تەندروستى ڕانیە گەندەڵى یان چاكسازى ؟
Friday, 01/07/2011, 12:00
لەگەڵ ئەوەى حكومەتى هەرێم و حزبە باڵا دەستەكان ماوەییەكە دیعایەى چاكسازى و بنەبڕكردنى گەندەڵ دەكەن و موزایەدەى دڵسۆزى و خومى هاووڵاتى بوون بە خەڵك دەفرۆشنەوە بەڵام خەڵكى كوردستان ڕۆژ دواى ڕۆژ لە درۆكانیان تێ دەگەن و بۆیان دەردەكەوێ كە ئەوانە هەر لە سەرەتاوە لە سەر درۆ و تەڵەكەبازى خۆیان دروست كردووە .
نزیك بە مانگى 9 ى ساڵى ڕابردوو حكومەتى هەرێم و وەزارەتى تەندروستى باشتر بلێم یەكێتى نیشتمانى و مەڵبەندى 24 ى ڕاپەڕین بە پاساوى چاكسازى هەڵسان بە گۆڕینى بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى ڕانیە و دانانى بەڕێوەبەرێكى تر گوایە ئەوەى دووەم زیاتر خزمەتى هاووڵاتیان دەكات و لە خەمى ڕەوشى تەندروستى دا دەبێت , لابردنى كەسێك و دانانى كەسێكى تر شتێكى زۆر ئاساییە لە هەر جێگا و سەردەمێكدا بێت بەڵام بە داخەوە كات دەریخست كە بەرێوەبەرى نوێ زیاتر ئەڵقە لە گوێ ى حزبە و پێشینان ووتەنى (خۆزگە بە كفن دز) .
كاكى بەرێوەبەرى نوێ (د. محمد رسول حمە سوور) یەكەم هەنگاوى هەوڵدان بوو بۆ تاپۆ كردنى ئەو خانووە 500 مەتریەى كە كەوتۆتە ناوجەرگەى ڕانیە و تاپۆكەى لەسەر وەزارەتى تەندروستى تۆمار كراوە , دواتر دەستى كرد بە وەرگرتنى هەزاران دۆلار لە كۆمپانیاى (نمەك) كە تەندەرى پاككردنەوەى نەخۆشخانەكانى سنورى بەرێوەبەرێتى پێ سپێردراوە لە بەرامبەر ئەوەى چاوپۆشى لە كواڵیتى مەوادەكانى پاككردنەوە و جۆرەكانیان بكرێ جیاواز لەوەى لە تەندەردا هاتووە , لە سەر ئەو بابەتەش لەگەڵ لێپرسراوى كۆگاى سەرەكى بەرێوەبەرێتى كێشەى بۆ دروست بوو چونكە ناوبراو ئامادە نەبوو بابەتەكانى كۆمپانیا ئیدخال بكات جگە لەوەى لە تەندەردا ئاماژەى بۆ كراوە پاشان تەواوى مەواددە گۆڕدراوەكانى كۆمپانیا لە كۆگاكانى ناو نەخۆشخانەكان ئیدخالیان بۆ كرا ,
بەرێوەبەرى گشتى لە سەرەتاى ئەم ساڵدا بۆ شاردنەوەى دزیەكانى و پەردە پۆش كردنیان چونكە متمانەى بە كەس نەبوو برازایەكى خۆى دامەزراند بە ناوى (هەرێم محمود رسول حمە سوور) بە لێپرسراوى نووسینگەكەى , بەڵام لە كاتێكدا بە فەرمانى سەرۆكى حكومەت هەموو ئەو فەرمانانەى دامەزراندن كە لە 1/1/2011 بە دواوە دەرچوو بوون هەڵوەشێنرابوونەوە بەڵام بەڕێوەبەرى ناوبراو ئامادە نەبوو ناوى برازاكەى ڕەوانە بكاتەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەى فەرمانەكەى , جگە لەوەش برازاكەى لە كاتێكدا 30% ى دەرماڵەى جوگرافى بۆ سەرف دەكرێ بەڵام ڕۆژانە بە ئوتومبێلى بەڕێوەبەرى گشتى هاتوو چۆ دەكات كە ئەوە سەرپێچى ڕێنماییەكانە چونكە ئەگەر فەرمانبەر دەرماڵەى جوگرافى بۆ سەرف كرا نابێت ئوتۆمبیلى حكومەت ڕۆژانە هاتووچۆى پێ بكات ,
لەوانە خراپتر لە كاتێكدا نەخۆشخانەكانى سنورى بەڕێوەبەرێتى گشتى بە دەست نەبونى دەرمان و ئامێرى پزیشكیەوە دەناڵێنن و سندوقى ژمێریاى خەرج دینارێكى بۆ كڕینى پێداویستیە سەرەكیەكان تێدا نیە لە 20 ى ئەم مانگە بەرێوەبەرى گشتى بە فەرمانێك بڕیارى داوە دوو جوون تاقمى قەنەفە و دوو مێزى ڕیئاسى بۆ خۆى و لێپرسراوى كارگێریەكەى بكڕدرێ بە نرخى 27 ملیۆن دینار لە كاتێكدا تاقمى قەنەفەى بەرێوەبەرى كۆن و كارگێرى كۆن هێشتا تۆزى لە سەر نەنیشتبوو , ئا ئەوەیە چاكسازى جەنابى بەڕێوەبەر ؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست