خۆپیشاندانی چەتری ئازادی لەبەردەم سەفارەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە لەندەن!
Friday, 22/07/2011, 12:00
ئەمڕۆ ٢٢ی جولای لەسەر بانگەوازی چەتری ئازادی، بەبەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی رەوەندی کوردیو کەسایەتی ئازادیخواز، خۆپیشاندانێکی نارەزایەتی بۆ سەرکۆنەکردنی تۆپبارانی خەڵکی مەدەنی ناوچە سنوریەکانی کوردستانی عێراق لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لەبەردەم سەفارەتی ئەو ووڵاتە لەلەندەن بەڕێوەچوو.
خۆپیشاندەران، سەرەڕای ووتنەوەی چەندین دروشمی دژی کۆماری ئیسلامی ئێرانو دەستێوەردانەکانی لە کاروباری سیاسی کوردستانی عێراقدا، جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە دەبێ دەستبەجێ هێزەکانی کۆماری ئیسلامی تۆپبارانی ناوچە سنوریەکان رابگرنو هیچ بیانویەك پاساوی ئەوە ناکات کە هێزەکانی ئەو دەوڵەتە گوزەرانو ئارامی خەڵکی مەدەنی تێک بداتو ژیانیان بخاتە مەترسیەوە. هەروەها داوایان کرد کە دەبێ دوڵەتی ئێران قەرەبووی مادیو مەعنەوی خەڵکی لێقەوماوی ئەو ناوچانە بکاتەوە.
شایانی ووتنە دروشمەکان بە کوردیو ئینگلیزیو فارسی دەوترانەوەو نوێنەرانی چەند لایەنی سیاسی پەیامی پشتیوانی خۆیان بۆ خەڵکی کوردستان راگەیاندو سەرکۆنەی ئەو تاوانەی رژێمی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان کرد. خۆپیشاندانەکەش دوای نزیکەی ٢ کاتژمێر کۆتایی پێهات.
٢٢-٧-٢٠١١
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست