کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پڕۆژه‌ی هه‌زار و یه‌ک پرسیار له‌ هه‌ردوو سه‌رۆک و ده‌سه‌ڵات

Saturday, 20/02/2010, 12:00


له‌ سیسته‌می دیموکراتیدا گه‌ل سه‌رچاوه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌ ، ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی گه‌ل له‌ڕێگه‌ی نوێنه‌ره‌کانیه‌وه‌ له‌ په‌رله‌ماندا به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت . یه‌کێک له‌ ئه‌رکه‌ هه‌ره گرنگه‌کانی په‌رله‌مان لێپێچینه‌وه‌ و لێپرسینه‌وه‌یه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێکردن و سه‌رۆکایه‌تی ووڵات ، ماوه‌ی هه‌ژده‌ ساڵه‌ په‌رله‌مانی کوردستان به‌م ئه‌رکه‌ی خۆی هه‌ڵنه‌ستاوه‌ . پاش ده‌ستبه‌کاربونی کابینه‌ی نوێی په‌رله‌مان بۆ یه‌که‌م جار وه‌زیری سامانه‌ سروشتیه‌کان له‌ ژێر گوشاری لیستی گۆڕاندا بانگهێشتی په‌رله‌مان کرا ، به‌ڵام وه‌زیری به‌ڕێز به‌ له‌خۆڕادیتن وپشت ئه‌ستوری سه‌روخۆی گاڵته‌ی به‌ لێپرسینه‌وه‌که‌ ده‌هات و به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ ئه‌نجامێکی لێبکه‌وێته‌وه‌ له‌ هۆڵی په‌رله‌مان چووه‌ ده‌ره‌وه و پاشان هه‌ر له‌ پله‌ی خۆێدا کرایه‌وه‌ به‌ وه‌زیر له‌ پێکهاته‌ نوێیه‌که‌دا . ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت هه‌تا نوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی گه‌ل له‌ په‌رله‌ماند نه‌بنه‌ زۆرینه‌ پڕۆسه‌ی لێپێچینه‌وه‌ له‌ هه‌موو کاربه‌ده‌ستێکی تری ده‌سه‌ڵات ئه‌نجامێکی هیوابه‌خش به‌ده‌ست ناهێنێت به‌ڵام ده‌بێته‌ سه‌ره‌تایه‌ک .
من ده‌مه‌وێت له‌ڕێگه‌ی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌وه‌ تا ئه‌و کاته‌ی ده‌سه‌ڵاتی گه‌ل به‌ شێوازێکی ته‌ندروست له‌ په‌رله‌ماندا ڕه‌نگ ده‌داته‌وه‌ هێزێکی تری لێپرسینه‌وه‌ بخه‌ینه‌گه‌ڕ ، که‌ ئه‌ویش له‌ کۆکردنه‌وه‌ی هه‌زاران پرسیاری بێ وه‌ڵامی هاووڵاتیان و شه‌قامی کوردیه‌ به‌ هه‌موو چین و توێژه‌کانیه‌وه‌ به‌ هه‌موو ئاستێکی ڕۆشنبیری وخوێنده‌واریه‌وه‌ پاشان گه‌یاندنی پرسیاره‌کانه‌ به‌ئاشکرا به‌ ناوی گه‌له‌وه‌ له‌ ڕێگه‌ی میدیاکانه‌وه به‌ هه‌ردوو سه‌رۆک وده‌سه‌ڵات . ئه‌گه‌ر بێتو ده‌ستپێکی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ هاوکات بێت له‌گه‌ڵ ده‌ستپێکردنی هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کاندا ئه‌وا کاریگه‌ریه‌کی زۆر چاکی ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌کانی ، به‌رده‌وام بونیشی ده‌بێته‌ هێزێکی چاودێری هه‌میشه‌یی..
له‌ڕێگه‌ی ئه‌م خشته‌ی پرسیاره‌وه‌ ده‌مه‌وێت پرسیاری هاووڵاتیان له‌ ساده‌ترین پرسیاره‌وه‌ بۆ نمونه‌ وه‌ک (که‌ی کێشه‌ی ئاو و کاره‌با چاره‌سه‌ر ده‌کرێت یان ئایا بۆ من به‌ ته‌نه‌که‌يه‌کی ژه‌نگنه‌وه‌ له‌ سايه‌ق ته‌نکه‌ر بپارێمه‌وه‌ بۆ چۆڕی ئاو وخانمی یه‌که‌می عراق ياری به‌ ملێونان دۆلار بکات) ، ئه‌مه‌ ده‌توانێت پرسیاری خاتونێکی کوردی کابانی ماڵ بێت .

ڕه‌نگه‌ سیه‌سه‌تمه‌دارێک یان ڕۆشنبێرێک یان هه‌موو دانیشتوانی که‌رکوکی به‌عه‌ره‌ب کراو بیانه‌وێت بپرسن ماده‌ی 140 ‌بۆ تائێستا جێبه‌جێ نه‌کراوه‌ هۆیه‌کان و نه‌هێنیه‌کانی چین کردنه‌وه‌ی گرێ کوێره‌کانی به‌ده‌ست کێیه‌ ، بۆ سه‌رۆك کۆمار هه‌ڵوێستی له‌ حکومه‌ته‌که‌ی عه‌لاوی وه‌رنه‌گرت بۆ ماده‌ی 140، ئیتر هه‌ر که‌سێک و له‌ دیدی خۆیه‌وه‌ ئه‌و پرسیاره‌ی ده‌یه‌وێت وه ‌ڵامه‌که‌ی بزانێت له‌ هه‌موو بوره‌کاندا ، له‌ڕووی سیاسی ویاسایی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و ئابوری وبازرگانی وگرێبه‌سته‌کان و هه‌تا مێژو ڕابوردو ڕه‌فتاری هه‌ردو سه‌رۆک و ئاستی خوێندن و ڕۆشنبیریان موڵک وسامانیان چۆنیه‌تی ده‌ستکه‌وتنی ، ئه‌و جیاوازیه‌وی له‌ نێوان ئه‌وان وگه‌لدا دروست بووه‌ هه‌زاران پرسیاری قه‌تیسخواردوی تریش.
ئه‌م پرسیارانه‌ وه‌ڵام بدرێنه‌وه‌ یان نا ده‌بێته‌ هۆی ئاشکراکردنی سه‌دان نهێنی شاراوه‌، ده‌رخستنی ئه‌و ده‌لاقه‌ گه‌وره‌یه‌ی که‌ جیاوازی نێوان ئاسمان وڕێسمانه‌ و که‌وتۆته‌ نێوان ده‌سه‌ڵات وگه‌له‌وه‌ .
فه‌رمون له‌ ڕێگه‌ی ئه‌م خشته‌یه‌وه‌ پرسیاره‌کانتان بنێرن . تکا له‌ خوشک وبرایانی دانیشتوی کوردستان ده‌که‌م ناوی گه‌ڕه‌کیش له‌ په‌رێزی شوێنی نیشته‌جێ بوندا بنوسن.

****************************
پرسیاره‌که‌ت:
پیشه‌:
ئاستی:
خوێندن:
ڕه‌گه‌ز:
ته‌مه‌ن:
شوێنی نیشته‌جێ بوون:

*********************************

تکایه‌ پرسیاره‌کان له‌ رێگه‌ی ئه‌م ئیمایلانه‌وه‌ یان ئه‌وڕێگایه‌ی به‌دستت گه‌یشتوه‌ بگێڕه‌وه‌ بۆمان له‌گه‌ڵ سوپاس و ڕیزمان

[email protected]

قۆناغه‌کانی به‌ڕێوه‌چونی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ :
یه‌که‌م: کۆکردنه‌وه‌ی پرسیاره‌کان و دابه‌شکردنی به‌سه‌ر پرسیاره‌ لێکچوه‌کان و لێکجیاوازه‌کاندا ، تۆمارکردنی ژماره‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی پرسیاره‌کانیان کردوه‌ بۆ نمونه‌ دووهه‌زار یان سێ هه‌زار که‌س یه‌ک پرسیاری لێکچویان کردوه‌ و پرسیاره‌که‌ ئاڕاسته‌ی کێ کراوه‌ .
دووهه‌م: داڕشتنه‌وه‌ی پرسیاره‌کان به‌بێ ده‌ستکاری کردنی ناوه‌رۆکه‌که‌ی.
سێهه‌م: هه‌ڵبژاردنی هه‌زارو یه‌ک پرسیار له‌ کۆی هه‌مو پرسیاره‌ لێکچو لێکجیاوازه‌کان.
چوارهه‌م: پاش تێپه‌ڕبونی پرسیاره‌کان به‌م قۆناغانه‌دا و ئاماده‌کردنی ، یه‌ک هه‌فته‌ پێش ده‌ستپێکردنی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کان له‌ڕێگه‌ی بانگه‌وازێکی کراوه‌ له‌ که‌ناڵه‌کانی میدیاوه‌ داوای ڕوبه‌ڕو بونه‌وه‌یه‌کی ت .ڤ له‌ هه‌ردوو سه‌رۆک و ده‌سه‌ڵات ده‌کرێت بۆ وه‌ڵامدانه‌وی پرسیاره‌کان داوایان لێده‌که‌م چاره‌کێکی ئه‌و کاته‌ی بۆ چاوپێکه‌وتنی کۆمپانیا تورکی و بیانی بۆ گرێبه‌سته‌کانیان ته‌رخان ده‌که‌ن ، ته‌ر‌خانی بکه‌ن بۆ هاووڵاتیانی خۆیان مۆڵه‌تی یه‌ک هه‌فته‌ دیاری ده‌که‌م بۆ ده‌ربڕینی هه‌ڵوێست هه‌ر که‌ناڵێک خۆیان پێیان باشه‌ ئاماده‌ده‌بم پرسیاره‌کانیان ئاڕاسته‌ بکه‌م .
ئه‌گه‌ر هاتوو وه‌ڵامیان نه‌دایه‌وه‌ که‌ئه‌مه‌ ئه‌گه‌رێکی زۆر به‌هێزه‌ قۆناغی پێنجه‌م ده‌ستپێده‌کات .
- پێنجه‌م: له‌کاتی ئه‌ماده‌نه‌بونی ئه‌واندا بۆ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ت.ڤ خۆم بانگه‌وازێک ئاڕاسته‌ری هه‌موو که‌ناڵه‌ زه‌مینی و ئاسمانیه‌کان ده‌که‌م بۆ ئه‌وه‌ی بوارم بده‌نێ ئێواران به‌ زنجیره‌ پرسیاره‌کان ئاڕاسته‌ بکه‌م ئه‌گه‌ر بێ وه‌ڵامیش بێت و بێ ئاماده‌بونی ئه‌وانیش ، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ ئاماژه‌یه‌کی باش بۆ خۆشاردنه‌وه‌ی ئه‌وان له‌ ڕاستیه‌کان و خۆ دزینه‌ویان له‌ هاووڵاتیان.
من دڵنیام که‌ که‌ناڵه‌کانی ده‌سه‌لات به‌ده‌م بانگه‌وازاکه‌وه‌ نایه‌ن به‌ڵام هیوایه‌یه‌کی زۆرم به‌ که‌ناڵی ک.ک.ن هه‌یه‌ ئه‌و بواره‌م بۆ بڕه‌خسێنێت .
- شه‌شه‌م : ئه‌گه‌ر هاتوو هیچ که‌ناڵێکی ت.ڤ ئاماده‌ نه‌بوو شه‌وانه‌ ته‌نیا نیو کاتژمێرم بۆ ته‌رخان بکه‌ن، ئه‌وا به‌ ناچاری له‌ ڕیگه‌ی ماڵپه‌ڕه‌کانی ئینته‌رنێته‌وه و له‌ هه‌مو ڕۆژنامه‌ ئازه‌داکانه‌وه‌ به‌ زنجیره‌ هه‌ر ڕۆژی په‌نجا پرسیار که‌ ده‌کاته‌ بیست زنجیره‌ بڵاو ده‌که‌مه‌وه .

مه‌به‌ست و ئامانجه‌کانی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ :
ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی بانگه‌شه‌یه‌کی شارستانی و سه‌رده‌میانه‌ی ‌هه‌ڵبژاردنه‌ تائێستا له‌ کوردستاینش په‌یڕه‌و نه‌کراوه‌ ، من به‌ پێی قه‌بڵاندنی خۆم ئه‌گه‌ر هاوکاری و پشتیوانی بکرێم ڕه‌نگه‌ هه‌زاران که‌س پرسیار بنێرن که‌ بگاته‌ سێسه‌د تا چوار سه‌د هه‌زار که‌س‌‌ ئه‌گه‌ر زیاتریش نه‌بێت له‌م ڕیگه‌یه‌وه‌ ئیمه‌ ده‌توانین ئیش له‌سه‌ر ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی ده‌نگ بکه‌ین به‌ قازانجی گه‌ل ، له‌ ئاماده‌ نه‌بون و وه‌ڵام نه‌دانه‌وه‌ی پرسیاره‌کان له‌ ڕووی ده‌رونیه‌وه‌ کار له‌ هه‌ستی ده‌نگده‌ر ده‌کات توشی دوو دڵی ده‌کات له‌ ده‌سه‌ڵات وکاندیده‌کانی ، جارێکی تر پرسیاری تریان لا دروست ده‌کات بۆ ئاماده‌نین وه‌ڵامی پرسیاره‌کانی هاووڵاتیان بده‌نه‌وه‌ ، ئایا سه‌رۆکێک ئاماده‌نه‌بێت گوێ له‌ ڕاز و گڵه‌ییه‌کانی گه‌ل بگرێت شایانی ئه‌وه‌ه‌یه‌ بکرێته‌ سه‌رۆک و ده‌نگی بۆ بدریت ، یان ده‌سه‌ڵاتێک خۆی له‌ هه‌زاران پرسیاری گه‌ل بدزێته‌وه‌ که‌ داوای ڕونکردنه‌وه‌ی داهات و ده‌یان شتی تریان لێده‌که‌ن شایانی ئه‌وه‌ن جارێکی تر متمانه‌یان پێببه‌خشرێته‌وه‌ .
وه‌ک له‌ سه‌ره‌تاشه‌وه‌ باسم کرد مانه‌وه‌ی پرسیاره‌کان بێ وه‌ڵام ئه‌و ده‌لاقه‌یه‌ی که‌وتۆته‌ نێوان ده‌سه‌ڵات و گه‌ل ، سه‌رکردایه‌تی وبنکه‌ حیزب و جه‌ماوه‌ره‌که‌ی ده‌خاته‌ به‌ر تیشکی ڕوناکی هه‌ڵسه‌نگاندن وبڕیاردان .

چاوه‌ڕوانی هاوکاری و پێشنیارو پشتیوانی هه‌موودڵسۆزانم

بورهان ساڵح

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە