کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هەولێر بۆمبێكى بێدەنگى تەوقیتكراوى دەنگدان

Thursday, 16/07/2009, 12:00


ڕاپۆرتی شێکاریی

پێگەى شار و شارۆچكە لە نەخشەى سیاسییدا
گەر بە وردى خوێندنەوەمان لەسەر نەخشە و پلاندانانى تەواوى وڵاتان هەبێت، دەبینین هەر وڵاتەى بە پێى رووداوە مێژووە سیاسییەكەى خۆى و دواى ئازاد بوونى لە بن دەستى، توانیویەتى لە رووى شێوازى پێكهاتە جوگرافیەكەى وەك ئابوورى، كشتوكاڵ، پیشەسازى...هتد گرنگى بە بارى پێشكەوتووى شارەكانیان بدەن. هەرچەندە گرنگى دان بە شار و شارۆچكە لە هەموو وڵاتێكدا زۆرجار لەسەر بنەماى ستراتیژییەوە بووە، ئەمەش بۆ ئەوەى بتوانرێت لە ئایندەدا سەركەوتنى دەسەڵاتى سیاسیى تێیدا بەرفراوان بێت، بە پێى ئەزموونەكان زۆرجاریش بەدیكراوە، كە ژینگە و جۆرى پەروەردە بوون و بوارى سایكۆلۆژى دانیشتوانى شارەكان جیاواى لە شارێكەوە بۆ شارێكى تر هەبووە، گەر تەماشاى زۆرینەى (بیبیلیۆگرافیاى) وڵاتەكان بكەین، دەبینین جیاوازیەكى تەواو لە نێوان شارەكاندا دەبیندرێت، ئەو جیاوازى بیركردنەوەى دانیشتوانى شارانەش تا رادەیەك لە ئایندەدا دەبێتە ناسنامە و خوڵقیەت و پێكهاتەى شارەكە، بۆ نموونە شار هەیە دانیشتوانەكەى مێژووەكەى تەنها بە كارى كشتوكاڵییەوە ناسراون، یاخود بازرگانى، یان هەمیشە داینەمۆى دەستپێشخەرى كارى شۆڕشگێڕى و رەتكردنەوەى دەسەڵاتى تاك رەوى و بۆتە پێشڕەوێك بۆ ئایندەیەكى رووناك، یاخود شار هەیە بە كارى هونەری، یان ئەدەبى ناسراون. زۆرجاریش دەسەڵاتى سیاسیى لەسەر داتاى بیركردنەوەى دانیشتوانەكانى شارەكان توانیویەتى نەخشەى سیاسیى خۆى دابڕێژێت و لێى سوودمەند بێت، لەم هەنگاوانەشدا هەموو دەسەڵاتێكى سیاسیى زیاتر لەو شارانەدا سوودمەند دەبێت كە بتوانێت پێگەى ئابوورى و فكرەى خۆى تێدا قایم بكات، ئەو شارانە كە زیاتر فكرەیان بەلاى كارى بازرگانى و قەرەباڵغى بوونى دانیشتوانەكەیەوە رەنگ دەداتەوە، كە زۆرجاریش لە بوونى دیكتاتۆریەتى دەسەڵات ئەم بیرۆكەى دەسەڵاتانە بەرامبەر بەو جۆرە شارانە پێچەوانە دەرچوەتەوە، هەڵگەڕانەوەیەكى نەوعى تیابەرجەستە بووە، نموونە هێنانەوەى مێژووى گۆڕانكاریەكانى دەسەڵاتى سیاسیى لە نێو كۆمەڵگاكاندا زۆرن، گەر خوێنەر تواناى گەڕان بە دواى راستیەكاندا هەبێت.

نەخشەى دەسەڵاتى بەعس لە شارەكاندا
هەروەك لە پێشەوە ئیشارەتمان پێداوە، كە هەموو دەسەڵاتێك بە پێى سایكۆلۆژیەتى دانیشتوانەكەى هەوڵى بەرفراوان وونى خۆى لە نێو شارەكاندا داوە. لە كۆمەڵگاى عێراق بە گشتى و كوردستان بە تایبەتى دەسەڵاتى بەعس باشترین نموونەى تازەیە بۆ خوێنەر، كە بزانێت دەسەڵاتى سیاسیى بە چ شێوازێك نەخشەكانى خۆى داڕشتووە، بۆ ئەم مەبەستەش حیزبى بەعس لە كاتى خۆیدا بۆ چاودێریكردنى تەواوى كایەكانى كۆمەڵگا و كۆنترۆڵكردنى دەسەڵاتەكەى خۆى بەسەر سێ مەكتەبدا دابەشكردبوو، وەك (مەكتەب تەنزیم شمال، جنووب، وەسەت).

مەكتەب تەنزیم شمال
سەركردە و ئەندامانى ئەم مەكتەبە زۆرینەیان پێكهاتبوون لەو بەعسیە قەومیە رەگەز پەرست و كوردە خۆ فرۆشانەى ناو ئەحزابى كوردى، كە لەسەرەتاى جودابوونەوەى بزاڤى رزگارى خوازى كورددا سەرى هەڵدا. بوونى ئەم مەكتەبە بۆ كوردستان لە بیرۆكەى بەعسدا بۆ كۆنترۆڵكردن و سڕینەوەى رۆحیەتى شۆڕشگێڕى بوو بەرامبەر بە هەموو تاكێكى كورد، ئەویش لەسەر ئەقڵیەتى دانشتوانى شارەكان سیاسەتى خۆى پیادە دەكرد.

پێگەى خۆقایمكردنى بەعس لە هەولێر
هەموومان دەزانین دواى سەرهەڵدانى شۆڕشى نوێ، ساڵ بە ساڵ ئەڵقەى بەرفراوانبوونى شۆڕش بە هەموو بیر و را جیاوازەكانەوە تا دەهات لە شارو شارۆچكەكانى كوردستاندا بەرفراوان تر دەبوو، بە تایبەت ئەو شار و شارۆچكانەى كە نزیكترین دەروازەى تەماسى هێڵى شۆڕش بوون، یاخود ئەو شار و شارۆچكانەى كە بنكەى قائیدەى فكرى سەرهەڵدانى شۆڕشەكانى تێدا جێگیر بوو. ئەزموونەكانى بەردەوام بوونى چەند ساڵەى شۆڕش و بەگژدا چوونەوەى هێزە سەركوتكەرەكانى رژێمى بەعس بەرامبەر شارە سەر سنووریەكان، كە هێڵى تەماسى بەردەوامى شۆڕش بوون، بەڵگەى هەرە زیندووى دەسپێكى دیكتاتۆریانەى دەسەڵاتى بەعس بوو، بۆ بە ئامانج گەیاندنى هەنگاوەكانى دیكەى خۆى بەرامبەر شارەكانى تر، هەر بۆیەشە راگواستنى شار و شارۆچكەكان بۆ ئۆردوگا زۆرەملێكان و بەرتەسكبوونەوەى شارەكانى دیكە، دوایین ئامانجى دەسەڵاتى بەعس بوو، كە بتوانێت تەنها شارێك لە كوردستاندا بۆ دروشمى بە ناو دیموكراتى و مافى كوردان لە بن دەسەڵاتى خۆى بهێڵتەوە، هەروەك چۆن زانكۆى سلێمانى خرایە قووڵایى هەولێر و دانانى پێگەى (مەجلیس تەشریعى و تەنفیزى) كارتۆنى لە هەولێدا و پاشان دەسپێكردنى دەسەڵاتى بەعس بە دانانى ئەفواج و پێدانى پڕۆژەى بەڵێندەرایەتى كوردى ئەوشارە و شارەكانى تر، بەڵام بەو مەرجەى، كە كۆى بڕیار و راسپاردەكان لە هەولێردا سەرهەڵبدا و بە ئامانجى بگەیەنێت، ئەمە جگە لەو نەخشەیەى بەعس كە هەولێرى بە پارێزگاى دووەمى عێراق ناساندبوو، كە ناوى لێنابوو (عاسیمە سەیفیە)، بیرۆكەكانى بەعس لەوەدا چڕ دەبوەوە، كە هەموو مەرامەكانى خۆى لەو شارەدا چڕكاتەوە، كە گوایە شارێكى بێدەنگ و ئامینە و بۆ ئایندە مەترسى لێناكرێت، كە دانیشتوانى ئەم شارە لە پێناو مافەكانى خۆیان بە گژ دەسەڵاتدا بچنەوە، كە لە پاشانیشدا ئەزموونەكان دەریخست كە پێچەوانە دەرچویەوە، ئەمەش بەڵگەى ئەوەیە كە هیچ كات تاسەر ناتوانرێت هیچ شارێك ناسنامەیەكى رەها بۆ دەسەڵاتى سیاسیى بە بەرگى خۆیدا بكات.
ئەزموونە راپەڕین و دەرخستنى راستیەكان
هەروەك چۆن لە پێشەوە ئیشارەتمان پێدا لە بوونى ئەو شار و شارۆچكانەى كە نزیك هێڵى تەماسى شۆڕش بوون، هەر ئەو شار و شارۆچكانەش سەرەتاى دەستپێكى سەرهەڵدانى راپەڕین و بەرپابوونى ئەم ئازادیەى ئێستا، كە حیزبە كوردیەكان دەیانەوێت تەنها بۆ ئایدۆلۆژیاى خۆیان بە سەروەرى بزانن و مافى هاووڵاتیانى شۆڕشگێڕ و جوامێرى ئەو شارانە لە پێناو بەرژەوەندیە ئابووریەكانیاندا بە كەم بزانن، لە بەرامبەردا خۆیان بە كوێخاى میللەت بزانن، وە هەر ئەم شەپۆلى حەماسەتە بوو كە كاریگەرى خوڵقاندە ناو شارەكانى دیكەى كوردستان و بە بابەگوڕگوڕى لە مێژینەى دیلكراو ئازاد كرا.

هەولێر شارى هاوهێزى ململانێى یەكێتیى و پارتى
ئەزموونى هەژدە ساڵى دەسەڵاتى پارتى و یەكێتیى و سازشكردنى هەردوولا بۆ دوژمن بەرامبەر بە یەكلاكردنەوەى (هەولێر) بۆلایەكیان باشترین نموونەى زیندوون، كە كۆمەڵگا بەگشتى و گەنج بە تایبەتى لە پێناو نەبوونى ئابووریەكى سەقامگیر هەردوو دەسەڵات نەخشەى چەكدار كردنى گەنجیان هێنابووە ئاراوە، ئەمەش لە پێناو پڕكردنەوەى سەنگەرەكانیان بۆ بە ئامانج گەیشتنیان بە دروشمى شارى (هەولێر)، كە دواییش دەركەوت لە بنەڕەتدا ئەم ئامانجە ئامانجێكى وەهمى بوو، بەڵام هەولێر بووبووە قوربانى ئەو ئامانجە، بەڵام ئامانجە ئەسڵیەكە هەموو كۆمەڵگا دەزانێت كە دابەشكردنى داهات و دەسەڵات بوو، ئەم ئەقڵیەتى یەكلاكردنەوەى شارى هەولێر بە هێز، لە لایەن هەردوولاوە جگە لە خاوبوونەوەى سۆزى وڵاتانى ئەوروپا بەرامبەر بە ئایندەى گەلى كورد، هیچی دیكەى بە دواى خۆیدا رانەكێشا، سەرەنجامیش ئەوەبوو كە ئاشتەواییەكە نەك لە ناخى هەردوو دەسەڵاتدا هاتە كایەوە، بەڵكو لە پێناو بەرژەوەندى پێگەى وڵاتانى زلهێز بە سەرۆكایەتى ئەمریكا هاتە كایەوە، كە ئەم ئاشتەواییە رێككەوتننامەى ستراتیژیشى لێكەوتەوە، بەڵام هەمیشە بە دواى خاڵى یەكتردا دەگەڕێن و خەوە خەیاڵە بە یەكترەوە دەبینن و هەمیشە تەحقیق بوونى خەونەكانیشیان بەرامبەر بە یەكتر لە فەرهەنگى گومان تێپەڕى نەكردووە، بۆیە ناكرێت ئەم سیاسەتەى ئەمڕۆى یەكێتیى و پارتى كە لە ناو كۆمەڵگادا بە كارى دەهێنن و عونسورەكانى خۆیان لە پێناو كۆكردنەوەى جەماوەردا بارز دەكەن، ئەمەش تەنها لە پێناو ئەوەیە كە هەریەكەیان بە لایەكەى دیكەیان بڵێن: "ئامانجى دەنگدانى ئایندەش پشكى شێر هى ئێمەیە و كەس ناتوانێ ئەو كەلێنەى تێبكات كە مەرامیەتى"، بەڵام داخوا ئەمجارەش ئەزموونى دەسەڵاتى یەكێتیى و پارتى بەرامبەر بە قۆرخكردنى شار بۆ خۆیان ئەو هاوكێشەیە دەردەچێت، كە خۆیان دەیانەوێت، یا پێچەوانەكەى؟!

گۆڕان لە پێناو چیدا؟!
دواى راپەڕین ئەزمونە تاڵەكانى دەسەڵاتى سیاسیى هەردوو پارتى سەرەكى دەریخست، كە ئەم دوو پارتە جگە لە خۆ سەپاندن و دیكتاتۆریەت هیچ شێوازێكى خۆشگوزەرانیان بۆ ئەم كۆمەڵگایە پێ نییە، باشترین نموونەى زیندووش ئەو ئەقڵە خۆ بەزل زانینەیە كە لەم ماوەیەدا ئەندامێكى (مەكتەبی سیاسیى پارتى دیموكراتى كوردستان) لە چاوپێكەوتنى یەكێ لە رۆژنامەكاندا دەڵێ: "ئەگەر بمانەوێت بە هێز لەگەڵ لیستى (گۆڕان) بجوڵێینەوە، ئەوا لیستى گۆڕان بەرەو تێكشكان دەچێت"! كاكى بەرپرس وا دەزانێت ئەو گۆڕانەى ئێستا بانگەشەى بۆ دەكرێت، لە فكرى سیاسیى چۆتە دەرەوە و بۆتە كارێكى میللى كۆمەڵگا بە گشتى، بەڵام داخوا كاكى بەرپرس خۆى دۆڕاوى دەستى شەڕى ناوخۆ و یەخسیرى گۆڕینەوەى بەرابەر نەبوو؟! بۆ دەبێت هەمیشە بەرپرسانى كورد ئەمڕۆ بیر لە سەنگەر گرتنەوەى رەشەكوژى بەرامبەر بە یەكتر بكرێت؟! بۆ دەنگەكان نەبنە چەكێكى بێ دەنگى یەكلابوونەوەى گۆڕانەكانى ژیانى كۆمەڵگا؟

پێگەى جوگرافیاى گۆڕان لە دوێنێ و ئەمڕۆدا
هەرچەندە بزووتنەوەى گۆڕان لەسەرەتادا لە هەناوى پێشێلكردنى كایە دیموكراسیەكانى یەكێتیى نیشتیمانى دا سەرى هەڵدا و پاشان رۆژ بە رۆژ هەنگاوینا بۆ ناو تەواوى چین و توێژەكانى كۆمەڵگا و بێ پسانەوە دەیەوێت رچەشكێنى خۆى بۆ هەموو شار و شارۆچكەكان بەرفراوان بكات، هەموو تاكێكى كۆمەڵگاش لە ئاست ناعەدالەتیەكانى دوێنێى هەردوو حیزبى سەرەكى بیردەكاتەوە، بۆیە رۆژانە گۆڕانكاریەكان لە ناو تاكەكانى كۆمەڵگادا بەدى دەكرێت، كە ئەمەش لە چوارچێوەیەكى تەسكى جوگرافیاوە بۆ ئایندە دەبێتە ئەو دەریایەى كە هەموو پێشێلكاریەكان لە ئاست دەسەڵاتى میللى كۆمەڵگادا هەست بە كەمى خۆى بكات.

رووداوەكانى گۆڕان لە هەولێر و بادینان
لەوەتەى بانگەشەى لیست و قەوارەكان لە تەواوى شار و شارۆچكەكان راگەیاندراوە، هەست پێ دەكرێت كە بوونى بانگەشەكان لە شارى هەولێر و دەڤەرى بادیناندا زۆر بە سستى دەبیندرێت، هەندێ لێكدانەوە لە ئاست ئەم مەسەلەیەدا هاتوەتە ئاراوە، كە هەندێكیان دەڵێن لیستى گۆڕان كەسى بە توانیان لە شارى هەولێر و دەڤەرى بادیناندا نییە! بۆیە رووداوەكانى گۆڕان لەو دوو شارەدا زۆر بە سستى بەدى دەكرێت، لێكدانەوەكانى دیكەش دەڵێن: "نەخێر بە حوكمى دەسەڵاتى سیاسیى هەردوو حیزب لە ئێستادا، كە تەواوى هێزى ناوخۆ و ئاسایش لە شارى هەولێردا وجوودى هەیە و دەسەڵاتى بنكەى مەركەزى هەردوو حیزبیش ئامانجیان تەنها هەولێرە، نایانەوێت وەك پێویست بانگەشەكانى لیس و قەوارەكان بە تایبەت لیستى گۆڕان بە شێوەیەكى ئاشكرا لەناو شاردا ئەنجام بدرێت"، ئەم لێكدانەیەش دەیەوێت دەسەڵات وا لە خەڵكى بگەیەنێت، كە هەولێر سەد دەرسەد كۆنترڵ و هەوادارى لیستى كوردستانیە و هیچ لیست و قەوارەیەك ناتوانێت، كە دەنگى پێویستى تێدا بە دەس بێنێت، دەشێت ئەم لێكدانەوەیە لە دەنگدانى نهێنى و بێدەنگى شارى هەولێر و دەڤەرى بادینانیشدا وەك دەستپێكێك بۆ گۆڕان دەنجامێك بە دەست بێنێت، كە شایستەى گۆڕان بێت.

دەڤەرى بادینان
ئەزموونى ساڵانى پێشووى هەڵبژاردنەكان لە شارى دهۆك سنوورى ناوچەى (بارزان) سەلماندى، كە كۆمەڵگا خوازیارى گۆڕینى سیستمى دەسەڵاتە، نموونەى ساڵى 2005 و لیستى جیاى یەكگرتوو كە لە ئەنجامى بانگەشەى هەڵبژاردنەكاندا زۆرینەى ئەو شارە لەگەڵ لیستى یەكگرتوودا بوون، تا كار گەیشتە ئەوەى پارتى ئەوەى پێ هەزم نەكرا و جەماوەرە توڕەكەى هاندا كە بارەگاكانە یەكگرتوو كۆنترۆڵ بكەن، هاوكات چەند ئەندامێكى باڵاى ئەو حیزبەشیان تیرۆر كرد، بەڵام درەنجامى هەڵبژاردنى شارەوانیەكانى ناوچەى بارزان، پارتى تێیدا دەرنەچوو، كە لە كاتێكدا پێگە و شوێنى لە دایكبوونى زۆرینەى بەرپرسانى باڵاى پارتى ئەمڕۆیە، ئەم دوو نموونەیە باشترین نموونەن كە كەس ناتوانێ هەقى شارى هەولێر و بیركردنەوەی هەولێریەكان لە ئێستاوە بە ئاقارێكدا ببات، كە دەرەنجامەكەى هێندە شاراوەیە تەنها لە پشت پەردەى دەنگدانەوە راستیەكان یەكلا دەبێتەوە.

هەولێر بۆمبێكى بێدەنگى تەوقیتكراو
قسەكردن لەسەر یەكلابوونەوى لیستەكان لە شارى هەولێر هەر لە سەرەتاى بانگەشەى هەڵبژاردنەكانەوە تا بە ئەمڕۆ دەگات بەردەوامە، تەواوى لایەنگرانى هەردوو حیزبى دەسەڵاتدار كێشمەكێشمى خۆیان لەسەر باس دەكەن، پارتى لە رووى پڕۆژەوە و یەكێتیى لە رێى كوتلەبازی بەرپرسەكانیەوە، وایان داناوە كە هەولێر كۆنترۆڵێكى حەتمییە و هیچ دەلاقەیەكى بۆ لیستى تر تێناكەوێت، بەڵام بە پێى ئەو ئەزموونانەى كە لە سەرەوە باسمانكردووە و ئەو ناڕاەزایەتیەى كە لە ناو تاكەكانى دانیشتوانى شارى هەولێردا بە دى دەكرێت، هەم لە رووى كۆنى ململانێى هەردوو حیزب بەرامبەر یەكتر، كە ئیهانەى خانەوادەى یەكتریان دەكرد، ئیهانەى خاوەنى شەهیدانى یەكتریان دەكرد، لایەنگرانى یەكتریان راودەنا و هەوادارانى یەكتریان بێ نان و بێ كەسابەت دەكرد هاوكات بێ سەروشوێنكردن و كوشتنى لایەنگرانى یەكتر لە لایەك، لە لایەكى دیكەشەوە وەك لە پێشەوە باسمان كردووە، سایكۆلۆژیەتى شارەكان لە رووى دانیشتوانەوە لە یەكتر جیاوەزە، بۆیە ئەو دەنگۆیانەى كە ئێستا لە شارى هەولێر دەبیسترێت، بێ لەو كەسە توڕانەى دەرەوەى یەكێتیى و پارتى خوازیارى گۆڕانن، لە هەمانكاتدا زۆرێك هەن كە لە ناو هەردوو حیزبیشدا، كە موستەفیدیشن خوازیارى گۆڕانن و بە هێمنى و بە بێ دەنگى و لە پشتى پەردەى دەنگدان دەیانەوێت بۆ یەكلا بوونەوە و گۆڕینى سیستمى دەسەڵات هەولێر بكەنە بۆمبێكى تەقیتكراو.

ڕاپۆرتی شێکاریی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە