بایکۆتی دەنگدان پێویستی بە گروپ و رێکخراو نییە، پێویستی بە وشیاریی خەڵکە، ئەو رۆژە لە ماڵەکانتان مەچنە دەرەوە


پەیام بۆ ئەنجومەنی کاتی مەیدانی ئازادی..ڕاگەیاندنی پێکهێنانی ئەنجومەنی کاتی تۆرۆنتۆ

Wednesday, 06/04/2011, 12:00




هاوڕێ یانی خەباتگێری ئەنجومەنی کاتی مەیدانی ئازادی!
دەستی خەبات و ماندونەبووتان دەگوشین. بەدڵێکی پرلەهیواوە ئارەزووی سەرکەوتنتان دەخوازین.
بەڕێزان..
ئێوە بوونەتە جێگەی ئومێدی خەڵکی مافخوراوی کوردستان لەم خەباتە نوێیەیاندا. خەبات و تێکۆشانی مەدەنی دوور لە خوێنرێژی و دوکەڵی تفەنگ. خەباتێک کە هەم ئامانجەکانی و هەم کارنامەکەی نوێن. ئەم خەباتە پشتی کردۆتە ژورە تاریکەکانی حیزبەکانی دەسەڵات و هەنگاودەنێ ڕووەو ڕوناکی شەقام. پشتی کردۆتە سەرۆکێکی بێگوێ و پەرلەمانێکی لاڵ و حکومەتێکی بێنووزە لە ئاست وەڵامدانەوە بە داخوازیە ڕەواکانی ئێوە. حیزبەکانی دەسەڵات و سەرۆکەکانیان لە هۆڵی پەرلەمانە بێ ئیرادەکەیان، حکومەتە ئیفلیجەکەیان و لە مەکتەبی سیاسیەکانیانەوە دەستیانناوەتە بینی نان، بینی ماف، بینی ئازادی. ئێوەش بوونەتە سومبولی نان و ماف و ئازادی.
ئێمە لەگەڵتانداین بۆ زیاتر بە رزکردنی باڵای ناڕەزایەتیەکانتان. ئێمە پشتیوانتانین کە ئاواتەکانی ئێوە و خەڵکی ناڕازی کوردستان نەبن بەژێر سات و سەودای حیزبایەتیەوە لە هەمان ئەو ژوورە گومانلێ کراوانەدا.
بەردەوامبن، ئێمەش لەپشتتانین
ئەنجومەنی کاتی تۆرۆنتۆ بۆ پشتیوانی کردن لە خۆپیشاندانەکانی کوردستان
کەنەدا-04/04/2011
------------------------------------------
ڕاگەیاندنی پێکهێنانی
  ئەنجومەنی کاتی تۆرۆنتۆ بۆ پشتیوانی کردن لە خۆپیشاندانەکانی کوردستان
        پاش بە ئەنجام گەیاندنی چەند چالاکیەک لە چەشنی کۆبوونەوە و خۆپیشاندان لە شارەکانی تۆرۆنتۆ و هامڵتۆن لە کەنەدا و واشنتۆن لە ئەمەریکا، هەروەها گەیاندنی دەنگی ناڕەزایەتی جەماوەری کوردستان بە ڕای گشتی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و هەندێک لە ئەندام پەرلەمانەکانی وڵاتی کەنەدا، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی 03/04/2011 کۆمەڵێک لە ئازادیخواز و یەکسانیخواز لە هاووڵاتیانی کوردستانی دانیشتووی شاری تۆرۆنتۆ و شارەکانی دەوروبەری کۆبوونەوەیەکی گشتیمان لە شاری تۆرۆنتۆ- کەنەدا سازکرد . ئامادەبوانی کۆبوونەوەکە، لە کەشێکی ئازاد و دیموکراتیدا، بەتێکڕای دەنگ بڕیارماندا لەسەر بەڕێخستنی کەمپەینێکی سیاسی بۆ پشتیوانی کردن لە خۆپیشاندانەکان و داخوازیەکانی جەماوەری ڕاپەڕیوی کوردستان کە لەڕێگەی "ئەنجومەنی کاتی مەیدانی ئازادی" یەوە خراونەتەڕوو. هەروەها بۆ بەڕێوەبردن و بەئەنجامگەیاندنی ئەم کەمپەینەش کۆبوونەوەگشتیەکەمان، بەتێکڕای دەنگ، بڕیاریدا ئەنجومەنێک پێکبهێنێت لەژێر ناوی " ئەنجومەنی کاتی تۆرۆنتۆ بۆ پشتیوانیکردن لە خۆپیشاندانەکانی کوردستان". بۆیە بەئاگاداری هەموولایەکی ڕادەگەیەنین کە:
 1.    ئەنجومەنی کاتی تۆرۆنتۆ داخوازیەکانی ئەنجومەنی کاتی مەیدانی ئازادی بەهی خۆی دەزانێ و بۆ پشتیوانی لەو داخوازیانە پێکهاتووە.
 2.      ئەنجومەنی کاتی تۆرۆنتۆ هیچ بەرنامەکارێکی جیاواز ناخاتە بەردەم ئەنجومەنی کاتی سەرای ئازادی بەڵکو ئەنجومونەکەی ئێمە بۆ پشتیوانی بەرنامەی کاری ئێوە پێکهاتووە بە بڕیاری کۆبوونەوە گشتیەکەمان.
 3.    هەرپێشنیارێک بەئێمە بدرێت لەلایەن ئەنجومەنی کاتی مەیدانی ئازادیەوە، بەئامانجی بەهێزکردنی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی خەڵکی کوردستان و بەدەسهێنانی داخوازیەکانیان، ئێمە بەپێویستی ئەزانین کە بیخەینە دەستووری کاری خۆمانەوە.
 4.    لە حاڵەتی سەراسەریکردنەوەی ڕابەرایەتیکردنی ئەنجومەنە فەرعیەکانی شارەکانی تری کوردستان و دەرەوەی وڵات، ئەنجومەنی کاتی مەیدانی ئازادی دەتوانێت ئەنجومەنەکەی ئێمەش وەک هێزێکی ڕێکخراوی خۆی چاولێبکات.
 5.    ئەنجومەنی کاتی تۆرۆنتۆ بانگەوازی هەموو ئەو کەس و گروپانە ئەکات ، لە شاری تۆرۆنتۆ و شارەکانی دەوروبەری کە پشتیوانی دەکەن لە بزوتتنەوەی ناڕەزایەتی خەڵکی کوردستان، کە پەیوەستبن بەم کەمپەینە سیاسییەوە و چالاکبن تیایدا.
 
 بۆپێشەوە .... بەرەو سەرکەوتن
 ئەنجومەنی کاتی تۆرۆنتۆ بۆ پشتیوانی کردن لە خۆپیشاندانەکانی کوردستان
 04/04/2011
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە