کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هۆشیاری سیاسی تاک و رژێمی سیاسی

Friday, 03/10/2014, 12:00




شێوازی ڕژێمی سیاسی ره‌نگدانه‌وه‌ی ئاستی متمانه‌ی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌یه‌ به‌خودی خۆیان ، (ئه‌مه‌ ڕای (ئۆشۆ)ی فه‌یله‌سوف و دانایه‌)

مرۆڤ له‌و په‌ڕی لاوازی متمانه‌کردنی به‌خودی خۆی که‌سایه‌تی یه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کان پیرۆز ده‌کات و ده‌یانکات به‌کاریزما ، له‌مێژووی کۆن و نوێ ی مرۆڤایه‌تی دا ،هه‌ر له‌و پادشا و ئیمپراتۆرانه‌وه‌ که‌خۆیان به‌ خوداوه‌ند ناساندووه‌ تاکو ده‌گاته‌ ده‌سه‌ڵاته‌ تاکڕه‌و و تۆتالیتاره‌کانی مێژووی نوێ ،هه‌موو خوێنڕێژ و خوێنمژه‌کانی سه‌رتاسه‌ری هه‌بوونی مرۆڤ و مرۆڤایه‌تی له‌خۆبه‌که‌م زانینی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌وه‌ هاتوونه‌ته‌به‌رهه‌م ، که‌واته‌ هیچ مرۆڤێک نی یه‌ له‌مرۆڤه‌کانی تر پیرۆز تر بێت ئه‌گه‌ر ئه‌م پیرۆزی یه‌ تاکه‌کان بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی نه‌که‌ن به‌دیاری ، هه‌بوونی سه‌رکرده‌ و سه‌رۆکی پیرۆز و کاریزما نیشانه‌ی لاوازی باوه‌ڕی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌یه‌ به‌خودی خۆیان ، ئه‌وه‌ تاکه‌کانن که‌ کلیلی هۆش و بیر کردنه‌وه‌یان داوه‌ته‌ ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتداره‌کانیان و پێ یان ده‌ڵێن ئێوه‌ له‌ ئێمه‌ هۆشدار ترن له‌ بری ئێمه‌ بیر بکه‌نه‌وه‌ ، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌موو مرۆڤێک له‌ناخیدا دووکه‌سایه‌تی ده‌ژین ، که‌سایه‌تی یه‌ک به‌مانای مرۆڤ بوون و دڵ نه‌رمی و ساده‌یی و ساکاری له‌ ئاکار و ره‌وشتدا ، که‌سایه‌تی یه‌ک که‌ دڕنده‌یه‌کی خۆمه‌ڵاسکردووه‌ له‌وکاتانه‌دا به‌رژه‌وه‌ندی یه‌کی نی یه‌ له‌پێشێل کردنی مافی تاکه‌کانی تر ،به‌ڵام له‌و کاتانه‌دا ئه‌م دڕنده‌ نووستووه‌ له‌خه‌ون به‌خه‌به‌ردێت که‌مرۆڤ هه‌ست به‌ده‌سه‌ڵاتداری و ئاستی به‌رزی خۆی ده‌کات له‌سه‌روو تاکه‌کانی تره‌وه‌ ،به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سه‌ڵاتداری ڕه‌ها له‌ئه‌نجامی لێ نه‌پرسینه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی گه‌له‌وه‌ ، دڕنده‌ی وه‌کو ستالین و هیتله‌ر و ماسۆلینی و سه‌دام حوسه‌ین و .......... هتد ده‌کات به‌خه‌ڵاتی نه‌ته‌وه‌ و نیشتیمان .
دروست بوونی ئه‌و هه‌موو قه‌یرانه‌ نامرۆیی یانه‌ی له‌نێو کۆمه‌ڵگا رۆژ هه‌ڵاتی یه‌کانی ئه‌مڕۆدا باڵیان کێشاوه‌ به‌سه‌ر ژیانی مرۆڤه‌کاندا و ،ئازادی ده‌ربڕین و بینین و بیستن و گوتار و گفتاری لێ سه‌ندوونه‌ته‌وه‌ به‌رئه‌نجامی بێ متمانه‌یی تاکه‌کانه‌ به‌خوودی خۆیان ،هه‌تاکو تاکه‌کان متمانه‌یان به‌خودی خۆیان و هێز تواناکانیان لاواز بێت ،ئه‌وا کۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی له‌ده‌ست خوێنڕێژ و خوێنمژه‌کان ڕزگاری نابێت و کاره‌ساته‌ مرۆیی یه‌کان له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی ده‌سه‌ڵات به‌رده‌وامی یان ده‌بێت .
تاک ئه‌و کاته‌ی متمانه‌ی به‌خودی خۆی به‌هێزه‌ چاودێرێکی به‌توانایه‌ ، ره‌خنه‌گرێکی بنیادنه‌ره‌، ئه‌وکاته‌ ئیتر تاکه‌کان چاوپۆشی له‌ هه‌ڵه‌ی سیاسه‌تمه‌داران ناکه‌ن و هه‌رله‌کات و شوێنی هه‌ڵه‌کانیاندا متمانه‌ له‌سیاسه‌تمه‌داری وه‌رده‌گرنه‌وه‌ و پایه‌و پارێزی کورسی ده‌سه‌ڵات له‌گه‌نده‌ڵکاران خاوێن ده‌که‌نه‌وه‌ و جارێکی تر ئاینده‌یه‌کی گه‌شتر و جوانتر بۆ ژیان بنیاد ده‌نێنه‌وه‌ .
که‌واته‌ ئێمه‌ی کوردیش بۆئه‌وه‌ی ئاینده‌یه‌کی گه‌شتر و جوانتر بۆ نه‌وه‌کانمان بنیاد بنێین بائیتر کلیلی بیرکردنه‌وه‌مان له‌ده‌ستی خۆماندا بێت و له‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتدارانی ده‌ربهێنینه‌وه‌ ، بۆ ئه‌وه‌ی ئیتر سبه‌یمان له‌ئه‌مڕۆ نه‌چێت بانه‌بین به‌ده‌روێش و موریدی هیچ ده‌سه‌ڵاتدارێک ، نه‌ هیچ ده‌سه‌ڵاتدارێک و نه‌ هیچ لایه‌نێکی سیاسی ناگه‌ن به‌و پایه‌ پیرۆزه‌ی ئێمه‌ پاساو بۆ هه‌ڵه‌ وتاوانه‌کانیان بهێنینه‌وه‌ ، ئێمه‌ نه‌ پێویستمان به‌پیرۆز کردنی که‌سه‌ و نه‌کاریزماشمان ده‌وێت ، ئه‌و سه‌رده‌مه‌ به‌سه‌ر چووه‌ ،پێویستیمان به‌که‌سایه‌تی یه‌کی سیاسه‌تمه‌داره‌ که‌ به‌رنامه‌ی پێ بێت بۆ ڕزگار کردنمان له‌ ئاریشه‌و قه‌یرانه‌کان ،، ئه‌رکی ئێمه‌یه‌ چاودێری بکه‌ین و له‌ هه‌ر شوینێکدا هه‌ڵه‌ی کرد و له‌ئامانجه‌کانی ئێمه‌ لایدا هه‌ر له‌وێدا ڕایبگرین و متمانه‌ی لێ بسه‌نینه‌وه‌ ، باڕووی خۆمان سپی بکه‌ین له‌لای نه‌وه‌کانی داهاتوومان ،گه‌ر وانه‌که‌ین مێژوو لێمان خۆشنابێت ، کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی زیندوو نامێنینه‌وه‌ هه‌روه‌کو چۆن به‌درێژایی مێژوو مل که‌چی ئاغای نه‌زان و نه‌خوێنده‌وار بووین نه‌وه‌کانیشمان له‌سایه‌ی نه‌وه‌کانی ئه‌وانه‌دا نه‌فره‌ت له‌ئێمه‌ ده‌که‌ن.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە