تكایە قسەى ناخۆش راگرن
Friday, 11/06/2010, 12:00
ئەى خوا دەوامت نەیا بۆ خاترى فەخرى كائینات، زمانت بە بڕین چێت و هەلا هەلا بێت، ئەوە تۆ مەبەستت ئەوەیە كە بێدەنگ بین، هەر لە زووەوە ئەمزانى تۆى جەبان و بێ غیرەت ناونیشانى بابەتى وا هەڵدەبژێری، بۆ ئەوەى هەڵوێستت روون و ئاشكرا نەبێ! تۆ بزانە گەنجێكى جوانى رۆژنامەنووس تیرۆر كرا، تۆش ئەڵێى قسەى ناخۆش راگرن بەو مانایەى كە ئیتر قسە نەكەین و بێ دەنگ بین؟!
زڕڕ.. زڕڕ.. زڕڕ.. راوەستە.. راوەستە بێ ئەقڵ جارێ جەڕەسى تەلەفۆنم بۆ هات، وەڵڵا دایكمە، یەڵڵا خێر.. ئەبێ چى روویدابێ؟!
ئەلوو.. ئەلوو،
بەڵێ دایە فەرموو.
ئەلوو كوڕم.
بەڵێ دایە گوێم لێتە.
بەخوا كوڕم من باش گوێم لە تۆ نییە، لەوانەیە شوێنەكەت باش نەبێ، ئەگەر بكرێ شوێنەكەت بگۆڕە هەندێ ئیشم پێتە.
ئەلوو ئێستا چۆنە دایە؟
زۆرباشە وەڵڵا ئەڵێى لە تەنیشت خۆمەوە قسە ئەكەى.
دەى فەرموو دایە ئەمركە.
وەزعتان چۆنە ماڵ و مناڵ بەبەكە لە چیایە؟
توزاتى خوا دایە عاجز مەبە ئیشم زۆرە لەگەڵ ئەو برادەرانە راوەستاوم ئەمرت بە چییە؟ زوو پێم بڵێ وەختى ئەوەنییە
نیوەڕۆ یاپراخمان كردووە، یا شفتەمان هەیە لەگەڵ ماڵەوە وەرنەوە! ب
چۆرە ناو مەوزوعەكەوە وەختى ئەوە نییە.
باشە كوڕم لێم شێت مەبە، ئێ دەئاخر كوڕم منیش جەرگم بۆت ئەسووتێ!
ئێستا چیبووە واتۆ ئەم هەموو وەحدەیە سەرف ئەكەى، دیارە پارەتان زۆرە؟
نەبەخوا كوڕم من خەمى تۆمە!
ئێستا مەوزوعەكەم پێ ئەڵێى یا دایخەم،
باشە باش شێت و شوور، ئەها كوڕم بیكە بە خاترى قەبرى باوكت ئیتر واز لە نووسین بێنە و سەرگەردانى بۆ خۆت دروست مەكە!
بۆ دایە هیچ بووە؟!
بۆ هێشتا هیچ نەبووە كوڕم، گەنجێكى جوان كە هێشتا تامى ژیانى نەكردبوو بە ناهەق جوانەمەرگیان كرد، رەببى خوا جوانەمەرگیان بكا.
باشە.. باشە.. دایە وەختى ئەوەنییە.
كوڕە كوڕم چى وەختى ئەوە نییە؟ ئەوەتا من رۆژانە لە مەتبەخ تەواوى رادیۆكان گوێ لێ ئەگرم ئەوەى خوا حەزى پێ نەكا بە یەكتریان كرد، ئەوەتا رۆژانە عەجەم و تورك تۆپبارانمان ئەكەن، عەرەب لە خوارەوە پێمان پێ ئەكەنن بزانە زات ئەكەن لە ئاست ئەو كردەوانەى بێگانەدا قسەى ناخۆش و رەق بكەن و سنگ بەرنە پێشەوە؟! ئاخر كورد درۆى نەكردووە كە ئەڵێ: "ئەمانە شێرى ماڵەوە و رێوى دەرەوەن"!
كورە دەباشە دایەگیان واز لەو قسانە بێنە.. بۆ ناكا گوێ لە قسەكانیشمان بگرن؟!
كورە دەبا لەم وڵاتە هەموو شتێك روو ئەیا. دەى بۆ خاترى سى جزمەى قورئان خێرى لێ نەبینن.
ئەرێ دایە تۆ ئەڵێى مەڵاشوت بە دوعاكردن هەڵدراوەتەوە؟
بەخوا كوڕم من هیچم نەوتووە، ئەگەر یەیتە كۆڵانى ئێمە و گوێ لە فاتم و حەلیم و ئایشێى دراوسێمان ئەگرى، هەر سەر سپى ئەكەى لە ئاست قسەكانیان!
ئێستا ئەمرێكت نییە دایەگیان،
نەوەڵڵا كوڕم، ئەرێ بەڕاست لە كوێى؟ چى ئەكەى؟ دوایى بۆ كوێ ئەچى؟
ئەرێ دایە ئەڵێى لە ئاسایش تەعین بووى ماڵت ئاوابێ!
توخوا كوڕم كەس وا بە دایكى خۆى ئەڵێ؟!
دایە من حەددم نییە قسەى ناشرین بكەم، بەڵام هەموو قسەكانت لە شێوەى تەحقیق ئەچێ، من هیچم نەكردووە بە پرسیارەكانت ئەژنۆم شكاوە! كورە بۆ هیچ شوێنێك ناچم دوایى ملم ئەشكێنم و ئەچمەوە ماڵەوە!
دەباشە بەس وەعدم بەرێ كە نانووسی!
بەڵێ نانووسم بەس خەریكى خوێندنەوە ئەبم!
ئەرێ ئێستا خەریكى چ جۆرە خوێندنەوەیەكى؟!
ئەرێ دایە تۆ خوێنەواریت نییە و ئەلف بە تێڵا ئەزانى ئەم پرسیارانەت لە چییە؟! كورە دەوازم لێبێنە و بە نیازم لە دەرسى مناڵیەوە دەستپێ بكەم و ئێستا گەیشتوومەتە (زەردە زەردە وا راوە دەى دەى)!
بەخوا كوڕم ئەویش مەخوێنەرەوە!
دەباشە دایە گیان هیچ ناكەم و خواحافیز دڵم تەقى!
لە پەناى خوا بی و لە دەرد و بەڵا دوور بی.
ئەرێ كاكە ئەو هەموو قسە كردنە چى بوو؟!
ئێ بڵێم چى كاكە دایكم بوو، ئەرێ وەرە وەرە بێ ئەقڵ، من مەبەستم ئەوە نییە كە لە ئاست كەیسى تیرۆركردنەكە بێ دەنگ بین! من مەبەستم ئەوەیە كە وەك چۆن جاران ئەیانوت تەققەى خۆشى راگرن، ئێستاش ئەمەوێ ئەو قسە رەق و ناخۆشانەى كە لە نێوان لایەنەكاندا لە ئارایە چیتر نەمێنێ و بە یەكترا هەڵنەشاخێن! رووداوەكە نەقۆزرێتەوە كە كەیسى تیرۆریەكەى تیا ون بێ! چونكە هەموومان تا رادەیەك شارەزاین و دەزانین هەڵگیرسانى شەڕ زۆر ئاسانە، بەس كوژانەوەى زۆر زەحمەتە، ئەمە جگە لەوەى لە هەڵگیرسانى هەموو شەڕێكا بەرپرسە سیاسیەكان زوو ئاشت ئەبنەوە، بەڵام تاكى كۆمەڵگا دەیان ساڵ ئەخایەنێ و ئاشت نابنەوە، جابۆیە چاتر وایە زۆر بە هێمنى هەموو لایەك لە ئاست بەرپرسیارێتى خوێنى ئەو گەنجە بین.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست