کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئایا بەڕاست پارێزگارو ئەنجومەنى پارێزگى سلێمانى دادگایى ئەكرێن؟؟؟؟

Tuesday, 08/09/2009, 12:00


ماوەیەكە پرسى گەندەڵییەكانى پارێزگارو ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى یەكێكە لەو پرسە گەرم و مانشێت و دەنگۆیانەى كە لە وێستگەكانى ڕاگەیاندنە حیزبییەكانى پارتى دەسەڵاتدارى ناوچەى سلێمانى ئەبیسترێت و ئەبینرێ و بەرچاو ئەكەوێت،بە جۆرێك كاتێك كە سەرنجى ئەدەیت زۆر بە سانایى هەست بەو سینارۆییەى دەسەڵات ئەكەیت كە دەیانەوێت وایى نیشانبدەن كە ئەوە ئەوانن و وە ئەوان بوون بەدەر لە ئەو هەموو پرۆسەى دزى و تاڵانى و بیرۆكراتییەى كە ماوەى 18 ساڵە لە سایەى مۆدێلى فەرمانڕەوایەتیاندا ڕویداوە،بە شێوەیەك ئەیانەوێت واى نیشانبدەن كە ئەو هەموو بە هەدەربردن و خەرجكردنى بەلێشاوى ملیارەها دۆلارى خەڵك چ لە دروستكردنى فیردەوسى دابڕاو بۆ چەند بەشێكى كەم لە گەورە بەرپرس و بنەماڵەكانیان كە مەگەر نە بەس تەنها مەكتەبى سیاسى و سەركردایەتییەكانى هەردوو پارتى دەسەڵاتدار بەڵكو بەس تەنها هەردوو سەرۆك حیزب و هاوسەر و منداڵەكانیان ئەزانن كە ئەم بلۆكە پارە زەبەلاحە چۆن سەرف كراوەو چۆن كراوەو ئەكرێ بە پرۆژەى سەرمایەدارى و وە بەرهێنان و وە ئەچێتە گیرفانى كێوە.

دیارە بۆئەوەى دەسەڵاتێكى خەڵكى و دامەزراوەیى بێتە بوون ئەوا بوونى دەزگا جۆربەجۆرەكانى چاودێرى دارایى جا چ لە شێوەى دەزگایى چاودێرى دارایى یان دەستەى نەزاهە یان هەر ناوێكى لێبنێین،پێویستییەكى بێئەملاو ئەو لاى ئەم سیستمەیە.
ئاشكرایە وەك ئەبینرێت ئەم جم و جوڵ و پەلەقاژێیەى ئەحزابى دەسەڵاتدارى ناوچەى سلێمانى بۆ بە دادگایگەیاندى گەندەڵكاران و هەموو ئەوانەى كە اختلاسى پارەیان كردووە دوو خوێندنەوەى لەلایەن خەڵكەوە بۆ دەكرێت بە جۆرێك كە خەڵكى دابەش كردۆتە سەر دوو بەرە،بەرەیەكیان كە بە شێوەیەكى بابەتیانەو پێشهاتێك لێكدانەوەى بۆدەكات بە شێوەیەك كە ئەڵین ئەمە سەرەتایەكى باشە بۆ جوڵاندنى دەسەڵاتى دادو داواكارى گشتى بە ڕووى هەموو ئەوانەى كە قوتى دەمى خەڵكیان بە بارمتە گرتووە،هاوزەمان بەرەى دووەم بەشێوەیەكى دوربینانەترو شیكارانەتر لەم دیاردەیە ئەڕوانێت كە لە شێوەى گەمەى سیاسىو وە بە دەرئەنجامى هەڵبژاردنە پەرلەمانییوكەى 25 ى تەموزى ئەبینێت.
ئەگەر هەڵوەستەیەك لە سەر بەرەى یەكەم بكەین (لە ڕاستیدا هەموو ئەوانەى كە دەكەونە مەوداى ئەم بەرەیەوە ئەوانەن كە یان خەڵكى خۆشباوەرو كورتبیننِن وە یان ئەوەندە بێئومێدوو بێئاسۆن كە بە بوونى هەر تروسكاییەك ئاهێك بە جیهانى تاریكراوییاندا دێَت وە یان بەشێكى ترى پێكهێنەرەكانى ئەم بەرەیە هەموو ئە و دەهۆڵكوت و ووشە فرش و دەروێش و موریدەكانى سەر بە دەسەڵاتن كە ئەیانەوێت ئەم بابەتە بكرێتە خۆراكى بەتام و جەورى نەزەرییاتى گەندەڵى بەجۆرێك تێۆریزەو ماكیاجى جەستەى بكەن وە پاشان بیكەن بەبەرى هەموو ئەوانەى كە لەگەڵ بەرنامەو بیسنزى گەورە سەرۆكەكانى حزب بە سەر ماڵ و سامانى خەڵك نایەنەوە.
ئەم دوو بەشەى خەڵك كە پێشوازى لەم سینارۆیە ئەكەن یەكەمییان ئەو خەڵكە خۆشباوەڕەى كە باسكرا،لە ڕاستیدا زۆریان خەڵكى دڵسۆزو خەمخۆرو چەوساوەن كە هیچ ئەجێدایەكیان لە هەڵوێستەیاندا نى یە بەڵكو تەنها لە ناو ململانێ سیاسییەكاندا خۆیان وون كردووە،یەڵام كارەساتەكە سودمەندەكانى حزببن كە بە جۆرێك ئەیانەوێت خۆڵ بكەنە چاوى خەڵكەوە و لە داهاتوودا دەنگییان لێوەربگرن وە بە دیوێكى تردا پشتى هەموو ئەو كە سانەى كە لە دەرەوەى بەرەى سیاسى ئەوانن بنبەوێنن ،بەڕاستى ئەمە پێشهاتێكى زۆر مەترسیدارە كاتێك تۆ دێیت پرسى گەندەڵى ماڵى لە كوردستاندا كە بۆ ماوەى دوو دەیەیە مێش میوانى نى یە كەچى دێیت لە دوایى هەڵبژاردنێك كە دەرئەنجامەكانى بەپێى پێشبینیو چاوەڕوانییەكانى حیزب نایەتەوە ،دێن زۆر ساویلكانە ئەم تۆمەتە ئەكەن بەگژ ئەو كەسانەى كە چونەتە دەرەوەى بەرەى سیاسى ئەوان،وە هیچ نەبێت نەیانتوانى سینارۆیەكى وا دروست بكەن كە لەگەڵ ئەنجامەكانى هەڵبژاردندا یەكنەگرێتەوە،باشە عەجەب ئەم بەڕێزەى كە ئێستە ئەوان هەرایان لەسەر دروستكردووە بۆ لەو ماوەیەى كە نوێنەرایەتى حیزبەكەیانى لە دەرەوەى وڵات ئەكرد بەتایبەتى لە وڵاتى سوریا وە پاشانیش یەكێك بوو لە سەرەوەى كاندیدەكانتان لە هەڵبژاردنى 2005 دا ماوەیەكى زۆر كەوتنە پیاهەڵنانى و كردیان بە شۆڕەسوارو فریادڕەسى سلێمانى دەنگى خەڵكیان پێوەرگرت،خۆیان وتەنى ئێوەى وڵات پارێزو تێكۆشەرو ماندوو نەناس بۆ لەو ماوەیەى ڕابردوودا هەتا پێش ئەم هەڵبژاردنەش نەتانووت ئەم برادەرە پارەى میلەت بۆ خۆى و بزوتنەوە سیاسییەكەى خەرج ئەكات،بۆ ئەو كات نە هاتتن هەموو پرۆفایلەكانى ئەوو دام و دەزگاكانى بخەنە بەر تیشكى لێكۆڵینەوەیەكى بێلایەنانەو وە هیچ نەبێت ئەو كات ڕێگەیان بە دیوانە حیزبییەكەى خۆیان نەدا كە بە ئاشكرا مەلەفەكانى بداتە دادگاو خەڵكى سلێمانى لێئاگادار بكات،چ ڕویداوە وا ئێستا خۆیانمان بە ئەندازیارو بەرنامەداڕێژەرى بەگژداچونەوەى گەندەڵى و بە دادگاگەیەنەرانى گەندەڵكاران پێئەناسێنن.

ئەوەى شیاوى هەڵوەستە كردنە ئەو بە ئاگایىو دووربینیییەى بەرەى دووەمى خەڵكە،خەڵكى ڕۆشنبیرو ئازادیخواز كە لە مێژە لە گەمە نا سیاسى و نا لۆژیكییەكانى دوو زلحیزبەكەى كوردستان تێگەیشتونە هاو كات لەگەڵ سەرهەڵدانى ئەم كەیسە یەكسەر ئەوە تێگەیشتن كە ئەمە ئەنجامى بڕیارە بەپەلەكانى مەكتەبى سیاسى یەكێتى نیشتمانى كوردستانە كە لە دواى هەڵبژاردنەكانەوە زۆر بە زووى دووبارە ئەبنەوە بۆ ڕزگاربوونیان لەو گێژەڵوكەیەى بێزارییەى خەڵك كە خەریكە لەگ خۆى ئەیانبات وە بۆ بەرگریكردن لەو لیستەى كە لە دەرەوەى ویستى ئەوان سیاسەت ئەكات (ئەمانیش بەدەر لەوەى لە بەرەى خەڵكدان یان نا)،ئەگەرچى من وەكو هاوڵاتییەكى شارى سلێمانى بە گومان نیم لە گەندەڵى و ناكارامییەى كاربەدەستانى پارێزگاى سلێمانى وە پشگیریش لە هەموو دادگایكردنێكى دادپەروەرانە ئەكەم بۆ هەموو كاربەدەستانى گەندەڵ لە سەرۆكى حكومەتەوە هەتا بەڕێوەبەرێكى ئاسایى وە پێشم وایە كە ئەبێت هەموو كاربەدەستانى دەوڵەتى لە هەرێمدا لە سەرۆك حیزبەوە بۆ هەموو ئەوانەى كە مۆنۆپۆڵى دەسەڵاتى خەڵكیان كردووە لە كابینەكانى حكومەتى هەرێمدا دادگایى بكرێن و لە بەرانبەر ئەو دادگایەدا ئەستۆپاكى خۆیان بسەلمی َنن ئەگەر گەندەڵكارو تاوانبار نین.

سەرئەنجام ئەوەى كە من ئەمەوێت بیگەیەنم ئەوەیە كە ئەم سینارۆیە بە خاترى بە دادگایگەیاندنى پارێزگارى سلێمانى نى یە لەسەر ئەو ناهەقییانەى بەرانبەر بە خەڵك كردوونى و پارەى خەڵكى خواردووە لە ڕاستیدا ئەمە شانۆگەرییەكانى شەڕى ناوخۆمان بیرئەخاتەوە ئەوكاتەى كە ئەم دووحیزبە برا بەشە بۆیەكتریان دروستدەكرد ئەمییان بەویترى ئەوت پارەى میلەت ئەخوات و خەڵكى كوشتووەو دەستدرێژى لە خەڵك كردووەو وە هەزارو یەك كەیسى تر كە لە سە ر یەك دروستیان ئەكرد لە هەمانكاتدا ئامادە نەبوون بیدەنە دادگاو لە خزمەتى خەڵك گرێكوێرەكان بكەنەوە،ئەگەر نا بۆچى دیوانى چاودێرى داراى 18 ساڵە ئامادە نەبووە و زاتى ئەوەى نەكردووە كە ئەم جۆرە كەیسانە تەنانەت لە ڕاگەیاندنە حیزبییەكانى خۆیاندا بڵاو بكەنەوەو پێداگرى لەسەر بەدادگایگەیاندنى گەندەڵكاران بكەنەوە،ئایا ئەم دەزگا گوێڕایەڵەى حیزب ئامادەیە سەروەت و سامانى بنەماڵە دەسەڵاتدارەكانى كوردستانمان بۆ ئاشكرا بكات وە پێمانبڵێت بە چ مافێك هەموو مانگێك دوو پارتى دەسەڵاتدار 70 ملوێن دۆلار تەنها لە پشكى %17 كوردستان ئەبەن بۆ خۆیان ئەمە بێجگە لە گرێبەستە نهێنییەكانى نەوت و هەزاران سەرچاوەى تر،ئایا ئەتوانێت ئەو سەرمایانەى كۆمپانیایى نۆكانمان بۆ ئاشكرا بكات و ڕونیبكاتەوە كە لە كوێوە پارە ئەچێتە ناو حسابە بانقییەكانیانەوە،لە كاتێكدا بەپێى قسەى بەرپرسێك تەنها لەم قەیرانە ئابورییەى جیهاندا كۆمپانیایەكە چەندەها ملیار دۆلارى زەرەر كردووە،ئەگەر ئەوان ئەیانەوێت كاروبارەكانى خۆیان پرۆفێشنەڵانەو بێلایەنانە بە ڕێوەبەرن بابێن جارێ ئەم گەندەڵییە زەبەلاحانە لەگەڵ كەیسى پارێزگایى سلێمانى بەیەكەوە ڕووماڵ بكەن،نەك جیاوازى لە نێوانیاندا بكەن،من دڵنیام ئەگەر حیزبەكەیان وەزعى باش بویەوە ئاش بەتاڵ لە كەسى پارێزگایى سلێمانیشدا ئەكەن،هەربۆیە دوو حیزبى دەسەڵات لە بوونى دەستەى نەزاهەى سەربەخۆ ناڕەحەت ئەبن و دەستەیەكیان ناوێت كە وەك دیوانى چاودێرى گوێڕایەڵ نەبێت.
سەرئەنجام پێویستە خەڵكى مەدەنی و ڕۆشنبیرو ئازادیخواز لەم سینارۆ ڕەشەى لایەنە گەندەڵكارەكان بە ئاگابن و نەهێڵن پرسى بەگژداچونەوەى گەندەڵى ببێتە ئەو شانۆگەرییەى كە لایەنە گەندەڵكارەكان بۆ ئەستۆ پاكى خۆیان و چنینەوەى دەنگى خەڵك لە خزمەتى خۆیان و زیانى میللەت دا بە كاریبهێنن.

ئیمەیل:[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە