کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئیسرائیل و ئیخمان، كوردو قاسم ئاغاى كۆیە

Thursday, 07/10/2010, 12:00




ئەدلۆف ئیخمان سەركردەیەكى نازى ئەڵمانییەكان بوو لە جەنگى جیهانى دووەمدا، دواى كۆتاییهاتنى جەنگ و شكستهێنانى نازییەكان، ئیخمان توانى لەدەستى یاساو دادگا هەڵبێت و بە پاسەپۆرتى ساختەو ناوێكى دیكەوە لە ئەڵمانیاوە خۆى بگەێنێتە ئەمریكاى لاتین، دەوڵەتى ئیسرائیل هەموو هەوڵێكى خستەگڕ بۆ دۆزینەوەى ئیخمان، ئەوەبوو دواى هەوڵدانێكى بێوچان، توانیان شوێن پێی هەڵبگرن و لە وڵاتى ئەرجەنتین ئەو سەركردە نازییە بدۆزنەوە، ئیخمانى هەڵهاتوو، توانى بۆ ماوەى 15 ساڵ لەدەستى سزاو دادگا خۆى بپارێزێت، بەڵام ئیسرائیلییەكان شەوو رۆژیان خستەسەر یەك و رێگەیان نەدا بەئاسوودەیی بژێت، تا سەرنجام و لەساڵى 1960دا، دەزگاى هەواڵگرى ئیسرائیل (موساد)، توانى ئەدلۆف ئیخمان لە ئەرچەنتینەوە برفێنێت بۆ ئیسرائیل، ئەوەبوو لە ئیسرائیل دادگایی دەكەن و 15 تومەتى رووبەروو دەكەنەوە، لەوانە بەشداریكردن لە جینۆسایدى جوولەكەكان و تاوانى دژە مرۆیی، تا لە ساڵى 1962دا بەهۆى تاوانەكانییەوە، دادگا بڕیارى لەسێدارە دانیئەداو لەتەلئەبیب لەسێدارەئەدرێت.
قاسم ئاغاى كۆیەیش، یەكێكە لە كوردە خۆفرۆشەكانى ئەم وڵاتە، كە بەشداریكردووە لە ئەنفالكردنى هاوزمانەكانى خۆى و ئەنجامدانى چەندین تاوانى دیكەو كوشتنى چەندین پێشمەرگەى كوردستان، ئەو ئەنفالچییە، دواى راپەرینى 1991 بۆ جارێكى دیكە چووە باوەشى بەعس و سەنگەرى خیانەتى هەڵبژارد، تەنانەت داواى لە بەعس كردبوو كە بەچەكى كیمیاوى لە كورد بدات، دواى پرۆسەى ئازادى و روخانى بەعس، ئەم قاسم ئاغایە لەچاوان ونبوو، دەڵێن رۆژێك لە سوریا بووەو رۆژێك لە میسرو رۆژێك لە موسڵ، تادواجار خۆى كرد بەهەرێمى كوردستاندا، ئەو هەرێمەى كە قاسم ئاغا بەشداربووە لە كوشت و بڕى خەڵكەكەیدا، ئەوەى تووشى شۆكى كردین، هاتنەوەى ئەم ئەنفالچییەبوو، ئەوەى زیاتر هەراسانى كردین، ونبوون و دیارنەمانى بوو، ئەمەش دواى ئەوەى هەندێ لەكەسوكارى ئەنفالكراوەكان و رێكخراوى چاك لێیان كرد بەهەڵا..
بۆیە هەقمانە بپرسین: ئەم ئاغایە چۆن هاتەوە؟ كێ هێنایەوە؟ بەئەمرى كێ پێی خستەوە كوردستان؟ ئەى كەهاتەوەو لێیكرا بەهەڵا، كێ شاردییەوە؟، چۆن ونبوو؟، یان باشتر بڵێن كێ بەرگرى لێدەكات و ناهێڵێ بەسزاى تاوانەكانى بگات؟ دەڵێن لەرێگەى فڕۆكەخانەى هەولێرەوە دەربازى بووە، بەڵێ، فرۆكەخانەى هەولێر، ئەو فڕۆكەخانەیەى كە سەدان ئاسایش و پۆلیس و چەندین بازگەو شوێنى پشكنینى لێیە، بەڵام قاسم ئاغایان بۆ نەگیرا! بەڵێ بۆیان نەگیرا!
بەخوا سەیرە، ئیسرائیلییەكان بەدوورى هەزاران میللەوە، بكوژانى میللەتەكەیان دەرفێنن و دەهێننەوە لەناو تەلئەبیبدا لەسێدارەى ئەدەن و بەسزاى تاوانەكانى دەگەێنن، كەچى كورد لەناو ماڵى خۆیدا، ناتوانێ تاوانبارێكى وەكو (قاسم ئاغا) دەستگیربكات؟ یان كورد وتەنى ئەم ماستە نەك موو، بەڵكو شێلمانێكى تێدایە.. زۆربەى ئەوانەى ئەمڕۆ حوكمڕانى ئەم وڵاتە ئەكەن، گەر كاتى خۆى دەستى (قاسم ئاغا) بكەوتایەن، ئەوا دەكرانە دیارى بۆ بەعس و بەعسیش هەمومان دەزانین چ لێدەكردن، ئەگەر وانەبێت، دیارە ئەم ماستەیش لە شێلمانەكە گەورەترى تێدایە.
مرۆڤ كە روداوى وەها دەبینێ، دەگاتە ئەو بڕوایەى كەكورد شایەنى هیچ شتێك نییە، شایەنى ئەوە نیە نەك دەوڵەت و قەوارەى سەربەخۆى هەبێ، بەڵكو شایەنى ئەوەى نییە مودیر ناحیەیەكیشى پێڕەواببینرێت، ئاخر عەیب و شوورەییی نییە لەنێو ماڵى خۆماندا، بكوژانى ژن و منداڵى ئەم وڵاتەمان بۆ دەستگیرنەكرێت؟ هەموومان بە خەڵك و حكومەتەوە، پێشتر زانیاریمان هەبووە كە ئەو تاوانبارە هاتووەتەوە كوردستان، باشە لەپاى چى پیلانى دەستگیركردنى دانەنراوە؟ ئەى ناڵێن چەندین فەرمانى دەستگیركردنى هەبووە؟ ئیتر ئیشى دەزگاكانى ئاسایش و پۆلیس چییە؟ كابرایەكى قوربەسەر، حەماڵێك، كاسبێك هەڵەیەك بكات وەكو پڵنگ هەڵدەكوتنە سەرى و قۆڵبەستى ئەكەن، ئەى خێرە كەسێكى وەكو قاسم ئاغاتان بۆ دەستگیرناكرێ!؟ بەخوا سەیرە، دەزگا ئەمنییەكانى ئێمە دەچن لە موسڵ و بەغدا باندى تیرۆریستى و رفاندن دەستگیردەكەن و رفێنراوانیش ئازاد دەكەن، ئەى خێرە لە ماڵى خۆتاندا قاسم ئاغاتان لێعاسى دەبێت!؟؟
ئافەریم بۆ خۆتان گەلى جوولەكە، ئافەریم بۆخۆتان دەوڵەتى ئیسرائیل، ئێوە میللەتێكن شایەنى زۆر لەوە زیاترن كە ئێستا هەتانە، شایەنى نەك دەوڵەتێك، بەڵكو شایەنى دە دەوڵەتیشن، كوردیش هەر شایەنى ئەوەیە بچەوسێنرێتەوە!! شایەنى ئەوەیە خاكەكەى نەك چوار پارچە، بەڵكو سەد پارچە بكرێت!! شایەنى ئەوەیە حوكمە زاتییەكیشى پێڕەوانەبینرێت! رۆژ لەدواى رۆژ زیاتر ئەو راستییەم بۆ رووندەبێتەوە، كە كورد بۆیە خاوەن دەوڵەت و قەوارەى خۆى نەبووە، لەبەر ئەوەى خۆى هیچ نەبووە، هیچى لەباردا نەبووە، نەیتوانیەوە وەكو نەتەوەو گەلانى دیكەى جیهان تێكۆشان و خەبات و سیاسەت و حوكمڕانى بكات..نەك هەر نەیتوانیەوە كەسە خائین و خۆفرۆشەكانى بهێنێتە بەردەم دادگاو بەسزاى تاوانەكانیانى بگەیەنێت، بەڵكو زۆرجار ئەو كەسە خائین و خۆفرۆشانە پاداشتكراوون و گەر تروسكایەك هیواو دەرفتى گرتنیشیان هەبووبێت، ئەوا دەربازكراوون.
 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە