عەبدوڵا پەشێو و هەندێ ڕاستی بۆ مێژوو

Friday, 25/05/2012, 12:00





هەندێ زوڵم هەیە، پێم غەدرێکی گەورەیە لێیان بێدەنگ بم. عەبدوڵڵا پەشێو شاعیرێکی گەورەیە و پێویستم بەوە نییە ئەمە بۆ کەس بسەلمێنم. باوکی ڕێژوان و کاک محەمەد حەریری هەندێک ڕاستییان خستۆتە ڕوو، بەڵام خراپ نییە منیش، چوار قسە لەسەر ئەو بابەتە بکەم، چونکە تا پەشێو "ڕووی لە گەل بێ و پشتی لە دەسەڵات بێ"، نەک هەر ئێمە، بەڵکو هەموو دڵسۆزێک دەچێتە سەنگەری بەرگری لەو شاعیرە سپییە. هەر کاتێکیش لە ڕیزی گەل خوا نەخواستە چووە دەرێ، ئەوا گەل بێڕەحمانە پشتی بەردەدا. ئەوەی تا ئێستا لەبەر چاوە ژیانی ئەو پیاوە خاوێنترین ژیانە و تازە درەنگە خۆی بدۆڕێنێ. هەموو کەس دەزانێ، ململانێی پەشێو لەگەڵ داگیرکەران و ستەمکارانی ناوخۆ لە هەموو نیعمەتێکی ماددییان بێبەش کردووە و ئەوێش تا ئێستا لێیان بێمنەت بووە. من ئەمە دەڵێم، بێ ئەوەی ڕێی ڕەخنە لە کەس بگرم. پەشێویش وەک هەموومان مرۆڤە و پێغەمبەر نییە، بەڵام ویژدان باشە بۆ مرۆڤێک قەلەم بگرێ بە دەستەوە. دانی پێدا دەنێم، من نووسەر نیم، بەڵام زوڵمێکی گەورەم هەست پێ کرد و نەمتوانی بێدەنگ بم. خزمێکم یەکێکە لەوانەی زووزوو خۆبەخشانە یارمەتیی مامۆستا دەدا، خۆشم چەند جارێ بە خزمەتی گەیشتووم و ئاگاداری زۆر شتم و دەزانم هاتنەوەی پەشێو چۆن ئومێدی خستۆتەوە ناو دڵان. هەر بە قسە خۆشە مرۆڤێکی تاک و تەنیا توانای ئەو هەموو بەرگەگرتنەی هەبێ ئامادە بێ خۆی و ماڵ و منداڵی لە خۆشیی و خۆشگوزەرانی بێبەش بکا. ئەوەی ئەمەوێ بیخەمە سەر قسەکانی ڕێزداران باوکی ڕێژوان و محەمەد حەریری ئەمانەن:

دەربارەی وێنە لەگەڵ مەسوولان
چەند وێنەیەکی مامۆستا پەشێو لەگەڵ پیاوانی ئەم حزب و ئەو حزب ئەوە ناسەلمێنێ کە لەو حزبە نێزیکە. پەشێو ناوێکی گەورەیە. سەرکردایەتیی زۆربەی حیزب و لایەنە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بۆبەخێرهاتنەوەی سەردانیان کردووە ، ئەویش، هەرچەند ماڵی خۆی نییە، بە گەرمی لە ماڵە سادە و ساکارەکەی برای یا لە ماڵە خزمانی، بە عادەتی کوردەواری پێشوازیی لێ کردوون. لە هەمان کاتا بۆ دیداری غەیری بەخێرهاتنەوە دیداری بەرپرسی زۆر گەورەی ڕەت کردیتەوە. دەرگای ماڵی براکەی بە دەمەن دادەخرێ و کەس ناپرسێ کێ دێ و کێ دەڕوا. رۆژ بووە سەتان کەس سەردانیان کردووە. هەموویانی پێشوازی کردووە و بۆ وێنەگرتنیش، هەرچەند زۆری پێ ناخۆشە، دڵی یەک کەسی نەشکاندووە، جا مەسوول بێ یا قوتابی، دەوڵەمەند بێ یا هەژار، ژن بێ یا پیاو، مناڵ بێ یا پیر. لەسەر جادە بووبێ یا لە ماڵێ! چۆن مەسوولانی پارتی سەردانیان کردووە و وێنەیان لەگەڵیا گرتووە، هەرواش مەسوولانی یەکێتی، ئەندامانی پەرلەمانی سەر بە گۆڕان، یەکگرتوو، پژاک و حیزب و لایەنەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان...هتد لە هەموو مەجلیسێکیش بێ پەناوپێچ قسەی خۆی کردووە و لە سیاسەتا موجامەلەی کەسی نەکردووە...هتد
هەر مەسوولێکیش دێتە لای کامیرای لەگەڵدایە! ئەوەندەی من بزانم مامۆستا تا ئێستا نەیهێشتووە بە ڤیدیۆ هیچ دانیشتنێکی بگیرێ. خۆم تەسادووفی چەند دانیشتنێکم کردووە و دەزانم چەند ڕاشکاوانە لەو دانیشتنانەدا قسە لەگەڵ پیاوانی دەسەلات دەکا. من لەو مەجلیسە دانیشتبووم، کە لە پارێزگاوە هاتنە لای بۆ ئەوەی ڕێگا بدا ئەوان، لە باشترین جێگا، کۆڕەکەی هەوڵێری بۆ بکەن. لەناو ئەو مەجلیسە، کە نێزیکەی ٣٠ کەس دانیشتبوون، تاهیر عەبدولای جێگری پارێزگار لەناو قسەکانیدا گوتی: "ئەم حکوومەتە هی هەموومانە...." یەکسەر مامۆستا قسەی پێ بڕی و فەرمووی "وەڵڵا ئەوە هەر حکوومەتی ئێوەیە، نەک ئێمە!" ڕێگەشی نەدا ئەوان کۆڕەکەی بۆ ساز بکەن. لە هەولێر، دوای مانگێک هێنان و بردن لە "یەکێتی نووسەران" سەلامەتتری نەدۆزیەوە کە هەم کۆڕەکە بکا و هەمیش وەک لایەنێکی ڕەسمی گیانی خەڵکەکە بپارێزێ لە ڕووداوی ترسناک کە دەنگۆی هەبوو.

یەکێتی نووسەران و وێنەی بارزانی
ئەندامانی یەکێتی نووسەران هەموویان پیاوی خراپ و کۆنە بەعسی نین، وەک هەڵۆ ناو دەڵێ. ئەوانیش وەک خوودی حیزبەکان، باشیان تیایە و خراپیش. لە کوردستان، تاکە یەک کۆڕ ڕێک ناخرێ ئەگەر دەسەلات بە شێوەیەک لە شێوەکان دەستی تێوەر نەدا. هەموویان دەبێ ئاسایش بیانپارێزێ. لە ناوچەی پارتی هەموو هۆڵەکان وێنەی مەلا مستەفایان تیایە. لە زۆربەی هۆڵەکانی ناوچەی سەوزیش هی تاڵەبانی. بۆ نموونە: لە فێیسبوک برادەرێکم وێنەیەکی سیمیناری قەڵادزێی بۆ ناردم، وێنەیەکی گەورەی تالەبانی لەسەر سەکۆیەکەی کۆڕی مامۆستا پەشێو بوو! کاتێ پەشێو داوەت دەکرێ بۆ شوێنێک نازانێ چ لە هۆڵەکەیە. ئەوانەی لە کوردستان دوورن و جێیان پشت کۆمپیوتەرە نازانن خەڵک لە کوردستان تووشی چ دەردیسەرییەک بووە لەگەڵ ئەو وێنانە! یا دەبێ هیچ نەکەی، یا ئەوەتا لە هەر شوێنێک بێ قسەی خۆت بکەی. ئەوەندەی بزانم، نزیکەی دوو مانگە هەوڵ دەدرێ لە کەرکووک و دهۆک کۆر ساز بکا، کەچی کەسانێکی موناسیب و شوێنێکی بێ کێشە نادۆزێتەوە. تۆ کە کۆڕێک دەکەی و هەزاران کەس دێن ناتوانیت خەڵک لەسەر جادە کۆکەیتەوە. دەبێ شوێنێکت هەبێ و شوێنەکەش پارێزراو بێ. کاری پارازتنیش دەسەڵات دەیکا. تۆ ناتوانیت لە هۆڵیکدا هەزاران کەس کۆ کەیتەوە بێ ئاگاداریی دەسەڵات. مەگەر مامۆستا پەشیو لە ماڵی خۆی دانیشتایە و ئەوەی کردی نەیکردبایە!

هۆنراوەکەی بۆ بارزانی
بیستوومە، ئەو هۆنراوەیە دوای موئامەرەکەی مەلاکان لە شوێنێکدا خوێندراوەتەوە. لە ساڵی ١٩٧١ مەلاکانی شیعە ویستیان مەلا مستەفا بکوژن. ئەوسا ئەو ڕووداوە هەموو کوردستانی هەژاند. باوکی ڕێژوان باش بۆ مەسەلەکە چووە. ئەوانەی باسی ئەو شیعرە دەکەن، ئەگەر ئەسلەن نووسرابێ، وەک بەرهەمێکی تازە نیشانی دەدەن، ناشڵێن تەمەنی ٤١ ساڵە و بۆ مەلا مستەفای ٤١ ساڵ لەمەوبەرە! ئەمە ساختەچییەتی نەبێ شتێکی تر نیییە، هەروا گەورەترین خزمەتە بۆ نەوە گەندەڵەکەی بنەماڵەی بارزانی.
لە سەرەتای حەفتاکاندا ، مەگەر جاش و جاسووس، ئەگەر نا کەس نەبوو مەلا مستەفا بە سیمبول دانەنێ. هەموو باشووری کوردستان تفەنگیان بۆی هەڵگرت. جگە لەوەش، من تەماشای دیوانەکانی پەشێوم کرد، ئەو هۆنراوەیەی بڵاو نەکردیتەوە و قەت باسیشی نەکردووە. تۆ بڵێی هەر وا لە بیری چووبێ؟ یا کردەوەی ناشایستەی نەوەکانی بارزانی تووڕەیان کردبێ و ئەو شیعرەیان پێ فڕە دابێ؟! ئەوانەی وا نیشان دەدەن کە دکتۆر عەبدوڵا پەشێو ئەو شیعرەی ئێستا نووسیوە گەورەترین خزمەتی پارتی و پاراستن دەکەن، چوونکە کەم نین ئەوانەی بڕوای موتڵەقیان بەو پیاوە سپییە هەیە!
"تەزبێح"
ئەم هۆنراوەیە مج نییە هەر بۆ تاڵەبانی بێ. ساعیر تەزبێحی کردووە بە کەرستەیەکی هونەری بۆ ژماردنی تاوانەکانی دەسەڵاتی حیزبەکان و ڕسواکردنی ئەقلییەتی خێلەکی و نەبوونی ئەقلییەتی دەولەت. ئەم تێروانینە گشتگیرییەی پەشێو لە زۆربەی سیعرەکاندا دیارە. گوێ لە "زەرد و سەوز" و " میری دزان" و " قوون و کورسی" و " ڤیاگرا" و " هەر خۆمانین" و "دوبەی" هتد بگرن بۆ ڕاستی.

مەسەلەی سەردەشت عوسمان
ناوهێنانی سەردەشت لە دەڤەری پارتی بڤەیە. مەگەرکەسێکی وەک حەزرەتی پەشێو زات بکا لە جەرگەی هەولێر ئەو ناوە بێنێ. ناوەرۆکی هۆنراوەکە لە ئاشکرا ئاشکراترە، ئەگەر ویژدان هەبێ. تەنیا ئەگەر کەسێک سەر بە دەسگای پاراستن بێ، بە شێوەیەکی وا مانای هەڵبەستەکە لێک دەداتەوە کە تاوانەکە بخاتە سەر کۆسرەت عەلی! من خۆم شاعیر نیم، بەڵام، دەزانم شاعیر ناتوانێ لە شیعردا ببێتە دادگا و تاوانبار دەستنیشان بکا و ناوی بێنێ حوکمیشی بدا، هەر ئەوە دەکرێ کە پەشێو کردی!
جگە لەمەش، ڕەخنەگر لە کوێی زانیوە مامۆستا چۆتە سەر گۆڕی سەردەشت یا نا؟! لە کوێی زانیوە کەسوکاری سەردەشتی بینیوە یانا؟! ئەمە مەسەلەیەکی شەخسییە و ئەوەی بیکا بۆ ویژدانی خۆی ئەیکا، نەک بۆ کامیرا و هۆیەکانی راگەیاندن. ئەمە گێچەڵکردنە بە خەڵک، برا! هەر کەسێک لەمەودوا نەچێتە سەر گۆڕی سەردەشت ئیتر پیاوی بنەماڵەی بارزانییە! بێتامی مەکەن!
لە ڕوونکردنەوەیەکدا، لە سایتی "خۆشەویستانی پەشێو" نووسراوە، دەڵێ، هۆنراوەی "سەردەشت عوسمان" رۆژی ٢/٦/ ٢٠٠٦ نووسراوە. ئەوەی پەشێو بناسێ دەزانێ لە ئەوروپا بە دەگمەن یەکەمجار هۆنراوەی سیاسی دەخوێنینیتەوە. پێی خۆشترە شتی وا لە کوردستان بخوێنیتەوە. شیعر بە فەرمان نانووسرێ. نەشینووسیبایە کەس نەیدەتوانی موحاسەبەی بکا.
ئەوانەی ناوی شەهید سەردەشت دەکەنە بنێشتە خۆشەی خۆیان، کارێکی خراپ دەکەن ئەگەر خەڵک بە زۆر بۆ سەر گۆڕی ئەو شەهیدە ڕاپێچ بکەن. ئەو کارە هەر لە پاراستن دەوەشێتەوە کە چەند گۆڕێکیان ناو ناوە "مەزاری نەمران " و خەڵک بە زۆر دەبەنە ئەوێ! هاوارە، سەردەشت وا لێ مەکەن، ئەو بازرگانیکردنە بەو شەهیدە راگرن. یانی بەڕاستی ڕەخنەگر خەمی ئەوەیەتی مامۆستا پەشێو نەچووەتە سەر گۆڕی سەردەشت یا جێیەکی تری دێشێ؟؟! هیوادارم خۆی تا ئێستا چەند جارێک چووبێ!!!

"میری دزان"
ڕەخنەگر دەڵێ "میری دزان" بۆ کۆسرەت نووسراوە. دەک خوا دەست بە باڵتەوە بگرێ لەگەڵ زانیاریت! دیسان دەتەوێ، وەک پیاوێکی پاراستن، دزە ڕاستەقینە گەورەکان بشاریتەوە و خەڵک چەواشە بکەی؟! ئەم هۆنراوەیە لە سەرەتای٢٠٠٦ لە "ئاوێنە " بە خەتی شاعیر خۆی بڵاو کرایەوە. لە کەنەدا ، کە لە یوتوب هەیە، خوێنرایەوە و باس لە چۆنیەتی نووسینی هۆنراوەکەش کرا! دەتوانیت لە یوتوب گوێی لێ بگریت.
پەشیو ئەگەر پەشێوی نەتەوە و خاک نەبوایە، ئەگەر تۆزێک لە یەکێک لە حیزبە دەسەڵاتدارەکان نزیک بکەوتباوە، ئێستا دەوڵەمەندترین نووسەری ئەم سەردەمە دەبوو، نەک ژیان بە هەژاری بباتە سەر. ئەو باجەی پەشێو توولی عومر داویەتی، لەم سەردەمەدا هەموو کەسێک نایدا. هەموو خەڵکی کوردستانیش ئەو ڕاستییە دەزانن، بۆیە هەر جێیەکی پەشێو ڕووی تێ ئەکا ئاپۆرە و حەشاماتیش لەوێیە!

http://www.youtube.com/watch?v=pVzCYm2OeSk

http://www.youtube.com/watch?v=miqXfpecPmA&feature=youtu.be






نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە