نیەتى پاك بۆ ڕێكەوتن لە گۆڕێدا نیە

Saturday, 11/06/2011, 12:00


ماوەیەكە میدیاكان سەرقاڵى ئەوەن كە دانوستان لە نێوان دوو لایەنەكەى حوكمڕانى كوردستان و سێ لایەنەكەى ئۆپۆزسیۆن ساز دەكرێت و ئەگەرى ئەوە هەیە بگەنە ڕێككەوتنێك بۆ چارەسەركردنى قەیرانەكانى هەرێمى كوردستان .ئەوە دوو خول بە سەر ئەو كۆبونەوانەدا تێپەڕى بە بێ ئەوەى یەك هەنگاو بەرەو پێشەوە چووبن , وەكاتێك كۆنگرەیەكى ڕۆژنامەوانى بۆ دوان لە دانوستانكارەكان ساز دەكرێت دەست دەكەن بە موجامەلەى درۆینە كە بەڵێ كۆبونەوەكان ئیجابى بوون .. چەند پرسێك تاوتوێ كراوە.. لە كۆبونەوەى داهاتودا دەگەینە ڕێككەوتنێك..خاڵى هاوبەش زۆرن ..زۆر قسەو باسى تریش. هەموو ئەم قسەوباسانە كۆبونەوەكانى یەكێتى وپارتیمان بیر دێنێتەوە كە دواى شەڕى ناوخۆ هەرجارەو لە دیوەخانى یەكێكیاندا كۆنگرەى رۆژنامەنوسى دواى دانوستانەكانیان پەخش دەكرد كە خۆشیان باوەڕیان بە قسەكانى خۆیان نەبوو , چونكە نیەتى پاك لە كایەدا نەبوو بە تایبەت لاى پارتى, چونكە بوو بوو بە هێزێكى تۆتالیتارى داپڵۆسێنەر كە لە 31 ى ئابدا ئەو كلتورەى لە بەعسى باوكەوە وەرگرت.وە داهاتێكى بێشومارى لەبەردەست دا بوو كە ڕیككەوتن لە بەرژەوەندى ئەو دا نەبوو.دانوستان بەردەوام بوو تا ئەو كاتەى ڕوخاندنى سەدام حسین هاتە كایەوە ئەمریكا هاتە ناو عێراق سەروەت وسامانێكى زۆر رژایە بەردەم لایەنە سیاسیەكان بە تایبەت كورد ,پارتى و یەكێتى ئۆتۆماتیكى بون بە میراتگرى كورد بە پێى دابەشنامەى شەرعى (قسام شرعى) كورد تەنها دوو كوڕى هەبوو بە ناوەكانى پارتى و یەكێتى وە میراسەكە بە دوو سهم دابەشكرا سەهمێك بۆ پارتى سەهمێك بۆ یەكێتى , ئیتر ئەو هەمووە كوڕو كچەى نەوەى كورد بوون ناویان لە قسامەكەدا نەهات و بێبەش كران. وە ڕێكەوتنى بەناو ستراتیژى لە نێوان هەردوو بنەماڵى جەلال و مەسعوددا واژۆ كرا نەك بۆ بەرژەوەندى خەڵكى كوردستان نەخێر بۆ پاراستنى بەرژەوەندى هەردوو بنەماڵە.كاتێك كە ئازادیخوازان و خەمخۆرانى كورد بە گژ ئەو گەندەڵیانەدا چونەوە كە بەرهەمى ئەو ڕێكەوتننامە شومە بوو (كە ئەو كاتەش بەڕێز ڕێبین هەردى ئاماژەى بە ترسناكى ئەو ڕێكەوتننامەیە كرد) یەكسەر بەزەبرو زەنگ پەلامارى شەقامى كوردیان داو هەموو ئەو دەنگە ناڕازیانەى جەماوەریان بە خیانەت و كلكایەتى وڵاتان و گێرەشێوێنى و ئاشوب و ئاژاوە وەێف كرد و لە دوایدا سەركوتیان كرد.وە ئێستا وەك نوسەرو ڕۆشنبیران مەریوان ووریا قانع و بەختیار على و ئاراس فتاح باسى لێوە دەكەن هەڵمەتێكى زۆر ترسناك دەكرێتە سەر قەڵەمە ئازادەكان و لە هەوڵى ئەوەدان بە تەواوى ئازادى بخنكێنن. هێرش دەكەنە سەر ڕۆشنبیر و ئازادیخواز ڕێبین هەردى و نوسەرانى دیكە , ئەمە لە كاتێكدایە كە دەسەڵات لە كۆبونەوەو دانوستاندایە لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن,هەروەك دانوستانەكانى عەرەب- ئیسرائیل كە ئەو كاتەى سەركردە فەلەستینیەكان لە گەڵ وەفدى ئیسرائیل و ئەمریكادا كۆدەبنەوە هەر لەو كاتەدا ئۆردوگاى جولەكەنشین پەرەى پێدەدرێت و ناوچەیەكى ترى خاكى فەلەستین لە ژێر ڕەحمەتى جەڕافەكانى جولەكەدا خاپورو وێران دەكرێت و پاشان دەكرێت بە شوێنى هەمیشەیى زایۆنیەكان.ئەگەر نیەتى پاك و بێ غەل و غەش لەكایەدا بێت ئەوا دڵمان خۆش دەبوو بەو دانوستانانە بەڵام ئەوەى من تێبینى دەكەم و كردوومە پارتى و یەكێتى بە تایبەت یەكەمیان بە هیچ شێوەیەك ئامادە نین چارەسەرى قەیرانەكانى هەرێم بكەن و گەندەڵى چارەسەر بكەن چونكە ئەوان وەك میكرۆب وان لە سەر پیسى دەژین ئەگەر بتەوێت ئەو پیسیە لابەریت ئەوا میكرۆبەكان دەمرن , دەى بە هیچ شێوەیەك ئەوان ئامادەنین بمرن,ئەوان كۆمەڵێك بازرگانى چاوچنۆكى خوێنڕێژن ئامادەن قەتڵوعامى هەموو كورد بكەن تەنها لەبەر مانەوەى خۆیان, ئەوەش بۆ هەڵلوشینى تەواوى سەروەت وسامانى ئەم میلەتە وە هەڵتەكاندنى ژێرخان و سەرخانى ئابوریەكەى. ئەوان بە هیچ شێوەیەك خۆشەویستى ئەم خاكە پیرۆزە لە لە دڵیاندا نیەو نەبووە ئامادەن قاچاخچیەكانى نەوت لە ئەمریكاو دەرەوە بێن بە یەك رَۆژ تەواوى نەوت و غازى ئەم وڵاتە بهێننە سەرزەوى و بیكەن بەپارەو بخرێتە سەر حیسابە بانكیەكانیان لە دەرەوە كە لە دوایشدا دڵنیام سود لەو پارەیە وەرناگرن هەروەك پارەكانى سەدام و موبارەك و بن على و ئەسەد و ێالح بلۆك دەكرێت و دەچێتە خەزێنەى داگیركەرانەوە.هەربۆیە داوا لە ئۆپۆزسیۆن دەكەم خۆتان ماندوو مەكەن و بەهایەك بۆ ناڕەزاییەكانى جەماوەر بهێڵنەوە و دەست مەخەنە ناو دەستى قاچاخچیەكانى نەوت و غازو پارەو سامانى ئەم میلەتە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە