کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئاگاداریه‌کی ئاوه‌ڵا بۆ سه‌رجه‌م کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان

Monday, 28/02/2011, 12:00


زۆرن ئه‌و که‌سانه‌ی باسی ئه‌وه‌یان کردوه‌ بۆ چی ده‌سه‌ڵاتی خێڵه‌کی و بنه‌ماڵه‌ له‌خۆیان نه‌بێ له‌که‌س تێناگه‌ن و ئه‌ندامان و لایه‌نگرانیشیان هه‌روه‌ک خۆیان هیچ نابیستن، له‌وه‌ی زیاتر که‌ بنه‌ماڵه‌ و ئاغاکانیان بۆیان باس نه‌که‌ن.

مرۆڤایه‌تی به‌ چه‌ند قۆناغێکدا تێپه‌ڕی و له‌هه‌ر یه‌کێک له‌و قۆناغانه‌دا هه‌نگاوێکی ناو ژیان و گوزه‌رانی لێوه‌ باشتر کرد. دوا قۆناغی پێشکه‌وتو که‌مرۆڤایه‌تی پیا تێپه‌ر بو بریتی بو له‌ قۆناغی زانیاری گه‌یاندن و به‌کارهێنانی. ئیتر له‌م قۆناغه‌دا. گرنگ ئه‌وه‌نه‌ما کێ چه‌ندین ساڵه‌ کارایه‌ یان ئازایه‌، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ کێ ده‌توانێ زۆرترین له‌زانیاریه‌کانی ده‌وری خۆی و کۆمه‌ڵگه‌که‌ی کۆبکاته‌وه‌ و له‌کاتی خۆیدا بیان گه‌یه‌نێ ئیتر که‌س ناتوانێ پێی بڵێ نا و به‌ر په‌رچی بداته‌وه‌، چونکه‌ ئه‌م وه‌لامی پێیه‌. ئیتر که‌س پێویستی به‌وه‌ نه‌ما خه‌ڵکی له‌ده‌ور بێ ، به‌ڵکوگرنگ ئه‌وه‌یه‌ چه‌ند ده‌زانێ و لێره‌وه‌ زانیاری بوه‌ سه‌رمایه‌یه‌کی تازه‌ له‌ناو مرۆڤایه‌تی. له‌به‌رانبه‌ر ئه‌مه‌دا سه‌رانی نوستوی ده‌سه‌ڵات که‌ئاگایان له‌م پێشکه‌وتنه‌ نه‌وعیه‌ نه‌بو، که‌وتنه‌ هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌ گه‌وره‌ وه‌ وهه‌ر بۆیه‌ که‌وتنه‌ شاردنه‌وه‌یان، به‌ خه‌یاڵی پڵاوی خۆیان خه‌وشه‌کانی خۆیان کردبه‌ژێر گڵه‌وه‌، به‌لام نه‌یان زانی ئه‌وه‌ زانیاریه‌کان نین که‌ون بون، ئه‌وه‌ ته‌نها له‌ناو مێشکی داخراوی ئه‌واندا وا وێنه‌ی کرا و ئه‌وه‌تا میلله‌ت، که ‌له‌یه‌که‌م ڕۆژه‌وه‌ لێیان په‌سته‌، ئه‌و هه‌مو ماوه‌یه‌ فرسه تیان دانێ بۆ چاککردنی و به‌ڵام کورد وته‌نی ئه‌مان له‌خه‌یاڵێکی تردا بون و میلله‌تیش کاتی ده‌ژمارد بۆ جێبه‌جێکردنی داواکانی.

ده‌سه‌ڵاتی خێڵه‌کی چونکه‌ له‌ماوه‌ ی شه‌ست ساڵی ڕابوردودا هه‌ر فێری هه‌ره‌می خێڵه‌کی لێپرسراوێتی بون، که‌به‌ردی بناغه‌ی فیکری ئه‌و سیسته‌مه‌ بریتی بوه‌ له‌ کۆنترۆڵ کردنی زانیاری له‌نێوان پله‌ جیاجیاکانی ده‌سه‌ڵاتدا و لێیه‌وه‌ زانیاری نابێ و ناکرێ له‌نێوان دو ئاستی لێپرسراوێتی دا دزه‌بکا، هه‌ربۆیه‌ هێشتا هه‌ر کاری پێده‌که‌ن و هێنده‌ بێ ئاگان نازانن میلله‌ت زۆر ده‌مێکه‌ ئه‌و قۆناغه‌ی تێپه‌ڕاند. واله‌خواره‌وه‌ کورته‌یه‌کی ئه‌وهه‌ره‌مه‌تان بۆ باس ده‌که‌ین و هه‌ر خۆتان ده‌که‌ین به‌وه‌کیل هه‌ر به‌سه‌یر کردنی تێده‌گه‌ی بۆ گه‌نده‌ڵی هه‌یه‌وبۆ ئه‌ندمانیان له‌میلله‌ت ناگه‌ن و بۆ میلله‌ت ده‌فرۆشرێ و به‌مانه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڕه‌مه‌ هیچ چاره‌سه‌رێکی سیاسی و ئابوری مومکین نیه‌:



پله‌ و پایه‌ حیزبیه‌کانی وه‌ک له‌ ناو یه‌کێتی و پارتی دا په‌یڕه‌و ده‌کرێ، له‌ خواری خواره‌وه‌ بۆ سه‌ره‌وه‌:



1- پارێزه‌رانی مه‌سینه‌کان: ئه‌مانه‌ بۆیان نیه‌ ده‌ست له‌مه‌سینه‌کان بده‌ن و ته‌نها له‌چوارده‌وری ده‌وستن و مه‌سینه‌کان ده‌پارێزن له‌وکاته‌ی که‌مه‌سینه‌کان له‌کاردانین. ئه‌مان به‌هیچ شێوه‌یه‌ک بۆیان نیه‌ بپرسن و بیانه‌وێ هیچ بزانن.

2- یارده‌ده‌ری مه‌سینه‌ هه‌ڵگر: ئه‌مانه‌ پاش چه‌ندین ساڵ و دوای ئه‌وه‌ی زۆر به‌دڵسۆزی وسه‌رکه‌وتویی پارێزه‌ری مه‌سینه‌ کان ده‌که‌ن، دوای ئه‌وه‌ی که‌به‌چه‌ندین تاقیکردنه‌وه‌ی سه‌رکه‌وتو دا ده‌ڕۆن پله‌یان به‌رز ده‌بێته‌وه‌. له‌م قۆناغه‌دا ته‌نها مه‌سینه‌ له‌ ناوچه‌ی پاراستنه‌که‌یه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌ننه‌ ده‌ستی خه‌ڵکانی له‌خۆیان به‌رزتر، پله‌ سێ و ده‌یگه‌ڕێننه‌وه‌ شوێنی پاراستنی. ته‌نها بۆ گه‌یاندنی مه‌سینه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ بۆ ناوه‌ و بۆیان نیه‌ زۆرتر ته‌داخولی هیچی تر بکه‌ن.

3- مه‌سینه‌ هه‌ڵگر: ئه‌وکه‌سه‌ی ئه‌م پله‌یه‌ وه‌رده‌گرێ له‌ئاهه‌نگێکی شکۆداردا و بۆیه‌که‌م جار به‌ مه‌سینه‌ که‌ی ده‌ستی خۆی سه‌رتاپای به‌ئاوی ناو مه‌سینه‌ ته‌ڕ ده‌که‌ن و ئیتر ده‌بێته‌ مه‌سینه‌ هه‌ڵگر. شایانی باسه‌ زانایانی سایکۆلۆجی باس له‌ پڕۆسه‌ی وه‌گرتنی ئه‌م مه‌نسه‌به‌ ده‌که‌ن و ده‌ڵێن مومکین نیه‌ مرۆڤ دوای ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ جارێکی تر وازله‌م کاره‌ بێنێ چونکه‌ مه‌راسیمه‌که‌ عوقده‌یه‌کی گه‌وره‌ له‌ده‌رونی که‌سه‌که‌ دروست ده‌کا و پاش ئه‌مه‌ نه‌ک خۆی هه‌مو دنیای لاده‌بێته‌ مه‌سینه‌ و خزمه‌ت کردنی. ‌کاری مه‌سینه‌هه‌ڵگر وه‌رگتنی مه‌سینه‌یه‌ له‌یاریده‌ده‌ره‌که‌ی و پڕکردنێتی و پاشان دوای خاوه‌ن پله‌کان ی له‌خۆی به‌رزتر ده‌که‌وێ و مه‌سئوله‌ له‌ پاراستنی پاشه‌ڵی و گه‌ڕانه‌وه‌ی مه‌سینه‌کان. پله‌ی لێپرسراوێتی ئه‌ما‌نه‌ ده‌گاته‌‌ موناقه‌شه‌ وڕه‌خنه‌ له‌سه‌ر مه‌سینه‌ هه‌ڵگره‌کانی تر و ده‌توانێ ڕاپۆرت له‌هه‌مو که‌سێکی نه‌یار بدات. ئه‌مانه‌ نزمترین که‌سن که‌ ده‌توانن له‌بۆنه‌و ئاهه‌نگاکاندا سنگ ده‌رپه‌ڕێنن وبه‌ناوی حیزبه‌وه‌ پێشوازی له‌خه‌ڵک ده‌که‌ن و باسی مه‌بده‌ئیش ده‌که‌ن و زۆر شانازی به‌ پله‌که‌ی خۆیانه‌وه‌ ده‌که‌ن.

4- چڵکاوخۆر: ئه‌مه‌ یه‌که‌م پله‌یه‌ که‌ده‌توانێ مه‌سینه‌هه‌ڵگری هه‌بێ. ئه‌میش به‌هیچ شێوه‌یه‌ک بۆی نیه‌ پرسیار له که‌‌سی سه‌روی خۆی بکا و ته‌نها بڕیاری ده‌رکراو ده‌گه‌یه‌نێ و جێبه‌جێی ده‌کا. ئه‌م ده‌توانێ سه‌رپه‌رشتی هه‌ندێکه‌سی وه‌ک خۆی و له‌خوارخۆیه‌وه‌ بکاو وه‌ک تووتی ئه‌وه‌ی پێی وتراوه‌ ده‌یگه‌یه‌نێ. ئه‌گه‌ر پرسیارێکی زیاتری لێبکه‌ی ده‌وه‌ستێ و ده‌ڵێ کاتم به‌رێ تاوه‌ڵامه‌که‌یت بۆ وه‌رگرم.

شایانی باسه‌ ئه‌م پله یه‌ باڵاترین پله‌یه‌ که‌به‌کۆشش کردن له‌ پله‌کانی خواروتر ده‌توانن به‌ ترفیع پێی بگه‌ن واته‌ مه‌سینه‌ هه‌ڵگرێک ده‌توانێ ببێته‌ چڵکاوخۆر. له‌هه‌مان کاتدا ئه‌م پله‌یه‌ نزمترین پله‌ یه‌ ده‌درێته‌ ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌ و به‌ میرات گری ده‌مێنیته‌وه‌.

5- بکوژوببڕ:دوای ئه‌وه‌ی دڵسۆزی بۆ حیزب و ده‌سه‌ڵاتی حیزبی به‌چه‌ندین قۆناغی تاقیکردنه‌وه ‌یدا ده‌با، ئه‌م لێپرسراوێتیه‌ ده‌توانێ له‌سه‌ر فه‌رمانی خۆی هه‌رچی به‌خه‌یاڵیدابێ له‌خزمه‌ت ناوچه‌ یان لقه‌که‌ی د‌ژی خه‌ڵکی ده‌ره‌وه‌ی حیزبه‌که‌ی ده‌کا. وه‌ک بینیمان له‌شه‌ڕه‌کانی براکوژی و له‌م ڕۆژانه‌ش له‌خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ری کوردستان ده‌ستیان له‌خه‌ڵکی نه‌پاراست. به‌لام له‌ خۆشیان نه‌پرسی خه‌ڵک چی ده‌وێ و هه‌ر گیز بۆیان نیه‌ به‌سه‌روی خۆیان بڵێن بۆ کاره‌کان وایه‌ و ناتوانن ڕه‌خنه‌ له‌سه‌روی خۆیان بگرن ناچار په‌لاماری خه‌ڵکی ده‌ده‌ن.

6- تاڵان که‌ری سه‌رشۆڕ: ئه‌مانه‌ دوای ئه‌وه‌ی چه‌ندین جار سه‌رده‌که‌ون له‌کوشتن وبڕین،که‌سانی پله‌ 7 و 8 ه‌کان ده‌سه‌ڵاتی داگیر کاری و ماڵی خه‌ڵک تاڵان کردنیان ده‌ده‌نێ و هه‌ندێ جار ڕێکه‌وتوه‌ چه‌ندین تاڵانکاری یه‌ک له‌دوای یه‌کی پێده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رچی پێی ده‌ڵێن خه‌ت ڕه‌جعه‌ نه‌یمێنێ و چاره‌نوسی له‌گه‌ڵ چاره‌نوسی پله‌کانی 7، 8 دا ده‌نوسرێ. ئه‌مانه‌ هه‌ندێ جار له‌بنه‌ماڵه‌وه‌ نزیک ده‌بنه‌وه‌، به‌ڵام هه‌رگیز ناگه‌نه‌ ژورێ و هه‌ر بۆ دڵخۆشکردنی و هه‌ڵخه‌ڵه‌تانی هه‌ندێ جار به‌شان و باڵیا هه‌ڵده‌ده‌ن. ئه‌مانه‌ نزیک ده‌بنه‌وه‌ له‌پله‌کانی سه‌رکردایه‌تی وده‌بنه‌ ئه‌ندام په‌رله‌مان و ده‌نگیان هه‌یه‌ له‌ جێبه‌جێکردنی فه‌رمانه‌کان به‌سه‌ر له‌خۆیان خوارتر و ده‌ره‌وه‌ی حیزبه‌که‌یان.

7- یاریده‌ده‌ری میلله‌ت فرۆش: ئه‌مانه‌ که‌م ده‌بینرێن و نایه‌نه‌ ناوخه‌ڵک، گوایه‌ به‌رز و باڵان، به‌ڵام ته‌نها عیلم و مه‌عریفه‌تێ ده‌یزانن سه‌رشۆڕکردن و ئه‌شهه‌دوبیلایه‌ بۆ له‌خۆی باڵاتر وله‌کاتی کێشه‌ گه‌وره‌کانیشدا هه‌ندێ جار ڕاوێژیان پێده‌کرێ، به‌ڵام گوێشیان لێناگیرێ و خۆشیان چاوه‌ڕوان نین به‌قسه‌یان بکرێ.

8- میلله‌ت فرۆش: به‌رزترین پله‌ی حیزبیه‌ و هه‌ر بڕیارێ بیدا پاشگه‌زبونه‌وه‌ی نیه‌. که‌س بۆی نیه‌ قسه‌له‌قسه‌یدا بکا و ئه‌گه‌ر شۆڕشێک بتاوێنێته‌وه‌، یان میلله‌تێک بفرۆشێ، به‌پێی په‌یڕه‌و و پڕۆگرامی حیزبی ده‌توانێ و ڕێگه‌ی پێدراوه‌. خۆی ده‌توانێ ده‌ستکاری ده‌ستوری حیزبه‌که‌ی بکا چۆن ده‌یه‌وێ. خاوه‌نی هه‌مو شتێکه‌ و له‌سه‌رو هه‌مو بڕیاره‌کانه‌وه یه‌‌، به‌یاساشه‌وه‌. ئه‌م مه‌نسه‌به‌یه‌ که‌به‌ته‌نها خۆی بڕیارده‌دا میلله‌ت و خاک به‌ کێ بفرۆشێ.



ماوه‌بڵێم ده‌سه‌ڵاتێکی سیاسی ئاوا هه‌ڕه‌می حیزبی دروست کردبێ ، چۆن پێی ده‌کرێ چاکسازی بکا و هه‌رگیز هیچی پێچاک ناکرێ. بۆیه‌ ته‌نها ڕێگه‌ بۆ چاکسازی و نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی له‌خواری خواره‌وه‌ ی هه‌ڕه‌مه‌که‌وه‌، پارێزه‌رانی مه‌سینه‌کان بۆ میلله‌ت فرۆشه‌کان توڕده‌ن و بامیلله‌ت خۆی خاوه‌نی ده‌نگ و ده‌سه‌ڵاتی خۆی بێ.



بژی میلله‌ت و خۆپیشاندانه‌کانی

سه‌ری ڕێز و نه‌وازش بۆ شه‌هیدانی ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵکی کوردستان


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە