کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سەریكانى، خورماتوو و كفرى سڵاوتان بۆ دەنێرێت

Sunday, 03/02/2013, 12:00


كەباسى سەریكانى دەكەم، كە داستان و خۆراگرییەكانى سەریكانى دەبیستم و دەخوێنمەوەو دەبینم، یەكسەر شارەكانى كفرى و خورماتووى باشوورى كوردستانم دێتەوە یاد، كفرى و خورماتوو، دوو شارى دراوسێی یەكدین و دەكەونە نێوان كەركوك و كەلارەوە، ئەو دوو شارە، لەمێژووى خۆیاندا خاوەن گەلیك داستان و قارەمانێتى و خۆراگرین، لێرەدا تەنها باسى مێژوویەكى نزیك دەكەین، لەراپەڕینى 1991داو دواى راپەرینیش، ئەو دووشارە گەلێك داستانى قارەمانێتى و نەبەردییان دژى هیزەكانى رژێم ئەنجامدا، گەلێك جار لوتى رژێمیان شكاندو كردیانن بەپەندى زەمانە، كفرى و خورماتوو، بوونە سیمبولى خۆراگرى و قوربانیدان و تیكۆشان لەباشوورى كوردستاندا.
لەسەرەتاى راپەڕینداو دواى رزگاركردنى شارى خورماتوو لەلایەن هێزەكانى پێشمەرگەوە، هێزەكانى رژێم بۆ ماوەى 11 رۆژى یەك لەسەریەك بەسەرپەرشتى بەهێزترین لیواى عێراقى ئەوكاتەو بەفەرماندەیی گەورە ئەفسەرى دڕندەى بەعس (بارق عەبدولڵا)، هێرشى پەیتا پەیتاى دەهێنایە سەر ئەو شارە بەمەبەستى داگیركردنەوەى، رژێم بەهێزێكى هەزاران كەسیەوە، بە هەلیكۆپتەر، بەتانك و زریپۆش، بەتۆپى قورس و توقێنەر، هێرش لەدواى هێرشى دەهێنا، بەڵام هێزەكانى پێشمەرگەو جەماوەرى خۆراگر، وەكو شاخ چەقیبوون و بەورەیەكى بەرزەوە چۆكیان بەهەموو هێرشەكانى رژێمدا دائەداو لەهەر هێرشێكدا، دەیان كوژراوو بریندارى دوژمن دەكەوت، بەڵێ یانزە رۆژ خۆراگرى و قارەمانێتى و داستان تۆماركردن، یانزە رۆژ شكست و دۆڕان و هەرەس بۆ هێزەكانى رژێم، 11 رۆژ شار وەكو قەندیل خۆراگربوو، وەكو هەورامان و هەلگورد سەربڵندبوو.
شارى كفریش دواى رزگاركردنى، بۆ ماوەى چەندین مانگ و بگرە ساڵیش، هەمیشە ببوە جێگاى تەماحى رژێم بەمەبەستى داگیركردنەوەى، لەسەرەتاكانى رزگاركردنى شارەكەدا، رژێم بەهاوكارى موجاهیدینى خەلق بەبەردەوامى هەوڵى داگیركردنەوەى شارەكەى ئەدا، بۆردومانكردنى شارەكە، ببوە دیاردەیەكى رۆژانەى رۆتینى،چەندین داستانى قارەمانێتى لەلایەن هێزەكانى پێشمەرگەو خەڵكى شارەكەوە تۆماركران، وەكو (شەڕەكانى كفرى و دەربەند تاڵەو سەرقەڵا) وەكو دەڵێن لەو داستانانەدا (پۆرت)ى رژێم شكێنرا، لەداستانى سەرقەڵادا، بەهێزترین لیواى عێراقى بەناوى (گورگ)، لەبەردەم هێزەكانى پێشمەرگەدا شكستى خواردو تەفروتوونابوون، نزیكەى پەنجا تانك و زریپۆشى ئەو لیوایە سوتان یان دەستیان بەسەرداگیرا، دەیان سەربازیان لێكوژراو برینداربوون یان بەدیل گیران، ئەم داستانە بووە هۆى ئەوەى كە رژێم بۆ جارێكى دیكە، زاتى ئەوە نەكات هەوڵى داگیركردنەوەى شارەكەدا بدات.
سەریكانی-ش وەكو شارێكى رۆژئاواى كوردستان، ئەوە چەندەمین جارە داستانى قارەمانێتى و بەرخودانى گەورە لەدژى چەتەو رێگرو تیرۆریست و ناحەزانى كوردو مافەكانى تۆمار دەكات. هەر دواى ئازادكردنى رۆژئاواى كوردستان لەلایەن كوردو هێزەكانى یەپەگەوە، ناحەزانى كوردو دەستەو تاقمە چەتەو تیرۆریستییەكان، ویستیان لەرێگاى شارى سەریكانییەوە رۆژئاواى كوردستان داگیرو تاڵان بكەن، ویستیان شارە ئازادكراوەكانى دیكەى رۆژئاوا، بخەنە ژێر كۆنتڕۆڵى خۆیانەوەو كورد بۆ جارێكى دیكە ژێردەستەو چەوساوەبكەنەوە، بەڵام رووبەرووى بەرگرى قارەمانانەى یەكینەكانى پاراستنى گەل و گیانفیدایی رۆلەكانى كورد بوونەوە، سەریكانى بۆ ماوەى نزیكەى 15رۆژى یەك لەسەر یەك بەرگریكرد، داستانى تۆماركرد، لوتى چەتەو تیرۆریست و جاش و توركە شۆڤێنیی و ناحەزانى كوردى شكاندو سەریانى تەقاند بەشاخەكانى كوردستاندا..
سەریكانى، ئیستا بووەتە قوتابخانەى بەرگرى و فیداكارى و سیمبولى ئازادى و قارەمانێتى و خۆراگرى، بووەتە چقڵى چاوى دوژمنانى ئازادى گەلى كوردو گۆڕستانى چەتەو تیرۆریستەكان.
بۆیە.. لەكفرى شارەكەى باوەشاسوارى سەربڵندەوە، لە كفرى داستانەكانى (دەربەند تاڵەو سەرقەڵاو ئۆمەرمل)وە لەشارەكەى (عەبە ئامەو ئەحمەدى حاجى سەمین و حەمەى سەید محیدین و خالید گەرمیانى)یەوە
لەخورماتووى بوكى حەمرینەوە، لەشارەكەى حەمە رەش و زامى ئەنفال و داستانى یانزە رۆژەى خورماتووە..سڵاوتان لێبێت سەریكانى، سیمبولى فیداكارى و خۆراگرى، سڵاوتان لێبێت شەهیدانى سەریكانى، خالید گەرمیانى و حەمە رەش سڵاوتان بۆ دەنێرێت، سڵاو دەنێرن بۆ (شەهید عابدو هەڤاڵانى، شەهید سەرحەد قامیشلوو هەڤاڵانى، شەهید عەلاو هەموو شەهیدانى سەریكانى)... باوەشاسوارو بوكى حەمرین شانازیتان پێوە دەكەن، گیان و رووحمان لەكەڵ ئێوەدایە، سەركەوتن و خۆراگرى ئێوە شانازییە بۆ هەموومان، دڵمان بۆ ئێوە لێئەدات، سەرمان پێتان بڵندە ئەى شۆرشگێرانى رۆژئاوا، تێكۆشەران و قارەمانانى سەریكانى...

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە