کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بەردەوام لە هەمان بازنەدا دەخولێینەوە

Sunday, 06/04/2014, 12:00







بەحوکمی ئەوەی خۆم سیاسەتمەدار بووم کە کەسێك باسی ڕاستگۆیی سیاسەتمەدار دەکات پێکەنینم بە قسەکەی و بەزەییم بە عەقڵیدا دێت.
-چارلس دیگۆڵ-

دیسانەوە چەواشەکردنی جەماوەرو خەڵك دەستی پێکردەوە و درۆ و دەلەسەکان سەری هەڵدایەوە.
ئەوەی جێی پرسیارو گومانە کە ماوەی شەش مانگە بەناو سیاسەتمەدارەکان و بەناو حیزبە براوەکان نەیان توانیوە حکومەتێك پێك بێنن، ئایا چۆن دەتوانن خزمەت بکەن و مافەکانمان بگەڕێننەوە...؟.
ئەوەی کە جێی داخیشە، کە جەماوەر خۆشباوەرە و دوای پروپاگەندە و ریکلام و بانگەشەی درۆی حیزب و کاندیدەکان کەوتووە.
ئەمە یەکەم و دووەم جار و سێهەم جار نییە کە پرۆسەی هەڵبژاردن بەرێوە دەچێت و جەماوەر دەخەنە جموجۆڵێکی گەورەوە و پەیمان و بەڵێنی پێ ئەدرێت و لەئەنجامدا ژیانی هاووڵاتی سەخت تر دەبێت و قەیرانەکان زیادتر دەبێت و کێشەکانمان لەگەڵ حکومەتی ناوەند قوڵتر دەبێتەوە، جگە لە کەموکوڕی خزمەت گوزاری وەکو ئاوی خواردنەوەو ئاوەرۆ، کەمی کارەبا و خراپی رێگاوبان کە ڕۆژانە کارەساتی لێدەکەوێتەوە، کەم و کوڕی لە کەرتی تەندروستی و پەروەردەدا، نەبوونی دادگایەکی بێلایەن و تیرۆرکردن و کوشتنی خەڵکانی بێتاوان، نەبونی ژێرخانێکی ئابوری و پرۆژەی وەبەرهێنان بۆ ئەوەی متمانە بەخۆمان بکەین و متمانە بە هاوردەی کاڵواڵای دەرەکی نەکەین.
لەلایەکی دیکەوە ئەوەی کە جێی سەرسورمانە، ئەو خەڵك و جەماوەرەی کە باسی گەندەڵی و کەم و کوڕی، ناعەدالەتی وناشەفافیەت دەکات هەمان خەڵك و جەماوەرن کە دەنگ ئەدەن بۆ ئەم بەناو حیزب و کاندیدانە و بوون بە پردێك بۆ یان بۆ سەر دەسەڵات.
هەروەها چەواشەی جەماوەر کەوتۆتە ئاستێك کە توانراوە تا رادەیەکی زۆر متمانەو باوەریان پێبکەن، بۆ نمونە بەجۆرێك ئەگەر تەبایی و ئاشتی لەناو ئەم بەناو حیزب و سیاسەتمەدارانە هەبێت تەبایی و ئاشتیش لەناو جەماوەردایە، بەڵام ئەوەی کەکارەساتەو زوڵمێکی گەورەیە دەرحەق بە جەماوەر ئەوەیە کە ناتەبایی و ململانێتی لە نیوان بەناو سیاسەتمەدارەکان روئەدات شەرو پێکدادان لەناو جەماوەردا روئەدات، بەڵام بەداخەوە زۆربەیان نازانن لە کاتی گەورەترین و سەختترین ناتەبایی و ململانێتی ئەو حیزب و سیاسەت مەدارانە پەیوەندی نەهینی و تەبایی و گفتو گۆو ئاشتی نەهێنی هەبوە لەبەینی ئەو بەناو سەرکردەو سیاسەت مەدارانە.
خاڵێکی دیکەی گرنگ هەیە کە بە پێویستی دەزانم کەمێك تیشکی بخەمە سەر، ئەویش هەمو ئەو رێکەوتنامانە و پەیماننامانەی کە واژوکراوە و دەکرێت لە نێوان بەناو حیزب و سەرکردەکاندا، ئێمەی جەماوەر تەنها ناوەکەی دەزانین بەڵام ناوەرۆکەکەی نەهێنی و نادیارە، بۆ نمونە هەموومان دەزانین هاوپەیمانی ستراتیجی یەکێتی و پارتی هەیە، بەڵام ئایا ناوەرۆکەکەی روون و ئاشکرایە، وەکو بیستراوە لەسیاسەتدا خاڵی ئاشکراو خاڵی نەهێنی هەیە لە هەمو واژۆکردنی پەیمانێکدا، بەڵام بەپێی ئەو روداوانەی کە روو ئەدەن لەدوای هەمو پەیمانێك ئەکەوینە گومانەوە کە خاڵە نەهێنیەکان لە بەرژەوەندی جەماوەرو میللەتدا بێت، بەڵکو لەبەرژەوەندی کەسایەتی و تایبەتدایە، بەڵگەم ئەم دواکەوتن و گەندەڵیەیە، ئەم ناحەق و ناعەدالەتەیە کە روو ئەدات لە هەموو دامو دەزگاحکومیەکانداو بوارەکانی ژیاندا.
نەهێنیەکان زۆرن و کێشەکان سەختن، بەڵام ئەوەی گرنگە کە بزانین و بەپێی ئەزمونی رابردو کە ئێمە ڕۆژ بەڕۆژ بەرەو دوواوە دەڕۆین و قەیرانەکانمان سەختتر دەبێت و ئایندەمان تەمومژاویتر دەبێت لە ژێرسایەی دەسەڵات و ململانێتی ئەم حیزب و بەناو سیاسەتمەدارانە کە بە هۆیانەوە بەردەوام لەبازنەیەکدا دەخولێینەوەو هیچمان پێناکرێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە