پەیامى پیرۆزبایى بۆ گەلى تونسى و میسریەكان و ئاشتى و چاكسازى بۆ كوردستان
Monday, 14/02/2011, 12:00
پاش چەند رۆژێكى كەم لە نارەزایەتی جەماوەرى و هاتنەسەرشەقامى گەلى تونس و میسر دژ بە دیكتاتورەكانیان ، سەرئەنجام دەسەڵاتى ستەمكارو پرچەك لەبەرامبەر تورەبون و فشارى مەدەنیانەى خەڵك چۆكى داداو سەرۆكەكانیان شاربەدەركران و خۆرى دەسەڵاتى ستەمكاریان ئاوابوو،بێزارى خەڵك لە خراپى بارى گوزەران و نەبونى تەواوى ئازادییەكان و دەیان كێشەى ترى ئابورى و كۆمەڵایەتى بە رادەیەك زۆربوو كە وەك رەشەبایەكى تورە دەسەڵاتدارانى پێچایە وە.
ئێمە وەك بەشێكى زۆرى خەڵكى كوردستان ،جگە لە پیرۆزباى گەرممان لەو سەركەوتنە گەورەیەى گەلى راپەریوى تونس و میسر ،پشتیوان لە ئیرادە و داخوازیەكانى ئەوگەلەئەكەین .چونكە ئێمەى خەڵكى كوردستانیش دوچارى هەمان قەیرانى سیاسى و ئابورى و كۆمەڵایەتى هاوشێوەى میسرى و تونسیەكان بوینەتەووە، گەر تەواو لێكچونێكیش نەبێت ئەوا بێشك خاڵى هاوبەشى پر لە مەینەتى و نەخۆشى سیاسى بەرۆكى ئەم دەسەڵات و حكومەتەى گرتوەتەوە.
ئەى دەسەڵاتدارانى هەرێمى كوردستان:
لەسەروبەندى ئەم گۆرانكاییەگەورانەى كە رۆژهەڵاتى ناوەراستى گرتوەتەوە، ئێمە وەك چالاكوانانى مەدەنى و خەڵكانى ئازادیخواز و خەمخۆرى ئەم وڵاتە هۆشدارى بەپەلە ئەدەینە ئێوەى دەسەڵاتدار و حكومرانى ئەم هەرێمە، كە هەرچى زوترە بكەونەخۆتان بۆ ئەنجامدانى چاكسازى ریشەیى لە تەواوى كایە سیاسى و ئابورى و كۆمەڵایەتیەكاندا.وە لەماوەیەكى زۆركورتدا بەعەمەلى وەڵامى داخوازى و پرسیارە چارەنوسزازەكانى خەڵك بدەنەوە كە رۆژانە ئاراستەى دەسەڵاتى حاكم و حكومەتەكەى ئێوەى ئەكەن . ئێوە دەبێت لەمەودوا كۆتاى بە هەڵخەڵەتاندن و چەواشەكردنى خەڵك بهێنن و بە بەڵێنى زارەكى خەڵك هیوا براونەكەن، ئەگەرنا كە شەپۆلى تورەى و بێزارى خەڵك هاوشێوەى تونسى و میسریەكان هەڵى كرد ئیدى هیچ هێز و پارتێك ناتوانێت خۆى لەبەرى راگرێت و كار لەكار ئەترازێت. بۆیە دەپرسین و داوادەكەین كە ئەگەر هەرپارت و لایەنێك خەمى لەدەستچونى ئەم دەسەڵاتە خودموختاریە و لە خەمى كوردوكوردستاندایە دەبێت هەرچى زوترە گۆرانكارى ریشەیى لەولاتدا بكات و وەڵامى داخوازیەكان خەڵك بداتەوە.
ئەى پارت و بزوتنەوە سیاسیەكانى كوردستان:
خەڵكى كوردستان داوادەكات كە بەهۆى ململانێى حیزبایەتى و سیاسیانەى خۆتانەوە ، هاوشێوەى رابوردوو خەڵك نەكەنە قوربانى دووبارە كوردستان نەكەنەوە مەیدانى شەر و كوشتار . وە داوادەكەین كە بە ململانێى مەدەنى و دیموكراتیانە هەوڵى ئالوگۆرى دەسەڵات و بەدیهێنانى ئامانجەكانتان بدەن. بۆیە ئێمە وەك چالاكوانانى مەدەنى و خەڵكانى ئازادیخواز پێتان را ئەگەیەنین كە چیتر خەڵك لێتان قبوڵناكات تا دووبارە كوردستان بكەنە مەیدانى جەنگ .وە لەئەگەرى رودانى هەر توندوتیژیەك ئێوەى دەسەڵاتدار و حیزب و بزوتنەوە سیاسیەكان بەرپرسیاریەتى راستەقینەى تاوان و روداوە خوێناویەكان لە ئەستۆى ئێوەدا ئەبێت.خەڵكى كوردستان و كۆمەڵگەى نێودەوڵەتى چیتر لێتان خۆشنابین .ئاشكراشە كە بە داواى لێبوردنكردن برینەكانى خەڵكى بەشمەینەت سارێژنابێت . بۆیە هیوادارین وە داواكارین كە بە شێوازى ناتوندو تیژى خەباتى سیاسى ومەدەنى خۆتان بەردەوامى پێبدەن . وە كۆتاى بە هەرەشە و زمانزبرى خۆتان و میدیاكانتان بهێنن .
هاوڵاتیانى بەرێز:
ئێمە وەك تۆرى بەرگرى لە ماف و ئازادیەكانى خەڵك و چالاكوانان مەدەنى و خەڵكانى ئازادیخواز بەهۆى سەركەوتنى ئیرادەى تونسی و میسریەكان بەسەر دیكتاتورەكانیاندا ، وە بۆ هۆشدارى دان و بەخەبەرهێنانەوەى دەسەڵاتداران لە هەڵكردنى رەشەباى تورەى خەڵك لە سەر هەمان قەیران كە بەرۆكى خەڵكى كوردستانى گرتوە ، وە بۆ نەفرەت كردن لە جەنگ و ئەگەرى دوبارە دەستپێكردنەوەى شەرى ناوخۆ لە ئەنجامى ململانێى حیزبەسیاسیەكانى كوردستان، رۆژى 5 شەممە كاتژمێر 2 ى پاشنیوەرۆ، بەروارى 17-2-2011 لەبەردەركى سەراى شارى سلێمانى ، كۆبونەوەیەكى جەماوەرى مەدەنى بۆ راگۆرینەوە و فشارخستنە سەر دەسەڵات وسەرجەم پارتە سیاسیەكان سازئەدەین. بەهیواى بەشدارى مەدەنیانە و دوور لەتوندو تیژى هەموولایەكتان لە پێناو گەیاندنى ئامانجەكانمان بەدەسەڵات.
*تۆرى بەرگرى لە ماف و ئازادییەكانى خەڵك /سلێمانى 14-2-2011
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست