شانە چەكدارەكانى شاڵاو و بروسكەوە هێما بوبێ بۆ خۆسازدانى مەفرەزە نهێنیەكانى ناوشار و كۆمەڵانى خەڵك بەرامبەر بە دەسەڵاتى دیكتاتۆریەتى بەعس بۆ هێنانەدى ئازادى ئەم گەلە ستەمدیدەیە، ئەوا هاتەدى و هەر ئەو خەڵكە هەژار و جوامێرانەى شار و شارۆچكەكان بوون كە توانیان ئەم ئەزمونە بۆ كوردستان دروست بكەن، نەك ئەوانەى تا دوێنێ لە ئۆردوگاكانى ئێراندا هەمیشە كاوێژى كەلتور و خۆبەزل زانینیان دەكردە كوێخایەتى و رۆژێك لە رۆژانیش ئەو دروشمانەى، كە ئەوان باسیان لێوەدەكرد نەبوو بە واقیع بۆ خۆشگوزەرانى كۆمەڵگا.
ئەزمونى بەڕێوەبردنى سیاسى و ئیدارى و ئابوورى هەژدە ساڵ دەسەڵات، جگە لە هێنانە كایەى گەندەڵى هیچى لێنەكەوتەوە، كە ئەوەش بووە هۆى ئەوەى كە كۆمەڵگا داواى بەخۆدا چونەوەى دەسەڵاتى دەكرد بۆ گۆڕینى سیستمى دەسەڵات لە كوردستاندا، تاواى لێهات دەسەڵات لووتى چوبووە كەشكەڵانى فەلەك و گوێى بۆ هیچ داخوازییەكى كۆمەڵگا رانەگرت، كار گەیشتە ئەوەى كە بزوتنەوەى گۆڕان لە بزوتنەوەیەكى فكرى سیاسییەوە ببێتە میللى داخوازییەكانى هەموو كۆمەڵگا.
لەوەتەى بانگەشەى لیست و قەوارە سیاسیەكان بۆهەڵبژاردنى هەرێمى كوردستان دەستى پێكردوە، دەبینین جگە لە ناوچەكانى سلێمانى و گەرمیان كە بەفیعلى بانگەشەى هەموولیستەكانى تیادا بەدى دەكرێت، كەچى ناوچەكانى هەولێر و بادینان بە حوكمى ئەوەى كە لەبن دەسەڵاتى پارتیدان، بە هیچ شیوەیەك رەنگ و بۆنى هەڵبژاردنى لێنایەت و ئەمەش بەبێ بەڵگە ئەوە دەسەلمێنێ، كە هەرگیز پارتى بیروڕاى جیاوازى پێ قبوڵ ناكرێ و ئەمەش پێچەوانەى ئەو دیموكراسیەیە، كە بەردەوام لە كەناڵى راگەیاندنەكانەوە دەهۆڵى بۆ دەكوتێ، ئیتر چ دەمێنێ كە كۆمەڵانى خەڵك بڕوا بە بوونى دیموكراسیەت لە هەولێردا بكەن، بەڵام باش بوو كە دەسەڵات نەیهێشت كەرنەڤاڵى لیستى گۆڕان لە هەولێردا بكرێت! بۆ ئەوەى ئەوانەى كە تا دوێنێ بە گومانەوە دەیانڕوانیە دیموكراسى بوونى دەسەڵاتى سیاسى لە هەولێر، ئەمڕۆ یەقینى تەواویان هەبێت بەرامبەر ئەو دەسەڵاتە، وە لە رۆژى دەنگداندا بە هەڵەدا نەچن، ئەو هەنگاوانە ئەوە دەسەلمێنن كە دەسەڵاتێك لە رووى خێڵ و زۆرداریەوە چەندە خۆى بە شەهامەت و دیكتاتۆر بزانێت، بەڵام هەمیشە لە ئاست میللەتدا بچوك و زەلیلە.
رێگەنەدان بە بیروڕاى جیاواز و نەبوونى كەرنەڤاڵى لیستى گۆڕان لە هەولێر ماناى پێشێلكردنى هەموو مافەكانى مرۆڤە لە دونیاى دیموكراسیدا، چونكە ئەو دەسەڵاتە دەیەوێت سەپاندنى خۆى بەسەر كۆمەڵگادا نمونەیەكى ئاغایى و كوێخایى بێت و میللەتیش هەمیشە رەعیەتى بێت، نەدەبوا دەسەڵات لە شارى هەولێر رێگرى كەنەرنەڤاڵى لیستى گۆڕان بكات، چونكە هەر دەسەڵات خۆى ئەزمونێكى باشى هەیە لە فەنابوونى دیكتاتۆرەكاندا، بە تایبەتى (پارتى) كە كاتێك لە ناو قوڵاییى ئێراندا بوو خۆى بە چاوى خۆى دیتى كە چۆن میللەتى ئێران لە دوایین چركە ساتى زوڵم و زۆرى دەسەڵاتى (شا)دا میللەت رژانە سەر شەقامەكان و هاواریان دەكرد، (مرگ برشا)، كە كاتێك هەموومان دەزانین بنەماڵەى شا گەورەترین دەسەڵاتیان بەسەر ئێران و ناوچەى (خلیج)یشدا هەبوو، بەڵام كە میللەت بە دەسەڵات ناڕازى بوون، گەورەیى دیكتاتۆریەتى ئەو بنەماڵە لە ئاست میللەتدا چەند بە زەلیلى بینرا و هەر بە زەلیلیش لە دوورە وڵات سەریان نایەوە.
رێگرتنى ئەمڕۆى كەرنەڤاڵى لیستى گۆڕان لە جەماوەرى هەولێر، باشترین تێگەیشتنە لە مافە سەرەتاییەكانى دیموكراتیەتى پارتى بۆ هەولێریەكان، بۆیە ئیدى دەبێ بزانرێت و هەولێریەكانیش نابێ چاوەڕوانى هیچ هیوایەكى دیموكراسى لە هەولێردا بكەن، دەبێ دان بەخۆدا بگرن و تۆڵەى نەبوونى دیموكراسیەت لەم شارەدا بۆ دوایین جار و بۆ مێژوو لەسەر سندوقەكانى دەنگدان، هەولێر بۆ هەولێریەتى خۆیان یەكلا بكەنەوە و رۆژى 25/7 بكەنە زەماوەندى جوامێرى خۆیان و كۆتایى بە دەسەڵاتى رەهاى دیكتاتۆریەت بێنن.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە