په‌یامی ئاشتی‌و مرۆڤایه‌تی...

Saturday, 12/03/2011, 12:00


ه‌ناوی خوای گه‌وره‌و میهربان

په‌یامی ئاشتی‌و مرۆڤایه‌تی...

به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌خاوه‌نی شیعره‌كانی مارشی مافی مرۆڤ‌و ئاشتیم له‌كوردستان‌و خاوه‌نی ده‌یان سرودی شه‌هیدو ئه‌نفال‌و كیمیابارانم‌و رۆژانه‌ ده‌یان هه‌زار مناڵی كورد شیعره‌كانم وه‌كو وانه‌ له‌پرۆگرامی په‌روه‌رده‌دا ده‌خوێنن‌و هه‌موو ته‌مه‌نم له‌ئاشتی‌و مر‌وڤایه‌تی‌و به‌رگریكردن له‌مافخوراوو سته‌م دیده‌یی نه‌ته‌وه‌كه‌م زیاتر به‌ته‌نیا دێڕێك خزمه‌تی توندو تیژیم نه‌كردووه‌، ئومێده‌وارم شه‌ره‌فی ئه‌وه‌م پێببڕێ ئه‌م په‌یامه‌م وه‌ك دڵسۆزێكی كوردو كوردستان لێوه‌ربگیرێت. هه‌موو ناوچه‌كه‌و عیراق‌و كوردستانیش كه‌وتۆته‌ ژێر كاریگه‌ریی رووداوو گۆڕانكارییه‌كانی ده‌ورو به‌رمان، هه‌مووشمان دان به‌وه‌دا ده‌نێین كه‌ كه‌مو كوڕی‌و ناداد په‌روه‌ری‌و گه‌نده‌ڵی زۆرو كه‌م بوونیان هه‌یه‌، رووداوه‌كانی دوای حه‌ڤده‌ی مانگیش هه‌موومانی خستۆته‌ به‌ر ئه‌رك‌و به‌رپرسیارێتی به‌تایبه‌تی سه‌رۆك‌و سه‌ركرده‌ده‌و ده‌سه‌ڵاتداره‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان، سوپاسی خوای گه‌وره‌ش ده‌كه‌م كه‌ ره‌وشی ناوه‌ڕاست‌و باشوری عیراق له‌هه‌رێمی كوردستان ئارام‌و له‌بارتر نییه‌ ده‌نا به‌هۆی كۆنه‌ به‌عسیه‌كانه‌وه‌ چاره‌نوسێكی دیكه‌مان ده‌بوو. به‌داخه‌وه‌ ئه‌گه‌ر به‌رپرسیارو به‌ئاگا نه‌بین هه‌ندێك له‌راگه‌یاندنه‌كان هه‌ڵاوی رۆژانی پێش شه‌ڕی براكودژیمان به‌ به‌ر لوتدا ده‌كه‌ن ، ئه‌گه‌ر یه‌ك ته‌نیا وشه‌ له‌راگه‌یاندندا به‌ به‌رپرسیارێتییه‌وه‌ نه‌نوسرێت یان نه‌وترێت كاره‌ساتێك به‌رپاده‌كات‌و نمونه‌ش زۆرن. به‌كورتی ئه‌م بارودۆخه‌ی ئێستا، كه‌سی یه‌كه‌می پارت‌و رێكخراوه‌ گه‌وره‌كانی كوردستان لێی به‌رپرسن‌و هه‌ر ئه‌وانیش ده‌توانن كۆتایی پێ بهێنن، هه‌تاكو كات به‌فیڕۆ بده‌ین هه‌لو مه‌رجه‌كه‌ ئاڵۆزتر ده‌بێت، هه‌تاكو خۆپیشانده‌ران زیاتر چاوه‌ڕوانی وه‌ڵام بن، نائومێدی زیاتر باڵ ده‌كێشێ‌و ئه‌نجامی چاوه‌ڕواننه‌كراوی لێ پێشبینی ده‌كرێت، بۆیه‌ داوكارم كه‌سی یه‌كه‌م‌و سه‌رۆك‌و سه‌ركرده‌ گه‌وره‌كانی كوردستانیش بێنه‌ سه‌ر هێڵ‌و هه‌ر ئه‌وانیش ده‌توانن بگه‌نه‌ چاره‌سه‌رێكی ئارم به‌خش. سوپاس‌و گه‌وره‌یی بۆ هه‌ر سه‌رۆك‌و سه‌ركرده‌یه‌ك ده‌ستپێشخه‌ریی ده‌كات له‌وه‌ڵامدانه‌وه‌ی په‌یامی ئاشتی‌و مرۆڤایه‌تی‌و داوای كۆبونه‌وه‌ی به‌په‌له‌ ده‌كات.


11 / 3 / 2011 07701574379
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە