ئێمه و ئه‌وان!
Sunday, 21/06/2009, 12:00
هاوڵاتیان و حکومه‌ت تێبینی: سه‌ره‌تا ده‌مه‌وێت ئه‌وه به خوێنه‌ر بڵێم که ئه‌م بابه‌ته‌م له سه‌ره‌تای ساڵی (2008) دا نوسی به‌ڵام بڵاو نه‌کرایه‌وه و حه‌زیشم نه‌ده‌کرد بینێرم بۆ کوردستان پۆست چونکه ته‌نها یه‌کجار ناویانم هێناوه، به‌ڵام دواتر بڕیارم دا هه‌ر لای به‌ڕێزیان بڵاویبکه‌مه‌وه.
ڕه‌خنه‌گرتن به‌زاره‌کی و به‌نوسین بۆته دیارده‌یه‌کی ڕۆژانه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌بڕوای من حکومه‌ت له‌ئاست کێشه‌و نوسینه‌کان بێده‌نگ نیه، به‌ڵام چاره‌سه‌ره‌کانی بنه‌ڕه‌تی نین. هاوڵاتیانیش ناچارن هه‌مان ڕه‌خنه و له‌سه‌ر هه‌مان کێشه‌و که‌موکورتی بنوسنه‌وه به زمانێکی جیاواز و شێوازێکی تر. ئێمه پێوستمان به‌وه هه‌یه که سه‌ره‌تا پێناسه‌ی سه‌رجه‌م بوونه‌کان بزانین. هاوڵاتی بوون و کاربه‌ده‌ست بوون دوو چه‌مکی ته‌واو که‌ری یه‌کترن له کۆمه‌ڵگه‌دا، چونکه ئه‌گه‌ر هاوڵاتیان نه‌بن کاربه‌ده‌ستان فه‌رمانڕه‌وایی کێ بکه‌ن؟ وه ئه‌گه‌ر کۆمه‌ڵێک که‌س ئه‌رکه‌کانی به‌ڕێوه‌بردنی کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک نه‌گرنه ئه‌ستۆ ژیان ده‌وه‌ستێت. ژیان به‌هیچیان به‌ته‌نها ناچێت به‌ڕێوه. ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌وه‌یه که هه‌رکه‌س پێناسه‌ی خۆی بزانێت. پێناسه‌یه‌ک که ماف و ئه‌رکی هه‌رکه‌سێکی دیاری کردبێت. تا هه‌موان بزانین چین و پێویسته چیبکه‌ین؟
ساڵانێکی زۆره خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستان به تایبه‌تی و عیراق به گشتی گیرۆده‌ی کۆماڵێک کیشهن که له‌لایه‌ن سه‌رکردایه‌تی سیاسی وڵاته‌وه زۆر به‌گه‌وره داده‌نرێن و لای خه‌ڵکیش به‌وجۆره نیه. دابین نه‌کردنی خزمه‌تگوزاری سه‌ره‌تایی له وڵاتێکی ده‌وڵه‌مه‌ندی خاوه‌ن چه‌نده‌ها سامانی سروشتی جۆراوجۆر جێگه‌ی تێڕامانی هه‌مو دنیایه نه‌ک هه‌ر هاوڵاتیانی خۆمان. ئه‌گه‌ر له حکومه‌تی عیراق بپرسیت بۆ؟ ئه‌وا ئه‌ڵیت له‌به‌ر کێشه‌ی شه‌ڕی تایه‌فی و مه‌زهه‌بی و بونی تیرۆرستان و بێ هێزی سوپا و پاشه‌کشه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا و کێشه‌کانیی نێوان حکومه‌تی هه‌رێم و ناوه‌ند نا پهرژێینه سه‌ر دابینکردنی خزمه‌تگوزاری بۆ میلله‌ت. حکومه‌تی هه‌رێم یان باشتر بڵێین سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد یاخود ڕوونتر مه‌کته‌ب سیاسی یه‌کێتی و پارتی وه‌ڵامه‌که‌یان ڕونه بۆیه ماوه‌یه‌کی تر ڕۆژنامه‌نوسان پێوسیت ناکات پرسیار له‌وباره‌یه‌وه بکه‌ن. ئه‌ویش ئه‌وه‌یه له‌به‌ر جێبه‌جێ نه‌کردنی ماده‌ی 140 و 23 و پێشنیاره‌کانی نوێنه‌ری نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان و مه‌ترسی هێرشی تورکیا و کێشه هه‌ڵواسراوه‌کانی نێوانمان له‌گه‌ڵ حکومه‌تی ناوه‌ندی و ئه‌و بارودۆخه ناسکه‌ی میلله‌ته‌که‌مانی پیا ئه‌ڕوات بۆیه بارودۆخه‌که ئاوایه له هه‌موو ڕویه‌که‌وه و جارێ ناتوانین له‌وه زیاتر بکه‌ین.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر بێت‌و سه‌ری مانگ نه‌سریه‌ی یه‌کێک له به‌رپرسه‌کان دوابکه‌وێت ئایا که‌س بیری هێرشی تورکیای ئه‌مینێ؟ خوا نه‌کرده یه‌کیک له‌ماڵه‌کانی یه‌کێک له به‌رپرسه‌کان (چونکه زۆربه‌یان چه‌ند خێزانێکیان هه‌یه) ئاویان نه‌بێت چی ڕوئه‌دات؟ ئایا له کوردستانی ئێمه پێناسه‌ی حکومه‌ت و هاوڵاتی هه‌یه؟ یان هاوڵاتی بریتیه له‌و گیان له‌به‌ره‌ی هیچ مافێکی نیه. و حکومه‌تیش بریتیه له‌و بازاڕه‌ی ته‌نها کۆمه‌ڵێک که‌س بۆیان هه‌یه کاری تیا بکه‌ن، ئه‌وانی تر ته‌نها ئه‌بێت خزمه‌ت کاربن؟
له‌وانه‌یه هه‌ندێک که‌س بڵێن ئه‌م بابه‌ته زیاتر ڕه‌خنه له ده‌سه‌ڵات ئه‌گریت نه‌ک هاوڵاتیان له‌کاتێکدا ئه‌وانیش به‌شی خۆیان به‌رپرسیارێتیان له‌سه‌ره. بۆیه ئه‌مه‌وێت پێش ئه‌وه‌ی زیاتر بچمه ناو باسه‌که‌مه‌وه ئه‌وه بڵیم که ڕاسته هه‌ردولامان به‌رپرسین، به‌ڵام ئایا هاوڵاتیان له کاتی هه‌ڵبژاردندا نه‌بێت که‌س گوێیان لێ ده‌گرێت؟ هاوڵاتیانی ئێمه ده‌توانن ڕۆڵی خۆیان هه‌بێت وه‌کو پێویست؟ به‌راوردی کوردستان ناکه‌م به وڵاتێکی زۆر پێشکه‌وتو به‌ڵام خۆ ناکرێت به‌راوردی بکه‌ین به وڵاتێکی دیکتاتۆریانه‌ی زۆر دواکه‌وتو. بۆیه به‌راورده‌که به کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی مامناوه‌ندی ئه‌که‌م، سه‌ره‌تا با باسی هاوڵاتی بکه‌ین.
هاوڵاتی: هه‌رتاکێکی کۆمه‌ڵگه‌یه که ڕه‌گه‌زنامه‌ی ئه‌و پارچه جیاکراوه خاکه‌ی هه‌یه که پێی ده‌ڵێن ووڵات. جا له‌سه‌ر ئه‌و خاکه له‌دایک بوبێت یان نا. ئه‌رک و مافه‌کانی به پێی ده‌ستوری ووڵاته‌که‌ی دیاریکراوه. هیچ جیاوازیه‌ک له نێوان هاوڵاتیه‌ک و یه‌کێکی تردا نیه.
ئه‌رکه‌کانی هاوڵاتی: هه‌ر هاوڵاتیه‌ک به‌رپرسیاره به‌رامبه‌ر ڕێزگرتنی ئه‌و یاسایه‌ی ده‌نگی بۆ داوه ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ (به ده‌نگدان بۆ په‌رله‌مان)، پاراستنی داموده‌زگاکان، ڕێزگرتنی بهرامبهرو پێشێل نه‌کردنی مافی خه‌ڵکی، کارکردن، هه‌وڵدان بۆ پێشخستنی کۆمه‌ڵگه به پێی ئه‌و توانا‌و به‌هرانه‌ی که هه‌یه‌تی. به‌شداریکردن له به‌ڕێوه‌بردنی ووڵات و حکومه‌ت به پێی توانا‌و لێهاتویی خۆی.
مافه‌کانی هاوڵاتی: پاراستنی گیان و ماڵی، دابینکردنی خزمه‌تگوزاری، فه‌راهه‌مکردنی ده‌رفه‌تی کارکردن، له لایه‌ن حکومه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها مافی دانگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و ده‌ستوری وڵات، به‌شداری له پرۆسه‌ی سیاسی وڵات‌دا.
کێشه‌کانی ئێمه بازنه‌یی داخراون، بۆ نمونه: هاوڵاتی پێویستی به کارکردن هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی بژێوی خۆی دابین بکات، حکومه‌تیش پێویستی به خه‌ڵک هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی کاری بۆ بکات، موچه‌ی حکومه‌ت دیاره چه‌نده‌یه، هه‌مومان ده‌زانین که موچه‌ی حکومه‌ت بۆهه‌مو توێژه‌کان ئه‌وه‌نده زۆر نیه پێی ده‌وه‌ڵه‌مه‌ند ببیت، به‌ڵام هاوڵاتیان ناچارن کار بۆ حکومه‌ت بکه‌ن. پاش ده‌ست به‌کاربوون هه‌ندێک که‌س ده‌ست ده‌که‌ن به کاری خراپه و پاره خواردن، ئه‌گه‌ر لێیان بپرسیت بۆ وا ده‌که‌ن؟ ده‌ڵین چونکه موچه که‌مه‌و به‌شی هیچ ناکات. زۆر ڕاسته به‌ڵام بۆ ئه‌م کاره هه‌ڵده‌بژێرن له کاتێکدا که کاری تری ناحکونی هه‌یه و موچه‌که‌ی زیاتره؟ له‌وانه‌یه بوترێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که کاری نا حکومی به‌شی هه‌مومان ناکات. ئه‌مه‌ش ڕاسته، که‌واته با هه‌مومان مان بگرین و کار بۆ حکومه‌ت نه‌که‌یت تا سیسته‌می موچه چاک ده‌کات. ئه‌وسا حکومه‌تیش ده‌ڵێت له تواناماندا نیه له‌وه زیاتر موچه زیاد بکه‌ین چونکه زۆربه‌ی خه‌ڵکی فه‌رمانبه‌رن. ئه‌وه‌ش ڕاسته. ئه‌ی چاره‌سه‌ر؟ من پێم وایه ته‌نها حکومه‌ت ده‌توانێت ئه‌م بازنه‌یه بشکێنێت به زیادکردنی موچه بۆ که‌مترینی پێداویستی ژیان. به له‌به‌رچاوگرتنی زۆر پێوه‌ر، ئایا ئه‌و که‌سه چه‌ند که‌سی تری له ئه‌ستۆیه که موچه و ده‌سکه‌وتیان نیه؟ کرێچیه یان نا؟ چه‌ند کار ئه‌کات؟... هتد. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای هه‌مو ئه‌مانه هیچ کاربهدهستیک (هاوڵاتیه‌ک که کار بۆ حکومه‌ت ده‌کات) نابێت دزی بکات به بیانوی که‌می موچه یان ههربیانویهکی تر.
ئه‌م جۆره کێشه داخراوانه، هه‌تا به‌و جۆره گفوگۆیان له‌سه‌ر بکه‌ین ناگه‌ینه ئه‌نجام. چاره‌سه‌ری کێشه به شه‌و و ڕۆژێک نابێت، پێویسته له بنه‌ڕه‌ته‌وه هه‌وڵی چاره‌سه‌ر بده‌ین. حکومه‌ت ساڵانه یه‌ک کێشه چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تی بکات له ده چاره‌سه‌ری نیوه‌چڵ باشتره. له‌م نمونه‌ی پێشودا ئه‌گه‌ر به لۆژیکی لێی ووردبینه‌وه هاوڵاتیان خاوه‌ن مافن و حکومه‌ت تاوانبار ده‌رده‌چێت. هه‌رچه‌ند بیانوه‌کانی حکومه‌ت ڕاستن. فه‌رمانبه‌ر زۆره، خه‌ڵکی زۆربه‌یان ته‌نها بۆ موچه داده‌مه‌زرێن و هیچ کارێک ناکه‌ن و واسیته‌ش ده‌که‌ن بۆ ئه‌و مه‌به‌سته، ئه‌مه‌ش پێویستی دامه‌زراندنی فه‌رمانبه‌ری تری دڵسۆز و کارکه‌ری هێناوه‌ته‌کایه‌وه بۆ هه‌مان شوێن. به‌ڵام خۆ حکومه‌ت چه‌قۆی له‌سه‌ر مل نیه، بۆ ئه‌و جۆره داواکاریانه جێ به‌جێ ده‌کات؟ یان ته‌نها له‌به‌ر خاتری خاتران؟ که‌واته فه‌رمانبه‌رانی تریش که که‌س ناناسن مافی خۆیانه گه‌نده‌ڵ بن. لێره‌دا کێ زه‌ره‌ر مه‌ندبوو؟ بێگومان هاوڵاتیان. کێ هۆکار بوو؟ حکومه‌ت. حکومه‌تی ئێمه فه‌رمانبه‌ری نوێ (که زۆربه‌یان گه‌نجن و تازه هه‌وڵی دروستکردنی ژیان ئه‌ده‌ن) دا ده‌مه‌زرێنێ به موچه‌یه‌کی زۆر که‌م، به‌بێ بیرکردنه‌وه له‌وه‌ی که ئه‌م که‌سه چۆن پێداویسیتیه‌کانی ژیانی دابین بکات به‌م موچه‌یه؟ ئایا دوای ده‌وامی حکومه‌ت بڕوات کاربکات؟ که ئه‌مه زیانی زۆره بۆ ڕاپه‌ڕاندنی کاری هاوڵاتیان له فه‌رمانگه حکومیه‌کاندا چونکه ئه‌وکه‌سه به‌رده‌وام بیری لای ئه‌وه‌یه ده‌وامی حکومه‌ت جێبێڵێ و بڕوات بۆ ئه‌و کاره‌ی که سه‌رچاوه‌ی بژێویهتی. لێره‌وه بۆمان ده‌رده‌که‌وێت که حکومه‌ت به ناڕاسته‌وخۆ هاوڵاتیان هان ده‌دات بۆ گه‌نده‌ڵی، بۆیه حکومه‌ت به‌رپرسیاره. حکومه‌ت ده‌بێت یاسا بسه‌پینێ به‌ڵام به‌سه‌ر هه‌مواندا به یه‌کسانی. لای ئێمه خه‌ڵکی ڕێزی یاسا ناگرن چونکه ئه‌زانن یاسا ئه‌و ده‌قه نوسراوه‌یه که ته‌نها به‌سه‌ر بێده‌سه‌ڵاته‌کاندا ده‌سه‌پێنرێت و به‌رپرس و ده‌سه‌ڵاتداره‌کان ناگرێته‌وه بۆیه که‌س په‌یڕه‌وی ناکات.
سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و هۆکارانه‌ی باسم کردن، هاوڵاتی پێویسته بزانێت که ئه‌رکی سه‌رشانیه‌تی ڕێزی یاسا بگرێت و گه‌نده‌ڵی نه‌کات، چونکه هه‌ر خۆمانین ده‌بین به فه‌رمانبه‌ر و حکومه‌ت پێک ده‌هێنین، که‌واته پاراستنی له ئه‌ستۆی خۆمانه و ده‌بێت خۆمان به خاوه‌نی بزانین. هاوڵاتی بوونی باش ده‌بێته بناغه‌ی دروستبونی حکومه‌ت و کۆمه‌ڵگه‌ی باش.
هاوڵاتی شتومه‌کی خراپ ده‌هێنێت و خێرێکی زۆری ده‌خاته‌سه‌ر، هاوڵاتی پاکوخاوینی ناپارێزێت، هاوڵاتی ده‌س به ئاو و کاره‌باوه ناگرێت، هاوڵاتی شه‌قام هه‌ڵ ده‌که‌نێت بۆ کارێکی پێویستی خۆی و پاشان چاکی ناکاته‌وه، هاوڵاتی پیسی فڕێده‌داته شوێنی نه‌شیاو، هاوڵاتی خۆی بێویژدانی ده‌کات. حکومه‌ت ته‌نها ده‌توانێت سزا بدات ناتوانێت ویژدان بدات به خه‌ڵکی. هاوڵاتی فێڵ له هاوڵاتیانی تر ده‌کات، هاوڵاتی پیشه‌که‌ی خۆی بۆ کاری خراپ به‌کار ده‌هێنێت، هاوڵاتی واسیته ده‌کات، هاوڵاتی به‌رتیل ده‌دات، هاوڵاتی به‌رژه‌وه‌ندی خۆی پێش به‌رژه‌وه‌ندی گشتی ده‌خات، هاوڵاتیان خۆمان بووین له‌کاتی ڕاپه‌ڕین په‌روه‌رده مان سوتاند! خۆمان بوین فه‌رمانگه‌کانمان تاڵانکرد. خۆمان ئاو ده‌که‌ینه ناو نه‌وت، نه‌وت ده‌که‌ینه ناو به‌نزین، خوێ ده‌که‌ینه ناو شه‌کر. خۆمان سوڵحی عه‌شایه‌ری ده‌که‌ین. خۆمان که چاومان له چاو‌دێر (پۆلیسی هاتوچو، پۆلیسی گومرگ، پۆلیس، ئاسایش، پۆلیسی دارستان) نه‌ما هه‌موو شتێک ده‌که‌ین. خۆمان پاش دهسبهکاربونمان له پۆستێک دوای چه‌ند مانگێک ده‌بین به ملیۆنێر و خۆشمان به‌تاوانبار نازانین.
یه‌کێکی تر له‌و کێشانه ئه‌وه‌یه که حکومه‌تی ئێمه پلانی نیه و دانیش به‌م کێشه‌یه‌دا نانێت و ده‌ڵێ وه‌زاره‌تی پلاندانانمان هه‌یه. باشه خۆ ئه‌گه‌ر به هه‌بونی وه‌زاره‌ت کێشه‌کان چاره‌سه‌ر ببن ده‌بوایه کاره‌باشمان هه‌بوایه! چه‌ند نمونه‌یه‌ک: یه‌که‌م: بواری په‌روه‌رده. ڕاسته پۆستی وه‌زیر پۆستێکی سیاسیه، به‌ڵام مه‌رج نیه هه‌مو وه‌زیره‌کان خۆیان به‌هه‌موو کێشه سیاسیه‌کانه‌وه خه‌ریک بکه‌ن. کاتێک کێشه‌ی ماده‌ی 140 و هێرشی تورکیا هه‌یه پێوسیت ناکات وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و په‌روه‌رده بیکه‌نه بیانو. سیسته‌می په‌روه‌رده‌ی ئێمه ناتوانرێت بگۆڕدرێت تاوه‌کو سه‌رجه‌م بینای خوێندنگاکان فراوان نه‌کرێن. ئێمه پێشبینی زیاد بونی دانیشتوان ناکه‌ین، بینایه‌کی چه‌ند ژوری له ناوه‌ڕاستی شاردا دروستکراوه بۆ خوێندنگه که هیچیان له دوو نهۆم تێناپه‌ڕن له‌سه‌ر پارچه خاکێکی گه‌وره و زۆر زیاد له ڕێژه‌ی یاسایی خوێندکار له پۆله‌کاندا هه‌یه. منداڵان ڕۆژانه ته‌نها 2 بۆ 3 کاتژمێر له خوێندنگه ده‌مێننه‌وه له‌به‌ر بێجێگه‌یی. دووه‌م: بواری ته‌ندروستی. په‌رله‌مان یاسای قه‌ده‌غه‌کردنی جگه‌ره کێشان ده‌ر ده‌کات (که که‌س په‌یڕه‌وی ناکات) به‌بێ ئه‌وه‌ی پێشتر یاسای تایبه‌ت به فرۆشتنی ده‌رکردبێت. ئاخه‌ر چۆن لێکده‌درێته‌وه له‌لای وردهواڵهفرۆشیش بۆت هه‌بێت جگه‌ره بکڕیت به‌ڵام بۆت نه‌بێت بیکێشیت؟
ئێمه دامه‌زراوه‌ی زانستیمان نیه لێکۆڵینه‌وه بکات. یاسا ده‌رده‌که‌ین به‌بێ ئه‌وه‌ی له هۆکاره‌کانی به‌باشی بکۆڵینه‌وه، بێ ئه‌وه‌ی بزانین زه‌مینه له‌باره یان نا بۆ جێبه‌جێکردنی؟ ده‌رئه‌نجامه‌کانی چی ده‌بن؟ نازانین چۆن بڕیار ده‌ده‌ین. ئه‌مه گه‌وره‌ترین کێشه‌مانه. جگه له‌وه‌ی دیار نیه به‌ته‌واوی کێ بڕیار به‌ده‌سته، بڕیارده‌ره‌کانیش نازانن بڕیار بده‌ن. چونکه کاری تریان زۆره و ده‌یانه‌وێت هه‌مووشتێکیش خۆیان بن. نازانم عه‌یبه‌یه لایان بڵێن نازانین؟ بڕیاری بێبنه‌ما ده‌رده‌که‌ن و که‌س له جێبه‌جێکردنی یاسا ناپرسێته‌وه. بۆ نمونه: نه‌گۆڕینی کات له‌لایه‌ن حکومه‌تی ناوه‌نده‌وه بڕیارێکه لایه‌نی چاک‌و خراپی هه‌یه، گه‌وره‌ترین لایه‌نی خراپ که بێ بیرکردنه‌وه هه‌مو که‌س ده‌یزانێ ئه‌وه‌یه که عیراق وڵاتێکی گه‌رمه که‌واته باشتر وایه بایانیان زو دهسبهکاربکهیت بۆ ئه‌وه‌ی له گه‌رمای نیوه‌ڕۆدا که کاره‌با نیه بتوانیت هه‌ر هیچ نه‌بێت له ماڵه‌وه پشوبهیت. که‌چی حکومه‌تی ئێمه‌ش بێ یه‌ک و دوو هه‌مان یاسای جیبه‌جێکرد، شتێکی ئاساییه چونکه یه‌ک ووڵاتین، به‌ڵام وه‌کو هه‌مو ئه‌وبڕیارانه‌ی که هه‌ندێک وه‌زاره‌تی لێ ده‌رده‌کرێن پێویسته زو ئاگاداری وه‌زاره‌ته په‌یوه‌نداره‌کان بکرێن.
ده‌رکردنی ئه‌وبڕیارانه‌ی باسمکردن خراپنین، به‌ڵام ده‌بێت بزانین کام بڕیار که‌ی ده‌ربکه‌ین.
حکومه‌ت و حیزبه‌کان داوایان له خه‌ڵک کرد ده‌نگ بۆ ده‌ستوری عیراق بده‌ن تا مافه‌کانمان به یاسا بچه‌سپێت. عیراق ئه‌و وڵاته‌ی یاسا زۆر زه‌حمه‌ته تیایدا سه‌روه‌ربێت. پاشان هه‌ر حکومه‌تی هه‌رێم خۆی ده‌سپێشخه‌ری کرد له جێبه‌جێ نه‌کردنی ئه‌وده‌ستوره به ئیمزاکردنی چه‌ندین ڕێککه‌وتنی فرۆشتنی نه‌وت و تۆمارکردنی ژماره‌یه‌کی زۆر پێشمه‌رگه (که به‌س خوا‌و حکومه‌ت خۆیان ده‌زانن چه‌ندیان بونیان هه‌یه؟ چه‌ندیان ناوی وه‌همین؟) ئه‌مه بوه هۆی ئه‌وه‌ی حکومه‌تی ناوه‌ندیش بیانوی هه‌بێت بۆ په‌کخستنی ماده‌ی 140 چونکه ده‌زانێت که ده‌سه‌ڵاتی کوردی ناتوانێت زۆر بکات له جێبه‌جیکردنی، ڕاسته له پشت په‌رده زۆر هۆکاری تر هه‌ن به‌ڵام له‌لایه‌نی یاساییه‌وه حکومه‌تی عیراق بیانویه‌کی باشی بۆ دروستبوه ئه‌گه‌ر زۆری لێبکرێت. باشه فرۆشتنی نه‌وت له‌پێشتربوو یان هه‌وڵدان بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ناوچه ئازادکراوه‌کان؟ ئه‌و نه‌وته‌ی ئێستا ده‌یفرۆشن ده‌توانرا دواتریش بفرۆشرێت چونکه له‌ژێر ده‌ستی خۆمان بوو، به‌ڵام ئه‌و ناوچانه‌ی دابڕاون ده‌بێت هه‌ر بڵێین له‌داهاتودا ده‌گه‌ڕێنه‌وه.
حکومه‌ت چاودێری ڕاسته‌قینه‌ی هاورده‌کان ناکات، حکومه‌ت لێپرسینه‌وه له زۆر کێشه ناکات (بۆ نمونه ئه‌وه‌ی له بیری حکومه‌تی ئێمه‌دا نه‌بێت کێشه‌ی پیسبونی ژینگه‌یه)، حکومه‌ت ڕێگه بۆ دورستبونی چینی جیاواز خۆشده‌کات له کۆمه‌ڵگه‌دا (حکومه‌ت چاوی داخستوه له به‌رامبه‌ر ئه‌و ده‌وڵه‌مه‌ند بونه له ناکاوه‌ی کۆمه‌ڵگه له‌ماوه‌ی که‌متر له ده‌ساڵدا که زۆر نا ئاساییه)، حکومه‌ت مه‌به‌ستیه‌تی پیشانی خه‌ڵکی بدات که خزمه‌تگوزاریه‌کانی که‌رتی تایبه‌ت له هی حکومه‌ت باشترن چونکه ده‌سه‌ڵاتداران لێی سودمه‌ند ده‌بن، حکومه‌ت تا ئێستاش نازانێ که مانای بازاڕی ئازاد ئه‌وه نیه که لای ئێمه هه‌یه، حکومه‌ت سیسته‌می ژمێریاری ناگۆڕێت و هه‌وڵی نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی دارایی ده‌دات. ههرپێشنیارێک بۆ حکومه‌ت ده‌که‌یت، ده‌ڵێن خۆشمان هه‌مان به‌رنامه‌مان هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی یه‌که‌م ئیشه‌که‌ی تۆ بێ نرخ بکه‌ن و بیکه‌ن به هی خۆیان. دووه‌م بۆ ئه‌وه‌ی له ڕێگه‌ی کۆمپانیاکانی خۆیانه‌وه جێبه‌جێی بکه‌ن ئه‌گه‌ر هاتوو کردیان.
حکومه‌ت باس له ڕۆشتنی به‌شێکی زۆری بودجه ده‌کات بۆ موچه. به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و ڕاستیه بڵێت که ئه‌و خه‌ڵکه‌ی که موچه‌خۆری حکومه‌تن (ئه‌وانه‌ی ته‌نها یه‌ک موچه‌یان هه‌یه) پێویسته له‌سه‌ر حکومه‌ت که ژیانیان دابین بکات ئه‌گه‌ر موچه‌که‌شیان ببڕێت. ئه‌گه‌ر فه‌رمانبه‌ر زۆره بۆچی خه‌ڵکی گله‌یی له به‌ڕێوه‌نه‌چونی کاره‌کانیان ده‌که‌ن؟ حکومه‌ت ده‌بێت پلانی هه‌بێت بۆ ڕێکخستنی ئهوفهرمانبهرانه نه‌ک چاوه‌ڕوانبێت که هه‌ندێکیان بڕۆن بۆ هه‌نده‌ران و هه‌ندێکیان بمرن. چونکه کۆمه‌ڵگه به‌رده‌وام زیاد ده‌کات. باشتره حکومه‌ت ده‌وام بکات به دوو وه‌جبه، یه‌که‌م له 8 ی به‌یانی تا 1 ی پاشنیوه‌ڕۆ وه به‌بێ وه‌ستان وه‌جبه‌ی دووه‌م جێگای یه‌که‌م بگرنه‌وه له 1 ی پاشنیوه‌ڕۆ تا 6 ی ئێواره به‌درێژایی ساڵ. پاشان بچوکردنه‌وه‌ی فه‌رمانگه ئیداریه‌کان بۆ چه‌ند لق یان نوسینگه‌یه‌کی هه‌مان به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی. بۆ نمونه، بانکه‌کان له چه‌ند شوێنێکی تری ناوشار بکرێنه‌وه، پۆسته‌و گه‌یاندن بخرێته‌وه گه‌ڕ، هاوڵاتی ته‌نها به‌ڕێگه‌ی پۆست بتوانێت زۆربه‌ی کاره‌کانی جێبه‌جێبکات (وه‌کو په‌یوه‌ندی کردن به فه‌رمانگه حکومیه‌کانه‌وه)، له هه‌ر گه‌ڕه‌کێک نوسینگه‌یه‌کی پۆست بکرێته‌وه. ژماره‌ی دایه‌نگا زیادبکریت، شاره‌وانی ناوچه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی شار نه‌خرێنه‌وه سه‌ر هی ناوشار. هه‌ندێک به‌شی دادگا له چه‌ند گه‌ڕه‌کێک بکرێته‌وه. به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی هاتوچۆ فراوانبکرێت و دابه‌شبکرێت به‌سه‌ر شاردا. خه‌ڵکی هانبدرێن و وودره وورده ناچاربکرێن سیسته‌می بانک به‌کاربێنن بۆ به‌خشینی پاره‌ی ئاو و کاره‌با، جگه له‌وه‌ی بۆ وه‌رگرتنی باج زۆر ئاسانتر ده‌بێت و ترس لای خه‌ڵک دروست ده‌بێت که سه‌رپێچی نه‌که‌ن نه‌با باجیان لێ بسه‌نرێت (چونکه لای ئێمه که‌سێک به ئۆتۆمۆبیله‌که‌یه‌وه له ترافیک لایتی سوربدات و بیگرن سزای ده‌ده‌ن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئۆتۆمۆبیلی پێنه‌بێت ناتوانن سزای بده‌ن). وه چه‌ندین ڕێگه‌و چاره‌ی تر هه‌یه ده‌توانرێت پرس به پسپۆڕی بواره جیاجیاکان بکرێت. تاوه‌کو خه‌ڵکی به شتێکه‌وه خه‌ریک بکرێت که خزمه‌ت به پێشخستنی ووڵات بگه‌یه‌نێت نه‌ک ته‌نها سهرقاڵبکرێن به‌بێ سود. پرسیارێکی گرنگ لێره‌دا ئه‌وه‌یه ئایا ته‌نها هاوڵاتیان ئه‌وبه‌شه زۆره‌ی بودجه بۆ موچه ده‌به‌ن یان به‌شی شێر موچه‌ی به‌رپرسانه؟ ئه‌گه‌ر حاڵ وابڕوات چه‌ند ساڵێکی تر خه‌ڵکی ده‌نگ ده‌ده‌ن بۆئه‌وه‌ی چیتر ده‌نگ نه‌ده‌ن، چونکه ئه‌گه‌ر هه‌مو خولێکی ده‌نگدان ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و وه‌زیره‌کان و جێگری وه‌زیره‌کان و زۆر پله‌ی تر به موچه‌ی خۆیان خانه‌نشین بکرێن ئه‌وا باشتر وایه به‌رپرسمان بن تا دواهه‌ناسه.
تا ئێستا په‌رله‌مان نه‌یتوانیوه ڕۆژمێری ساڵانه ده‌ربکات و سه‌رجه‌م ڕۆژه پشوه‌کان دیاری بکات. هه‌رده‌بێت شه‌وی پێشتر چاوه‌ڕوانی ته‌له‌فزیون بین تا بزانین به‌یانی پشوه یان نا؟
تڕ‌ۆ و ته‌رفیع: وه‌کو چۆن کاتی خۆی هه‌ندێک که‌س (ئێستاش جار جار ده‌کرێت) بۆ ئه‌وه‌ی زه‌کات یان سه‌رفتره نه‌دات ده‌یان گۆڕیه‌وه له‌نێوان خۆیاندا، حیزبه‌کانی ئێمه‌ش که‌سێک له پۆستێک لاده‌به‌ن بۆ ماوه‌یه‌ک و پاشان ده‌یهێننه‌وه، واته نایانه‌وێت ئه‌وکورسیه له‌و که‌سه بکه‌ن ده‌یده‌ن به که‌سێک جێی متمانه‌ی خۆیان بۆ ماوه‌یه‌ک و پاشان ده‌ڵێی که‌س نیه هه‌ر ئه‌و دێننه‌وه. یان به‌رزتری ده‌که‌نه‌وه.
نابێت حکومه‌ت هیچ پرۆژه‌یه‌ک به‌که‌م بزانێت، سود وه‌رگرتن له با بۆ به‌رهه‌م هێنانی کاره‌با ئه‌گه‌ر زۆریشی تێبچێت و که‌میش به‌رهه‌م بێنێت ده‌بێت هه‌ر بکرێت چونکه، یه‌که‌م: ژینگه پیس ناکات. دووه‌م: ئه‌و(با) یه ئه‌گه‌ر ئه‌و سوده‌ی لێوه‌رنه‌گرین به فیڕۆ ده‌چێت. سێیه‌م: ده‌توانرێت چه‌ندین دانه له ناوچه‌یه‌ک دابنرێت. چواره‌م: زۆر ناوچه هه‌یه وه‌کو لادێکان گه‌یاندنی کێبڵ پاره‌یه‌کی زۆری تێده‌چێت به‌ڵام (با) هه‌یه و ده‌توانرێت هه‌مان ئه‌وپاره‌یه‌ی بۆ به‌ستنه‌وه‌یان به تۆڕی نیشتمانی خه‌رجده‌کرێت بۆ دروستکردن به‌کاربێت. پێنجه‌م: حکومه‌ت سودی لێ ده‌بینێت بۆ هه‌تا هه‌تایه، ته‌نها پاره‌یه‌کی که‌می بۆ دانان و جار جار چاکردنه‌وه پێویسته له داهاته‌که‌ی.
خه‌ڵکی ئه‌گه‌ر خانوێکی کۆنی هه‌بێت و بیڕوخێنێت له شوێنێکی قه‌ره‌بالغ یان پارچه زه‌ویه‌ک ده‌توانێت ناوی بنێت گه‌راج. شاره‌وانی ته‌نها باجی خۆی وه‌رده‌گرێت و هیچیتر. له زۆربه‌ی گهراجهکانمان که ئۆتۆمۆبیله‌که‌ت به‌جێدێڵی تا دێته‌وه چه‌ند ڕوشاویهکی پێوه‌کراوه، یان خه‌ڵکی تر له‌کاتی ده‌رچوندا خۆیان لێداوه‌و خاوه‌ن گه‌راجیش خۆی به به‌رپرس نازانێت. چونکه کاتێک گه‌راجه‌که‌ی داناوه ناچارنهکراوه که پێویسته کارمه‌نده‌کانی مۆڵه‌تی شۆفێریان هه‌بێت یان جێگای چه‌ند ئۆتۆمۆبیلی هه‌یه؟ به‌کورتی بڵێین له سه‌رجه‌م مه‌رجه‌کانی گه‌راج ته‌نها به نیوه‌ناچڵی شوێنی هه‌یه و به‌س.
کێشه‌ی گه‌وره‌ی حکومه‌ت ئه‌وه‌یه ئه‌و که‌سه‌ی که پۆستی ده‌داتێ ده‌بێت که‌سێکی ناسراو و خاوه‌ن بنکه‌یه‌کی جه‌ماوه‌ری گه‌وره‌بێت بۆئه‌وه‌ی ئه‌و حیزبه‌ی پۆسته‌که‌ی ده‌داتێ سود له جه‌ماوه‌ره‌که‌ی وه‌ربگرێت. جه‌ماوه‌ریش ههمودهم و له هه‌مو دنیا پاداشتی ده‌وێت. لای ئێمه که‌متر ده‌توانین گوێ له داواکاریه نایاساییه‌کانیان که‌ڕ بکه‌ین چونکه که‌لتوری ئێمه وایه. بۆیه ئه‌مه‌ش یه‌کێکه له کێشه بازنه‌ییه داخراوه هه‌ره گه‌وره‌کان.
حکومه‌ت و مناڵ:
تا ئه‌و کاته نه‌مزانیبو که حکومه‌ت چه‌ند له ئێمه زیره‌کتره، ئاخه‌ر ئه‌گه‌ر شه‌قامه‌کان به ته‌واوی قیرتاو و کۆنکرێت بکرێن، ئه‌ی ئه‌و مناڵه بهسهزمانانهی که به بۆیاخکردنی پێلاو چه‌ندین خێزان به‌خێو ده‌که‌ن چیبکه‌ن؟ قابیله حکومه‌ت شه‌قامیش چاکبکات و ئه‌وانیش به خێوبکات. یان قابیله حکومه‌ت بیری له‌وه‌کردبێته‌وه که ئه‌و کاره چه‌ند نه‌خۆشی بڵاو ده‌کاته‌وه، بێگومان به‌ڵێ. ئه‌ی بۆ ڕێگه‌ی ده‌دات؟ چه‌ندین هۆکاری هه‌یه، بۆ نمونه به‌و بیانوه‌وه ساڵانه چه‌ندین ته‌ن ده‌رمانی به‌سه‌رچووی گه‌نجینه‌کان دوباره ده‌خه‌نه‌وه بازاڕه‌وه‌و پاره‌یه‌کی زۆریش له داهات ده‌خه‌نه ئه‌ولاوه گوایا ئه‌وه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته خه‌رجکراوه. لیژنه‌ی ساڵانه‌ی بۆ دروست ده‌که‌ن بۆ ئاماده‌باشی، به‌ڵام هه‌رگیز بیر له دامه‌زراندنی سه‌نته‌رێکی پێشبینی ڕوداوه سروشتیه‌کان ناکه‌نه‌وه، چونکه ئێمه حه‌زه‌که‌ین دوای ڕودانی شته‌کان ئنجا هه‌وڵی چاره‌سه‌ر به‌ین، پێش ڕوداو ناکه‌وین. ئه‌وه‌ی نه‌یبینین بڕوامان پیینیه. له‌وه‌ش گرنگتر ئه‌گه‌ر پێشوه‌خت ئه‌گه‌ری کاره‌ساته‌کان بزانرێت واته ده‌بێت هه‌وڵی به‌رگرتنی بدرێت، ئه‌ی پاشان خه‌ڵکی به چیه‌وه سه‌رقاڵکه‌ن تا نه‌ک حکومه‌ت به‌ڵکو خۆشمان بیربچێته‌وه. هۆیه‌کی تر ئه‌وه‌یه ئه‌و مناڵانه نه‌ک مناڵ و که‌س و کاری به‌رپرسه‌کان نین، به‌ڵکو تا ئاده‌م و حه‌وا له‌گه‌ڵیان یه‌ک ناگرنه‌وه که‌واته چیان لی دێت با لێیان بێ.
یاسای ڕێگه‌نه‌دان به کارکردنی مناڵی خوار ته‌مه‌ن پانزه ساڵ ده‌رده‌کات، به‌ڵام ناتوانێت دادپه‌روه‌ری بچه‌سپێنێت چونکه ئه‌گه‌ر دادپه‌روه‌ری بریتیبێت له سزادانی که‌سی تاوانبار ئه‌وا ده‌بێت حکومه‌ت خۆی ئه‌و سزایه وه‌ربگرێت. به‌ڵام له کوردستان دادگایه‌ک نیه بتوانیت سکاڵا له‌سه‌ر حکومه‌ت تۆماربکه‌یت. ئه‌گه‌ر زۆر ناچاربیت ئه‌بێت سکاڵا له‌سه‌ر به‌رپرسی فه‌رمانگه‌یه‌ک تۆماربکه‌یت.
حه‌زده‌که‌م بزانم حیکمه‌تی کۆکردنه‌وه‌ی سه‌دان که‌س له‌به‌رده‌می فه‌رمانگه‌کانی وه‌رگرتنی موچه‌ی خانه‌نشینی چیه؟ له کاتێکدا ئه‌و موچه‌یه به‌شی خه‌رجی دوو ڕۆژی هیچ خێزانێک ناکات. ئایا وه‌زاره‌تی دارایی چاره‌سه‌ری تر شک نابات؟ که ئه‌گه‌ر پرس به هه‌ر یه‌كێک له‌و که‌سانه بکه‌یت که له سه‌ره‌دا وه‌ستاون چه‌ندین چاره‌سه‌رت پی ده‌ڵێن. نابێت بیر بکرێته‌وه که ئه‌وانه ته‌مانیان زۆره و ناتوانن له ڕیزدا بوه‌ستن؟ به‌هه‌مان شێوه بۆ که‌مئه‌ندامان.
کورد و میلله‌تانی تر ئه‌وان پێشی ڕوداوه‌کان ده‌که‌ون، ئێمه دوای ده‌که‌وین. ئه‌وان چه‌ندین که‌سایه‌تی خاوه‌ن خه‌ڵاتی (نۆبڵ) یان هه‌یه، ئیمه چه‌ندین که‌سایه‌تی خاوه‌ن (ده‌بڵ) موچه مان هه‌یه. ئه‌وان به ده‌یان ملیۆنن ئینجا چه‌ند وه‌زیرێکیان هه‌یه، ئێمه چه‌ند ملیۆنێکین ده‌یان وه‌زیرمان هه‌یه. ئه‌وان به‌رپرسه‌کانیان به نهێنی و میلله‌ت به ئاشکرا حکومه‌ت ئاراسته ئه‌که‌ن، ئێمه به‌رپرسه‌کانمان به ئاشکرا حکومه‌ت به ڕێوه ده‌به‌ن و میلله‌تیش ته‌نها ته‌ماشا ده‌کات. ئه‌وان تا هاوڵاتین ئازادیان زیاتره و که به‌رپرسیارێتی وه‌رده‌گرن ئه‌و ئازادیه‌یان که‌م ده‌بێته‌وه. ئێمه تا هاوڵاتی بین ئازادیمان که‌مه و که ده‌بین به به‌رپرس ئازدی ڕه‌هامان ده‌بێت. ئه‌وان بڕیاری ئه‌نجامدانی پڕۆژه‌یه‌ک زۆر سه‌خته بالایانهوه چونکه له چه‌ندین لاوه لێی ده‌کۆڵنه‌وه به‌ڵام که بڕیاریاندا به چه‌ند مانگێک ئه‌نجامی ده‌ده‌ن و بۆ ده‌یان ساڵ ده‌مێنێته‌وه، ئێمه بڕیاردان زۆر ئاسانه به‌لامانه‌وه چونکه ته‌نها فاکته‌ر بۆچونی به‌رپرسێکی باڵایه بۆ مه‌به‌ستێکی دیاریکراو وه که بڕیارماندا به چه‌ند ساڵێک ته‌واوی ده‌که‌ین و بۆ چه‌ند مانگێک زیاتر به‌که‌ڵک نایه‌ت.ئه‌وان به‌ره‌ی ڕاست و چه‌پیان هه‌یه، ئێمه که‌س ڕاست و چه‌پ ناناسێته‌وه. ئه‌وان هه‌مو ڕه‌خنه‌یه‌کیان قبوڵه چونکه درۆ و ڕه‌خنه له‌یه‌ک جیا ده‌که‌نه‌وه، ئێمه زۆر له ڕه‌خنه ئه‌ترسین چونکه هه‌مومان ده‌گریته‌وه. ئه‌وان که به‌رپرسێکیان خیانه‌تی کرد یان کێشه‌یه‌کی سیاسی گه‌وره‌ی هاته ڕێ ده‌ست له کار ده‌کێشێته‌وه، ئێمه تا خیانه‌ت نه‌که‌یت و کێشه‌ی گه‌وره نه خوڵقێنی نابی به‌هیچ. ئه‌وان میلله‌ت منه‌ت ده‌کات به سه‌ر حیزب ئێمه حیزب منه‌تمان به سه‌را ده‌کات. ئه‌وان که حکومه‌ت و په‌ڕله‌مان کێشه‌ی ده‌بێت په‌نا بۆ میلله‌ت ده‌بات، لای ئێمه په‌نا بۆ مه‌کته‌ب سیاسی ده‌به‌ن. ئه‌وان ڕێزی شه‌هیده‌کانیان به کارکردن بۆهێنانه‌دی ئامانجه‌کانیان ده‌گرن، ئێمه به بڕێک موچه‌ی مانگانه و هه‌ندێک ئیمتیاز بۆ که‌سوکاریان وه‌کو ئه‌وه‌ی خوێنی که‌سه‌که‌مان لێکڕیبن ڕێزیان ده‌گرین. ئه‌وان متمانه‌یان به‌خۆیان زۆرتره و کاروباره‌کان زۆر ناده‌نه ده‌س بیانی، ئێمه خۆمان لا که‌مه و هه‌تا بیانی هه‌بێت پێمان باشتره کاره‌که بده‌ین به‌و نه‌ک به کادری خۆمان. ئێمه (که‌و) مان خۆش ده‌وێت (که‌و ده‌خوێنێت بۆئه‌وه‌ی که‌وه‌کانی هاوڕه‌گه‌زی بێن و ببن به نێچیر بۆ ڕاوچیه‌که‌ی)، ئه‌وان (سه‌گ "به‌وه‌فا" و پشیله "خۆنه‌فرۆش"). ئێمه ناوی پایته‌خت به‌بێ ووشه‌ی (پایته‌خت) نابه‌ین، ئه‌وان یان ناوی شاره‌که یان ته‌نها ده‌ڵێن (پایته‌خت). ئێمه وا ده‌زانین ئه‌وان زۆر مرۆڤی چاک و بێ هه‌ڵه‌ن، ئه‌وان ده‌زانن که نه خۆیان و نه که‌س بێ هه‌ڵه و که‌موکورتی نیه. ئێمه گرنگی زۆر به جل و به‌رگ ده‌ده‌ین و که‌متر به ناوه‌ڕۆک، ئه‌وان گرنگی زیاتر به ناوه‌ڕۆک ده‌ده‌ن. ئێمه ده‌بێت له هه‌موو شتێک بزانین، ئه‌وان هه‌رکه‌سه و له شتێکدا ده‌بێته پسپۆڕ. ئێمه هه‌رباسی کێشه‌کان ده‌که‌ین و که‌س (ته‌نانه‌ت سه‌رۆکه‌کانیشمان) ده‌سه‌ڵاتی چاره‌سه‌ری نیه، ئه‌وان کۆمه‌ڵێک کێشه‌کان ده‌خه‌نه ڕو وه کۆمه‌ڵێک ناوه‌ندی بڕیار به‌ده‌ستیش هه‌یه که چاره‌سه‌ریان پێ ده‌کرێت. لای ئێمه مۆڵه‌تی خان‌و ناده‌ن ئه‌گه‌ر بته‌وێت ژێرزه‌مین دروستبکه‌یت، لای ئه‌وان مۆڵه‌تت ناده‌نێ ئه‌گه‌ر ژێرزه‌مین دروست نه‌که‌یت. ئێمه پۆست بۆ خه‌ڵکی ده‌دۆزینه‌وه، ئه‌وان خه‌ڵکی بۆ پۆسته‌کان ده‌دۆزنه‌وه. ئێمه زۆربه‌مان له‌سه‌ر خاکی خۆمان ڕه‌گه‌ز په‌رستین و که ده‌چینه سه‌رخاکی خه‌ڵکی تر ده‌مانه‌وێت ڕهگهزبهرست نه‌بن له‌گه‌ڵمان، ئه‌وان ته‌نها که‌مێکیان ڕه‌گه‌ز په‌رستن جا لهههرشوێنێکبن. ئێمه ژێرخاکهکهمان پڕه له سوته‌مه‌نی به‌ڵام له‌سه‌رزه‌وی نیمانه، ئه‌وان له‌ژێر زه‌وی نیانه به‌ڵام له‌سه‌رزه‌وی هه‌یانه.
ئێمه ئاماژه به هه‌موو سه‌رچاوه‌یه‌ک ناده‌ین (بۆ نمونه کوردستان پۆست که‌م که‌س ده‌وێرن ناوی به‌رن)، ئه‌وان ئاماژه به‌سه‌رچاوه‌ی دوژمنیش ده‌ده‌ن. ئێمه چه‌ندین سه‌رچاوه‌ی زانیاریمان هه‌یه که نایه‌وێت ناوی ئاشکرابکرێت، ئه‌وان زۆر که‌میان خۆیان ده‌شارنه‌وه. ئێمه پهڕلهمانهکهمان له‌کاتی پێویسدا پشوی هه‌یه، په‌ڕله‌مانی ئه‌وان له کاتی پێوستدا خێرا کۆده‌بنه‌وه. ئێمه هه‌مومان ده‌زانین به‌رپرسه‌کانمان بڕێکی زۆر له‌پاره‌ی میلله‌ت ده‌به‌ن بۆخۆیان، هه‌ندێکیان له ڕوکه‌شدا به بیانوی یاسایی به‌ڵام له ناوه‌ڕۆکدا هه‌موی دزیه‌کی حاشا هه‌ڵنه‌گره. هیچکامیان به‌م پاره‌یه پڕۆژه‌یه‌کیان نه‌کردوه هه‌رنه‌بێت دوای ده ساڵ دوای کۆچی دوایی خۆیان (نه‌ک سه‌دان ساڵ) وه‌کو شوێنه‌وارێکی گرنگ خه‌ڵکی ڕوی تێبکه‌ن. هه‌رکه‌س سه‌ردانی ووڵاتی ئێمه بکات ده‌زانێت له‌ڕوی بیناسازیه‌وه چه‌ند دواکه‌وتوین، به‌رپرس هه‌یه چه‌ندین خانوی له چه‌ندین گه‌ڕه‌ک هه‌یه که‌چی کۆشکێکی نیه دیاربێت. ئه‌وان به‌رپرسه‌کانیان له سه‌ده کانی کۆندا که پاره‌یان دزیوه کردویانه به کۆشک و ته‌لار و پاش مردنیان بۆته موڵکی ده‌وڵه‌ت و ئێستا بۆته نیشانه‌ی پێشکه‌وتنی بیناسازیان. حیزبه‌کانی ئێمه ئه‌ندامیان زۆره و ده‌نگی که‌م ده‌هینن ئه‌وانه‌ی ئه‌وان ئه‌ندامیان که‌مه و ده‌نگی زۆر ده‌هینن. ئێمه زۆربه‌ی کاره‌کانی هاوڵاتیان له فه‌رمانگه‌کاندا به پشتگیری حیزب ده‌بێت، حیزب هه‌یه لیستی له په‌ڕله‌مان هه‌یه و پشتگیریه‌که‌ی ناخوات. ئه‌وان پشتگیری حیزبی بونی نیه و هه‌ر کیانێکیش له په‌ڕله‌مان بیت به قورسایی خۆی کاروباری ده‌ڕوات. ئێمه هه‌مو فه‌رمانگه‌کانمان کۆمپیوته‌ری تیایه له‌بری ئامێری چاپ و به‌رنامه بۆ که‌مترین کاروبار دانراوه. ئه‌وان کۆمپیوته‌ر بۆ به‌ڕێوه‌بردنی کاروباره‌کان به‌کارده‌هێنن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست