دكتۆر بەرهەم گەر بەراستى ئەتەوێ كەمتەرخەمان سزابدەیت

Friday, 18/02/2011, 12:00



بفەرموو ئەمانە خۆیانن


كاتێ خوێنى لاوێكى خوێندكارى سیڤیلى بێ چەك بەگووللە ئەرێژرێ .. كاتێ پەنجاو حەوت هاوڵاتى شارەكەت جەنابى دكتۆر بەرهەم شەڵاڵى خوێناویان ئەبن .. ئیتر ئەوكات میللى كاتژمێرى مێژوو ئەوەستێ و پێویست بەهەڵوێست وەرگرتنێكى جدى و راستگۆیانە لەگەڵ خود و بەرامبەردا دەكات ، هەشتا ساڵ بەرلەئیستا كارەساتى ئەیلولى رەش لەبەردەركى سەرا روویدا كەتیایدا چەندین كەس كوژران و برینداربوون لەخۆنیشاندانێكى جەماوەریدا .. هەتا ئەمرۆش و دەیان ساڵى تریش باسیلێوەئەكرێت و توێژینەوەى لەسەر ئەنجامدەدرێت و نەفرەت لەتاوانباران دەكرێت .

دكتۆر بەرهەم ئەگەر هەڵوێستێكى جوامێرانەى لەئاست ئەم تاوانەدا وەرنەگرێت چوار هەشتا ساڵى تریش بەرنەفرەتى مێژوو و هاوڵاتیان دەكەوێت و كەسێك بەزەیى پیانایەتەوە ، دكتۆر بەرهەم ئەتوانێت ببێ بەبەشێ لەچارەسەر نەك بەشێ لەكێشە و كەموكورتیەكە ، ئەو پۆستەى ئیستاى بەرهەم ئەحمەد ساڵح كاتیە و ئەتوانێ بیكاتە سەروەرى و ئەتوانێ بیكاتە سەرشۆڕى و لەنگى .. دوا بڕیار لاى خۆیەتى و لەهەردوو حاڵەتەكەشدا تەوەرەكە پەیوەندى بەویژدانى خودى دكتۆر خۆیەوە هەیە .

بەهەرحاڵ دكتۆر بەرهەم بەومەبەستەى گەندەڵە راستەقینەكان سزابدات و بیانكاتە عیبرەت و ئایندە زامن بكات تادوبارە نەبێتەوە زۆر پێویستە گۆڕانكاریەكى ریشەیى بكات نەك داش بەداشى ئەم بۆ ئەوێ و ئەو بۆ ئێرە ، پاشتر گرنگترین فاكتەریش بۆ سەركەوتنى لێكۆڵینەوەكە ئەوەیە كە نەپارێزگار و نە قائم مەقامى سلێمانى و نەهیچ ئەفسەرێكى پۆلیس و ئاسایش نەكاتە ئەندامى ئەو لیژنەیە ، بەڵكە لە كۆمەڵێ دادوەرى خاوەن ئەزموونى شارەزا و بێلایەن ئەو لیژنەیە پێكبهێنێت ، بۆ دەرخستنى راستیش زۆر پێویستە ئەم راستیانە تەواو رەچاو بكرێت كەمن بۆخۆم وەك دادوەرێكى لێكۆڵینەوەى خاوەن چەندین ساڵ خزمەت پەیوەندى رۆژانەم هەیە لەگەڵ دۆسیە جیاوازەكانى كەرت و بنكەى پۆلیسدا بێ لە پەیوەندى راستەوخۆ لەگەڵ برا ئەفسەرەكان و محقق عەدلیەكان كەبەهۆیە تائاستێكى باش بەئاگاین لە بارودۆخى ئەم دەزگایانە .. لەم روانگەیەشەوە ئەم راستیانە بۆ بەرێزتان ئەخەینە روو :



1. بەرێوبەرى ئاسایش و بەرێوبەرى پۆلیس كەمتەرخەم و تاوانبارى سەرەكى ئەم كارەساتەن ، بەوپێیەى ئەمان پێشتر ئاگادارى ئەو خۆنیشاندانە بوون و ئاگادارى پێشهاتەكانیشى بوون و هیچیان نەكردووە لەنەخشەرێژى رێك و پێك ، بەتایبەتى بەرێوبەرى پۆلیسى سلێمانى بەو پێیەى بەرپرسى پۆلیسى فریاكەوتن و چالاكیە مەدەنیەكانە زۆر پێویستە سزابدرێت و دووربخرێتەوە لەبەرئەوەى ئەو دوو هێزە ئەوەى ناوى بەرنامە بێت نەیانبووە .

2. چالاكیە مەدەنیەكان دەزگایەكى زۆر گرنگ و هەستیارە و پێویستە كەسێكى زۆر زیرەك و بەئەزموون بەرپرسى بێت ، بەڵام بەداخەوە بەهۆى عیلاقات و مەحسوبیەتەوە كەسێكى گەنجى بێ ئەزموون خراوەتە ئەو پۆستە تەنها لەبەرئەوەى خزمى شێخ بایز تاڵەبانیەو هیچى تر ، ئەمە لەكاتێكدا چەندین ئەفسەرى ترهەیە پەراوێزخراون ، هۆكارى ناعەدالەتى و ئەو پشێوى و نادادپەروەریەش لەدابەشكردنى پۆستەكاندا بەپلەى یەك خەتاى مامۆستا جەلالى وەزارەتى ناوخۆیە كە زۆر بەناوبانگە بەوەى زۆر بەزەقى بەمیزاج و دوور و نزیكى لەخۆیەوە ئەو پۆستانە دابەشدەكات .. هەموو ئەفسەرەكانیش شاهیدى بۆ ئەم راستییە دەدەن .

3. بەرێوبەرى پۆلیسى فریاكەوتن پاش ئەوەى بەتەلیفۆن لەزیاتر لەئەفسەرێكەوە زانیارى وردم لەسەر كۆكردەوە كارەساتێكم بۆ ئاشكرا بوو ئەویش ئەوەیە كە ئەم عەقیدە ئەوەندەى خەریكى ریزە دوكانەكەیەتى كەلەسەرچنار كردویەتیەوە ئەوەندە لەبەرێوبەرایەتیەكەى ناپرسێتەوە ، كەسێكى زۆر لاواز و فاشیلە حەزمى نیە و خاوەن بڕیار نیە ، هەربۆیە لەرۆژى خۆنیشاندانەكەدا كەس پۆلیسێكى فریاكەوتنى نەبینى و هەموویان دەستیان بەكڵاوەكەى خۆیانەوە گرتبوو تا باكە نەیبات .

4. بەرپرسى لیژنەى ئەمنى سلێمانى یەكێكى ترە لەتاوانبارەكان لەبەرئەوەى وەك كەسێك كەبەتەواوى دەسەڵاتەوە دۆسیەیى ئەمنى شارێكى گرتۆتە دەست ، هیچ پلانێكى باش و تۆكمەى پێشترى نەبووە بۆ رووبەروبونەوەى كارەساتێكى لەمجۆرە .



لەكۆتایدا ئومێد دەكەم دكتۆر بەرهەم ئەم پێشنیار و راستیانە بەهەند وەربگرێت هیچ نەبێ وەك رێزێك بۆ قوربانیەكانى ئەو كارەساتەى روویدا و تاكو خەڵكى هەست بكات كە حكومەت و لێپرسینەوە هەیە .


 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە