ڕۆژنامە نووسان و هەرەشەکان
Wednesday, 03/08/2011, 12:00
رۆژنامە نووسان ئەو چینە بوون کە هەمیشە کاریگەریان بەسەر خەڵکی کوردستانەوە هەبووە بەڵگەشم بۆ ئەو قسانەم ئەو هەموو هەرەشانەیە کە لە ئێستاو ڕابردوودا هەبوەو هەیە و لە هەندێ جار تا ڕاددەی کوشتن ڕۆیشتوە ئەوەی من لەم بابەتە کورتەدا دەمەوێ بیگەیەنم هۆکارەکانی کوشتن یان ئازاردانی ئەم چینەیە کە هەمیشە بە هۆی کارەکەیانەوە دوژمنیان بۆ پەیدا بووە.
گەر بێینە سەر یەکەم ڕۆژنامەی کوردی کە لە لایەن میقداد مەدحەد بەدرخانەوە چاپکرا لە ساڵی ١٨٩٨ لە قاهیرە دەتوانین بڵێین کە دەرچوونی ئەم ڕۆژنامەیە لە قاهیرە بۆ خۆی بە هۆی هەڕەشەی بەردەوامی عوسمانی یەکان بوە جگە لەوەش لە
ژمارەیەک لە ژمارەکانی ئەم ڕۆژنامەیە میقداد مەدحەت بۆ خۆی بە نوکی قەڵەمە پیرۆزەکەی دەنووسێ کە وا سوڵتانی عوسمانی ئەوەندەی لە قەلەمی ڕۆژنامە نووسێک دەترسێ ئەوەندە لە نوکی تفەنگێک ناترسێ ئەمە دەتوانرێ بکرێ بە بەڵگەی مەزن بۆئەوەی کە ڕۆژنامەی کوردی چەندە کاریگەر بووە، ئەم دۆخە نالەبارەی کە ڕۆژنامەی کوردستان تێی کەوت بەرهەمی قەڵەمی ئازایانەی بنەماڵەی بەدرخانیەکان بوو.
لە سەدەی بیستەمیش دا کە چەرخی زێڕینی رۆژنامەی کوردی بوو وەک دیارە ڕۆژنامەی کوردی بە شێوەیەکی فراوان گەشەی کرد بێ گومان ئەم گەشە کردنەش بێ کێشە نەبوو بۆ نموونە گەر هەردوو چیرۆکی لە خەومای جەمیل سائیب و مەسەلەی ویژدانی ئەحمەد موختار بەگی جاف وەرگرین دەبینین کەوا شێوەیەکی نوێ لە ئازاردانی ڕۆژنامە نووس هاتوەتە ئاراوە کە خۆی لە تیرۆر کردن دا دەبینێتەوە لەوەش مەترسیدارتر ئەوەیە کە تیرۆرەکە لەلایەن فەرمان رەوایەتی کوردیەوە ئەنجام دراوە کە ئەمە وای کرد نوسینی کوردی تا ماوەیەکی زۆر دوور کەوێتەوە لە ڕەخنەگرتن لە هەر دەسەڵاتێکی کوردی کە لەوماوانەدا ئەگەرچی بە پچڕ پچڕی هەبوووبێ،زیانی گەورەی ئەم دورکەوتنەوەیە ئەوەبوو کە وای کرد ڕۆژنامەی کوردی لە شوێنی بڵاو کردەوەی وتار جا ڕەخنەیی بێ یان نا بگۆڕدرێ بۆ شوێنی بڵاو کردنەوەی هۆنراوەو شیعر کە زۆریان پیا هەڵدان بوە.
لە تەمەنی کورتی دەسەڵاتی کۆماری مهاباد دا ئەگەرچی دەرچوونی ڕۆژنامە هەبوو بەڵام پرسیار ئەوەیە بۆ هیچ وتارێکی ڕەخنەیی لە تەمەنی ئەم گۆڤارە نابینین؟ ئایا ئەم کۆمارە ئەوەندە بێ کەم و کوڕی بوە کە هیچ کەسێ ڕەخنەی لێ نەگرێ؟
گەر بێینە سەر شۆڕشی ئەیلول ئەوا ڕوونە لامان کە بەهۆی ململانێی ئەوکاتی هەردوو باڵی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کە بە جەلالی و مەلایی ناسرابوون لێرەو لەوێ هەندێ وتاری ڕەخنەیی دەبینین بە ڵام گەر یەکێک سەر بە یەک لەو دوو باڵە نابوایە زۆر زەحمەت بووە ڕەخنە بگرێ بەڵام ەم قۆناغەش بێ تیرۆر نەبووە ئەوەتا دارا تۆفیق کە سەرنووسەری خەبات بووە بێ سەرو شوێن کراوە ئەگەرچی ئەمەش لە لایەن داگیرکەرانەوە بوو .
لە دوای نسکۆی شۆڕش دکتۆر مەحموود عوسمان هەڵسا بە بڵاو کردنەوەی نامیلکەیەک کە تیایدا شکستی ئەو شۆڕشەی خستە ئەستۆی مەلا مستەفای بارزانی ئەم نامیلکەیە ئەگەرچی قسەو باسی زۆری هەڵگرتووە بەڵام وەک ئەوانی تر بێ باج نەبوو کە بریتی بوو لە دورخستنەوەی تاکو ئەمڕۆ لە ناو ڕیزەکانی پارتی.
دوای هەڵگیرسانەوەی شۆڕش وتاری ڕەخنەیی لە ڕۆژنامەکاندا زۆر بوو بەڵام بەهۆی ئەوەی کە زۆرێک لەو نووسەرانە لە شاخ یان لە دەرەوەی وڵات نووسینیان بڵاو دەکردەوە لە بارەی نوسەرانی ناو شاریش لامان ڕوونە کە کوشتنی شاکر فەتاح هەر لەبەر ڕەخنە بووە کە ئەویش بە هەمان شێوە لە لاین داگیرکارانەوە شەهید کرا.
لە دوای ڕاپەڕینەکەی بەهاری ١٩٩١ ڕۆژنامەی کوردی بەرەو پێش چوونی بە خۆیەوە بینی بەڵام شەڕی ناوخۆ گەورەترین گورزی لە ڕۆژنامەی کوردی دا کە تیایدا چەندین نوسەر بوونە قوربانی کە لە ژماردن نایەن و لایەنی جیاوازی ئەم قۆناغە کوشتنی ڕۆژنامە نووسان بوو لەلاین حیزبی کوردیەوە کە لە ناویاندا حیزبی ئیسلامی سیاسی هەبوو لە م نێوانەش دا چەندین نوسەر کوژران کە دیارترینیان ئەبوبەکر عەلی و محەمەد قەرەداغی و حەسەن کوێستانی وچەندانی تر بوون.هەر لەم نێوانەش دا چەندین دام و دەزگا لە ناوبران کە دواتر هەندێکیان دروست کرانەوە لەوانە تەلەفزیۆنی گوڵان ، رۆژنامەی کوردستانی نوێ ،ڕادیۆی کۆمۆنیست......هتد.
لەدوای ڕوخانی ڕژێمە عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ بەهۆی سەرهەڵدانی میدیای ئازادەوە چەندین ڕۆژنامەنووس تیرۆر کران لەوانە سۆرانی مامە حەمە کە گومان دەکرێ لە لایەن یەکێ لە حیزبە کوردیەکانەوە ئەنجام درابێ.
ئەگەر چی هەڕەشە لەم قۆنا غە زۆربوە بە جۆرێ کە لە ژماردن نایەت بەڵام تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان بە ڕۆژی ڕوناک و لە پایتەختی هەرێم ناڕەزایەتی زۆری لێ کەوتەوە کە لە میدیای جیهانیدا دەنگی دایەوە ،سەردەشت عوسمان ئەگەرچی نوسینەکانی لە پەنجەی دەست تێپەڕی نەکرد بەڵام قێزەونی تیرۆرەکەی کارێکی وەهای کرد کە چیتر خەڵک بێ دەنگ نەبێ ،بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا ئەم هەڕەشانە نەوەستاون و لەوەشناچێ وا بە زوویی بوەستێ بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا ڕۆژنامەوەنی کوردی بەردەوامە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست