مەحمود گەرگەرى، ئەو پیاوەى که منی وهک مۆساد به موخابەراتى سوریا فرۆشت
Sunday, 01/08/2010, 12:00
لە 19/2/1996 لە توركیا بەرەسمى و بە ڤیزە چووم بۆ سووریا و لەوێوەش چوومە شارى حەلەب بۆ گەشت و گوزار و كڕینى هەندێ شت و مەكى وەك دیارى و ئەو شتانە بۆ خانەوادەكەم چونكە 9 مانگ بوو كەسیانم نەبینی بوو ئەوكاتیش تەلەفۆنیش كەم بوو بۆیە تەنها بە تەلەفۆن ئاگامان لەیەكتر بوو، من لە توركیا كرێكاریم دەكرد چونكە لە كوردستان لە پێشمەرگایەتى و شەڕ هیچی تر نەبوو، ئەو 9 مانگە هەر لە قاپ شۆرى بگرە تا دەگاتە شوشتنگەى ئۆتۆمبێل و جووتیارى كشتوكاڵ و كارى مەزرەعە و بۆیاغچی خانوو باڵەخانە و...هتد كە ئەو ماوەیە توانیم 8000دۆلار كاربكەم كە دۆلاریش ئەوسا هەر 100دۆلار بە 8000دینارى عێراقی سویسری بوو، لەبەر ئەوەى سنورى ئیبراهیم خەلیل سلۆپی زۆر زەحمەت و ناخۆش بوو بۆیە لە ئەنكەرە ڤیزەى سوریام لە كونسوڵگەرى سوریا وەرگرت و چوومە شارى ئەدەنە و لەوێش چوومە سوریا چوومە حەلەب كۆمەڵێ دیارى و جلوبەرگ و ئەوشتانەم كڕی 2 رۆژ لە حەلەب مامەوە و یەكسەر چوومە قامشلۆ بۆ ئەوەى بۆ ئەوەى كارتى پەڕینەوە وەربگرم لە سوریاوە بۆ هەرێمى كوردستان كە ئەوسا لەبەر دەستى پارتى دابوو، چونكە گەرمەى شەڕی ناوەخۆبوو، پیشخابوریش هەمیشە لەبەردەستى پارتى بووە، چووم بۆ نووسینگەى پەیوەندیەكانى پارتى دیموكراتى كوردستان لە قامشلۆ پێشوازیەكى گەرمم لێ كرا لەلایەن ئەندام مەكتەبەكانەوە، بە بیانووى نەبوونى سنور سێ رۆژ لە مەكتەب عیلاقاتیان هێشتمەوە و لێ نەگەڕان بچمە هوتێل، بەڵام نەمزانى ئەو هێشتنەوەیە ئسلوبێكى لێكۆڵینەوە بۆ موخابەراتى سورى، هەمیشە پرسیار بارانیان دەكردم، رۆژى دووەم پیاوێكى ناشیرینى باڵابەرزى رەش ئەسمەرى شێوە جەلاد هاتە مەكتەب عیلاقات و پێمیان گووت ئەوە مەسئولى مەكتەبە و ناوى مەحمود گەرگەریە، منیان برد بۆلاى ئەو كە زیاتر لە 100 پرسیارى لێم كرد، لە هەموو وەڵامەكانیش لە سەر مێزەكەى خۆى هەندێ تێبینیانى دەنووسی، رۆژى سێیەم مەحمود گەرگەرى پێمى گووت فەرموو با بە ئۆتۆمبێلى خۆم بتبەم بۆ سنور و منیش دەمەوێ بچمەوە بۆ دهۆك، تەنها ئەوەم لەبیر ماوە كە ئۆتۆمبێلەكەى رەنگى سپی بوو لە مۆدێلە بەرز و خاوێنەكان بوو، لە رێگا پێمى گووت دەچینە لاى شورتەى عەسكەرى كارتى پەڕینەوە لە پیشخابوور مۆر دەكەین و قاوەیەك دەخۆینەوە و ئیتر بەڕێ دەكەوین بۆ سنور، منیش زۆر بە ئاساییم وەرگرت، گووتى: دەچینە لاى حمید مەنسورە كە پیاوێكى زۆر باشە و كوردى خۆش دەوێت و هەندێك پرسیارى زۆر ئاساییت لێ دەكات مەشڵەژێ و خۆت تێك مەدە، منیش چونكە هیچ تاوانم بەخۆم شك نەدەبرد بە ئاساییم وەرگرت، كاتێك چووینە شورتەى عەسكەرى كە دیاربوو پێش وەختە پاسەوانەكان ئاگادار كرابوونەوە یانیش ئەو پیاوەیان بە فەرمانبەرێكى ئەو دەزگایە زانى بۆیە بێ لێ پرسینەوە و لێپێچینەوە یەكسەر چووینە ژوورەوە و لەوێوەش ئۆتۆمبێلەكەى لەشوێنى گەراجى ئەفسەرەكان راگرت چونكە وا نووسرابوو، بەیەكەوە یەكسەر چووینە ژوورەوە هەتا لاى حەمید مەنسورە نەوەستاین و لەوێش حەمید مەنسورە لەبەرمان هەڵسایەوە و پێشوازیەكى گەرمى لێ كردین و لەگەڵ مەحمود گەرگەرى هەندێك باسی شەڕى هەرێمى كوردستانیان كرد و دواتر چەند پرسیارێكى لێم كرد و ئیتر مەحمود گەرگەرى پێمى گووت: چەند دەقیقەیەك لە ژوورەكەى تر ئەفسەرێك هەندێ پرسیارى ترت لێ دەكات و دواتریش یەكسەر دەڕۆین، حەمید مەنسورە ئەفسەرێكى توڕە و توندى نارد و لەگەڵ ئەو ئەفسەرە چووینە ژوورێكى تر و ئیتر هەموو وەزعەكە بە ئاراستەیەكى تر گۆڕدرا، پرسیارەكان هیچ پەیوەندیان بە منەوە نەبوو بۆ نموونە لێمى پرسی(چ خزمێكت لە ئیسرائیلە..؟ كێ لە لوبنان و سوریا دەناسیت..؟ لە ئیسرائیل كێ دەناسیت..؟) ئیتر پرسیارەكان هەمووى پەیوەندى بە ئیسرائیل و مۆساد و حزبە لوبنانیەكان ئەوانەى پەیوەندیان بە ئیسرائیلەوە هەبوو، ئەفسەرەكە گووتى: وەڵامەكانت تێك ناكەنەوە بۆیە دەبی ئەم شەو لاى ئێمە بمێنیتەوە و میوانى ئێمە بیت، ئیتر رۆیشت و دواى سێ كاتژمێر بە تەنها لەو ژوورەى بەجێهێشتم كە تەنها یەك كورسی و مێزێك و كۆمەڵێك ئەدەواتى ئەشكەنجەى لێ بوو، ئیتر مەحمود گەرگەیم نەبینیەوە و جانتا و تەواوى شت و مەكەكانم و دیاریەكان و هەموو پارەكەشم لەناو ئۆتۆمبێلەكەى مەحمود گەرگەرى مایەوە دواى 3 كاتژمێریش هاتن قەیتانى پێڵاو و قایشی پشتى پانتۆڵ و كاتژمێرى دەست و هەموو شتەكانى ناو گیرفانیان لێ وەرگرتم و بردمیان بۆ ژوورێكى تەنیایی(انفرادى) دواى 2 رۆژ بانگیان كردم بۆ تەحقیق، ئەم دوو رۆژە لە فەلافل بترازێ هیچ شتێكى تریان پێ نەدام بۆ خواردن، ئینفرادیەكەش لە پیسیان وەك WC وابوو، لەم دوو رۆژە یەك چركەش نەمتوانى بخەوم جگە لەوەى لەبەر پیسیەكەى لەبەر خەمى ئەو پیلانە نامرۆڤانەى مەحمود گەرگەریش كە تەسلیمى سوریاى كردمەوە خەو نەدەكەوتە چاومەوە، پێش ئەوەى هیچ پرسیارێكم لێبكەن بە سێ جەلادان هاتن هەڵیانواسیم و بە كێبڵ كەوتنە لێدانم بۆ ماوەى یەك كاتژمێر
لەهۆش خۆم چووم و سەرتاپاى لەشم خوێنى لێ دەچۆڕایەوە تەنانەت پەنجەى دەستم نینۆكى هەڵسابوو یەك لە جەلادەكان نینۆكەكەى لەناو گۆشتى پەنجەم راكێشا و هەمووى دەرهێنا كە خەریك بوو گیانم دەرچێت، ئینجا ستڵێك ئاوى ساردیان پێداكردم و چەند تەزووێكى كارەبایان لە گوێچكە و سینگ و پەنجەى پێمەوە نا ئیتر بە هۆش خۆم هاتمەوە و پاش كەمێك حەسانەوە یەك لە جەلادەكان جگەرەیەكى داگیرساند بۆم منیش رەتم كردەوە ئیتر هەر ئەو جگەرەیەى بە سینگم كوژاندەوە كە ئێستاش پاشماوەى هەموو ئەو ئەشكەنجانە بە لەشمەوە ماوە، ئینجا كەوتنە پرسیاركردن لێم و گووتیان(تۆ سیخوڕی ئیسرائیلى و وەرە پێمان بڵێ كێ تۆی رەوانەى سوریا كردووە و هاتووى بۆ لاى كێ و چەند كەسی ترت لەگەڵدایە و ئەو وێنانەت بۆ كێ گرتووە و چەند جارى تر هاتووى بۆ سوریا و ناوى راستەقینەت چییە و....هتد) كۆمەڵێك وێنەى سەربازگە و دام و دەزگاى حكومى و حزبی بەعسیان پێ نیشاندام كە بە نهێنى وێنەیان گیرابوو، گووتیان: ئەم وێنانەت بەو كامیرا بچووكە گرتووە و لەناو شت و مەكەكانى تۆمان دۆزیوەتەوە، منیش راستى هاتنم بۆ سوریام بۆیان باس كرد و گووتم ئەم وێنانە هیچ پەیوەندیان بە منەوە نییە و كەسیش لە سوریا ناناسم و تەنها بۆ پەڕینەوە و دیارى كڕین هاتوومەتە سوریا و ڤیزەشم لە ئەنكەرە وەرگرتووە، ئیتر زانیم ئەو وێنانە مەحمود گەرگەرى بۆی دروست كردوومە و منى فرۆشتۆتەوە سوریا بە مۆساد، ئەو شەوە هەتا بەرەبەیانیەكى درەنگ ئەوانە بە نۆرە هەموو جۆرە ئەشكەنجەیەكیاندام، 15 رۆژ من لە فرعى قامشلۆی موخابەراتى سوریا لەژێر ئەشكەنجە هەرە قورسەكانى ئەو دەزگایەدابووم كە پێی دەگووترێ(پۆلیسی سەربازى یان شورتەى عەسكەرى).
دواى 15 رۆژ كیسەیەكیان خستە سەرمەوە و لەسەر كیسەكەش چاویان بەستامەوە و دەستیان لەدواوە كەلەپچە كردم و پێشیان كەلەپچەكردم و بە ئۆتۆمبێلێكى شڕوشەپڕێو بردمیان كە نزیكەى 9 كاتژمێر رۆیشتین بەبێ ئەوەى نە ئاوێك نە حەسانەوەیەك نە نانێك و تا گەیشتینە شوێنێك و دایانبەزاندم و 26 پەیژە بردمیانە خوارەوە و لە ژوورێكى تەنیایی(ئینفرادى) چاو و كەلەپچەكانیان كردمەوە و بەجیان هێشتم، ئیتر هێدى هێدى كەوتمە تیماركردنى جەستەم، ژوورەكە 2مەتر بە مەتر و نیوێك دەبوو، پەنجەرەیەكى بچووك لە سەقفی ژوورەكە هەبوو كە پیسایی سەرەوە وەكو جۆگەڵە دەهاتە نێو ژوورەكەم و دەرگاكەش پەنجەرەیەكى زۆر بچووك پێوەبوو كە لەكاتى دەوام دەكرایەوە و دواتریش دادەخرا، ژوورەكەى بەرامبەرم كوڕە گەنجێكى ریشن بوو كە بە ئیشارەت تێمى گەیاند كە لە فڕۆكەخانە گیراوە و 8مانگە لەو شوێنەیە، لەسەر ئەو ماندووبوون و هیلاكیە هاتن بردمیان و بەهەموو شێوە و شێوازێك تەحقیقیان لەگەڵم كرد منیش كە هیچم بەخۆم شك نەدەبرد بۆیە تەنها یەك قسەم هەبوو و نەمدەتوانى بیگۆڕم چونكە دەمزانى گۆڕینى هەر دەستەواژەیەكى ئەوان دەیانویست واتاى مەرگى منى دەگەیاند، ئیتر سێ مانگ بە هەموو رۆژەكانیەوە هەموو جۆرە تەحقیق و ئەشكەنجەكانیان بەسەرمدا تاقی كردەوە كە هیچ سوودێكى نەبوو، واى لێهاتبوو كە وەڵامى هیچ پرسیارێكیشم نەدەدایەوە تەنانەت ئەگەر بیانگووتبایە ناوت چییە وەڵامم نەدەدایەوە، لەماوەى ئەو سێ مانگە زانیم كە ئەو زیندانە زیندانى(ئەمن دولە)ى دیمەشقە، دواتر گواستمیانەوە بۆ شوێنێكى تر كە 13 پەیژە لەژێر زەوى بوو دیسان بە چاو و دەست و قاچ بەستراویەوە، دیسانەوە بۆ ئینفرادى ئەو ئینفرادیە لەوەى ئەمن دولە زۆر پیستر و بێزەوەر تربوو، بەجۆرێك هەر لە گۆڕ دەچوو رەنگە گۆڕ زۆر خۆشتر و پاكتریش بێت، سەرتاپاى ئەسپێ و سیسرك و پیسایی و خوێن و كرم و ئەو شتانە بوو، بەتانیەكى عەسكەرى لێبوو كە هەر لە بەتانى گۆڕەبەكۆمەڵەكان دەچوو، خواردن و خەوتن و هەموو شتێ لەو ژوورە بوو، خواردنێكى زۆر باشیان دەدا، نزیكەى 50 ژوور لەو هۆڵە درێژەبوو كە ژوورەكەى منیش یەكێ لەو 50 ژوورە دەبوو، شەوى یەكەم زۆر بە رێز و ئیحترامەوە تەحقیقم لەگەڵ كرا و پرسیارى زۆر زۆر سادەیان لێ دەكردم وەكو پرسینى ناو و ناونیشان و كار و ئینتیماى حزبی و ژیانى خوشك و برا و مام و ئامۆزا و خاڵ و كوڕە خاڵ و...هتد من كە لە زیندان وازم لە جگەرە كێشان و چا خواردنەوە هێنابوو ئەو شەوە زۆریان لێكردم كە چا و قاوە و شەربەت و پاقڵاوە و شیرنەمەنى تر بخۆمەوە و جگەرە بكێشم ئیتر رەتم كردەوە كە ناتوانم ددانم دێشێ یەكسەر دەرمانى ددان ئێشەیان بۆ هێنام و زۆر خزمەتیان كردم و داواى لێبوردنیان لێكردم كە منیان ئەشكەنجەداوە، ئیتر شەوەكانى تریش بەهەمان شێوە، بەڵام تا دەهات نزیك دەبوونەوە لە پرسیارەكانى زیندانى ئەمن دولە و تا لە شەوى هەشتەم لێمیان پرسی كە ئەم وێنانەم بۆ كێ و بۆ چ مەبەستێ گرتووە، منیش هەمان وەڵامى پێشووم هەبوو، بۆیە هەموو شێوازەكانى رێزگرتن و تەحقیقم گۆڕا و ئەوەى لە ئەمن دولە پێیان كردم ئەوان خراپتریان كرد، سێ مانگى تر لەوێ بوومە كە بەهەموو رۆژ و شەوەكانى من لەژێر ئەشكەنجە هەرە گرانەكانى بەعسیە فاشیستەكاندابووم، شارەزاى هەموو جۆرە ئەشكەنجەكانیان ببووم كە لەهەمووى ناخۆشتر و كاریگەرتر ئەشكەنجەى(كورسی ئەڵمانى)بوو كە پێشتر نازیەكان لە زیندانەكانى بەرامبەر جووەكان بەكاریان دەهێنا چونكە كەم كەس هەیە لەژێر ئەو ئەشكەنجەیە دەربازى ببێ یان گورچیلەى یان بڕبڕەى پشتى دەتەقێت، بەڵام من هەمیشە وەرزشم دەكرد بۆ ئەوەى لیاقەى بەرەنگاربوونەوەى ئەو ئەشكەنجەیەم هەبێت، لە دوایین رۆژەكانى ئەو زیندانە زانیم كە ئەو زیندانە ناوى(امن سیاسی)یە، من 12 رۆژ مانم گرت لە خواردن و خواردنەوە و قسەكردن چونكە ژیان و مردن لەلام وەكو یەك وابوو، مردنم زۆر پێ چاكتربوو لەوەى كە بژیم، زۆر ئازاریاندام و زۆر ئەشكەنجەیاندام كە واز لە مانگرتن بێنم و ئیعترافیان بۆ بكەم، بەڵام من هیچم نەبوو تا ئیعترافی بۆ بكەم بۆیە پێم گووتن ئێوە دەتانەوێ من لەخۆڕا شت بۆخۆم دروست بكەم و دەتانەوێ هەموو ئەوشتانە بەسەرخۆمدا ساغ بكەمەوە كە مەحمود گەرگەرى بۆی دروست كردوومە بۆ ئەوەى پارەیەك لە ئێوە وەربگرێ بۆیە پێم چاكترە بمرم نەك ببمە كاڵایەكى ئەو خۆفرۆشە، شەوێك زۆریان لێمدا كە لەهۆش خۆم چووم و دواتر بە بەتانیەك فڕەیاندامە ژوورە ئینفرادیەكەم كە بۆ ماوەى یەك هەفتە نیوەى جەستەم ئیشی نەدەكرد و تەواوى ئەو هەفتەیەش نەهیچم خوار و نە هیچم خواردەوە و زۆربەى كاتەكان ئاگام لەخۆم نەبوو وەكو لەنێوان ژیان و مردندابم، كاتێ تەواو بەخۆ هاتمەوە لە ژوورێكم كە چوار مەتر بە پێنج مەتر دەبوو زیاتر لە 45 كەسی لێبوو، هەموو دەورەیان لێدابووم، دیاربوو هەندێكیان زۆر بە پەرۆشەوە تیمارى برینە بۆگەنی بووەكانیان بە یۆد و دیتۆل و ئەوشتانە دەكردم و یەكێكیان بە شێوەزارى عەرەبی سورى پێمى گووت: تۆ خەڵكى كوێی..؟ گووتم: كوردم. ئیتر چاویان پڕبوو لە گریان و گووتیان زوو زانیمان تۆ كوردى، شیرێكى گەرمیان بۆم هێنا و هەموو جەستەیان بە زەیتى زەیتون چەوركردم و شوێنێكیان بۆم كردەوە لە زاویەى زیندانەكە كە هەموو ئەو سێ چوار زیندانیە گەریلاى پەكەكە بوون و شەڕى سوریایان كردبوو هەندێكیان بە بریندارى دەستگیركرابوون و هەندێكیان سیخوڕیان بەسەركرابوو دەستگیركرابوون و یەكێكیشیان پارتى لە زاخۆ دەستگیرى كردبوو خەڵكى كۆبانى بوو تەسلیمى موخابەراتى سوریاى كردبووەوە ناوى محمد بوو، لەهەموویان گەورەتر و رێكوپێكتر و ئازا و بەجەرگتر كوڕێكى باڵابەرز بوو بەناوى(خەیری) كە 6 ساڵ بوو لەو زیندانەبوو كە چەكى بۆ پەكەكە بردبوو لەسنور دەكەوێتە كەمینى سوریا و 4 سەربازى سورى دەكوژێت و سێیتر برینداردەكات و خۆیشی بریندار دەبێت و بە بریندارى دەستگیر دەكرێت و زیندانى سوریا نەمابوو بەو كوڕەى نەكەن و دواجاریش هێنابوویانە ئەو زیندانە كەناوى(فرع فەلەستین)بوو، ئەوانەى دەستگیركرابوون زیاتر هاوڵاتى لوبنانى بوون و خەڵكێكى تێدابوو حزب عمل شیوعی سورى و ئیخوان موسلمین و ئەوانە هاوكات عێراقی تێدابوو بەتۆمەتى موخابەراتى عێراقی دەستگیركرابوو، تەنها من كوردى باشوور بووم، بەهەرحاڵ سفرەى كوردەكان جیا بوو لە هى عەرەبان و كەسیان نەدەوێران بەرامبەر بە كوردان نوقەیان لێوە بێت، یەك مانگ تێپەڕى كەس تەحقیقی لەگەڵ نەكردم، دواى ئەو یەك مانگە ئیتر تەحقیقى بێ ئەشكەنجە زیندوو بۆوە، تەنها دەیانترساندم، بۆ ماوەى یەك مانگ زیاتر ئەوە شێوازى تەحقیقی من بوو، ئەو زیندانە 22 پەیژە لەژێر زەوى بوو، كاتێك بانگیان دەكردى بۆ تەحقیق ئەوا دەبوایە بچیتە سەرەوە و لەنێو سەتڵێك ئاو پارچە لاستیكێكى چووپی ئۆتۆمبێل هەڵبگریت و چاوى خۆتى پێ ببەستیتەوە و رووت لە دیوار بكەیت تا بانگ دەكرێیت، جارى وا هەبوو زیاتر لە 4 تا 6 كاتژمێر دەبوایە بەو شێوەیە بووەستى، رۆژێك بانگ كرام بۆ تەحقیق كاتێ گەیشتمە دوایین پەیژەى سەرەوە لە هۆڵە گەورەكە مەحمود گەرگەریم بینى و ئەویش سەیری كردم كە دڵنیابووم نەیناسیمەوە چونكە ئەوماوەیە ئەشكەنجە رەنگ و رووى نەهێشتبووم، بەڵام گەورەترین خۆڕاگرى و ئەزموونى پێ بەخشیبووم، یەك قسەم بە مەحمود گەرگەرى گووت كە گووتم: هەى خۆفرۆش من كوردم لەهەركوێیەك بێت هەر دەتكوژم ئەگەر بشمرم هەر دەتكوژم گەوادى خۆفرۆش، هێرشم بۆی برد و یەكەم بۆكسم لەنێو چەوانى دا، بەرۆكیم گرت و بەرم نەدا و هەتا توانام هەبوو شوێنێكم گەست وەكو گورگ وەكو سەگێكى هار وەكو مار وەكو نازانم بڵێم وەك چی وەسفی بكەم، هەوڵمدا لەماوەى ئەو چەند چركەیە تۆڵەى هەموو ئەشكەنجەكانى لێبكەمەوە، بە دەیان جەلاد و ئەفسەر و مودیر و فەراش و كەوتنە گیانم و لێمان ئاڵان هەتا دەستبەردارى بووم و ئیتر مدیر بڕیارى دا هەتا مردن ئەشكەنجەم بدەن، بە هەزاران زنجیر و كێبڵ و دار و كوتەك و ئەو شتانەم پێ كەوت، چەندین جار لەهۆش خۆم چووم و بە لێدانى كارەبا بەهۆش خۆیان دەهێنامەوە، ئیتر كاتێك هەستم دەكرد گیانم هەموو وەكو كارەباى لێهاتووە و نەمدەتوانى نە چاو هەڵێنم و نە بجوڵێم و بە چركە بەخۆ دەهاتمەوە و لەهۆش خۆم دەچوومەوە، كاتێ تەواو بەهۆش خۆم هاتمەوە لە ژوورێكى زۆر تاریك و پیس و پۆخڵدابووم، نەمدەتوانى بەهیچ شێوەیەك خۆم بجوڵێنم، زانیم كە دەستى چەپم و قاچی چەپم و سەریشم لەچەند شوێنێك شكاوە و نەمدەتوانى بە هیچ شێوەیەك بجوڵێم، رۆژى دواتر بردمیانەوە ژوورەكەى خۆم(جەماعیەكە) و خەیری قاچ و دەستە شكاوەكەمى راست كردەوە و پێچایەوە و هەموو برینەكانمى تیماركرد و ئیتر زانیم كە یەك هەفتەى تەواوە بەسەر شەڕى من و گەرگەریدا تێپەڕیوە و منیش یەك هەفتە ئاگام لەخۆم نەبووە، بەساى ئەو دەست و قاچ شكانەم سێ مانگ تەحقیقم لەگەڵ نەكرا، بە كورتى ماوەى دوو ساڵ من لەو زیندان بۆ ئەو زیندان دەگوازرامەوە تا دواجار بردمیانەوە زیندانى تەسفیرات و لەویًوەش بۆ زیندانى حەزرا و لەوێوەش بۆ زیندانى ئەمن دولە و جارێكى تر بۆ تەسفیرات و پاشانیش بە پاسێكى شڕوشەپڕێو بۆ زیندانى حەسەكە و پاشان بۆ زیندانە سەرەتاییەكەى قامیشلۆ لاى حەمید مەنسورە و پاشان بۆ زیندانى دێرك(مالكیە) و ئینجا بۆ پیشخابوور، پاشان گەیشتینەوە ناو خاكى هەرێمى كوردستان، یەك شتیان پێم نەدایەوە، من مەمنون بووم بە ئازادكردنم و هیچم نەدەویستەوە، شەوێك لە زیندانى ئاسایشی زاخۆ ماینەوە و هەندێ پرسیارى سادە و ساكاریان لێمان كرد و پاشان كوردەكانیان ئازاد كردین و لەوێوە چوومەوە دهۆك پاشان گەڕامەوە نێو كەس و كارم كە تا ئەو لەحزەیە بە مردوو منیان لەقەڵەم دابوو چونكە 3ساڵی تەواو لێیان دوور بووم كە 2 ساڵ كەس دەنگ و باسێكى بەخەیاڵیشى منى نەدەزانى، ئەمڕۆش وا 15 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر ئەو خیانەت و خۆفرۆشیە گەورەیەى مەحمود گەرگەرى سیخوڕی حكومەتى بەعسی عەرەبی فاشیست، من لە پایتەختەوە گوێبیستى ئەوەبووم كە ئەو جەلاد و جاشە پیسە هاتۆتەوە هەولێر و ئێستا لە هوتێل شیراتۆنە و هەمان بەرپرسی جارانى پارتی دیموكراتى كوردستانە، بۆیە هەموو برینەكانى ئەو 2 ساڵ زیندانیەم كولایەوە و دڵ و گیانم یەكپارچە بوركانێكە.
داواكارم ئەوەى قوربانى دەستى ئەم جاشەیە با هیمەتێك بكات، ئەو بابەتەشم ناردووە بۆ هەموو رێكخراوە جیهانیەكانى مافی مرۆڤ و كونسوڵخانەكان.
*(كە تەنها مەحمود گەرگەرى و موخابەراتى سوریا دەزانى من كێم)
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست