کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سه‌رۆکی هه‌رێم وه‌ڵامی که‌مپینی (تۆم به‌ سه‌رۆک قبوڵ نییه‌)ی دایه‌وه‌!

Thursday, 31/03/2011, 12:00


کێ ده‌ڵێت سه‌رۆکی هه‌ڕێم وه‌ڵامی که‌مپینی (تۆم به‌ سه‌رۆک قبوڵ نییه‌)ی نه‌دایه‌وه‌؟ ئه‌وه‌ی که‌ سه‌رۆک و سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێم ته‌واو بێده‌نگه‌یان لێکرد و هیچیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ نه‌ووت که‌ ئایا سه‌رۆک دوای کۆبوونه‌وه‌ی 50000 ئیمزاکه‌ هه‌ڵوێستی چییه‌، خۆی له‌ خۆیدا وه‌ڵامێکی ڕۆشن بوو بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی که‌ ده‌یانویست بزانن سه‌رۆک هه‌ڵوێستی چی ده‌بێت و ئایا به‌ڵێنه‌که‌ی ده‌باته‌ سه‌ر یان نا.
به‌کورتیی سه‌رۆکی هه‌رێم له‌ڕێگه‌ی وه‌ڵامنه‌دانه‌وه‌وه‌ به‌ هه‌موومانی ڕاگه‌یاند که‌ ''نه‌خێر به‌ڵێنه‌که‌م نابه‌مه‌ سه‌ر و خۆم له‌ ئیمزاکانتان تێناگه‌یه‌نم و واز له‌ سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێم ناهێنێنم''. ئه‌و وه‌ڵامی ئێمه‌ی نه‌دایه‌وه‌ به‌ڵام به‌ ناڕاسته‌وخۆ ووتی ''سێ مانگ به‌ڵێنه‌که‌م تاجیل ئه‌که‌م و دوای ئه‌و سێ مانگه‌ش دیسانه‌وه‌ خۆم بیده‌نگ ئه‌که‌م و واز ناهێنم''. ئه‌و وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه‌ و له‌ڕێگه‌ی وه‌ڵامنه‌داوه‌وه‌ ووتی ''ببوورن من ناتوانم ساحیبی قسه‌که‌ی خۆم بم و ئه‌و قسه‌یه‌م هه‌ر بۆ خه‌ڵه‌تاندنی ئێوه‌ و خه‌ڵکی ئیتاڵیا بوو، ئه‌گینا که‌ی من دڵم دێ ئه‌م کورسییه‌ به‌جێ بهێڵم''.
سه‌رۆک وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه‌ و له‌و رێگه‌یه‌وه‌ پێی ووتین ''نه‌ک هه‌ر له‌سه‌ر داخوازیی 50000 هاوڵاتیی هه‌رێمی کوردستان ئاماده‌ نیم ده‌ست له‌ پایه‌که‌م بکێشمه‌وه‌، وه‌ک به‌ ڕۆژنامه‌نووسه‌ ئیتاڵییه‌که‌م ووت، به‌ڵکو ته‌نانه‌ت ئاماده‌ نیم ئه‌وه‌نده‌ش ڕێز له‌ 50000 هاو:اتیی بنێم به‌ دێڕیک پێیان بڵێم نامه‌که‌تان گه‌یشت''.
سه‌رۆک وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه‌ و له‌و رێگه‌یه‌وه‌ به‌ ئێمه‌ی سه‌رپه‌رشتیارانی که‌مپینه‌که‌ و به‌ هه‌موو خه‌ڵکی کوردی ووت ''به‌ڵێ ڕاست ده‌که‌ن، وه‌ک له‌ به‌یاننامه‌ی ڕاگه‌یاندنی که‌مپینه‌که‌دا نووسیوتانه‌، من ئه‌و قسانه‌ هه‌ر بۆ وه‌ته‌نییات و موزایه‌ده‌ ده‌که‌م. ئێمه‌ی سیاسه‌تمه‌دارانی ئه‌م وڵاته‌ ئه‌و قسانه‌ بۆ خه‌ڵه‌تاندنی ئه‌و خه‌ڵکانه‌ ده‌که‌ین که‌ مومکینه‌ به‌و جۆره‌ شیعاراتانه‌مان بخه‌ڵه‌تێن''.
من که‌ ڕێک مانگێک به‌ر له‌ئێستا که‌مپینی (تۆم به‌ سه‌رۆک قبوڵ نییه‌)م ڕاگه‌یاند، ئێستا هه‌ست ده‌که‌م ئه‌وه‌ی ئێمه‌ی کۆمه‌ڵێک خوێندکاری زانکۆیی ده‌توانین بیکه‌ین کردمان و ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ له‌وه‌ زیاتری له‌گه‌ڵ ناکرێت. ئێمه‌ ئامانجمان له‌ که‌مپینه‌که‌ دوو شت بوو: یه‌که‌م، پیشانی خه‌ڵکی کوردستانی بده‌ین که‌ سه‌رکرده‌کانی ئێمه‌ کاتێک ڕوویه‌کی میهره‌بان پیشانی ئێمه‌ ده‌ده‌ن، ئه‌وه‌ ته‌نها وه‌ک هه‌وڵێک بۆ بردنه‌وه‌ی دڵمان و بۆ خه‌ڵه‌تاندنمان ده‌یکه‌ن. دووه‌م، ئێمه‌ ویستمان ئیتر ئه‌م موزایه‌داته‌ سیاسییانه‌ی سه‌رکرده‌کانی کورد له‌ سیاسه‌تی کوردییدا تۆزێک بکه‌ینه‌ عه‌یبه‌ و ئیتر ئه‌م چه‌که‌ له‌ ده‌ستی سه‌رکرده‌که‌کانمان بسه‌نینه‌وه‌.
من ئێستا هه‌ست ده‌که‌م که‌مپینه‌که‌مان هه‌ردوو ئه‌م کاره‌ی به‌ باشیی کرد. بۆیه‌ من ئیتر هیج زه‌رووره‌تێک بۆ درێژه‌پێدانی چالاکیی له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و که‌مپینه‌دا نابینم و لێره‌دا وه‌ک ده‌ستپێشخه‌ری سازدانی که‌مپینه‌که‌، ته‌واوبوونی که‌مپینه‌که‌ ڕاده‌گه‌یه‌نم.
زۆرێک له‌ خه‌ڵکی دڵسۆزی کوردستان داوای ئه‌وه‌یان لێکردین‌ هه‌واڵی په‌شیمانبوونه‌وه‌ی سه‌رۆکی هه‌رێم له‌ به‌ڵینه‌که‌ی بگه‌یه‌نینه‌ ڕۆژنامه‌ ئیتاڵییه‌کان. ئێمه‌ وه‌ک به‌شێکی کاری که‌مپینه‌که‌ هه‌ردوو ئاژانسی ڕیپۆبلیکای ئیتاڵیی و ئاژانسی هه‌واڵی ئیتاڵیی LAGI-مان ئاگادار کردۆته‌وه‌، به‌ڵام وا ده‌رده‌که‌وێت په‌شیمانبوونه‌وه‌ی سه‌رۆکێکی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ واده‌ و به‌ڵینه‌کانی خۆی بۆ ئه‌وان شتێکی چاوه‌ڕوانکراو بێت و هه‌واڵێکی ئه‌وه‌نده‌ سه‌رسوڕهێنه‌ر نه‌بێت، بۆیه‌ ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگادار بم تائێستا هیچیان له‌سه‌ر نه‌نووسیوه‌.
سه‌رۆک بیده‌نگی لێکرد و له‌ڕێگه‌ی وه‌ڵامنه‌دانه‌وه‌وه‌ پێمان ده‌ڵێت ''وه‌ڵام ناده‌مه‌وه‌ به‌شکو ئه‌مه‌ خوایه‌ ئه‌و مه‌وزووعه‌تان بیر بچێته‌وه‌''.
بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م مه‌وزووعه‌ بیر نه‌چێته‌وه‌ و بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رکرده‌کانمان له‌مه‌ودوا موزایه‌ده‌ به‌سه‌ر خه‌ڵکی کوردستاندا نه‌که‌ن، دوای ته‌واوبوونی که‌مپینه‌که‌ی ئێمه‌، ئیتر ئه‌رکی مێژوونووسانه‌ ئه‌وه‌ تۆمار بکه‌ن که‌ به‌ڕێز مه‌سعود بارزانیی سه‌رۆکێک بوو بێئه‌ندازه‌ به‌دئیستیفاده‌ی له‌ دڵپاکیی خه‌ڵک و تاکتیکی موزایه‌ده‌ی سیاسیی ده‌کرد. هه‌روه‌ها ئیتر ڕۆژنامه‌نووسانێکی به‌ جه‌رگه‌ له‌مه‌ودوا هه‌ر کاتێک ده‌رفه‌تی بۆ ڕه‌خسا بوێرێت له‌ سه‌رۆکی هه‌رێم پرسیاری ئه‌وه‌ بکات که‌ ئایا بۆچی له‌سه‌ر قسه‌ی خۆی نه‌ما و وازی له‌ سه‌رۆکایه‌تیی نه‌هێنا و وه‌ڵامی ئه‌ومان بۆ که‌مپینه‌که‌ بۆ به‌ده‌ست بینێت. ئه‌م کاره‌ی ئێمه‌ هه‌ر ئه‌م ئه‌رکه‌ی میژوونووسان و ڕۆژنامه‌نووسانی ماوه‌، ئه‌گینا ئێمه‌ پرسیاری خۆمان له‌ سه‌رۆک کرد و به‌ ڕوونییش وه‌ڵامی داینه‌وه‌.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە