شەڕى دەزگاى ڕاگەیاندنەكان
Sunday, 23/05/2010, 12:00
وەك دەڵێن گوێگرتن لەشت بەرچاو ڕۆشنى ئەوەت پێدەدات كەبۆچونى دروست بخەیتەروو.پاش ئەوەى گوێم لەهەموو بۆچوونى لایەنە سیاسى و ڕۆژنامەنوسە بێ لایەن و لایەندارەكان گرت,دواجار گەشتمە ئەو ڕاستیەى كەبۆچونى خۆم بخەمە ڕوو.هەرلەسەرەتاى ئەو كردەوە قێزەون و نامرۆڤانەیەدا كە هاوكارو هاوپیشەمان كاكە(سەردەشت)ى خێر لەخۆنەدیو ئیسلامیەكان بەشى خۆیان لێكڕاندو بێدەنگ لێی دانیشتن.دواتر برادەرانى یەكێتى نیشتمانى لەبەرئەوەى نەبێتە پەڵەیەكى ڕەش بەناو چەوانى حكومەتەكەى(بەرهەم سالح) سەرەتا بەشێوەیەكى شەرمنانە قسەیەكیان لەسەركردو پاش كۆبونەوەى هەردوو مەكتەبى سیاسى پارتى و یەكێتى پاشان بەشێوەیەك لەشێوەكان كەوتنە دژایەتى ئەم مەسەلەیە,دوایى ئەمانیش بزوتنەوەى گۆڕان كەهەر لەسەرەتاوە ئەم مەسەلەیەیان وەكو شتێكى ئینسانى و بێ گوێدانە بەرژەوەندى تەسكى شەخسى و حیزبى قسەیان لەسەر ئەم مەسەلەیە كردو راى گشتیان لێئاگادار كردەوە.تاكار گەشتە ئەوەى ئەمریكاو ڕێكخراوى لێبوردنى نێودوڵەتى و زۆرێك لەڕۆژنامەنوسان و ئاژانسە كەورەكانى هەواڵ هاتنە سەرخەت و داواى ڕونكردنەوەو پاشان ئیدانەیان كرد.ئەوەى جێگەى سەر سوڕمانە ئەوەیە برادەرانى پارتى ئەو هەموو پیاهەڵدانەى كەبەباڵاى سەرۆكەكەیان دەیان كرد گوایە كەحەكیمى دەردى كوردانە.نەك هەر سەلماندى كەحەكیم نیە بەڵكو تواناى ئەوەشى نەبوو كە خوێندنەوە بۆ ئەو بەیاننامەیە بكات تاوەكو بزانێت بۆچى سەردەمێ نوسراوە.پاشان مەكینەى ئیعلامى بینراو و بیستراوى پارتى كەوتە كارو ڕوى جوانى ڕابردو داهاتوى خۆیان پیشانى خەڵكى دا.بەمەشەوە نەوەستان كارگەیشتە ئەوەى كەزۆرێك لەڕۆژنامە سەربەخۆكانیان كردە دەستى دەرەكى و ناوخۆى كەوتنە هەڵدانەوەى مەلەفى كۆن,كورد دەڵێت(جوولەكە ماڵى داى لەكەمى قەرزى كۆن هەڵدەداتەوە).بەڕاى من هەڵدانەوەى مەلەفە كۆنەكان كاى كۆن بەبا كردن بوو تەنها بۆدورخستنەوەى چاوى خەڵك بوو لەو حەقیقەتە ومەترسى بوو نەك خۆپیشاندانى هێمنانەو داواى ئاشكراكردنى بكوژان.پاشان زانرا كارلەكار ترازاوەو مەسەلەكە لەدەست دەرچوە وەكو پیشەى هەمیشەییان دووبارە بەپیاهەڵدان بەباڵاى سەرۆكدا هاتنەوەو وتیان كەسەرۆك داواى ئاساى كردنەوەى وەزعەكە دەكات.باشە حكومەتى ئیسرائیل كەبەردەوام لەبەردەم هەڕەشەى دوژمنەكانیەتى و بەلامارى سەربازى دەدرێت بۆچى لەسەر دۆسیەى گەندەڵى سەرۆكى حكومەتى هێنرایە بەردەم دادگاو لێبرسینەوەیەكى توندى لەگەڵدا كرا.ئایا بكوژانى ئەم ڕۆژنامە نوسە لەسەرۆكى حكومەت بەرزترن كەهەوڵى شاردنەوەى مەلەفەكەیان دەدرێت.ئایا بكوژان دەستێكى بەهێز لەپشتیانەوەیە كەئەگەر كەشف بكرێن ئەوانیش بكوژانى ڕستەقینە كەشف دەكەن.كەدەستى برادەرنى پارتى لەپشت ئەم مەسەلەیەوە نیە بۆچى هەوڵى بەلاڕێ بردنى ئەم كەیسە دەدەن .ئەگەر سەرۆكى هەرێم هەوڵى ئاسایككردنەوەى وزعەكەدەدات بابكوژانى ڕاستەقینە بێنێتە پێش دادگا. لەكۆتایدا ئەوەندە دەڵێم دەبێت خەڵك باى ئەوەندە هوشیار بوێت كەچاوى بخاتە سەر بكوژانى ڕاستەقینە نەك بكوژێكى دروست كراو دواتر وون كردنى ئەم كەیسە.
07707635350
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست