راى ئازاد لە پردێ بوونى نییە ئاگاداربن!!
Thursday, 02/04/2009, 12:00
رۆژى 1/4/2009 لەگەلأ یەك دوو برادەرى تر بۆ بەشدارى كردن لە كردنەوەى كتێبخانەى گشتى لە پردێ چووینە ئەو شارۆچكە قەشەنگەى كە رووبارى زێى بچووكى بەناوەڕاستدا تێ دەپەڕێو ئەگەر بەرپرسانى یەك تۆز دڵسۆزو خەم خۆرى شارەكەیان بن، ساڵانە بە ملیۆنەها دینار داهاتى گەشتوگوزارى ئەو شارۆچكەیە دەبێ. با بێمە سەر كرۆكى بابەتەكەم، پێش دەست پێ كردنى ئاهەنگى كردنەوەى كتێبخانەكەو لە كاتى كردنەوەیشیدا، كەسێكى بە بەژنو باڵا كورتو بزۆزو بە تەمەن لە دەوروبەرى چل ساڵان، كامیرایەكى تەلەفزیۆنى بەشانەوە بوو، كامیرایەكى فۆتۆگرافیشى بەدەستەوە بوو، بەنۆرە هەردوكیانى بەكاردەهێنا كە پرسیم برادەرێك وتى: چۆن نایناسیت، ئەوە مامۆستا فازڵە، رابەریشى پێ دەڵێن. سەرۆكى سەنتەرى رۆشنبیرى پردێیە. دیاربوو لەگەلأ تێكڕاى خەڵكەكەى ئەوێ ئاشنابوو، هەتا لەگەلأ هەندێ لە میوانەكانى هەولێرو كەركویش ئاشنایەتى هەبوو. درێژەى نەدەمى لەكاتى تەواوبوونى ئاهەنگى كردنەوەى كتێبخانەكەو دەرچوونى ئامادەبوان بووە هەرا كە چوومە پێش بینیم ئەو كاك رابەرە لەگەلأ كابرایەكى دیكەى سەرسپى دیاربوو لەسەر كێشەیەك دەنگە دەنگیان بوو، كە پرسیم ئەوە كێیە؟ وتیان سەرۆكى شارەوانى پردێیە. سەیرەكە لەوەدا بوو، كاك رابەر دەیگوت: باشە هەرچی دەڵێى قەیناكا بەس با میوانەكان بڕۆن، ئەوكاتە قسە دەكەین. هەر سووددى نەبوو، هەتا كاك ئیحسان گلى قایمقامى قەزاى كەركوك بە گرتنى وێنەیەك سەرۆكى شارەوانى هێور كردەوە، بەڵام دواتر كوڕە گەنجێكى خوێن گەرم، وا پێدەچوو برادەرى كاك رابەر بێ چونكە زۆر بە حەماسەتەوە دەیگوت مامۆستا تەخسیریان پێ مەكە هەرچى ئەنووسى بنووسە، پیاو نییە ناوت بهێنێ. كە سۆراخى ئەویشم كرد بۆم دەركەوت یەكێك لە رۆشنبیرانى شارەكەیەو داكۆكى لە راى ئازادو كاك رابەر ئەكات. كاتێكیش لە ئەسڵى كێشەكەم كۆڵیەوە بۆم دەركەوت كاك رابەرو كۆمەڵێك گەنجى شارۆچكەكە رۆژنامەیەك بەناوى (پردى ئازاد)ەوە دەرئەكەنو لەوێ باسى كەموكوڕى شارۆچكەكەیان كردوەو ئەو برادەرانەى شارەوانى پێیان ناخۆشە. لە هەموویشى عەنتیكەتر ئەوەبوو سەرۆكى شارەوانى هەڕەشەى دەكردو دەیویست پەلامارى كاك رابەر بدات بەڵام رابەر سەرەتا زۆر بە هێمنى وەڵامى ئەدایەوەو ئەیگوت: باشە لەكوێ شكات ئەكەن حازرم، روون كردنەوە ئەنێرن بۆ رۆژنامەكەمان حازرم، هەرچیتان دەوێ بەسەرچاو بەس مەیكەنە هەرا، سوودى نەبوو تا ئەویش تووڕە بوو، گوتى: دە مادام وایە بێ منەت بن هەرچىیەكتان لەدەست دێ بیكەن، بەڵێن بێ منیش ئەوەى بن بەڕەتان دێنمە سەر بەڕەو پەیوەندى بە لێژنەى نەزاهەوە دەكەمو بێ دەنگ نابم.
هەرچۆنێك بێو لەو رۆژنامەیەدا هەرچیەك نوسرابێ ناكاتە ئەوەى بەوجۆرە سەرۆكى شارەوانییەك بەبەرچاوى قایمقامى قەزاى كەركوكەوە بەوجۆرە لەگەلأ رۆژنامەنوسێكى شارەكەىدا بیكاتە هەراو خەڵك لە خۆى كۆ بكاتەوە. دواى ئەوەى ئەوان رۆیشتن لە دووسێ گەنجم پرسى هەموویان لایەنگرى برادەرە رۆژنامەنوسەكە بوون، ئەمەش ئەو راستیەى لاى كەسێكى وەكو من دەرخست كە لەوانەیە شارە گەورەكان باشتر بن لەو شارۆچكە بچوكانە، لەوانەیە مەرجیش نەبێ، گرنگ ئەوەیە گەیشتمە ئەو قەناعەتەى كە لە شارۆچكەى پدرێدا ئازادى را دەربڕن نیەو هەر كەسێكیش شارۆچكەكە ببینێ سەرى سووڕ ئەمینێ لەبەرئەوەى پڕە لە كەرو سەگو گۆلكو چێلو بزنو مەڕو قاز.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست