خولانەوە لە بازنەیەکدا
Monday, 07/10/2013, 12:00
کوردەکان لەناو خۆیاندا دوژمنی یەکترن، ئەوەش هۆکارەکەیە کە دەرفەتی ئەوەیان نیە دوژمنی دوژمنەکانیان بن.
-محمد مەهدی جەواهیری-
مێژوی کورد پرە لە ناتەبایی و ناکۆکی، ململانێتی و داکۆکی، هەر بەو پێیە ئێستاش هەمان مێژو دوبارە دەبێتەوە بەڵام بە شێوازێکی دیکە و لە هەمان بازنەدا کە تێپەر نابێت بۆ قۆناغێکی باشترو سەرکەوتو تر.
ئەمەش وامان لێدەکات کە ئایندەو داهاتومان رون و دیار نەبێت لەبەر چاومان. هەر بۆ نمونە لەم بارودۆخەی ئەمرۆدا گەر پرسیارێك بکەن لە هاوڵاتیان کە ئایا تا چەند ئایندەو داهاتومان رونە و ئایا جێی متمانەو دڵنیاییە یاخود جێی گومان و تەمۆژاویە.
بە دڵنییاییەوە وەڵامەکەی سەختە لای هەموان.
بەڵی جەماوەر دەنگی دا بۆ ئایندەیەکی گەش و روناك، بۆئەوەی داواکاریەکانی جێبەجێ بکرێت و کەموکورییەکان نەمێنیت وبەرەو پێشەوە بروات، کە هەموی هەموی ئەکەوێتە ئەستۆی حکومەت و دەسەڵاتی داهاتو بۆ جێبەجێکردنی، جێبەجێکردنەکەشی پێویستی بە ئیرادەیەکی گەورەی بەهێزە کە سیستەمێکی حکومرانی توکمەو کارا پەیرەو بکات کە لە سەرو هەمویەوە یاسا بە تەواوی سەروەر بێت. یەکەم ئەرکی پەرلەمانی نوی دیاری کردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردنە بەمانای کابینەی حکومەتی داهاتو، حکومەتی داهاتوش تەنها دوو شێوازی دەبێت، یەکەم حکومەتێکی بنکە فراوان کە هەمو بەشدار بن لە کابینەی حکومەتدا،کە باشترین شێواز دەبێت بە شەرتێك هەمو پێکهاتەکان هەوڵ و کۆشش و کارکردنیان لەسەر بنە مای پەرژەوەندی میللەت و نیشتمان بێت، دور بێت لە پەرژەوەندی حیزب و تایبەت، ئەم شێوازە توانای دەبێت بەرەو قۆناغێکی باشتر هەنگاو بهێنیت، وە توانای پلان و ئیستراتیجیەتێکی توکمەی دەبێت بۆ ئێستاو ئایندەمان، کە بە یەك دەست و یەك ئامانج میلەت زیادتر گەشە پێ بدات و نێشتمان بەرەو پێشەوە بەریت، جگە لەوەی کە جەماوەر بە هەمو بۆچونی ئایدۆلۆژی و حیزبایەتی و گشت بیروبۆچونە جیاوازەکانیانەوە نزیکتر دەبن لەیەکتروتەبایی و ئاشتی لەناو جەماوەردا گەشە پێئەدات، کە لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی یەك هەوڵو هەڵوێست بۆ پەرژەوەندی هەموان.
دوهەم- یەك دو حیزب و چەند لایەنێك دەسەڵات و حکومەتی داهاتو پێك بێنن، حیزب و لایەنەکانی دیکەش وەکو ئۆپۆزسیون کار بکەن، هەر نزیك لە شێوازی رابردو بەڵام بە جۆرە گۆرانکارییەکی جیاواز، وە پێشبینی ئەم شێوازەم کرد لە وتارێکی پێشودا، کە بەداخەوە وامان لێدەکات لە هەمان بازنەدا بخولێینەوە، چونکە ئەمجۆرە حکومەتە دەمانگەرێنیتەوە بۆ دوئیدارەیی و ململانیتی رابردو لەمیان هەمو لایەن و هێزە سیاسیەکانەوە و ناگاتە ئاستی خوازو خواستی تەواوی میللەتەکەمان، جگە لەوەی کە ئەو هێزو قورساییە پێویستەمان نابێت بەرامبەر بە لایەن و هێزە سیاسیەکانی دەرەکی.
لەبەر ئەوە داخوازین کە سیاسی و سەرکردەکانی کورد هەوڵو کۆششێکی گەورە بدەن بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی بنکە فروانی دەستەڵاتدار، حکومەتێك بێت کە هەمو بیروراو بۆچونەکان بخاتە سەر مێزی گفتوگۆ، حکومەتێك بێت دوربێت لە هەوڵی راکێشانی جەماوەر هەریەکە بەلای خۆیدا، باڵباڵێتی و تەکەتولات و سوککردنی بەرامبەر وای لە کورد کردوە کە ببێت بە زۆر بەشەوە،جگە لە زۆربەی دەزگا راگەیاندنەکان لایەندارو حیزبین،زۆربەیان خەریکی سوکایەتیو کەمکردنەوەی یەکترن، کە دەبێتە هۆی پەرش و بڵاوی میللەت و جەماوەری کورد، ئەنجامەکەشی لاوازی خۆمانە.
ئیتر بەسە خولانەوە لەیەك بازنەدا، ئیتر بەسە دوژمنایەتی یەکتر.
سەرهەنگ کەریم قەرەنی
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست