كوردانى لوبنان لە تاراوگەوە بۆ خەونى نیشتیمانێك
Sunday, 08/11/2009, 12:00
راپۆرتى شیكاریی
كوردەكانى لوبنان كە لەسەردەمى عوسمانیەكان و بۆخۆ دەربازكردن لە زوڵم و زۆردارى دەسەڵاتى ئەوان لە كوردستانى باكورەوە كۆچیان بەرەو لوبنان كردووە و دواجار لەو وڵاتەدا نیشتەجێ بوون، بە هۆى دوور بوونیان لە هەریەك لە چوار پارچەكانى ترى كوردستان و ئەم دووریەش واى لە كوردانى ئەو وڵاتە كردووە كە لە ساڵانى 70كاندا بتوانن پەرە بوارى وشیارى سیاسیى كوردی بۆ داواكردنى مافە رەواكانیان بدەن، ئەوەش زیاتر دەتوانرێت بوترێت كاریگەرى شۆڕشى نوێى كوردستانى عێراقى لەسەر بووە، لە پاشاندا بوونى هێزى pkk لە ناوچەى (بیقاع)دا كاریگەریەكى ئەوتۆى هەبووە لەسەریان. هاوكات بۆ بەدەستخسنى مافەكانى كوردانى ئەو وڵاتە ئێستاش چەند پارتێك و كۆمەڵەیەكى كوردى لە وڵاتى لوبناندا بوونیان هەیە.
كورتەباسێكى مێژوویى لوبنان
سەرەتا لوبنان بە پێى جوگرافیاكەى كەوتوەتەوە رۆژهەڵاتى دەریاى سپى ناوەڕاست، لە نێوان سەدەى پێنجەمى پێش زایین تاكو سەدەى یەكەمى زایین پارچەیەك بووە لە ئیمپڕاتۆریەتى (فینیقیەكان)، لە پاشاندا بە هۆى كەوتنە ژێر دەسەڵاتى ئیمپراتۆریەتى رۆمانى ئاینى مەسیحى گەیشتوەتە ناوچەكە، لە دواییدا بە پێى سەرچاوە مێژووییەكان بە هۆى كۆچبەرە عەرەبیەكان لە بیابانەكانەوە روویان كردوەتە باشوورى لوبنان، وردە وردە ئاینى ئیسلام تیایدا گەشەى كردووە، لە دواى سەدەى سێزدەهەم مەزهەبى (دورزى) لە لایەن هەندێ لە ئیسلامەكانى ناوخۆى لوبنان سەریهەڵدا، ساڵى 1516 لوبنان بووە پارچەیەك لە ئیمڕاتۆریەتى عوسمانى، بەڵام لە دواى جەنگى جیهانى یەكەم لە ژێر دەسەڵاتى عوسماانى رزگارى بوو، دواتر كەوتە ژێر دەسەڵاتى ئینتیدابى فەڕەنسى، بەڵام لە سەردەمى عوسمانیدا سوریا و لوبنان یەك دەوڵەت بوون، دواتر لەسەردەمى ئینتیدابدا جیاكراونەتەوە.
لوبنان لە 1ى 2ى 1944 سەربەخۆیى تەواوى راگەیاند و دەسەڵاتى دەوڵەتى لوبنانی لە نێوان ئیسلام و مەسیحیدا دابەشكرا. ساڵى 1958 كێشە و ململانێ لە نێوان ئیسلام و مەسیحیدا واتە لە نێوان (كەمال جونبڵات) و (كەمیل شەمعون) روویدا، كە ئەمەش بووە هۆى لەدەستدانى دەسەڵات لە لوبناندا هەر بەو هۆیەشەوە ئەمریكا (ئەزنەهاور)ى رەوانە كرد و دەسەڵاتى بۆ حكومەت گەڕاندەوە. ساڵى 1964 رێكخراى (رزگارى فەلەستینى) لە لوبنان دەمەزرا. ساڵى 1975 شەڕى نێوان ئیسلام و مەسیحى هەڵگیرسایەوە، رێكخراوى (رزگارى فەلەستینى) هاوكارى ئیسلامیەكانیان دەكرد، بە پێى سەرچاوە مێژووییەكان لە ئەنجامى سەرهەڵدانى ئەو شەڕە (40) هەزار كەس كوژرا و نزیكەى (100) هەزار كەسیش بریندار بوون، لە دواى ساڵانى حەفتاكاندا لوبنان بووە گۆڕەپانى شەرى نێوان (فەلەستینیكان و ئیسرائیلیەكان)، كە سەرەنجام ساڵى 1978 ئیسرائیل باشوورى لوبنانى داگیركرد، بەڵام لە مانگى حوزەیرانى هەمان ساڵدا ئیسرائیل لە باشوورى ئەو وڵاتە كشایەوە، بەڵام لە ساڵى 1979 یەكێ لە ئەفسەرەكانى سوپاى لوبنانى سەر بە فكرى راستڕەوى دەوڵەتى لوبنان سەربەخۆیى باشوورى لوبنانى راگەیاند، بەڵام لە 6_6_1982 ئیسرائیل جارێكتر لوبنانى بە تەواوى داگیركرد، ئەم داگیركردنەى لوبنانیش لە لایەن ئیسرائیلەوە بووە هۆى تیرۆركردنى باڵیۆزى ئیسرائیل لە لەندەن، پاشان (فلیپ حبیب) نوێنەرى ئەمریكا لە لوبنان هەستا بە دەركردنى تەواوى فەلەستینیەكان لەو وڵاتە، ئیسرائیلیش بەرامبەر ئەو كارە هێزى سوپاى خۆى بە تەواوى لە لوبنان كشانەوە، كە تەنها چەند كیلۆمەترێك نەبێت ئەویش لە ساڵى 1987 هێزەكانى سوریا چونە ناو خاكى لوبنان، ئەوەش بۆ كۆتایى هێنانى شەڕى نێوان شیعە و دورزیەكان، لە 22_7_1991 بە پێى مۆركردنى پەیمانى نێوان سوریا و لوبنان، سوریا بە تەواوى دانى بە سەربەخۆیى لوبناندانا، لە مانگى حوزەیرانى 1998 بۆ یەكەمجار هەڵبژاردنى ئەنجومەنى شارەوانى لە لوبناندا كرا، واتە دواى 35 ساڵ كارەساتى داگیركارى و شەڕى ناوخۆ لە 15_10_1998 (ئیمل عود) بە سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرا.
لوبنان تاكو ئێستاش لە نێوان چین و توێژ و بیر و را جیاوازەكانى لە لایەك و لە نێوان لوبنان و ئیسرائیل، لوبنان و سوریا كێشە و ململانێیان تیادا بەردەوامە، پەرلەمانى لوبنان بە گۆڕینى چەند بڕگەیەكى دەستوورەكەى، بە تایبەتى بڕگەى 457 لە ماددەى 49ى دەستوورى دەوڵەت لە 3_9_2004 بڕیارى درێژ بوونەوەى دەسەڵاتى سەرۆك كۆمارى لە ماوەى 4 ساڵەوە بۆ 7 ساڵى گۆڕى، هەر گۆڕینى ئەو بڕگەى دەستوورە بوو كە كێشەى لە ناو پارت و رێكخراوەكاندا سەریهەڵدا، هەر بەو بۆنەیەشەوە بوو كە رەفیق حەریرى لە پۆستى سەرۆك وەزیران دەست لە كاركێشانەوەى خۆى راگەیاند، لە 26_10_2004 حكومەتى نوێى لوبنان بە سەرۆكایەتى (عومەر كەرامى) راگەیاندرا، كە لە مێژووى لوبناندا بۆ یەكەمجار لە كابینەكەى (عومەر كەرامى)دا ئافرەتى ئەو وڵاتە پۆستى وەزیریان وەرگرت، لە 14_2_2005 لە بەیروتى پایتىختى ئەو وڵاتە (رەفیق حەریرى) تیرۆركرا، كە بووە هۆى دروست بوونى كێشە و ململانێى ناوخۆى و ناوچەكە بە تایبەتى لە نێوان لوبنان و سوریادا، كە ئەمەش بووە هۆى ئەوەى هەڵبژاردنى پەرلەمان و سەرۆكایەتى دەستپێبكاتەوە، ئەوەبوو لە 29_5_2005 هەڵبژاردنى پەرلەمان دەستى پێكردەوە لە ئەنجامدا حیزبى (ئەمەل و حیزبوڵڵا) سەركەوتنیان بەدەست هێنا و دواى دەست لە كار كێشانەوەى (عومەر كەرامى) (فوئاد سەنیورە) پۆستى سەرۆك وەزیرانى گرتە دەست، بەڵام دەتوانین بڵێین لە سەردەمى فوئاد سەنیورەدا جارێكى تر لوبنان بە قۆناغێكى دژوار و كێشە و ململانێى ناخۆى گەلانى لوبنان تێپەڕى، بە تایبەتى شەڕى نێوان حیزبوڵڵا و حكومەتى ئیسرائیل، كە ئەمەش كاردانەوەى خراپى كردە سەر ژێرخانى ئابوورى و سیاسیى و بارزگانى و پەیوەندییە ناوخۆیى و دەرەكیەكان، بە تایبەت پەیوەندیە ناوچەیى و هەرێمیەكان، پاشان بۆ چارەسەركردنى كێشەكان ئەوەبوو هێزى (یۆنۆفیل) لە لایەن رێكخراوى نەتەوە یەكگرتوەكان و ئەوروپا لە ناوچەكانى باشوورى ئەو وڵاتەدا بڵاو كرانەوە، لە دوایشدا نەتەوە یەكگرتوەكان لە ساڵى 2007 لە پێناو هێوركردنەوەى بارى ناوچەكە و نێوانى لوبنان و ئیسرائیل و لوبنان و سوریا بۆ ئەوەى بەرو باشتر بچێت بڕیارى 1701ى دەركرد و هێزەكانى یۆنۆفیلیش وەك چاودێرێكى سیاسیى لە باشوورى ئەو وڵاتەدا هێشتەوە.
جوگرافیا و پێكهاتە و رەگەزەكان لە لوبناندا
لوبنان دەكەوێتە رۆژهەڵاتى دەریاى سپى ناوەڕاست، لە باشوورى دا ئیسرائیل و رۆژهەڵات و باكوور سوریا، كەشوهەوایەكى زۆر لە بار و گونجاوى هەیە، وڵاتێكى گەشتوگوزاریە و لە تەواوى وڵاتانەوە گەشتیاران ساڵانە رووى تێدەكەن، بە پێى ئامارى ساڵى 1997 ژمارەى دانیشتوانى لوبنان 3،685،000 ملیۆن كەس بووە، لەو رێژەیە و بە پێى ئەو ئامارە 50،000 هەزار كەسى كوردن، رووبەرى لوبنان 4،015 ملیۆن چوارگۆشە و 10،400 كیلۆمەتر چوارگۆشەیە.
نەژادەكانى لوبنان 90% عەرەب و 7% ئەرمەنن، بە پێى سەرچاوە مێژووییەكانیش لە دواى قەسابخانەكەى ئەرمەنەكان كە توركیا بەرامبەرى ئەنجامى دان، كورد لە كوردستانى باكورەوە بەرەو لوبنان كۆچیان كردووە و لەو سەردەمەوە تێیدا نیشتەجێن، لەو سەردەمەدا بە سەدان هەزار خێزانى كورد كۆچیان بەرەو وڵاتى سوریا و لوبنان كردووە و ئێستا لەگەڵ گەلانى لوبناندا دەژین و چەندین رێكخرا و كۆمەڵەى كوردى تێدایە، كاروبارى نەتەوەیى و رامیارى و كۆمەڵایەتى ئەنجام دەدەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تاكو ئێستا كورد لەو وڵاتە وەك پەنابەرێك سەیر دەكرێت! بۆیە كوردەكان لە لوبنان بەردەوام لە هەوڵداندان بۆ بە دەستهێنانى مافە سەرەتاییەكانیان.
زمانەكان لە لوبنان عەرەبى زمانى رەسمیە، ئینگلیزى، ئەرمەنى، كوردى.
ئاینەكان رێژەى ئیسلام، 60%، مەسیحى 40%
بەرهەمى كشتوكاڵیش گەنم و جۆ و سوورایى، زەیتوون، پەتاتە
شار و بەندەرەكانیشى بریتین، لە بەیروت، تەرابلوس، سەیدا، سور، زەحلە،
دەسەڵاتى سیاسیى لوبنان، كۆمارێكى پەرلەمانییە و سەرۆك كۆمار بۆ ماوەى 7 ساڵ هەڵدەبژێردرێت، ئەنجومەنى وەزیران و وەزیرەكان لە لایەن سەرۆك كۆمارەوە دەستنیشان دەكرێت، ئەنجومەنى نوێنەرانیش لە 188 ئەندام پێك دەێت بۆ ماوەى 4 ساڵ.
پارتە سیاسیەكانی لوبنانیش بریتین، حیزبی شیوعى لوبنان، حیزبوڵڵا، حیزبی كتائب، حیزبی سۆسیالست، پارتى دیموكراتى كوردى لوبنان، حیزبی رزگارى كوردى لوبنان، لەگەڵ چەندین گروپ و پارتى نیشتیمانى دیكە.
مێژووى كۆچ و نیشتەجێ بوونى كوردەكانى لوبنان
وەك سەرچاوە مێژووییەكان باس لە كۆچكردنى كوردەكانى باكوور واتا كوردستانى توركیا بۆ لوبنان لە سەردەم و قۆناغى جیاوازدا باس لێوە دەكات، نكۆڵى ناكرێت كە ئەم هەنگاوى كۆچكردنەش دەتوانین بڵێین، چەندین مەبەست و ئامانجى جیاوازى لە خۆگرتبوو، بۆ نموونە لەسەردەمى دەاگیركارى خاچ پەرستەكاندا لە پێناو مانەوەى كەلتوور و داب و نەریتى خۆیاندا هەوڵیانداوە، كە لە جوگرافیایەكدا جێگیر ببن و بتوانن پارێزگارى لە مانەوەى خۆیان بكەن، بۆ نموونە بنەماڵەى ئەیوبیەكان كە دیارترین نموونەى هەوڵدانى كوردان بووە لە پێناو مانەوەى نەتەوەیى بوونى خۆیاندا، لە سەدەى چواردەیەمیشدا چەند خێزانێكى كورد لە ناوچەى تەرابلوس نیشتەجێ بوون، بە تایبەتى لە (عكار و جینە) بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتى مەمالیك بەسەر وڵاتى شام، كۆمەڵێكى تر لە سەدەى حەڤدەهەمدا و دواى شۆڕشەكەى عەلى پاشا جومبڵات لە ناوچەى (حەلەب_ سیواس) ساڵى 1606 لە دەستى (سەدر الاعزم_موراد پاشا و والى شا_سلێمان پاشا) دەستیان بە كۆچكردن كردووە، ئەو بنەماڵە گرنگانەى لە لوبناندا جێگربوون و هەمیشە مێژوو باسیان دەكات، چەندین بنەماڵە بوون وەك: (ئەیوبیەكان، سەیفا، مەراعیبەكان، جەمبوڵاتیەكان، ئامێدیەكان).
كورتەیەك لە مێژووى بنەماڵە كوردەكان
ئەیوبیەكان: وەك سەرچاوە مێژووییەكان ئاشكرایان كردووە، سەرەتا بنەماڵەى ئەیوبیەكان لە تكریتەوە كۆچیان كردووە بۆ موسڵ، لە ساڵى 1139 گەیشتوونەتە لوبنان و بە تایبەت شارى (بەعلەبەك)، پاشان (زەنكى ئەیوبی) كوڕى (شازى ئەیوبی) واتا باوكى (سەڵاحەددینى ئەیوبی) بە والى شارى (بەعلەبەك) دامەزراوە، ئەوەى بە تایبەتى كوردێتى بنەماڵەى ئەیوبیەكان دەسەلمێنێت نووسینەكەى (كەمال سەلیب)یە كە وتوویەتى: "پادشاى سەركەوتوو سەڵاحەدین یوسف كوڕى ئەیوبی كوڕى شازى، دامەزرێنەرى دەوڵەتى ئەیوبیە لە میسر، ئەیوبى كوڕى شازى و شێركۆى براى لە كوردەكانى تكریت بوون"، ئەوەى دوپاتى ئەو رایە دەكاتەوە مێژوونووس (گنۆس الشدیاقە) كە دەڵێت: "ئەیوبیەكان چەند میرێكى كوردن لە ناوچەى (الكورە) نیشتەجێ بوون"، هەروەها (كەمال سەلیب)یش ئاماژە بە بوونى كوردەكان لە ناوچەى باكورى لوبنان و دەڵێت: "لەسەردەمى ئەیوبیەكان یەكێك لە میرەكانیان قەڵایەكى هەبووە لە (مەسیلحە) كە دەكەوێتە یەكێك لە دۆڵەكانى باكورى لوبنان لەسەروو شارۆچكەى (بەترۆن)ەوەیە، تا ئێستاش شوراى جوانى ئەو قەڵایە ماوە، لە رووى سیاسیەوە كاتێك بەشى باشوورى چیاكانى لوبنان كەوتە ژێر دەسەڵاتى فاتیمیەكان بەڵام عەرەبە (مورادسیەكانى) دەسەڵاتدارانى (حەلەب) فەرمانڕەوایى باكوریان دەكرد، لەو سەردەمەدا چەند سەربازێكى كورد لەو ناوچانەدا نیشتەێ كران لەوانە ئەیوبیەكان، كە نەوەكانیان تا ئێستا سەر بە قەزاى (بەترۆن)ن لە باكورى لوبنان كە پێى دەوترێت (راسنحاس) ماونەتەوە، وەك سەرچاوەكان باس لێوە دەكەن، هەرچەندە ئەو بنەماڵەیە ئێستا پلە و پایەى كۆمەڵایەتى و ئابوورییان كز بووە، بەڵام ئێستاش بەردەوام هەوڵدەدەن لە پارێزگارى نازناو و هەیبەتى مێژووى میرنشینەكەیان.
بنەماڵەى سەیفا: لە سەردەمى ئاڵۆزى و كێشە و ململانێ دژوارەكاندا بە تایبەت لە گۆڕەپانى سیاسیدا بنەماڵەى سەیفا رۆڵێكى گرنگ و بەرچاوى سەرەكییان لە ژیانى سیاسیى لوبناندا بینیوە، بە تایبەت لە سەردەمى عوسمانیەكاندا لە ململانێكردن لەگەڵ بەرپرساندا، هەر بۆ ئەم مەبەستەش راى (ئیبراهیم بەگ ئەسوەد) باشترین بەڵگەیە بۆ سەلماندنى كوردێتى بنەماڵەى سەیفا كە دەڵێت: "چەند میرێكى كوردن لە نێوان ساڵانى 1528_ 1579 ز توانیویانە حوكمڕانى میرنشینەكەیان بكەن، كاتێ كە میر (یوسف سەیفا) گەیشتە پلەى وەزیر و ساڵى 1579 بوو بە والى تەرابلوس، هەروەها دكتۆر (فیلیپ حەتا) لە كتێبى (تاریخ لبنان منز اقدم العسور التاریخیە الى عسرنا الحازر) كە (ئەنیش فەریحە) وەریگێڕاوەتە سەر زمانى عەرەبى بەم شێوەیە پشتراستكرنەوەى كوردێتى بنەماڵەى سەیفا دەسەلمێنێ و دەڵێت: "پاش ئەوەى (عەسساف) ركابەراكانیان نەوەى سەیفا لە عەككار دەسەڵاتیان گرتە دەست، بە رەگەز و رەچەڵەك كورد بوون و تەرابلوسیان بە بارەگاى سەرەكى خۆیان دانا.
بنەماڵەى مراعیبەكان: ناسینى بە رەچەڵەك كوردێتى و یەكێك لە بنەماڵە دێرینەكانى كوردى لوبنان وەك بنەماڵەى مەراعیبەكان پشتبەستنە بە نووسینەكەى دكتۆر (ئەحمەد محەمەد ئەحمەد) كە لە كتێبەكەیدا بە ناوى (اكراد لبنان وتزیم الاجتماعى والسیاسی) باسى لێوە دەكات و دەڵێت: "بنەماڵەى مراعیبەكان چەند میرێكن دەگەڕێنەوە سەر باپیرە گەورەیان، (مرعب) كە یەكێكە لە ئاغا كوردەكانى ناوچەى هەكارى"، هەروەها سەرچاوەكانى دیكەش باس لەوە دەكەن كە بنەماڵە كوردەكانى لوبنان چەند مەزهەبێكى ئیسلامى جیاوازیان هەیە، لەوانە خێڵى مەرعەب سوننە مەزهەبن و ئەم خێڵە تا سەردەمانێكى نزیك موڵكدارى قەزاى (عككار) بوونپشتگیریەكى جەكاوەرییان لەو قەزایە هەیە، یەكێك لە نەوەكانى ئەم بنەماڵەیە بە ناوى (جەلال مەرعەبى)ەوە ساڵى 1972 جێگرى سوننەكان بوە لە پەرلەمان و قەزاى عەككار، تاكو ساڵى 1992 دوبارە بۆ هەمان پۆست هەڵبژێردراوەتەوە، لە ساڵى 1996 هەمان متمانەى بۆ هەمان پۆست بەدەستهێناوەتەوە، هەروەها چەندین بنەماڵەى كورد هەن كە سەر بە تایەفەكانى ئاینى ئیسلامن، بۆ نموونە بنەماڵەى (جومبڵات، عیماد الدروز) هەروەها هەردوو بنەماڵەى (نەسروڵا، ئەبى غانم) لە قەزاى (الشوف و خێڵى حمیە لە بیقاع) كە شیعە مەزهەبن و كوردن.
بنەماڵەى جومبڵات: پێش ئەوەى باس لە كوردێتى جومبڵاتیەكان بكەین، چاكتروایە 3 سەرچاوەى دیار و گرنگ بخەینە بەردەم خوێنەرى ئێستا كە بتوانێت سودى لێ وەرگرێت و بگەڕێت بە دواى سەرچاوەكاندا بۆ ئاشنابوون و سەلماندنى بنەماڵەكەدا، وەك ئەم 3 نووسەرە كە هەرسێكیان لە كتێبەكانیاندا بە ناوى (كەمال سەلیبی كە لە كتێبى الكیان اللوبنانى بین التسور والواقع، فیلیپ حتە لە كتێبەكەیدا بە ناوى تاریخ لبنان منز و اقدم...، عمر عبدالعزیز لە كتێبەكەیدا بەناوى تاریخ المشرق العربی) هەر 3 نووسەر هاوڕا بوونى خۆیان لە كوردێتى جومبڵاتیەكان بەم شێوەیە باس لێوە كردووە، دكتۆر كەمال سەلیبی دەڵێت: "خێزانێك لە خێزانە كوردەكان باكورى شام، كە خێزانى جمبوڵاتە لە ساڵى 1591 دەسەڵاتدارێتى ئەیالەتى حەلەبیان گرتوەتە دەست"، هەروەها دكتۆر فیلیپ حتا دەڵێت: "عەلى جوبڵات كە سەركردەیەكى كوردە ولایەتى حەلەبى بۆ خۆى دابڕیبوو، بۆ ئەم مەبەستەش هاوپەیمانێتیان لەگەڵ میر فەخرەدین هەبووە"، هەروەها دكتۆر عمر عەبدولعەزیز هەمان راى فیلیپ حتاى لە كتێبەكەیدا دووبارە كردوەتەوە، سەرەڕاى ئەمانەش ئنسكلۆپیدیاى ئیسلامیش بەم شێوەیە باس لە بنەماڵەى جومبڵات كردووە، "خێزانێكن لە میرەكان بە ئینتیما كوردن و بەمەزهەب دورزین لە لوبناندا جێگر بوون و تا ئێستاش (حیزبی جومبڵات) بەردەوامن لە چالاكى سیاسى لە لوبنان، دیارترین كەسى ئەم بنەماڵەیەش لە ساڵانى شەستەكان و حەفتاكان و ئێستادا هەرماون و سەرەتا لە ساڵانى شەستەكاندا (كەمال جومبڵات) كە گەورەترین كەسى سیاسیى و بیرمەندى لوبنانی بووە لە گۆڕەپانى سیاسیدا، كە لەو سەردەمەشدا شۆڕشى ئەیلولی كوردستانى باشوور گەورەترین دەنگدانەوە و پێگەى هەبووە لە كوردستاندا و كاریگەرى لەسەر پارچەكانى دیكەى كوردستاندا هەبووە، هەربۆیە لەو سەردەمەدا كەمال جومبڵات لە گەڵاڵە سەردانى بارزانى دەكات، لە ساڵى 1977 كەماڵ جومبڵات تیرۆر دەكرێت، بەڵام ئێستا كوڕەكەى بە ناوى وەلید جومبڵات دەورى كاریگەرى سیاسی هەیە لە گۆرەپانى لوبناندا، وەلید جومبڵات لە مێژووى كارى سیاسیدا چەندین پلەى وەزارى بە دەست هێناوە.
ئامێدیەكان: ئەم بنەماڵەیە لە شارى ئامێدى كوردستانەوە كۆچیان بۆ لوبنان كردووە، نەسەبى ئەم بنەماڵەیە دەگەڕێتەوە سەر باپیرە گەورەیان كە ناوى (عیماد)بووە، ئەوەى پشتگیرى ئینتیماى كوردى ئەم بنەماڵەیە دەردەخات لە لایەك كتێبەكەى (دكتۆر سلیم الهش)ە كە بە ناوى (المراسلات الاجتماعیە والاقتسادیە لزعماْ جبل لبنان خلال سلاسە قرون)، كە دەڵێت: "ئەم بنەماڵەیە بە خزمایەتى دەگەنە (عمادى دەیلەمى كوردى) كە حكومڕانى ناوچەى ئامێدیان كردوو، ئەم خێڵە رۆڵێكى گرنگیان لە مێژووى لوبنان بە گشتى و (دروز) بە تایبەتى بینیوە، ئەویش بە سەركردایەتى كردنیان لە حیزبی (یەزبەكى)"، لە لایەكى تر دكتۆر عمر عەبدولعەزیز دەڵێت: "قەیسیەكان لە نێوان خۆیاندا دابەشبوون بەسەر دوو حیزبی سەرەكى.. جمبوڵاتى و یەزبەكى، یەزبەكیەكان بە نەسەب دەگەڕێنەوە سەر سەركردەیەك لە بنەماڵەى عیماد، كە ناوى (شێخ عەبدولسەلامى ئامێدیە.. شوێنكەوتوەكانى بە یەزبەكى بانگ دەكران، چونكە باپیرە گەورەیان شێخى ئامێدى یەزبەكى بووە"، بە پێى سەرچاوەكانى تر بنەماڵەیەكى تر كە نەوەى _حەمیە) بنەماڵەیكى كوردى شیعە مەزەهەبن لە شارۆچكەى (بەتاریا)ى ناوچەى بیقاع تاكو ئێستا نیشتەجێن، ئەم بنەماڵەیە لەگەڵ باپیرە گەورەیان بە ناوى (حەمۆى كوردى) لە عێراقەوە روویان كردوەتە لوبنان.
مزگەوت، خوێندنگاى اللایك، زانكۆ بە پارە
بەپێى تەواوى سەرچاوە مێژووییەكان دەركەوتووە كە كوردەكانى لوبنان لە چ دەردەسەرییەكى كۆچكردندا بوون بۆ خۆ رزگاركردن لە دەسەڵاتى عوسمانیەكان، ئەم كۆچكردنەش بۆتە هۆى دواكەوتنى نەوەكانیان لە خوێندن و وشیار بوونەوەى ژیان، چونكە هەمیشە خانەوادەى كۆچكردووەكان لە بیرى ئەوەدا بوون، كە چۆن خۆیان لە فەنابوونى رۆژگار بپارێزن و تەنها وەكو مرۆڤ لە پێناو مافە سەرەتاییەكانیاندا بمێننەوە، وە هەر ئەو رۆژگارە تاڵ و سەختانەش بووە كە فرسەتى تەواوى بۆ نەرەخساندوون، كە نەوەكانیان بە باشى بخەنە بەر خوێندن، لە كاتێكیشدا كە لە لوبنان جێگیر بوون نەهامەتى ئابوورى و ئینتیدابى فەرەنسى و شەڕى ناوخۆ بە هەمانشێوە كاریگەرى خۆى لەسەریان هەبووە، بۆیە لە سەرەتاوە كوردەكان لە لوبنان واتا بنەماڵەكان تەنها نەوەكانیان بە لەبەركردنى چەند سورەتێكى قورئان كە ئەویش لە مزگەوتێكى تایبەت بە كوردەكان لە ناوچەى (برج البراجینە) دەوازەى باشوورى شارى بەیروت بووە خوێندوویانە، بەڵام لەگەڵ پێویستیەكانى سەردەم لەپاڵ خوێندنى ئاینى هەستیان بە پێویستى وەرگرتنى زانست و زانیارى كردووە، هەربۆشە وردە وردە مناڵەكانیان ناردوەتە خوێندنگەى (شیخ على برى) لە ناوچەى (البست التحتا) لە بەیروت، دواى ئەم هەنگاوانە رۆشنبیرى كورد (كامەران بەدرخان) كە ئەوكات قنسوڵى فەرەنسا بووە لە لوبنان و سوریا، توانى بە هاوكارى فەرەنسیەكان لە سەردەمى خۆیدا خزمەتێكى بێوێنەى هاوپشتى برا كوردەكانى خۆى بكات لە بوارى پێشكەوتنى خوێندندا، ئەوەبوو خوێندنگایەكى بە ناوى (اللایك) كردەوە، بۆ فێربوونى زمانى كوردى لە بەیروت، بە پێى سەرچاوەكان كە ئاشكراى دەكەن سەبارەت بە رەوشى ئێستاى خوێندن زۆر باشتر بووە، بەڵام پێشكەوتنى زانست و رۆشنبیری كوردەكان ناچێتە ریزى تایەفەكانى ترى لوبنانەوە، لەبەر ئەوەى رەوشى خوێندن لە لوبنان بە گشتى و بەیروت بە تایبەتى كەوتە ژێر كاریگەرى روداوەكانى شەڕى ناوخۆى ساڵى 1975_ 1990 لە لایەك و هەڵاوسانى بارى ئابوورى لە لوبناندا كە خوێندن لەو وڵاتەدا لە خزمەت خانەوادە پلە بەرزەكانى ئابووریدایە، چونكە زۆربەى خوێندنگاكان هەر لە سەرەتاییەوە تا دەگاتە زانكۆ تایبەتن و ئەو خانەوادانەى بارى ئابووریان باش نەبێت ناتوانن وەك پێویست خوێندن تەواو بكەن، ئەم هۆكارانە رەنگدانەوەى نێگەتیڤى لەسەر كۆمەڵگاى لوبنانى بە گشتى و كوردەكانى ئەو وڵاتە بە تایبەتى لە رووى خوێندنەوە هەبووە، تەنانەت لەم چەند ساڵانەدا تەنها دامەزراوەى (الحریرى) توانیبووى رۆڵێكى كاریگەرى باش و بەرچاو ببینێت لە ئاست كەمكردنەوەى نەهامەتى بارى ئابوورى خوێنكارانى لوبنان بە گشتى، ئەویش بە قەرز پێدانى خوێنكارە دەستكورتەكان بۆ ئەوەى خوێندن لە زانكۆكانى لوبنان تەواو بكەن.
چالاكیە هەمەجۆرەكانى كوردى لوبنان
بە پێى سەرچاوەى كتێبەكەى (ئەحمەد محەممەد ئەحمەد، اكراد لبنان) دەڵێت: "بە درێژایى ماوەی 40 ساڵێك هاتنى كوردەكان بۆ لوبنان واتە تا ساڵانى شەستەكان كوردەكان بە هیچ جۆرێك چالاكیەكى كۆمەڵایەتى یا سیاسیان نەبووە! ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ سروشتى پێكهاتەى كۆمەڵایەتى و سیاسیان كە لەسەر ململانێى هۆز و خێڵەكان بەند بووە، بۆ نموونە دابەش بوونى (المحمودكیە) و (العوسمانكیە) هەروەها پەنابردن بۆ سەركردە دەرەبەگەكانیان كە دەسەڵاتى توركیا پشتگیرى لێدەكردن بۆ بەرەنگار بوونەوە و رێگەگرتن لە هەر هەوڵێكى پێشكەوتن و هەڵسانەوەى كۆمەڵایەتى و سیاسیى كوردەكان"، بە پێى قسەكانى نووسەر وادەردەكەوێت كوردەكان لەگەڵ خۆیاندا ئەم حاڵەتەیان بۆ لوبنان گواستبێتەوە، واتە كوردەكانى لوبنان هەمیشە وابەستەى پیاو ماقوڵانى خێزانەكانیان بوون، بۆیە نەیانتوانیوە رۆڵى خۆیان لە چالاكیە كۆمەڵایەتیەكانى كۆمەڵگاى لوبناندا ببینن! دەكرێت ئەم حاڵەتانە كاریگەرى خۆى هەبووبێت وەك وەرنەرگتنى رەگەزنامەى لوبنانى لە لایەك و نەبڕینى قۆناغى خێڵایەتى لە لایەكی تر، ئەم هەنگاوە دواكەوتوانەش تا ساڵەكانى شەست خایاندوویەتى. بەڵام لە ساڵى 1963 بە شێوەیەكى رەسمى و بە دانپێدانانى دەوڵەتى لوبنانى چالاكى كوردەكانى لوبنان دەستى پێكرد بەناوى (كۆمەڵەى خێرخوازى كوردى لوبنانى) ئامانجى ئەم كۆمەڵەیە بریتى بوو لە پتەوكردنى پەیوەندیەكانى نێوان لاوە كوردەكان و بڵاوكردنەوەى زانست و رۆشنبیرى لە ناویاندا، لە ساڵى 1969 (فەیسەڵ فەخر و فایر محەممەد كوردى و محەممەد خزر علوش، كۆمەڵەى_ الارز_ ى وەرزشى) دامەزراند، كە لە ساڵى 1972 ناوەكەى گۆڕا و بو بە (كۆمەڵەى_ الارز_ى وەرزشى رۆشنبیرى)، بارەگاى ئەم كۆمەڵەیە لە شوققەیەكدا بوو لە ناوچەى (زنان البلات)، ئامانجەكانى ئەم كۆمەڵەیە پتەوكردنى چالاكیە رۆشنبیریەكان و دیاریكردنى تۆپى بالە و تۆپى پێ بووە، ئەم كۆمەڵەیە رۆڵێكى گرنگى لە بوارى رۆشنبیریدا بینوە بۆ نموونە كاركردن و هەوڵیان ئەوەبووە بۆ نەهێشتنى نەخوێندەوارى و فێركردنى زمانەكان و وتنەوەى محازەرات و كۆڕ و سیمینارى پەروەردەیى رۆشنبیرى و تا واى لێهاتووە گۆڤارێكیان دەركردووە بە ناوى گۆڤارى (راستى)، لەپاڵ ئەمەشدا ئێزگەیەكیان دامەزراندووە كە لەسەر شەپۆلی FM و بەناوى كۆمەڵەى (الارز) تا ساڵى 1996 بەردەوام بووە، هەر ئەم كۆمەڵەیە لەسەر ئاستى هونەرى تێپێكى فۆلكلۆرییان پێكهێناوە بە ناوى (الارز كورد لبنانى)، كە ئەم تیپەش هەوڵدانى بووە بۆ زیندووكردنەوەى هونەرەكانى كوردى بە تایبەت هەڵپەڕكێى كوردى و لە جەژنى نەورۆزیشدا دەستیان بەم كارانە كردووە، جگە لەو دوو كۆمەڵەیە چەند كۆمەڵەیەكى تر هەبووە وەك (یەكێتى خوێنكارانى كورد لە لوبنان) سەرەڕاى كەمى توانا ماددیەكانى ئەم كۆمەڵەیە توانیویانە گۆڤارێكى فكرى كۆمەڵایەتى خوێنكارى بە ناوى (بەربانگ) دەربكەن، بەڵام ئەم كۆمەڵەیە چالاكى ئەوتۆى نییە كە شایانى باس بێت. هەروەها لە ساڵى 1975 (كۆمەڵەى رۆشنبیرى كۆمەڵایەتى كوردى لوبنانى) دامەزرا كە وەك كۆمەڵەكانى تر ئامانجى بەرەو پێشچوون و باشكردنى بارى گوزەرانى لۆبى كوردى بوو لە تەواوى بوارەكان لە لوبنان، كاریگەرى رۆشنبیری ئەم كۆمەڵەیە ئەوەبوو كە هەستان بە دەركردنى گۆڤارێكى وەرزى بە ناوى (رێبەر)، هەروەها دەركردنى چەند كتێبێك لەوانە فێربوونى زمانى كوردى بە بێ مامۆستا و داستانى كوردى (بائع السولال) واتە بازنە فرۆش، بەڵام بە هۆى چەند هۆكارێكەوە ئەم كۆمەڵەیە لە ساڵى 1982 هەڵوەشێنرایەوە، كە بە راى زۆركەس بیرۆكەى ئەم كۆمەڵەیە سیاسیى بووە. بێ لەم كۆمەڵانە چەند رابیتەیەكى خێزانى هەیە بەم ناوانە وەك (رابیتەى خەڵكى معسرتى، رابیتەى بنەماڵەى عمیرات، لیژنەى مزگەوتى الروزە) ئەم لیژنەیە لە كاروبارى ئاینى و كۆمەڵایەتى و رۆشنبیرى كار دەكات و بارەگاكەى لە گەڕەكى (السباعی)ە لە (برج البراجنە)یە كە بە گەڕەكى كوردەكان ناسراوە.
كوردەكانى لوبنان هەر لە سەرەتاوە جێ پەنجەى كارى سیاسیى خۆیان دیار بووە، هەر لە سەرەتاى شەڕى سەربەخۆیى لە بەرەنگاربوونەوەى سەربازە (سەنیگالیەكان) وەك سەرچاوەكان دەڵێن یەكێك لە پیاوە كوردەكان بەناوى (عەبدولكەریم عەتریس) سەركەوتوەتە سەر بیناى پەرلەمان ئاڵاى فەرەنساى داگرتووە و ئاڵاى كوردستانى لە جێیدا بەرز كردوەتەوە، وەك دەوترێت ئەو پیاوە یەكەم كەس بووە كە ئاڵاى فەرەنساى داگرتووە، لە ئەنجامدا و لە پاداشتدا بەشێكى زۆرى كوردەكان رەگەزنامەى لوبنانیان بە دەستهێناوە، لە هەڵبژاردنەكانیشدا بەشداریان كردووە و پشتى سەرۆكى كۆچكردوو (سامى السولح)یان گرتووە، ئەم پشتگیریەش لە ساڵى 1948 بووە، كە بوە هۆى بەدەستهێنانى 58 خێزانى كورد لە رەگەزنامەى لوبنانى، بەڵام پاش رووداوەكانى ساڵى 1958 بە هۆى جیاوازى هەڵوێستە سیاسیەكانى نێوان (كوردەكان و سەرۆك سامى السولح) كە ئەوكات ئۆپۆسزیۆنى سەرۆك (كەمیل شەمعون) نەبوو، كوردەكان پشتیان لێكردوو لایەنگرى (سائیب سلام و عدنان الحكیم) سەرۆكى پێشووى حیزبی (النجادە)یان كرد لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكانى خولى 1964_ 1968_ 1972.
كوردەكانى لوبنان تەنها وەك دەنگدەرێك لە لوبناندا لە ئاست پرۆسە سیاسیەكاندا نەمانەوە، بەڵكو بەشدارى هەڵبژاردنەكانیشیان دەكرد، هەرچەندە لە هەڵبژاردنەكاندا سەركەوتوو نەبوون، بەڵام بەشدارى كردنیان بەڵگەى سەلماندنى بوونى خۆیان لە پرۆسە سیاسیەكانى لوبناندا بووە، وەك لە ساڵى 1968 (جمیل محۆ) لە بازنەى هەڵبژاردنى دووەمى بەیروت بۆ كورسى سوننیەكان لە خولى یەكەمى هەڵبژاردنەكان خۆى كاندید كردووە، ساڵى 1992 (وهاج الشیخ موسى) بۆ كورسى سوننیەكان لە بازنەى بەیروت دووبارە لە خولى ساڵى 1996دا خۆى كاندید كردووە، هەوەها لە هەمان خولدا (شیخ احمد عمرى) خۆى كاندید كردووە.
چالاكى ئاشكراى سیاسیى كوردەكانى لوبنان
سەرەتاى چالاكى سیاسیى كوردەكانى لوبنان دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاى شەستەكان، كە لە رێگاى دامودەزگاى رێكخستنى تایبەت بە خۆیان هەوڵیانداوە (رێكخراوى لاوانى كورد) پێكبێنن، پاشان هەوڵیانداوە وەك پارتى سیاسیى لە كۆمەڵگاى لوبناندا دروستبكەن وەك (پارتى دیموكراتى كورد لە لوبنان) دەستپێكى ئەم هەنگاوانە دەرگاكردنەوەى راستەوخۆ بووە بۆ بەشدار بوونى كوردەكانى لوبنان لە پارتى سیاسیدا، كە سەرەتا هەستاون بە دەركردنى بڵاوكراوەى وەرزى واتا بەیاننامە بۆ روونكردنەوەى بارودۆخى جالیەى كوردى و پابەندبوون بە هەڵوێستە سیاسیەكانى تایبەت بە لاوانەوە، تا واى لێهات هەنگاوەكانیان رۆژ بە رۆژ گەشەى سەند و گەشتنە قۆناغى ئاشكرابوونى كارى سیاسیى، بە پێى سەرچاوەكان كە ئاماژەیان پێداوە مێژووى لەدایك بوونى حیزبی كوردى بەم شێوەیە بووە، پارتى دیموكراتى كوردى لوبنان لە سەرەتا لەسەر دەستى چەند كەسێكى رۆشنبیر و سیاسیى لە سەرەتاى مانگى تەمموزى ساڵى 1960 دامەزراوە لەسەردەستى خوالێخۆشبوو (جمیل محۆ)، كە بە دامەزرێنەر و سەرۆكى پارتەكە ناسرا، لە دواییدا پارتى دیموكراتى كوردى لوبنان بە رەسمى مۆڵەتى خۆى لە وەزارەتى ناوخۆى دەوڵەتى لوبنان بە ژمارە (868) لە رێككەوتى 24ى ئەیلولى ساڵى 1970 وەرگرتووە، كە ئەوكات (كەمال جومبڵات) وەزیرى ناوخۆى لوبنان بووە، ئەم پارتە لە پەیڕەو و پڕۆگرامەكەیدا خاوەنى 14 ماددە بووە، كە تێكڕاى ناوەرۆكى ماددەكانیش هەوڵدانیان بووە بۆ پێشخستن و خۆشگوزەرانى كۆمەڵگاى كوردى لوبنان، ئەویش لە رووى كۆمەڵایەتى و پەروەردەیى و ئابوورى و بەشداربوونیان لە ئیدارەى دەوڵەتدا و لە چوارچێوەى دەوڵەتى لوبناندا، هەرهەمان پارت هاوسۆزى و هاوكارى و پشتگیریكردنى خۆى لەپاڵ گەلانى لوبنان و هێزە پێشكەوتوخوازەكاندا بۆ سەركەوتن و سەقامگیربوونى ئارامى دەوڵەتى لوبنان نیشانداوە.
پارتى دیموكراتى كوردى لوبنان سەرەتا رۆژنامەیەكى كوردى بە ناوى (دەنگى كورد)ەوە دەركردووە، بەڵام دیارترین هەڵوێست و ئاڕاستەكانى ئەو حیزبە لەسەر ئاستى لوبنان لەسەر ئاستى لوبنان كاركردن بووە باشتركردنى ئاستى لۆبى كوردى و پشتگیرى كردنى بزوتنەوەى نیشتیمانى لوبنانى لەسەر ئاستى كوردستان و عەرەب، ئەم حیزبە لایەنگرى ئەو ئۆتۆنۆمیەیان دەكرد كە ئەوكات حكومەتى عێراق، واتە رژێمى بەعس بە كوردستانیان دابوو، هەروەها پشتگیرى گەلى فەلەستینیان دەكرد بۆ بە دەستهێنانى مافە رەواكانیان، وە هاوسۆزیش بووە لەگەڵ بزوتنەوە رزگارى خوازەكانى جیهان دژ بە هێزەكانى كۆڵۆنیالیزم و ئیمپریالیست لەو سەردەمەدا.
دوو قیادەى مۆقت لە یەك كاتدا
باسكردن لە بابەتێكى وەها بە ئەنقەست مەبەست لە هەڵدانەوەى برینە كۆنەكان نییە، بەڵكو هەقیقەتى رووداوە مێژووییەكانە كە مێژوو هەمیشە باسى لێوە دەكات، ئێمەش هیچ كات ناتوانین لەبەر بەرژەوەندیە شەخسیەكانى خۆمان بۆیە ناچارین رووداوەكانى سەر گۆڕەپانى سیاسیى بۆ نەوەى نوێ باس بكەین، بتوانین لەو رووداوانە پەند و عیبرەت وەربگرین و نەهێڵین ئەو رووداوانە سەرهەڵبدەنەوە و ببنە مایەى لەبارچوونى مافە نەتەوایەتیەكانى ئەمڕۆى كورد، پاش ئاشبەتاڵى ساڵى 1975 كە گەلى كورد لە بێهیوایى و نائومێدیدا وەك هەرزن پەرش و بڵاو ببوەوە، بەڵام بە هیممەتى دڵسۆزانى كورد نەیانهێشت ئەم پەتاى نائومێدیە بگاتە ئاستێك كە چۆك بە مێژووى میللەتێك دابدات، هەربۆیە لەو ساتەدا سەدان قارەمانى دڵسۆزى ئەم گەلە توانیان سەنگەرە چۆڵەكانى پاش ئاشبەتاڵ بەچەندین بیر و راى جیاواز و لێوەشاوەیى سەركردەى جۆرا و جۆرەكانى رێكخراوە سیاسیەكان توانرا بڵێسەى شۆڕشى نوێ لەو سەردەمەدا بە سەركردایەتى (یەكێتى نیشتیمانى كوردستان) و بە رابەرایەتى (جەلال تاڵەبانى) دروستبێتەوە، یەكێتى لەو سەردەمەدا لانیكەم 3 ساڵى تێپەڕاندبوو لە خەباتى پارتیزانى بەرامبەر بە دەسەڵاتى رەگەزپەرستى لە عێراق، كە لەو سەردەمەشدا (پارتى دیموكراتى كوردستانى عێراقى) هەڵوەشاوە، دەیەویست لە ژێر ناونیشانى قیادەى موەقەت خۆى گرێبداتەوە، بەڵام وەكو تەواوى سەرچاوە مێژووییەكان باسى لێوەدەكەن هەمیشە سیاسەتى (قیادە موەقەتە) لە كوردستانى عێراق ئەوەندەى هەوڵى داوە بەربەست لە ئاست شۆڕشى نوێى (یەكێتى نیشتیمانى)دا دروست بكات، نیو ئەوەندە ئامادە نەبووە كە بەرامبەر بە دوژمنى راستەوخۆ لە مەیداندا بێت، دەتوانین بڵێین لە روانگەى ئەو هەڵوێستانەى (قیادە موەقەتەى كوردستانى عێراقەوە) بووە، كە كاریگەرى خۆى كردوەتە سەر وشیارى سیاسیى كوردەكانى لوبنان لەو سەردەمەدا واتە لە ساڵى 1977 كە كاتێك كوڕى سەرۆكى (پارتى دیموكراتى كوردى لوبنان) بە ناوى (محەممەد جەمیل محۆ) كە جێگرى باوكى بووە لە حیزب، لە حیزب جیابوەتەوە و پشتگیرى خۆى بۆ شۆڕشى نوێ واتە (یەكێتى نیشتیمانى) بە سەرۆكایەتى (جەلال تاڵەبانى) دەربڕیوە و دژایەتى دەسەڵاتدارانى عێراقى كردووە، ئەو ئۆتۆنۆمیەى كە دەسەڵاتدارانى عێراق بە كوردی قێراقیان بەخشیوە (محەممەد جەمیل محۆ) رەتى دەركردەوە و پیدارگرى لەسەر دروشمى (مافى چارەى خۆنووسین) دەكردەوە، هەربۆیە (محەممەد جەمیل محۆ) جیابوونەوەى خۆى لە حیزب بە ناوى (قیادە موەقەتەى پارتى دیموكراتى كوردى لوبنان) راگەیاند، ئەو لە چالاكی و خەباتكردن بەردەوام دەبێت تا ساڵى 1982، بەڵام پاشان (محەممەد جەمیل محۆ) لە ساڵى 1982 لە ناوچەى (وادى ابوجمیل) لە هەوڵى گەمارۆدانى كارێكى ئەمنیدا گیان لە دەست دەدات.
حیزبى رزگارى
جگە لە پارتى دیموكراتى كوردى لوبنان چەند حیزبێكى تر وجودیان هەبووە و بە ناوبانگ بوون، وەك حیزبی (رزگارى)، ئەم حیزبە لە ساڵى 1975 لەسەر دەستى چەند كەسێكى رۆشنبیر و سیاسەتمەدار دامەزراوە، وەك (فەیسەڵ فخرۆ و عزەدین فەتاح و حسن ملاْ و تلعت فخرۆ) كە لە پاشاندا (فەیسەڵ فخرۆ) سەرۆكایەتى حیزبەكەى گرتۆتە ئەستۆ، ئەم حیزبە بڵاوكراوەیەكیان بە ناوى (خەبات)ەوە دەركردووە، وەك سەرچاوەكان ئاماژەى پێدەدەن (حیزبی رزگارى) هەمیشە بێلایەن بووە و بە لاى هیچكام لە هێزەكانى ململانێى گۆڕەپانى لوبناندا نەشكاوەتەوە و تاكە حیزب بووە لە نێو حیزبە كوردیەكانى لوبناندا، كە تاكو ئێستا بەردەوامى بە چالاكى خۆى دەدات، لە ئامانجەكانى ئەم حیزبەش هەوڵدانە بۆ باشتر كردنى رەوشى كۆمەڵایەتى و سیاسیى كوردەكانى لوبنان بۆ داخوازى رەگەزنامەى لوبنانى.
دابەشبوونى حیزبی رزگارى
بە پێى سەرچاوەكان دەركەوتووە كە حیزبی (رزگارى) لەسەر ئاستى كوردستانى هەمان چارەنووسى (پارتى دیموكراتى كوردى لوبنانى) بەخۆیەوە بینیوە لە رووى دووكەرت بوونەوە، چونكە لە سەردەمى (فەیسەڵ فخرۆ) كە سەرۆكایەتى ئەو حیزبەى كردووە، حیزبی رزگارى پشتگیرى لە حوكمى زانى كوردەكانى عێراق كردووە، كە ئەم هەڵوێست و پشتگیریەى (فەیسەڵ فخرۆ) بوەتە هۆى ئەوەى بیر و راى جیاواز لە حیزبەكەدا سەرهەڵبدات، ئەویش بە سەرۆكایەتى (عەبدولكەریم ئیبراهیم) كە ئەوكاتە (عەبدولكەریم ئیبراهیم) حوكمى زاتى رەتكردوەتەوە چونكە لەگەڵ رێككەوتنى حكومەتى عێراق لە لایەك و بیركردنەوەى بەرامبەر بە سەركردایەتى شۆڕشى ئەیلول، بتایبەتى (بارزانى) یەكینەگرتوەتەوە و هەمیشە پێچەوانەى یەكتر بوون، بۆیە (عەبدولكەریم ئیبراهیم) درێژەى بە جیابوونەوەى خەباتى خۆیدا تاكو ساڵى 1982، بەڵام لە دواى داگیركردنى لوبنان لە لایەن ئیسرائیلەوە لە هەمان ساڵ، رۆڵى باڵەكەى (عەبدولكەریم ئیبراهیم) كۆتایى پێدێت!! بەڵام ئێستاكەش ئەو حیزبە واتە حیزبی (رزگارى) لە لایەن (مەحمود خزر فتاح) سەرۆكایەتى دەكرێت، بەڵام وەك زانراوە چالاكى سیاسیى كوردەكان تەنها تایبەت نەبووە بە حیزبەكانى لوبنانەوە، بەڵكو لە زۆر حیزبی ئیسلامى و نیشتیمانیشدا درێژەیان بە خەباتى خۆیان داوە، وەك لە ناو (پارتى پێشكەوتوخوازى سۆسیالیست و الجماعە ئیسلامیە)دا، بەڵام بە كۆى گشتى خەباتى كوردەكانى لوبنان هەر لە سەرەتاى ئینتیدابى فەرەنسیەوە تا بەشداربوونیان لە حیزبە كوردیەكان و حیزبەكانى دیكە و بەشداربوونیان لە هەڵبژاردنى پەرلەمانیدا كوردەكانى لوبنان تا ئێستا وەك پێویست بە مافە رەواكانى خۆیان شاد نەبوون، نە لە رەگەزنامە وەرگرتن و بیمەى كۆمەڵایەتى و هەروەها سەرجەم مافە رەواكانیان لە وڵاتێكدا كە لە سەردەمى كۆچكردنیانەوە تا ئەمڕۆ، كە نەوەى نوێشیان لەو وڵاتەدا لە دایك بووە و بەردەوام بەشدارى تەواویان لە پێكگەیشتن و بەرگریان لە خاكى لوبنان كردووە لە قۆناغە جیاجیاكاندا.
خوێندنەوەیەكى پێویست
خوێندنەوەى مێژووى كوردەكانى لوبنان و سوریا دەمانگەیەنێتە ئەو رایەى كە بڵێین لە سەرەتاى حەفتا و هەشتاكانەوە دوو هۆكار بزوێنەرى هوشیارى سیاسیى لەگەڵیاندا موتوربە بووبوو، ئەویش یەكەمیان ئەو بزوێنەرە سیاسیە شەخسیەى خودى (تاڵەبانى) كە لە ساڵانى حەفتاكاندا بەرپرسى پەیوەندیە عەرەبیەكانى شۆڕشى ئەیلول بوو، كە هەمیشە تێكەڵاویەكى بێ وێنەى لەگەڵ كوردە رۆشنبیرەكانى لوبناندا هەبووە، ئەمەش بەو پێیەى كە تاڵەبانى بەردەوام جێنشینى شەخسى خۆى لەو كاتەدا لە لوبنان یاخود سوریادا وجوودى هەبوو، سەرەتاى دەستپێكردنى شۆڕشى نوێ و یەكەم بەیاننامەى (یەكێتیى نیشتیمانى كوردستان) لە سوریادا بووە، توانیویەتى كاریگەرى تەواو لە رووى وشیارى سیاسیەوە لەو ناوچانەدا هەبێت، كە یەكێ لە دامەزرێنەرانى سەركردایەتى لەو سەردەمەدا (عومەر شێخ موس) كە كوردێكى لوبنانی بوو یەكێ بوو لە ئەندامانى سەركردایەتى یەكێتى و تا ساڵانى 1992 بەردەوام بووە لەو خەباتە و ئێستاش لە وڵاتى سوید نیشتەجێیە. ئەمەو چەندان چیرۆكى دیكەى تواناى خودى تاڵەبانى لە برەودانى تێكۆشان و خەباتتدا هەبووە، هەرچەندە ئێستا ئاڵۆزیەكى سیاسیى لە كوردستانى عێراقدا هەیە، بەڵام ئەوە مێژوویەكى حاشاهەڵگرە كە كەس ناتوانێ نكۆڵى لێبكات.
دووەم: كاتێ خەباتى گەلى كورد لە كوردستانى توركیا لە ژێر خەیمەى pkk دا و بوونى چەند مەكتەبێَكى سیاسیى و عەسكەرى لە (بیقاع) دەروازەیەكى رۆشن بوو بۆ هۆشیاركردنەوەى كوردەكانى لوبنان و كاریگەریان لە بزاڤەكانى ناوچەكەدا.
[email protected] تێبینى: ئەم راپۆرتە لە ژمارە شەشى گۆڤارى چاوگیش بڵاو بوەتەوە
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست