تۆپبارانى ئێران وئیسلامیەكان ...

Sunday, 13/06/2010, 12:00


لەم چەند ڕۆژەى رابردوو زۆرترین باس وخواس كە نووسین و بابەتگەلى كۆمەڵایەتى و شرۆڤەى سیاسى هەڵگرتبێت، ئەو تۆپبارانەى دەوڵەتى ئێران و فڕۆكەكانى توركیایە بۆ سنورەكانى هەرێمى كوردستان، ئەمەش بە بیانوى بوونى چاڵاكى هێزەكانى پژاك و گەریلاكانى پەكەكەیە، كە بە پێچەوانەى هەموو یاسا نێودەولەتیەكان و ڕێسا و بنەما ئاسمانیەكان پێشێل كردنى سەرتایى ترین مافەكانى مرۆڤە و جێگاى قبوڵ و بێ دەنگبوون نیە، هەر بۆیە هەموو چین و توێژەكانى كوردستان، حیزب و رێكخراوەكانى كۆمەڵگەى مەدەنى، هێزە عەلمانى و ئیسلامیەكان، گشت ڕۆشنبیران و ڕوناكبیرانى ئەم هەرێمە بەتوندى ئیدانەیان كردوە، لێ ئەوەى جێگەى سەرسوڕمان و هەڵوەستە لەسەر كردنە، بە شێك لە قەڵەم بەدەستەكانى دەسەڵات بێ بنەما ئەم بابەتەیان قۆرخ كردوە وتفەنگ بە تاركییەوە دەنێن، وەك ئەوەى حیزبە ئیسلامیەكان بەگشتى و یەكگرتووى ئیسلامى كوردستان بەتایبەتى ئیعازیان دابێتە ئەم دوو ووڵاًتە كە هێرشەكانیان بەردەوام و چڕتر كەن بەسەر سنورەكان، ئەمەش نەك تەنها حەقیقەتى بۆ نیە بەڵكو بیرێًكى منالانەى بێ بنەمایە، هیچ عەقل و لۆژیكێكى بە ویژدان و ساغ قبوڵى ناكات، ئیسلامیەكان وەك هەموو هێزەكانى ترى سەر ساحەى كوردستان ئیدانەى ئەم تۆپبارانەیان كردوە، داواى بە پەلە ڕاگرتن و قەرەبوكردنەوەى قوربانانیشیان كردوە، لە هەموو لێدوان و نووسینەكانیش ئەم داوایە پشت ڕاستكراوەتەوە (هەڵوێستیان لە نێو پەرلەمانى كوردستان باشترین نمونەیە)، لە دەزگا ڕاگەیاندنە بیستراو بینراو نوسراوەكانیش بەشێك لە ڕاپۆرت و بابەتەكانى بۆ تەرخانكراوە، ئەگەر ئەم ڕووداوەش هاوكات بێت لەگەڵ هێرشەكەى دەزگا سەربازییەكانى ئیسرائیل بۆ سەر كەشتى گەلى ئازادى و ئیسلامیەكانیش وەك ویژدانیكى ئینسانى و ئیسلامى ئیدانەى ئەم كردە سەربازیەشیان كردبێت، ئەوا ئەمە ناگەیەنێت نیشانەى پرسیار لە سەر خەمخۆرى و نیشتمانپەروەرى و نەتەوییى بوونى ئیسلامیەكان دابنرێت، لە هەر دوو كردە سربازیەكان خەڵكى سیڤیل و بێ تاوان بوونەتە قوربانى و هەردوو كیشیان دژ ئەوەستن لەگەڵً پێوە رە ئەخلاقى و ئینسانیەكان، گەر ئیدانە كردن و نەڕازى بوون بۆ تۆپبارانەكەى ئیران و توركیا حەقێكى نەتەوەیى و نیشتمانى بێت (كە گومان لەمەدانیە) ئەمەى دژى كەشتى گەلى ئازادى كرا ماف و داخوازێكى ئەخلاقى و ئینسانیشە (دەبێ هەموو ئینسان دۆستێك ئیدانەى بكات) ئەى باشە گەر پێوەرە ئەخلاقى و ئینسانیەكان نەبێت؟ چیتر پیاوێكى كورد و ئیرلەندى و ئەمەریكى و توركى و عەرب پێكەوەیان دەبەستێتەوە كە هەموو ئەم جۆرە ڕەگەزانە بوونیان هەبوو لەسەر كەشتیەكەدا؟ ئەى باشە چۆن داوا لە ووڵات ومیللەتانى تر بكەین هەلوێستیان هەبێت لە دژى تۆپبارانە بێ ڕەحمەكەى ئێران و توركیا؟، ئەوەشى دەیەوێ نان و پیاز بەم بابەتەوە بخوات، با لە دەسەڵاتدارانى بپرسێت؟ ئایا بۆچى لە ساتەوەختى تۆبارانەكە مەراسیمى تەعزیە بۆ ساڵیادى خومەینى دەكرێت، لەهەمانكاتدا ڕێ دەگیرێت لەخەڵًكى ئازادى خوازو سیڤیلى سەنگەسەر وپشدەر دژى ئەم كردارە نا ئینسانیانە (مەبەستمان تۆپبارانەكەیە) خۆپیشاندان ساز بكرێًت و لە چوارچێوەى خۆپیشاندانێًكى هێمن و ئازاد ئیدانەى بكەن؟؟ دەكرێ بپرسین كێمان پەیوەندى ڕاستەوخۆى بە دەسەڵات دارانى ئێرانەوە هەیە؟ یا ئایا دەسەڵاتى كوردستان وەك بەرپرسى ڕەسمى لە ژیان و كەرامەتى خەڵكى كوردستان چى كردوە بۆ ڕاگرتنى ئەم تۆپبارارانە؟.

ئایا ئیسلامیەكان لەهمبەر ئەم كردە سەربازیە چیتریان لە دەست دێت لەغەیرى ئیدانە كردن و ناڕەزایى دەربڕیین؟؟؟؟

[email protected]


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە