یاسایى قەدەخەكردن یان ڕێكخستنى خۆپیشاندان
Sunday, 14/11/2010, 12:00
سەرئەنجام دواى نزیكەى سێ ساڵ لە دەستپێشخەرییەكەیى وەزارەتى ناوخۆ لە ڕێگەى پرۆژە یاساكەى بۆ دەم و دەست بەستنى خەڵكى كوردستان و قەدەخەكردنى خۆپیشاندان و كۆبوونەوەى گشتى لێیان، لە ڕێگەى پڕۆژە یاسایەكى زۆر دواكەتووانە و كۆنەپەرستانە ، لە 5-11-2010 بەزۆرینەى دەنگى پەرلەمانتارانى سەر بە دەسەڵات لەلایەن پەرلەمانى كوردستانەوە پرۆژەیەكى پرلە سزا بۆ كۆنترۆلكردنى خۆپێشاندان و كۆبونەوەى خەلك بەناوى "پرۆژەیاساى رێكخستنى خۆپێشاندان و كۆبونوەگشتیەكان " پەسەندكرا،بەپێى چەند بەنێك لە مادەكانى ئەو یاسایە،وەرگرتنى مۆڵەت لەڕێگەى ڕەزامەندى بچوكترین یەكەى ئیدارى وە قەدەخەكردنى كۆبوونەوەو مانگرتن و خۆپیشاندانى لە ناكاو وە گرتن و زیندانیكردن وە تەنانەت سزایى مادیى 500 هەزار دینار بۆ ڕێخەران و سەرپەریشتیكارانى خۆپیشاندان و كۆبوونەوە گشتییەكان مەترسیدارترین ئەو مادانەن كە ناوەرۆكى ئەم یاساییەیان لیپێكدێت.
دیارە ناچاركردنى خەڵك بۆ وەرگرتنى مۆڵەت لەلایەن یەكەئیدارییەكانەوە ڕاستەوخۆو بێ پەردە بۆ ڕێگە گرتنە لە سازدانى خۆپیشاندان چونكە بە هیچ لۆژیكێك ناسەلمێت دەسەلات مۆلەت بە خۆپیشاندانێك بدات كە لە دژى خۆیەتى بە تایبەتیش كە دەسەلات لێرە زۆر مەركەزییەو بەڕێوەبەرى ناحێیەك یان قائیمەقامێك ناتوانێت بە بێ ڕەزامەندى سەروو خۆى یان ڕاستر بڵێین لێپرسراوى مەڵبەندێك یان لقێك بڕیارى كۆتایى لێبدات، داواكردنى مۆڵەت بۆ خۆپیشاندان لەگەلأ هیچ پێوەرێكى دنیاى مەدەنى و مۆدێرندا نایەتەوە ، لەمانەش سەیرتر ئەوەیە كە مانگرتن و كۆبونەوەكان تا بەرلەخۆراوابون بەردەوامیان ئەبێت كەئەمەش پێشێلكردنى مافى خەڵكییە لەچۆنیەتى دیاریكردنى شێوازى بەدەستهێنانى ماف و داواكاریەكانیان ،واتە بەم پێوەرەبێت نابێت هیچ خۆپیشاندان و كۆبوونەوەیەكى گشتى لە یەك ڕۆژ زیاتر بخایەنێت .
دوایى ئەوەش بەرپرس كردنى ڕێخەرانى خۆپیشاندەران لە هەر پێشهات و كێشەو خوێنڕشتنێك بەتایبەتى كە كەم جار لێرە خەڵك هۆكارى ئەم كێشانەیەیە بە قەد ئەوەى كە ئێمە خۆمان بینیومانە كە ئەو چەند كەسەى لە هەڵەبجەو كەلارو شوێنى تر خوێنیان ڕژا بە گولەى خەلك نەبووە لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە وەك كەسانى مەدەنى چەند جار بینیوومانە كەسان و ئاسایشى سەر بە دەسەلات هانى خەلكیان داوە بۆ بەلاڕێدابردنى خۆپیشاندان تا لە ڕێگەیەوە كۆنتڕۆڵى بكەن،كەواتە ئەم یاسایە دەستى هێزەكانى سەر بە دەسەلات والاِ ئەكات بۆ تاوانكارى بەمەبەستى كپكردنەوەى دەنگى خەڵكى پاشانیش دەبێت كەسانى مەدەنى ڕێخەرانى خۆپیشاندان باجەكەى بدەن.
بێجگە لەوەى كەئەم یاسایە تەنانەت لەگەڵ بەندەكانى دەستورى ئێراقیدا نایەتەوە كە خۆپیشاندان و هاتنە سەرشەقامەكانى بە مافێكى سەرەتایى خەڵك ئەژماركردووە،بەڵام خودى ئەم كاردانەوەو هەڵوێستەى دەسەڵاتدارانى هەرێم نەك بە تەنها ڕێگەگرتن و بەرتەسكردنەوەى ئازادییەكانە،بەڵكو سەركوتكردن و قەتیسكردنى لەمەودوایى بزووتنەوەى ناڕازییەكانى خەڵكى كوردستانەوەو،وە پەیامى كۆت و تابۆى زیاترە بە ڕووى ئازادیخوازانى كوردستان.
ناوەرۆكى ئەم پڕۆژە یاسایە پەیامێكە جگە لە سەركوتى ئازادیى،جگە لە كڕنوشپێبردن و بێ ئیرادەكردن وملكەچكردنى خەڵكى،وە بێدەنگكردنى خەڵك لە بەرانبەر گەندەڵى و نادادپەروەرى و خراپ بەڕێوەبردنى دەسەڵات لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە هیچى تر نى یە.
ئەوان بەم پڕۆژە یاسایە هەموو ڕێوشوێن و میكانیزمێك ئەگرنە بەر بۆ دورخستنەوەى هەموو ناڕەزایى و پێشهاتێكى خەتەر بۆ سەر دەسەڵاتیان،لەڕیگەى ئەم یاسایەوە دەسەڵاتداران ئەبنە دەم ڕاست و بڕیاردەرى خەڵك بۆ خۆپیشاندان و ناڕەزایدەربڕین دژ بە نەبوونى ئاوو كارەبا وە ئیتر ئەوان بڕیار بۆ خەڵك ئەدەن لە سازدانى خۆپیشاندان بۆ قیرتاوكردنى شەقامێك وە بۆ دادگایكردنى ئەنفالچییەك وە یان بۆ ناڕەزیدەربڕین لە بەردانى فڕۆكەوانێكى كیمیاباران،وە ئەگەر ئەم پڕۆژەیە بچەسپێت ئیتر دوو حیزبى دەسەلات لە برى ئیرادەیى ڕاستەقینەى خەلِكى كوردستان بڕیار لە بوون یان نەبوونى خۆپیشاندان ئەدەن وە ئیتر ئەوان بیر بۆ خەڵك ئەكەنەوە،بیر بۆ پەیداكردنى نانى ڕۆژ،شوێنى نیشتەجێبوون خۆشگوزەرانى:چەندەها شتیتر ئەكەنەوە.
ئەوان بەم پڕۆژە یاسایە ئەیانەوێت لەجیاتى ئێمە بڕیار بدەن و وە پێشمانبڵێن كە چانسى ژیانى ئێمە لەم چوار دیوارى ئەم هەرێمەدا هەر ئەمەیەو ئەبێت خۆمانى لە گەڵدا بگونجێنین،وە ئەبێت سەبروو تە حەمولمان هەبێت بەرانبەر بە هەموو گەنەڵیى بێسەروبەرەیى بەڕیوەبردنى كوردستان،وە پەیامێكى زۆرڕوون و ئاشكرایە بۆ ڕازیكردن و دەستەمۆكردن وچاولەدەستى خەڵك بۆ دەسەڵات،وە زۆر بە ڕوون و ئاشكرانى پێمان دەڵێن بۆتان نىیە دەنگ هەڵبڕن وە ئەگەر قسەشتان هەبوو وەرنە لایخۆمان ئێمە بۆتانى ئەكەین.
بەم پڕۆژەیاسایە ئیتر ئەوان نایانەوێت خەڵكى ئازاد و ئازاد بژى،نایانەوێت خەڵكى دوایى ژیانێكى ئینسانى و بەرابەرى و خۆشگوزەرانبكات،وە دەیانەوێت ئیتر خەڵكى لە قۆزاخەكەى خۆیدا بمێنێتەوە شوكرانە بژێرى دەسەڵات بێت.
بەپێى هەموو بەڵگەنامەكانى سیستمە دیموكراسییەكان و تە نانەت بە پێ ى جاڕنامەى گەردوونى مافەكانى مرۆف ئازادى مانگرتن و خۆپیشاندان و كۆبونەوەی گشتی یەكێكەلە بەڵگەكانى بونى ئازادی لە هەر كۆمەڵگایەكدا ، وە مافێكی بێ ئەملاولای خەڵكە بۆ یە هەرجۆرە رێگریەك بەهەربیانویەك پێشێلكردنی ئەو مافەیە، وە كاری ئێمەیە وە رێكخراوى مەدەنى و خەڵكى ئازادیخواز بەهەموو توانایەكمانەوە بەرگری لەو مافە بكەین و دژبە تێپەراندنى برۆژە یاسایەك بوەستینەوە، وەپێویستە دەنگ هەڵبڕین و تواناكانمان یەك بخەین لەپێناو فشارخستنەسەر سەرۆكى هەرێم تا ئیمزاى تێپەربون لە برۆژە یاسایەك نەدات كە سەركوت و گرتن و كوشتنى خەڵك بەیاساى ئەكاتەوە، وەلێرەوە هەوڵى هەڵوەشاندنەوەى ئەو پرۆژە پاسایە بدەین و كار بكەین لەپێناو جێخستنی یاسایەكدا كە ئازادی بێ قەید و شەرتی خۆپیشاندان و مانگرتن و كۆبونەوەگشتیەكان فەراهەم بكات .
نەبەز ئەحمەد
لە تۆڕى بەرگرى لە ماف و ئازادییەكانى خەڵك
ئەندامى كەمپینى سەرۆك ئیمزاى مەكە
Email:
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست