کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


بەیاننامەى دانیشتوانى شارۆچكەى سیروان سەبارەت بە كەموكوڕى و كەلێنەكانى بودجە

Friday, 15/02/2013, 12:00



ئەمجارەش قوتى میللەت بەهەدەر برا ...
بۆڕاى گشتى و كەناڵەكانى راگەیاندن :..
ئەمساڵیش وەك ساڵانى پێشوو جارێكى تر بودجەى هەرێمى كوردستان بەكۆمەڵێكى زۆر كەموكورتى یەوە، زۆر ناعادیلانە لەلایەن حكومەتى هەرێمەوە ئامادەكراو خرایە بەردەم پەرلەمان ، پەرلەمانیش دیسانەوە بیریچویەوە كە ئەو نوێنەرى میللەتەو دەبێت بودجە بخاتە خزمەت میللەتەكەى ، بۆیە ئەیەوێ بودجە بەو هەموو كەموكورتى و ناعەداڵەتى و ناشەفافیەتەیەوە قبوڵبكات .
هەمووان لەچاوەڕوانى ئەوەدا بووین كە پرۆسەى ئاشتبوونەوەى نیشتمانى و لێكنزیكبونەوەى لایەنەكان چاكسازى و بەگژاچونەوەى گەندەڵى بەدواى خۆیدا بێنێ ، هەمووان چاوەڕوان بووین كە ئەو یاسایانەى ڕەهەندى نیشتمانیان هەیە بگەڕێنرێنەوە پەرلەمان و بە تەوافقى نیشتمانى پەسەند بكرێن ، بەڵام پێچەوانەى ئەم چاوەڕوانیانە دەسەڵات یاسایەكى چارەنوسسازى دیكەى لە ژێر ڕەحمەتى زۆرینەو كەمینەدا كردە قوربانى بەرژەوەندیە تایبەتەكانى خۆى و بێ گوێدانە ڕەخنەو سەرنج و تێبینى لایەنەكانى ئۆپۆزسیۆن ئەیەوێ بودجەكە پەسەند بكات .
تێپەڕاندنى بودجە بەم شێوەى ئێستا هەموو ئەو هەوڵانە لەبار ئەبات كە دەنرێن بۆ چاكسازى و گۆڕانكارى ، جارێكى تر ئەوە دەسەلمێنێ كە دەسەڵات هیچ نیەتێكى نیە بۆ چاكسازى بەڵكو ئەوەى هەیە بەڕێكردنى كاتەو كۆبونەوەیە لە پێناو كۆبونەوەدا ، لەسەر ئەرزى واقیع نیەتى دەسەڵات پێچەوانەى لێدوانەكانیەتى .
هاوڵاتیانى كوردستان خاوەنى كوردستانن و سامان و داهاتى ئەم كوردستانەش تەنها دەبێت بۆ هاوڵاتیان بێت ، بۆیە نابێت هیچ كەس و لایەنێك داهاتى میللەت بۆخۆى بەرێت لەژێر هەرناو بیانویەكدا بێت .
جێى نیگەرانیە كە كوردستان خاوەنى بودجەیەكى گەورەو زەبەلاحە ، بەڵام لەبرى ئەوەى ئەم بودجەیە بخرێتە خزمەت هاوڵاتیان هاوڵاتیانى لێ مەحروم ئەكرێ ، ساڵانە بەشى هاوڵاتیان لە بودجەى ئەم هەرێمە تەنها بینینى بەتاڵان بردنى بودجەیە .
لێرەوە لەڕێى ئەم بەیاننامەیەوە نارەزایى خۆمان دەردەبرَین بەرامبەر بە تێپەراندنى بودجە بەم كەمو كورتیانەوە داوادەكەین بودجە لەخزمەت بەرژەوەندى گشتى دابێت، هەرهەوڵێك بۆ تێپەڕاندنى بودجە بەم شێوەى ئێستاى بەدەستدرێژییەكى گەورەى دەزانین بۆسەر مافى هاوڵاتیان و لەلایەكى دیكەشەوە بانگەشەى دەسەڵاتدارانى هەرێم بۆ كرانەوە بە ڕوى دیموكراسیەت و شەفافیەت دەخاتە ژێر پرسیارەوە
وەجێى خۆیەتى سوپاسى هەموو ئەو پەرلەمانتارانە بكەین كە دەنگى ناڕازى شەقامیان بردە ناو هۆڵى پەرلەمان و ڕایانگەیاند نابێت بودجە بەم شێوەى ئیستا تێپەڕێ ، لێرەوە دەنگى خۆمان دەخەینە پاڵ دەنگى ئەو پەرلەمانتارە بەڕێزانەو ڕامان وایە ئەوانە نوێنەرى راستەقینەى گەلن ...

ژمارەیەك گەنج و چالاكوانى كۆمەڵى مەدەنى و رۆژنامەنووسى شارۆچكەى سیروان
15/2/2013
07702159554

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە