وەزارەتی ڕۆشنبیری و ئەنجومەەنی وەزیران سواڵی ئەدیب و هونەرمەندانیان ڕاگرتووە

Thursday, 06/06/2013, 12:00




لە کوردستان ئەوەی سەر ڕاست بێت و سەربەرز بژی لە سەرەتاترین ماف بێ بەش دەبێت، ئەوەش هیچ شەرم و حەیای نەبێت و کەسایەتی بکاتە پەشتەماڵی حەمام ئەوا چەور دەخوات، بێ ئەوەی خاوەن ویژدانێك پەیدا بێت بڵێت کاکە ئەم ناحەقیە تاکەی؟؟ خۆ ئێوە حوکمی تورك و ڕۆم و عەجەم ناکەن! بۆچی ئەوەندە بێ ئینسافن لەگەڵ نەوە دڵسۆزەکەی میللەتەکەی خۆتان؟ بە تایبەتی لەگەڵ مەزڵومترین چین، کە لەسەر هزرو داهێنان و هاودەمییان بۆ وشەو فەرهەنگ و هونەری کوردی ژیان بەسەر دەبەن، ئەو چینەی کە دوورە هێندەی ئاسمان و ڕێسمان لە گەندەڵیەوە، چونکە هونەرمەندو ئەدیبی ڕاستەقینەی خاوەنی هەڵوێست دوورە لە هەڵپەی دەسەڵات و پلەو پایەو گەندەڵیی، ئەوەی مەبەستیەتی پارووە نانەکەی و چەند کتێب و ڕۆژنامەیەکەو هیچی تر! لە کاتێکدا ئەدیب و نووسەران لە وڵاتانی ڕۆشنبیرو دیموکراسی نەك تەنیا پەیکەریان بۆ دروست دەکەن و ناوچەکان بە ناوی ئەوانەوە ناو دەنێن، بەڵکو زۆر جار لە سەرۆکەکان ناوبانگیان زیاترهەیە و قسەیان لە ناو میللەتدا دەڕوات و هەموو مافەکانیان بۆ دەستەبەرکراوە. بەڵام مەخابن لە کوردستان بە پێچەوانەوەیە، هەندێك جار مرۆڤ بە بۆنەی پێنووسەکەیەوە تووشی ئەشکەنجەو بێ بەش بوون و هەڕەشە دەبێتەوە، نادادپەروەریی و جیاوازیی زۆر دەکرێت لە نێوان هونەرمەندو ئەدیبان بە ئاشکراو بێ شەرم. ئەوەی حیزبیی نەبێت و ماستاو نەکات و واستەوواستەکاریی نەکات لە هەموو مافێکی سەرەتایی بێ بەشە.. وتیان موچەیەکی زۆر کەم وەکو سواڵ دەدەن بەو ئەدیب و هونەرمەندانەی لە بیستوپێنج ساڵ زیاتر خزمەتی ئەدەب و هونەری کوردییان کردووە و هیچ دەسمایەیەکی تری ژیانیان نەبێت، بەڵام ئەوەش بوو بە درۆ! چەند ئەدیب و هونەرمەندێك دەناسم دەمێکی درێژە وەك مافێکی ڕەوای خۆیان پێیان لە جەرگی خۆیان ناوە بۆ قبوڵ کردنی ئەو سواڵە، کەچی ئێستا وەزارەتی ڕۆشنبیری و ئەنجومەەنی وەزیران خەتمی ئەسوەدیان ناوە بە مەلەفی هەموو ئەوانەی ئەم داوایەیان کردووە، ئەوە بۆ نزیکەی ساڵێك دەچێت بە بیانووی ئەوەی دەیانەوێت چاکسازیی تیا بکەن، جا ئەوان جێی خۆیان گەرم بێت و باخەڵی خۆیان پڕ بێت کەی لە خەمی ئەوەدا بوون هونەرمەند و ئەدیبێك لە نەبوونیدا بمرێت و ڕسوا بێت و ڕووبەڕووی کێشەکانی ژیان بێتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە هەر ئەوانەی خۆیان بە ڕۆشنبیر لەقەڵەمداوەو سواری پشتی کەشتی حیزبەکانی دەسەڵات بوون هەمیشە دەرگاکانیان بۆ واڵایە، تەنانەت گەر داهاتی تری بژێوی ژیانیانشیان هەبێت ئەوا داوای ئەم سواڵەش دەکەن و بێ ڕاوەستان لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا هەموو کارێکیان بۆ جێبەجێ دەکرێت و موچەکەش دەخەنە نێو باخەڵیان.. کاتی ئەوە هاتووە ئەو هونەرمەندو نووسەرانە هەڵوێست وەربگرن و بیر لە هەڵگیرساندنی شۆڕش و ڕاپەڕین بکەنەوە، چونکە لەناو هەموو میللەتێکی هوشیاردا بەم جۆرە گۆڕانکاریی کراوە لەڕێی قەڵەم بەدەست و خاوەن هزرو هونەرەکانەوە، کە بکەونە پێشی میللەت بۆ ڕوخاندنی ئەم دەسەڵاتە گەندەڵەی ملیارەها دۆلاری میللەت دەدزێت و بەڕێزترین چینەکانی میللەتی لێ بێ بەش دەکات.. کاتی ئەوە هاتووە ئەم کۆشکە بێ بناغەی دەسەڵات سەراوبن بکرێت و دەوڵەتی یاساو دادپەروەریی و مەدەنی و سیستەماتیك لە جێگەی دابمەزرێت کە هیچ کەسێك لە مافەکانی بێ بەش نەکرێت، کە تیایدا تەنیا داوای ئەرك نەکرێت لە ڕەشوڕووتان و مافیان پێ نەدرێت، لە بەرانبەریشدا بۆ خۆیان هەموو مافێك هەبێت و هیچ ئەرکو یاسایەك نەیانگرێتەوە، ئەم ستەمە لە هونەرمەندان و ئەدیبان دائەنرێت بە ستەم لە ویژدانی زیندووی میللەتێك، ستەم لە وشە و تابلۆ و ناسنامەی میللەت و فەرهەنگ..جگە لەو بودجە حەڤدە ملیار دۆلارەی تەنیا بۆ سێ شار تەرخانکراوە کە بەشی سێ وڵات دەکات، ئەو هەموو پارەی گومرگ و هەقی ئاو وکارەباو باجی تاپۆ و باخی هاتووچۆ و فرۆشتنی نەوتی قاچاخ و....تاد کەس نازانێت چییان لێ بەسەر دێت ! چونکە هیچ حسابێکی لە بودجەدا بۆ نەکراوە، دەك نەفرەتتان لێبێت ئەی ئەوانەی بە ناوی خەباتەوە بوونەتە دوژمنی میللەت و خۆتان کردووە بە فەرمانڕەوا بەسەریانەوە، لەکاتێکدا هیچ پێداویستی و مەرجی حوکمەت و فەرمانڕەواییتان تیا نییە.. کاتی ئەوەهاتووە میللەت هەڵوێست وەرگرێت و هەموو بە یەك دەنگ بڵێن: بەسە ..تاکەی؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە