کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


كێ كۆسرەت ڕەسوڵى ئیفلیج كرد ؟!!

Sunday, 07/07/2013, 12:00


سەرنج: ئەم بابەتە تایبەتە و بۆ کوردستانپۆست نووسراوە، هیچ سایت و راگەیاندنێکی تر مافی وەرگرتن و بلاوکردنەوەی نییە.
************************
كۆسرەت ڕەسوڵ یەكێكە لەو سەركردە ساویلكە و خۆشباوەڕانەى یەكێتى، كە زوو هەڵدەخەڵەتێ و بڕوا و متمانە بە هەموو كەسێك دەكات. ناوبراو لەناو یەكێتیدا بەتایبەت دوای ڕاپەڕین بەچەند قۆناغێكى سەیر و سەمەرەى وەك توڕەبوون و یاخى بووندا تێپەڕیووە.
ئەوەى لەو نێوانەدا یارى بەچارەنووس و ژیانی كردووە جەلال تاڵەبانى بووە. جەلال هەرگیز ڕێگەى نەداوە یەكێك لەو سەركردە دیارانە (نەوشیروان مستەفا، كۆسرەت ڕەسوڵ، جەبار فەرمان) بەتەنها ببێتە پاڵەوانى مەیدانەكە،  لە هەموو قۆناغەكاندا دژى یەكتر بەكاری هێناون. جەلال زۆر زیرەكانە بە دواى خاڵە لاوازەكانیاندا گەڕاوە و لە شادەمارى داون، بێ ئەوەى هەست بەخۆیان بكەن، ئێستاش كەس نازانێت جەبار فەرمان چۆن و بۆچى واى لێهات؟ تەنها شتێك دیاربێت، ئەوەیە كە جەلال دەستى هەبوو لە ئیفلیجكردنى جەبار فەرمان و هەروەها خراپبوونی باری تەندروستی کۆسرەت رەسوڵ.
ناوهێنانى دكتۆرەكەى جەلال، هەروەها لە كاتى هاتنەوەى تەرمى برایم ئەحمەد، كە جەبار فەرمان سێ جار دەستى تەوقەى بۆ جەلال تاڵەبانى درێژ كرد، جەلال تالەبانی وەڵامى نەدایەوە (سەرچاوە: بگەڕێنەوە بۆ ژمارە 57 ى گۆڤارى لڤین و دیمانەى هاوسەرەكەى جەبار فەرمان) واتا ئەگەر جەلال ڕووبەڕوو ئاوا بە بەرچاوى هەموو دونیاوە جەبار فەرمانی بشکێنێت! ئەى دەبێ لە ژێرەوە چى بەرامبەر كردبێت؟ ئەمە ڕێك بۆ كۆسرەتیش ڕاست بووە.

هێنانەوەى بەرهەم ساڵح و لادانى كۆسرەت و ستافێك لە وەزیر و جێگر وەزیر و كەسانى ترى باڵى كۆسرەت لە حكومەت و ئیدارەى ئەوساى سلێمانى، هەروەها دیمانەى كۆسرەت لە بەرنامەى دیدارى كوردساتى ئازاد سدیق محەمەد لە هاوینى 2002 لەوێدا هەڵرشتنى چەندین زانیاریى لەلایەن كۆسرەتەوە، هەموو ئەمانە بەڵگەبوون لەسەر ناكۆكى توندی نێوان کۆسرەت و تالەبانیی، بەتایبەتیی ووتارى جەلال تاڵەبانى لەساڵى 2001 لە كۆیە و لەبەردەم هەموو لێپسراوە عەسكەرى و حزبیەكانى كۆیە، کۆسرەتی بە بە ناوی عەبدوڵڵا و كوڕە كرمانج ناو برد، هێرشى تووندى كردە سەرى، جگە لەوەیش یاخیبوونى كۆسرەت لەو كاتەدا و چوونى هێرۆ بۆ ماڵى كۆسرەت، هەموو ئەمانە بە زیادەوە بەڵگەى ئەوە بوون، كە جەلال تاڵەبانى لە لێدان و ئیفلیجكردنى كۆسرەت دەستی نەپاراستووە، هەر ئەوە بوو جەلال تاڵەبانى لەڕێگەى دكتۆرەكەی خۆی و نەخۆشخانەى شۆڕش هەرچى هەبوو كردیان لە ڕێگەى بەرپاكردنى جەنگێكى نەفسى وادا، كە بەهیچ شێوەیەك كۆسرەت هەستى پێ نەكات

تالەبانی بەناوى ئەوەى (كاك كۆسرەت زۆر نەخۆشە پێویستى بەچاودێرى و چارەسەرى وورد هەیە) زۆر چاک لە کۆسرەتی داوە، ئەگەر سەیر بكەین هەموو تێكچوونى تەندروستى كۆسرەت ڕەسوڵ دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانى 2000 و 2001 و 2002 ، هەمووی لە  گەرمەى ململانێیى كۆسرەت بوو لەگەڵ جەلال تاڵەبانى بەدان پیانانى خودى ئەو دكتۆرانەى لە كۆسرەت ڕەسوڵەوە نزیك بوون و بەردەوام سەردان و چاودێریان كردووە.



كۆسرەت ڕەسوڵ سیفەتێكى زۆر سەیر و نامۆى هەیە، بە هەواڵى ناخۆش لەبارەى تەندروستیەوە زوو تێك دەچێ و هەڵدەچێت، تەنانەت لەناو كوردەواریى خۆشمادا زۆر جار دەڵێن فڵانە كەس زۆر ئازا و قارەمانە، كەچى ئامادە نییە دەرزیەك لە خۆى بدات و دەترسێ. ئەمە پڕاو پڕ بۆ كۆسرەت ڕاستە.
 دەڵێن ئەگەر پشكنینێكى ئاسایى وەك گرتنى (زەختى) بۆ بكەى، ئەگەر خراپیش بێت، نابێت ڕاستییەكەى پێ بڵێیى دەبێ، زۆر دەترسێت دەبێت لە جیاتی ئەوە درۆى بۆ بكەى ئەگینا تێكدەچێت. هەموو ئەو دكتۆرانەى چوونەتە لاى و لەگەڵیدا بوون، ئەگەر درۆ نەكەن و ڕاستگۆبن ئەم حەقیقەتە باش دەزانن، بۆیە جەلال تاڵەبانى و دكتۆرەكەى لەم ڕێگەیەوە توانیان زۆر زیرەكانە ئیشى لەسەر بكەن و ڕاوانەى ئەمریكا و دەرەوەى بكەن.
(ڕاستە كۆسرەت ڕەسوڵ كاتى خۆى بریندار بووە وەك دەڵێن پاشماوەى ساچمەى لە لەشدا بووە، بەڵام ڕاونەكردنى بۆ دەرەوە لەو كاتەدا لەبەر ساچمەكان نەبووە لەبەر ئەو جەنگە نەفسیە بووە هەر بۆ زیاتر ئیفلیجكردنى نەشتەرگەریى پارچە ساچمەكانیشیان پێ كردووە)، هەلبەتە هەنگاوى یەكەمیان تەنها ئیشكردن بوو لەسەر لێدانى نەفسى و دابەزینى وورەى كۆسرەت ڕەسوڵ لە بەرامبەر نەخۆشییەکیدا. شەوى وا هەبووە ئامێرى تەختیتى دڵ و ئۆكسجین و ئیسعاف و چەندین پزیشك و ئامێرى پشكنینى خوێن لە نەخۆشخانەى شۆڕشەوە براوە بۆ ماڵەكەى كۆسرەت. پاسەوان و هاوڕێكانى باش باش دەزانن. هیوادارم ئەمە بخەنەوە بیرى خۆیان بەتایبەت لە كۆتایى ساڵى 2000 و سەرەتاى 2001 و 2002 چى نەما شەوانە لەنەخۆشخانەى شۆڕشەوە نەبرێ بۆ ماڵەكەى؟ ئەمە هەمووى بۆ لێدانى نەفسى و دابەزینى وورەى كۆسرەت بوو، بە فیعلیش سەركەوتوو بوون.


 تیمەكەى جەلال و دكتۆرەكەى، شەوى وا هەبووە تا بەیانى لە ماڵى كۆسرەت ماونەتەوە بەناوى چارەسەر و چاودێریكردنى دۆخى ووردى تەندروستى كۆسرەت ڕەسوڵ بێ ئەوەى یەك شتیشى هەبووبێت، جەنگێكى نەفسى وایان بەرامبەر بەرپاكردووە كۆسرەت خۆى كەوتۆتە گومان لە تەندروستى خۆیى دوو ڕۆژ هیچى نەخواردووە گووتوویەتى دیارە من زۆر نەخۆش و هیلاكم، بۆیە ئەو هەموو ئامێر و ئیسعاف و دكتۆرە لێرەن. هەر لەو كاتەدا چەندین چارەسەرى هێواشكەرى وەك مۆرفین و ترامالى پێدراوە تەواو تەواو بێ هۆشیان كردووە هەموو پاسەوان و هاوڕێكانی، تەنانەت خودى كۆسرەتیش كە لەژیاندا ماون ئەوە دەزانن، دوور نییە لەو نێوانەدا چارەسەرى ئیفیلج بوون و بگرە ژەهرخواردیش كرابێت.
لە یەكێك لە ڕاپۆرتەكانى گۆڤارى لڤینیش (ژمارە 187) شتێك لەم بارەوە نووسراوە ئەم ئەگەرە بەدوور نەزانراوە، هەر لەو ڕاپۆرتەدا ناوى ئەو دكتۆرەى جەلال تاڵەبانى چەند جارێك هاتووە، بەڵام پێدانى پۆست و پارە و ئیمتیازات هەموو ئەمانەیان لەبیر كۆسرەت ڕەسول بردەوە. جەلال و تیمە پزیشكیەكەى زۆر سەركەوتووانە ئیشیان لەسەر كرد، تا تەواو تەواو ئیفلیجیان كرد تا ساڵى 2009 .

ساڵى 2006 یش كاتێك كۆسرەت ڕەسوڵ لەگەڵ نەوشیروان مستەفا و ئەندام مەكتەب سیاسییەكان ئیمزایان لە دژى جەلال تاڵەبانى كرد، دوایى پەشیمان بوونەوە، جەلال تاڵەبانى لە چەندین دانیشتن و كۆبوونەوەدا بەئاشكرا ڕایگەیاندبوو:
(هەر من دەزانم كۆسرەت بەچى دەگیرێ ، بۆ منى لێ بگەڕێن). ئەوەشی وتبوو: من كێشەم (نەوە)یە، نەوشیروان بەهیچ تەسلیم نابێت.
یەكەم دەركەوتنى كۆسرەتیش دوایى پەشیمان بوونەوەكەى، هەر لەگەڵ جەلال تاڵەبانییدا بوو بردى بۆ ناوچەى قەڵادزێ و لە ڕاگەیاندنەكانەوە نیشانى هەموو لایەكیدا.
كۆى ئەم زانیاریى و قسانەى من لە ئێستادا لەسەر یەك بابەتە، ئەویش ئەوەیە، کە كۆسرەت ڕەسوڵێك ئامادە بێت حاشا لە گیان و ڕۆحى خۆى بكات، چۆن بۆ پۆست و پارە و ئیمتیازات حاشا لەو میللەتە و هاوڕێكانى خۆى ناكات؟

سەرنج ..
(ئەم وێنەى خوارەوە ئەو كاتە بوو، كە كۆسرەت لە ئیمزاكەى خۆى پەشیمان بوویەوە و یەكەم دەركەوتنى بوو لە دوایى پەشیمان بوونەوەى لە ئیمزاى چاكسازى و گۆڕانكاریى لەناو ڕیزەكانى یەكێتى، جەلال بردى بۆ یەكێك لە هاوینەهوارەكانى سنورى پشدەر و قەڵادزێ ، ئەوەى سەلماند، كە هەر جەلال تاڵەبانى دەزانێت ئەم پیاوە بەچى دەگیرێ و تەسلیم دەبێت).




کوردستانپۆست: ئەم بابەتەی خوارەوەش پەیوەندە بەو باسەوە:

http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=7df4d4da

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە