کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لەودیوو ووتارەكەی بارزانی لە پەرلەمانی كوردستاندا

Tuesday, 01/06/2010, 12:00



ڕۆژی 29ی ئایاری 2010 بارزانی وەك سەرۆكی هەرێم لە بەردەم ئەندامانی پەرلەمانی كوردسناندا وتارێكی خوێندەوە كە وەك پێشتر ڕاگەیاندنەكان باسیان ئەكرد بۆ باسكردن و شیكردنەوەی سەردانەكەیەتی بۆ توركیاو فەڕەنسا،وە بەڵام بەشێكی گرنگی وتارەكەی لەژێر ناوی باری ناوخۆی هەرێم تەرخانكرد بۆ هێرشكردنە سەر میدیایی ئازادو هەموو ئەو دەنگە ناڕازیانەی كە ئەم دوایە بەهۆی تیرۆركردنی ڕۆژنامەنوس سەردەشت عوسمانەوە دروستبوبوون.
لە ڕاستیدا ئەمجۆرە قسەكردنەی بارزانی ڕەوایدان و دەمەزەردكردنەوەی هەمان ئەو بەیاننامە توندە ئاگرینەی ئەو حیزبەیە كە خۆی سەرۆكێتی،ئەو لە پەرەگرافێكی وتارەكەیدا ئەڵێت: ئە‌و گرژی‌و ئاڵۆزییە‌ی ئە‌و ماوە‌یە‌ كە‌لە‌كوردستاندا سە‌ریهە‌ڵدا لە‌ڕاستیدا ئیستغلالی رووداوێك بوو بۆئە‌وە‌ی ئیمتیازاتی سیاسى لە‌سە‌ر حسابی خوێنی گە‌نجێكی كورد بە‌دە‌ستبهێنرێت، رووداوی تیرۆركردنی جوانە‌مە‌رگ سە‌ردە‌شت عوسمان لە‌قالبی خۆی دە‌ربڕاو هیچ رێزێك لە‌یاساو رە‌وتی لێكۆڵینە‌وە‌ نە‌نرا،لە ڕاستیدا زۆر سەیرە ئەم سەرۆكەی ئێمە وەكو هیچ كارێكی لەم هەرێمەی ئێمەدا نەبێت و وا دیارە بۆ چەند دەمێكیش سەربەخۆیانە چاودێری بارودۆخی كوردستانی نەكردووە وە هەر تەنها دەنگى مووچە خۆرەكانى خۆى دەبیستێت،ئەگەرنا هەموو ئەو خۆپیشاندان و نا ڕەزایانەی كە لە كوردستان و دەرەوەش كراون چ گرژی و ئاڵۆزییەكی تیابووە،چ كەس و لایەنێك ئازارو زیانی بەركەوتووە،ئایا ئەم دەنگە ناڕازیانەی سەر شەقام ئاژاوەو ئاڵۆزیان دروستكردووە یان ئەو هەڵمەتە ڕاگەیاندنەی میدیایی حیزبەكەی كە پڕە لە هەڕەشەو دەستبڕین و دەم بەستن و ئاواكردنی تاوانی كوشتن و زەنگی دوبارەكردنەوەی شەڕی ناوخۆ بارودۆخی كوردستان تێكدەدات؟؟؟.پاشان سەرۆك زۆربێباكانە دێت ئەلێت هیچ رێزێك لە‌یاساو رە‌وتی لێكۆڵینە‌وە‌ نە‌نرا،دیارە ئەم بەڕێزە دیسانەوە وەك ئاگایی لە بارودۆخی یاساو ڕەوتی یاسا لەو مەملەكەتەی كە فەرمانڕەوایەتی ئەكات نەبێت،دادگایەك كە لەكە لەم كێشەیەدا ئەمە وەزعى بێت و وە هەموو كەس ئەزانێت كە چۆن لەو كێشەیەیى كە بۆ كەمالى سەید قادریان دروستكرد زۆر ساروخیانەوە دەمودەست چالاك بوو توندترین سزاى لەماوەیەكى كەمدا بەسەردا سەپاند،وە بەڕێز بارزانیش زۆر باش ئەزانێت كە یاساكەىو داواكارى گشتییەكەى چەند پرۆفێشناڵانە بە ئەركى خۆى هەستا كاتێك كە لێپرسراوى مەكتەبى ڕاگەیاندنى حیزبەكەى هەموو كوردى بە (خۆشییەوە) بە سەگ شوبهاند كاتێك وتى میللەتى كورد سیفەتى سەگى وەرگرتووە تا نانى پێنەدەى دەنگت پێنادات، كاتێك كە ئەو بەڕێزە لە‌ كێشە‌ی‌ تیرۆركردنی‌ (سە‌ردە‌شت)دا، داوای‌ دان بە‌خۆداگرتن لە‌ جە‌ماوە‌ر ئە‌كات، با پێشمان بڵێت، دان بە‌ خۆدا گرتن تا كە‌ی‌؟! چونكە سە‌ردە‌شت یە‌كە‌م كە‌س نییە‌ لە‌م هە‌رێمە‌دا تیرۆر كرابێت، تا جە‌ماوە‌ر دان بە‌ خۆدا بگرێت و چاوە‌ڕوانی‌ ئە‌نجامی‌ پشكنین و لێكۆڵینە‌وە‌ی‌ ئە‌و لیژنە‌یە‌ بێت كە‌ گوایە‌ بۆ ئە‌و مە‌بە‌ستە‌ دروست كرابێت. چە‌ند دۆسێى ە‌ی‌ لە‌و بابە‌تە‌ هەیە‌ كە‌ ساڵی‌ بە‌سە‌ردا تێپە‌ڕیوە‌ و بە‌ هیچ ئە‌نجامێك نەگەیشتووە.
بێباكى دە‌سە‌ڵاتدارانى هە‌رێم و فە‌رامۆش كردنی‌ دۆسییە‌ی‌ تیرۆركراوان، گوومان لە‌سە‌ریان زیاتر دە‌كات و متمانەى‌ جە‌ماوە‌ر بە‌ دامودە‌زگا بە‌ حیزبى كراوە‌كانی‌ ئاسایش و بگرە‌ دادگاش كە‌م دە‌كاتە‌وە‌. هە‌ر ئە‌وە‌ش وای‌ كردوە‌ جە‌ماوە‌ر رۆژ بە‌ڕۆژ شێوازی‌ نوێ‌ و گوشاری‌ زیاتر بە‌كاربهێنێت بۆ بە‌رە‌نگاربونە‌وە‌ی‌ كاری‌ تیرۆریستی‌ و هە‌موو رە‌فتارێكى‌ دژ بە‌ ئازادی و دیموكراسیە‌كان.
ئە‌وە‌ی‌ گوومان لە‌سە‌ر دە‌سە‌ڵات زیاتر ئە‌كات ئە‌وە‌یە‌ كە‌ هە‌موو ئە‌و كارە‌ تیرۆریستییانە‌ زۆر بە‌ پشت ئە‌ستوری‌ ئە‌نجام ئە‌درێت و شوێن و بارودۆخىی‌ روداوە‌كە‌یە‌ كە‌ وا لە‌ جە‌ماوە‌ر دە‌كات گومانى‌ تاوان ئاڕاستە‌ی‌ دە‌سە‌ڵاتداران بكە‌ن ئەگەرنا بۆچى دوایى تێپەڕبونى نزیكەى یەك مانگ تائێستا نە توانرا ناسنامەو شوێنى ئەو تاوانبارانە دیارى بكەن كە ئەم تاوانەیان ئەنجام داوە لە كاتێكدا ئەم دەزگا هەواڵگرییانە بۆ زۆر لەو كەس و لایەنانەى كە هەڕەشە بوون لە سەردەسەڵاتى خۆیان نەك لە هەرێم بەڵكو لە دەرەوەى هەرێمیش بەشێوەیەكى زۆر خێراو ساروخییانە ئەیاندۆزنەوەو پەلكێشى دادگایان ئەكەن.
دە‌سە‌ڵاتدارانى‌ هە‌رێم نابێت ئە‌وە‌ لە‌ یاد بكە‌ن كە‌ خە‌بات ی‌‌ دە‌یان ساڵە‌ی‌ ئەم خەڵكە، لە‌ پێناوی‌ ئازادی‌ و ئاسودە‌یی‌ دا بوە‌. نابێت ناڕە‌زایی‌ و دە‌ربڕین و شێوازی‌ شارستانیانە‌ی‌ خە‌بات و تێكۆشان ی‌ لە‌ پێناوی‌ دابینكردن و پاراستن ی‌ مافە‌ رە‌واكانیدا بە‌ پیلان گێڕان لێك بدرێتە‌وە‌ و رێگیری‌ لێ بكرێت. چونكە‌ ئێش و ئازارى چینە‌ هەژارو بە‌شخوراوە‌كان، هە‌موو سنورێكى‌ بە‌زاندوە‌. هە‌ر لە‌بە‌ر ئە‌وە‌شە‌ رۆژ بە‌ رۆژ دە‌نگی‌ ناڕە‌زایی‌ لە‌ هە‌ومو لایە‌كە‌وە‌ بە‌رز دە‌بێتە‌وە.
وە پاش ئەوەش سوربوون و جەختكردنەوەى پارتى و بارزانى لە سەر قوتابیبوون و ڕۆژنامەنووس و ڕوشنبیرنەبوونى سەردەشت عوسمان ،گومانى قاتڵ بوونیان زۆر تۆخدەكاتەوە،لەبەرئەوەى زۆر ئاشكرایە كە تائێستا لە كوردوستاندا نەمانبینیووە هیچ قووتابییەكى ئاسایی بەو شێوە دڕندانەیەو بە بێ هیچ كێشەیەك لەناوببرێت،وە گریمان كە خوێنكاریش تیرۆر ئەكرێت بەلام دەم پڕكردن لە فیشەك بۆ؟؟.
دواى ئەوەش پەنجەى تۆمەت درێژكردن بۆ ئەو هەموو جەمعە لە خەڵك بەتاوانى تێكدانى ئاسایشى هەرێم یەك كۆمەڵى زۆر لە ووشەى نابێت و قوبووڵ نیە پێشینەیەكى زۆر مەترسیداروو دەمشكێنەرانەیە بۆ ئەو پەراوێزە لە ئازادى ڕادەربڕین و تەنانەت بۆ ئەو یاسا ڕۆژنامەگەرییەش كە سەرۆك خۆى ئیمزاى كردووە ،چوونكە بەپێى ئەو یاسایەش ڕۆژنامەنووس و ڕەخنەگر بەند ناكرێو ئازار نادرێ لە قورسترین حاڵەتدا سزایى مادى دەدرێت،دیارە ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت كە سەرۆك بەس ئیمزایى پڕۆژە یاساكان دەكات و تاقەتى خوێندنەوەیانى نییەو بە بە ئیمزایەك لە كۆڵ خۆى ئەكاتەوە.
پاشان سەرۆك لە پەرەگرافێكى تردا ئەڵێت: ئه‌وه‌ی ئێستا به‌ناوی ئازادییه‌وه‌ ده‌كرێت ئازادی نییه‌، ئه‌مه‌ فه‌وزایه‌ خه‌ریكه‌ ره‌وشتی كوردیه‌تی‌و مرۆڤایه‌تی تێكده‌چێت، به‌ناوی ئازادییه‌وه‌ به‌بێ به‌ڵگه‌‌و به‌بێ سه‌به‌ب هجوم ده‌كرێته‌ سه‌ر مافی هه‌ر كه‌سێك‌، ئه‌مه‌ ئازادی نییه‌ ئه‌مه‌ خراپ به‌كارهێنانی ئه‌و كه‌شه‌ ئازاده‌یه‌ كه‌له‌كوردستان به‌تێكۆشانی هه‌موولایه‌ك هاتۆته‌ ئاراوه‌، نابێت چیتر ئه‌مه‌ قبوڵ بكرێت، نابێ چیتر ئازادیی هاووڵاتییان‌و مافیان به‌ناوی ئازادییه‌وه‌ پێشێل بكرێت.
دیارە ئازادى لاى بەڕێزیان تا ئەو شوێنە بڕئەكات كە بە شانو باڵى سەرۆك و كەس و كارە دەسەڵاتدارەكەیدا هەڵبدەیت و وە نابێت ئیدى لەمەو دوا كەس بڵێت نا بەرانبەر هەموو ئەو كارە دزێوانەى كە ئەوان بە ناوى كوردایەتى و كوردستانەوە ئەیكەن ، تەنانەت ئەو بەڕێزە مافى ئەوەش بە خەڵك نادات لەبەرانبەر كوشتن و خەڵتانى خوێن كردنى داوایى ڕوونكردنەوەو لێكۆلینەوەى تاوانەكە بكەن ،كەواتە بۆچى سەرۆك هاتنە مەیدانى خەڵكى لێدەبێت بە فەوزا،كەس نازانێت سەرۆك بە چى لۆژیكێك فەوزا پۆلێن دەكات،لە هەموو فەوزایەكدا خۆ دەبێت شتێك یان كەسێك زیانى پێبگات یان خۆ دەبێت ئیشێكى نایاسایى ڕوبدات بەڵام هەموو كەس باش دەزانێت كە لە هەموو ئەو چالاكییە شارستانییانەى كە بە دژى تیرۆرى ڕۆژنامەنووس ڕویاندا بە قەد دەستدرێژى كردنە سەر كۆمەڵێك خەڵكى ڕۆژنامەنووس لەلایەن پیاوانى پاراستن و پارتى یەوە لە بەردەم پەرلەماندا فەوزا ڕوینەدا.
هیچ نەبووایەلە جیاتى ئەوەى كە سەرۆك لە بەردەم پەرلەمانى كوردستان و خەڵك دا دانى بەوەدا بنایە كە ئەنجامى كەمتەرخەمى هێزە ئاسایشییەكانى هەرێم ڕووداووى تیرۆرى سەردەشتى لێكەوتۆتەوە بەڵێن بدات كە لێكۆڵینەوە لەم هێزانە بكات و ئەوانەى كەمتەرخەمن سزا بدات،كەچى دێت زۆر بێباكانە ڕەوایى بە كەتەرخەمى و تەنانەت تاوانباریشیان ئەدات و بەڵێنى سزادان بە خەڵكى سەر جادەو تەنانەت زوڵملێكراویش ئەدات كە ئەمەش زۆر بە سادەیى بێلایەنى خۆى پاتەكەى لە تاوانەدا ناسەلمێنێت.
پاشان سەرۆك باس لە ڕەوشى كوردایەتى و مرۆڤایەتى ئەكات كە گوایە ئازادى قسەكردن و ڕەخنەگرتن ڕەوشى مرۆڤایەتى تێك ئەدات بەلام لە ووتارەنوسراوەكەیدا تەنانەت بەیەگ ووشەش باسى ئەوەى نەكردووە كە كوشتن و هەڕەشەو تیرۆر ڕەوشى مرۆڤایەتى تێكدەدات و وە تێكشى داوە كە ئەمەش ناوەرۆكى هەموو قسەكانى بەو ئاقارەدا دەبات كە ئیتر ئەو هیچ بەهاو نرخێك بۆ ئازادى خوازان و ڕۆشنبیران دانانێت و دەیەوێت ئەوە بدات بەگوێماندا كە تا ئێرە هێڵى سوورەو ئیتر لەمەو دوا ئەم جۆرە ناڕەزایانە دەمكووت دەكرێن كە ئەمەش لە ترسى ئەوەى نەوەكو ببێتە سەرەتایەكە بۆ هاتنە مەیدانى فراوانترو بە زەبرتر كە دیارە ئەمجارە سەرۆك خۆى زۆر باش هەستى بەئەو ناڕەزایى و توڕەییەى خەڵك بەرانبەر بە دەسەلاتەكەى كردووە بۆیە ئەمجارەیان بەتایبەتى دەچێتە پەرلەمان و لەژێر دەماكى شەرعییەتى خەڵى كوردستاندا ئەو ووشانەى كە لەنێو مەكتەبى سیاسى حیزبەكەیدا ووترابوو دێت لەناو پەرلەمان زیندوویدەكاتەوە،كە لێرەوە هەموو ئەو دەمامكانەى لابرد كە سەرۆك وەك سەرۆكى هەموومان بە قەڵەم دینارو ئەندام و لایەنگرانى خۆیى خەڵكى ناڕازى و ڕەخنەگرەوە مامەڵە ئەكات ،كە سەرئەنجام ئەوەمان دەستكەوت كە ئەم بەڕێزە بە ڕووكەشانەش تا ئەو كاتە وەك یەكى ڕەفتار ئەكات كە ڕەخنە جیدىو ڕژانە سەرجادەى خەڵك بە دژى سەركوتگەرى داپڵۆسین لە ئارادا نەبێت ‌.
جەختكردنەوەى سەرۆك كە دەڵێت نابێت چیتر ئەمە قبوڵبكرێت ئاماژەیەكى زۆر مەترسیدارە بۆ ڕەوایدان بە گرتن و شاربەدەركردن و فەلاقەكردن و پاشانیش تیرۆرى ڕۆژنامە نوسان و ڕەخنەگران ، وەك ئەوەى كە لە ئێستاوە دەستیانكردووە بە هەڕەشەلێكردن و ڕاونانى ڕۆژنامەنووسە سەربەخۆكانى هەولێر بەرەو سلێمانى.
بۆیە دەبێت كە لە ئاماژە ترسناكەكانى دیووى ئەمدیووى ئەم ووتارە تێبگەین كە لێوانلێوە لە هەڕەشەوە وە سفركردنەوەى ئەو پەراوێزە ئازادییەى كە لە یاسایى ڕۆژنامەگەرى 2008 ى پەرلەماندا هەیە،وە ئەگەر فشارى ڕۆژنامەنوسان و ڕیكخراوەكانى كۆمەڵگەى مەدەنى خەڵكى ئازادى خواز نەبێت دوور نییە كە ئەمجارەیان لە ڕیگەى شەرعییەتى سەرۆكایەتى هەرێم و پەرلەمان وە پاشانیش لەڕیگەى داپلۆسین و تیرۆرى هێزە سەركوتگەرەكانەوە بارودۆخ بەشێوەك بۆ دواوە بگەڕێتەوە كە نەك دیموكراسێتى هەرێم لە ئەوەى توركیا نزیكناكاتەوە بەڵكو بگرە لەوەى سعودییەو ئیرانیش دواكەوتووترى ئەكات.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە