خوا بە خێرى بگێڕێ
Saturday, 06/03/2010, 12:00
تەنزى سیاسیى: ئەو شەوەى تێكە و فڕكەى هەرزان بازاڕى دروشمى هەڵبژاردنەكان كە لە بڵندگۆى بە ناو دیموكراسى حیزبەكانەوە دەستى پێكرد، هەر راگەیاندنى بابا بوو هەوڵى دەدا دروشمەكان وەك كاڵایەك بهێنێتە ناو بازاڕ و سەرنجى رەش و روت و نەەدارى وڵاتى پێ رابكێشێ، بە چەشنێ هاتوهاواریان لێ بڵند بووبوو، دەتوت بە حەیاتى درۆ لەو لێوانەیان نەكەوتوەتە خواروە، لە رووى خاوێنیشەوە هێندە بە شان و باڵى خۆیاندا دەوت، گەر تۆزێك هەڵوێستت نەكردایە، ئەوا ناچار دەبووى لەسەر داوێنیان دوو ركات نوێژى قەرز بە قەزا بگێڕیتەوە!!
ئیدى ئەو شەوە پەخشى كەناڵەكان بۆ نرخى دروشمەكانیان بازاڕگەرمیەكیان هێنابووە گۆڕێ، گەر تۆزێك خافڵاى بەو نیوەشەوە بە خەیاڵ دەكەوتیە ئەو مەیدانەى، كە زۆر جار لە بازاڕى ئەم وڵاتە بەران بە نرخى كاوڕ و بزنە لات بە نرخى گۆلك و مار ماسى بە نرخى سوورە ماسى لە ئەوقەى گەردنیان دەنای، ماڵم هەقە ناهەقیشیان نەبوو، چونكە عەیامێكى زۆرە ئەم وڵاتە بەرز و نزمى دروشمى سیاسیى بە خۆیەوە نەدیبوو!! بەندەش بە حوكمى ئەوەى هەر لە تەمەنى هەرزەكاریەوە حەزى لە هەواڵى ئەو بێنە و بەردەیە، كە بزانێ كێ وەبن دەكەوێ و كێ وەسەر دەكەوێ، بۆیە لە ئێوارەوە تا نیوە شەو بە تەواوەتى بۆ گوێگرتن لە بانگەشەكان دانیشتم تا واى لێهات بە دەم خواردنى سیر و ماستەوە مەستى دروشمى وابووبووم، كە بە حەیاتى لە قتووى عەتارى هیچ حیزبێكدا نەمبیستبوو!!
بەیانیش ساڵدانە ساڵدانە بە دەم گێژى ئەو دروشمانەوە دواى ئاو بە خۆدا كردن بە بێ ئاگابوون لە مێژووى ڤالانتاین كراسێكى سوورى هەناریم دەبەركرد و بەڕێ كەوتم بۆ دەوامى فەرمانگەكەم، هەر كە سوارى تەكسى نەفەرات بووم، دواى رۆشتنى تۆزێك، بەدبەختى من لەوەدا بوو كەسى تر سوار نەبوو، هەربۆیەشە كابراى شۆفێر جار جارە بە تیلەى چاو تەماشاى كراسە سوورە هەناریەكەى دەكردم، وەك ئەوە وابوو كە لە دڵى خۆیدا بڵێ: حەتمەن ئەم كابرایە بە سەجەرە پشتێكى ئەچێتەوە سەر بنەماڵەى مەیمون، دەنا بۆ بەو چەشنە خۆى لە سوور هەڵكێشاوە؟! ناهەقیشى نەبوو، نە كابرا مێژووى ڤالانتاینى دەزانى و نە منیش ئەو رۆژە بە حیسابى ئەو مێژوەوە خۆم ئامادە كردبوو، تا رادەیەك بەوە شكور بووم، گەر نەرمە كۆكەم لێ پەیدا نەبووبا و بۆنى (سیر و ماستەكەم) لێ ئاشكرا نەبووبا، چونكە ئەوكاتەى بۆنى (سیر و ماستەكە) وەك بانگەشەى هەڵبژاردنەكان لە ناو تەكسیەكەدا بڵاو بووەوە، بۆیە كاكى شۆفێر بە ناچارى هەردوو لوتى خۆى گرت و بێ سێ و دوو وتى: مامۆستا ئەوە چیت خواردووە؟! زانیم كار لە كار ترازاوە بێ راوەستان وتم: قوربان (....)!! كابراى شۆفێر زەردەیەكى هاتێ و هێندەى نەمابوو بگەمە فەرمانگەكە، جارێكى تر وتى: مامۆستا چیت خواردبوو؟! وتم برا من جارێكم خواردووە، بەڵام تۆ خەریكە دوو جارم دەرخوارد دەدەى!! وەك ئەوە وابوو لە هەناویدا پرسیارێكى دیكە هەبێ، هەربۆیە خۆى بۆ رانەگیرا و وتى: مامۆستا دواى ئەو هەموو شیك پۆشیە، حاشاكى جەنابت بۆ خواردت؟! وتم كاكە (سیر و ماستم) بە 5 دەقیقە خواردووە، بەڵام بە (....) خواردنێك خۆم لە كۆڵى نیو سەعات لە شەرحى جەنابت كردوەتەوە، بۆ ئەوەى فریاى سجیلى واژۆى دائیرە ببم و غایب نەدرێم!
ئەوكاتەى چوومە دائیرە، هەر لە پرسگە تا دوایین فەرمانبەر كە منیان بەو كراسە سوورەوە دى، هەریەكە لە ئاستى خۆی لێكدانەوەى جۆراوجۆری كردبوو، وەك: بەخوا وردەكارە! كورە زۆر موتابعە! كورە بابە ئاگاى لە مێژووى هەموو روداوەكانە! كێ ناڵێ هەرشەوێ بۆ ئەوەى لە بیرى نەچێ كراسەكەى دانەناوە! بە راستى دڵى تەڕە و هەرخۆیشى لە عەشق دەزانێ! بە راستى ناهەقیشیان نەبوو، ئاخر بابایەكى وەكو من كە لە رووى تەمەنەوە بە دوو مەنجەڵى بوخار ناكوڵێم، لەبەركردنى ئەو كراسە سوورە لەبەرچى بوو! بەڵام بە هیچ شێوەیەك بەسەر خۆم نەهێنا و تا ئێوارەش كە لە بازار بووم گوێم هەر لەو بەیت و بالۆرانە بوو، كە بەسەر كراسە سورەكەیاندا دەوت، بەڵام لەوكاتەوە بیر لە ئەقڵى ئەو خەڵكە دەكەمەوە و دەترسم هەر بە چاوى لەبەر كردنى كراسە سوورەكەى من، كە بە پاڵەوانى عیشقى سەردەمیان لە قەڵەم دابووم، هەر ئاواش كاندیدى وڵات هەڵبژێرین، خۆ گەر وابێ، خوا بە خێرى بگێڕێ و ئاشى نەزانیش هەر خوا دەیگێڕێ.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست