کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


له‌به‌رده‌م ئه‌ندامپه‌رله‌مانی پارته‌كه‌یدا ئه‌ردۆگان: سورین له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد

Wednesday, 12/08/2009, 12:00


و/ سه‌ردار محه‌مه‌د ‌

ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا ته‌ئكیدیكرده‌وه‌ له‌سه‌ر به‌رنامه‌ی كاری حكومه‌ته‌كه‌ی سه‌باره‌ت به‌ كرانه‌وه‌ی دیموكراسی به‌ڕووی پرسی كورد له‌ توركیا و وتی: پێویسته‌ رۆشنبیرییه‌كه‌ی گشتی هاوبه‌ش له‌ توركیا پێكبهێنین تاببێته‌ سومبولێك بۆ هه‌موو ئه‌و پێكهاتانه‌ی كه‌ له‌ توركیا ده‌ژین بێ گوێدانه‌ جیاوازی ره‌گه‌زی و سورین له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد.
له‌میانه‌ی وتارێكیدا كه‌ ئه‌مڕۆ 12/8 له‌به‌رده‌م ئه‌ندامانی پارته‌كه‌یدا له‌ په‌رله‌مانی توركیا پێشكه‌شیكرد، ئه‌ردۆگان وتی: كاتێك كه‌ گوێ له‌ سرودی نیشتمانی توركیا ده‌گرین هه‌موومان لێدانه‌كانی دڵمان خێراده‌بێت، كاتێكیش كه‌ گوێبیستی گۆرانی (یه‌مه‌ن) ده‌بین چاوه‌كانمان پڕده‌بێت له‌ فرمێسك، كاتێكیش گوێبیستی هۆنراوه‌كانی (فزوڵی) ده‌بین رۆحمان ده‌له‌رزێت، به‌هه‌مان ئاست هه‌ست به‌ موچڕكێكی سۆزداری ده‌كه‌ین كاتێك كه‌ گوێ له‌ هۆنراوه‌كانی ئه‌حمه‌دی خانی ده‌گرین، مرۆڤ هه‌ست به‌ له‌رزین ده‌كات و جیهانه‌كه‌مان سه‌ره‌وژێر ده‌بێت كاتێك كه‌ گوێبیستی سروده‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌ و (غه‌زال غه‌زال) ی شڤان په‌روه‌ر ده‌بین، بۆیه‌ لێره‌وه‌ ده‌ڵێم كه‌س ناتوانێت بمانكاته‌ دوژمنی یه‌كتر و كه‌سیش بۆی نیه‌ ئاستی نیشتمان په‌روه‌ریم بپێوێت.
ئه‌ردۆگان وتیشی: پڕۆژه‌كه‌م پڕۆژه‌ی یه‌كێتیی نیشتمانییه‌، له‌م مینبه‌ره‌وه‌ داوا له‌ پارته‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان ده‌كه‌م و پێیانده‌ڵێم بۆچی ده‌رگاكانتان له‌ به‌رده‌م ئه‌م پڕۆژه‌ نیشتمانییه‌دا داخستووه‌، وه‌رن باهه‌موومان پێكه‌وه‌ كاربكه‌ین بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌م پڕۆژه‌ نیشتمانییه‌، پڕۆژه‌كه‌م پڕۆژه‌یه‌كی كرانه‌وه‌ی دیموكراتییه‌، ئامانجمان دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێكی هه‌میشه‌ییه‌ بۆ كێشه‌یه‌ك كه‌ چه‌ندین ساڵه‌ كه‌ڵه‌كه‌بووه‌.
ئه‌ردۆگان وتیشی: توركیا قوربانی زۆریداوه‌ له‌ بواره‌كانی وزه‌ و بودجه‌دا، ئاسایش و ئۆقره‌یی وڵاته‌كه‌مان به‌هۆی كرده‌وه‌ی تیرۆریستییه‌وه‌ شلۆق بووه‌، داوا له‌ هه‌مووان ده‌كه‌م كه‌ ره‌خنه‌ی خۆییان هه‌بێت و په‌نجه‌ بخه‌نه‌سه‌ر هه‌ڵه‌كان بۆئه‌وه‌ی كه‌س نه‌توانێت براكانمان بترسێنێت و جیاوازی له‌نێوان هاووڵاتیانمان دروستبكات، هه‌موومان براین (تورك، كورد، لاز، شه‌ركه‌س) من زۆر دڵنیام كه‌ سه‌ركه‌وتوو ده‌بین له‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌م پڕۆژه‌ نیشتمانییه‌دا كه‌ یه‌كگرتوویی و برایه‌تیمان به‌هێزتر ده‌كات، چیتر به‌سه‌ بۆ گریانی دایكان چ له‌ هه‌كاری بێت یان له‌ یۆزكات، ئه‌وانه‌ی كه‌ ده‌یانه‌وێت رێگری پڕۆژه‌كه‌مان بكه‌ن زیان به‌ نیشتمان و به‌خۆشیان ده‌گه‌یه‌نن.
جێی ئاماژه‌یه‌ له‌ میانه‌ی وتاره‌ جۆشداره‌كه‌ی ئه‌ردۆگان- دا ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كان چاوه‌كانیان پڕبووه‌ له‌ فرمێسك و گریاون.

سه‌رچاوه‌/ رۆژنامه‌ی زه‌مانی توركی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە