با نەوشێروان مستەفا گوێ بگرێت
Tuesday, 18/05/2010, 12:00
خهبات
کوردستانپۆست، دهقی ئهو جنێووتارهی رۆژنامهی خهبات بڵاودهکاتهوه، که پێویست ناکات ئێمه هیچ قسهیهکی لهسهر بکهین، تهنها ئهوه دهڵێن، که ئهمه یهکێکه له وانهکانی قوتابخانهی بارزانیی، دهڵێن ئێمه خهڵک دهکوژین، گولله دهنێین به دهمی نووسهر و رۆژنامهنووسهوه، ئێوهیش ئهی ئهوانهی که نهماکوشتوون، تهنها بۆتان ههیه گوێ بگرن، دهنا، ههزار ناو و ناتۆرهی ناشرینیشتان دوا دهخهین.
-----------------------------------------------------------------
با نهوشیروان مستهفا گوێ بگرێتڕووداوی تیرۆركردنی سەردەشت عوسمان، هێرشێك بوو بۆ سەر باری ئاسایشی هەرێمی كوردستان بەگشتی و هەولێری پایتەخت بە تایبەتی و لەو ڕێگەیەشەوە تێكڕای دەسەڵاتی هەرێم كراوەتە ئامانج، بۆیە خاوەنی یەكەمی خوێنی ئەم جوانەمەرگە دەسەڵاتی هەرێمە، نەك نەوشێروان و دارودەستەكەی كە هەرایەكیان بۆ بازرگانیپێكردن بە خوێنی سەردەشت ناوەتەوە. پارتی و دەسەڵاتی هەرێم نزیكترین كەسن بۆ ساڕێژكردنی برینی خانەوادەی جوانەمەرگ و هەر بۆ زانینی هەموو لایەكیش برایەكی سەردەشت ئەفسەری ئاسایشەو بنەماڵەكەی لایەنگری پارتین. نەوشێروان و بكوژانی سەردەشت دوو دەستی یەك جەستەن بۆ تێكدانی باری هەرێم. ئەو پشێوییەی كە نەوشێروان بە سەرپەرشتی قادری حاجی عەلی لە دوای ڕووداوەكە نایانەوە، تەواوكەری ئامانجی بكوژانی سەردەشتە. ئەوجا نەوشێروان خۆی لە پشت كۆمەڵێ دامودەستگاو بڵاوكراوە حەشارداوە، بەو خەیاڵەی كە گوایە بەو جۆرە ڕووی ناشیرینی خۆی و ڕۆڵی ناجوامێرانەی لەم نێوەندەدا دەشارێتەوە، بەڵام ئێمە پێی دەڵێین دەست و پێوەندەكەت بۆ ئێمە ئاشكرایەو بۆیەشە ڕووی ئاخاوتنەكانمان لە تۆیە.
ئامانجی تۆ شاردنەوەی تاوانەكەیەكەم ڕووداوی تەم و مژاوی وەك ڕووداوی تیرۆركردنی سەردەشت عوسمان ڕوویداوە. سەرلەبەری ڕووداوەكە گومان ورووژێنەرە. دەوترێ جوانەمەرگ لە هەولێر دەڕفێندرێت و تەرمی لە مووسڵ دەدۆزرێتەوە، باشە ئێوە بازگەكانی هەرێم تاوانبار دەكەن، ئەی چۆن ئەمانە لە كۆمەڵێ بازگەی هاوبەشی جەیشی ئێراقی و ئەمەریكی دەرباز بوون؟ خۆ ئەگەر لە دەرچوون لە هەولێر سستی هەبێت، خۆ لە داخڵبوون لە مووسڵ كە شارێكی پڕ توندوتیژییە، بازگەكان ئەوپەڕی توندییان هەیە. باشە ئەو هەموو بەیان و پۆستەرە لە ناكاو چۆن ئامادەبوون و ئەو ئاپۆڕەی ڕاگەیاندنكارەكانی سەر بە ئێوە كەی و چۆن ئامادەبوون؟ چۆن یەكسەر لە دوای دۆزینەوەی تەرمەكەی كۆمەڵێ وتار كە بە ناوی دیكەوە بڵاوكراونەتەوە، درانە پاڵ جوانەمەرگ؟ خۆ بێجگە لە جنێو پۆستە موختارزادەكەتان كەس نازانێ نووسەری ئەم جنێوانە كێن. یەكسەر وتتان جوانەمەرگ هەڕەشەی لێكراوەو پێشتر ڕاگری كۆلێژ و بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی ئاگادار كردۆتەوە، كە بووە جێگەی سەرسوڕمانی ڕاگری كۆلێژ و بەڕێوەبەری پۆلیس، چونكە چیڕۆكێكی بێبنەما بوو. دواتر لە بڵاوكراوە ڕووڕەشكراوەكانتانیش كۆمەڵێ زانیاری چەواشەكارانەتان بەبێ بەڵگە خستەڕوو، بۆ ئەوەی ئاڕاستەی ڕووداوەكە بەو لایەوە بەرن كە پێشوەختە ئامادەكاریتان بۆ كردبوو. ئێوە كە لافی بە یاسایی بوونی دامودەستگاكان لێدەدەن، هیچ ڕێزتان لە یاسا و ڕەوتی لێكۆڵینەوە نەگرت و پێش ڕووداوەكان كەوتن. مەبەستیشتان شاردنەوەی تاوانباران و ناشیرینكردنی دەسەڵات و دامودەستگا ئەمنییەكان بوو. گەر نا لە هەر سووچێكی دنیا كە تاوانێكی لەمجۆرە ڕوودەدات هەم خەڵك و هەم ڕاگەیاندن، زانیاری و بەڵگە دەدەنە لایەنی پەیوەندیدار بۆ پێشخستنی ڕەوتی لێكۆڵینەوە، بەڵام ئێوە ئامانجتان لێڵكردنی زیاتری ئاوەكە بوو، تاكو ئامانجە پێشوەختە دیاریكراوەكانتانی پێ بپێكن. ئامانجتان ئەوە بوو باری هەولێر بشێوێنن، ئامانجتان هێرشكردن بوو بۆ سەر پێگەی جەماوەریی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، هەروەك چۆن پێشتر ئەم ئامانجە لە ناو ماكینەی ڕاگەیاندنتاندا زەق ببوەوە. ئامانجتان لاوازكردنی پێگەی پارتی بوو كە وێڕای پیلانگێڕیی خۆتان و پاڵنەرانتان بەهێزتر لە جاران لە مەیدانی سیاسی كوردستان و ناوچەكەدا تەڕاتێن دەكات، بەڵام ئەم هەوڵەتان هەروەكو جاران مایە پووچ دەبێت و بە دەستێكی بەتاڵ و ڕوویەكی كاڵ سەر لە ناو ئەژنۆ دەنێنەوە. لەبەرامبەر ئەم هەموو بوختان و تۆمەتانەی كە سازشتان كردووە دەبێ ڕووبەڕووی یاسا ببنەوە یان دەیانسەلمێنن یان دەبێ بە پێی یاسا باجی چەواشەكارییەكانتان بدەنەوە.
مێژووی تۆ مێژووی تیرۆر و كوشتن و خیانەتەتۆ لەو كەشە ئازادەی كە پارتی و هێزە ڕەسەنەكانی دیكەی كوردستان بە تێكۆشانی خۆیان خوڵقاندوویانە ئارەزووە نەگریسەكانت تاو دەدەی و دەخوازی لەسەر حسابی ناشیرینكردنی خەڵكی دیكە، ڕووی دێوەزمانەی خۆت بشارییەوە. تۆ خەڵك بە تیرۆر و توندوتیژی تۆمەتبار دەكەی و خۆت كردووە بە كۆتری ئاشتی و فریشتەی بواری مافی مرۆڤ و ئازادیی ڕادەربڕین. لە كەسە نزیكەكانی خۆت تا هەموو خەڵكی كوردستان دەزانن كە بە فریشتە بوونی تۆ، نوكتەیەكی پێكەنیناوی گەورەیە، چونكە تۆ ئەندازیاری تیرۆر و دروستكردنی شانەی ئیعتیالاتی ناوخۆیی بوویت، تۆ كەلتووری كوشتنی دیلت هێنایە ناو كورد، تۆ سەرچاوەی هەموو كێشە و گرفتەكانی ناو یەكێتی بوویت، تۆ هەردەم تاودەری ئاگری شەڕی ناوخۆ بوویت و خەڵكت بە كوشتن دەدا و خۆت بەرەو لەندەن بۆی دەردەچوویت. تۆ كەسێك نیت ببیتە پێشڕەوی پێشكەوتنخوازی، ئەم ناوە زۆر بە بەژن و باڵاتەوە نامۆیە. تۆ هەمیشە پێشڕەوی تێكدان و وێرانكاری بوویت و هەرواش دەمێنییەوە، چونكە تۆ ناخت پڕە لە كین و ڕەشایەتی و وایش دەخوازی هەموو تاكێكی كورد وەك خۆت ڕەش ببینن. ئەوەتا ئەو قسە پڕ لە قینەی خۆت وەبیرت دێنێنەوە كە وتبووت: گەر ئەم حكوومەتە هەموو دارستانەكانی وڵات بە چراو گڵۆپ بڕازێنتەوە، ئێمە بە خەڵك دەڵێین لێی نزیك نەبنەوە تووشی شێرپەنجەتان دەكات. تۆ ئەمەیت، بڕیارت داوە پێشوەختە هەموو كەس و هەموو شتەك ڕەت بكەیتەوە.
تۆ سەركێشی گەندەڵیتدروشمی دژایەتی گەندەڵیت بە دەستەوە گرتووە، لە كاتێكدا كە خۆت تا سەر ئێسقان ئاوێتەی گەندەڵیت. ساڵانێك، وردو درشتی ئیدارەی سلێمانیت بەدەستەوە بوو، لە حزبەوە دەستێوەردانی هەموو سووچێكی كاری حكوومەتت دەكرد. بەتایبەتی لە دوای ئازادی ئێراق، سەرقاڵیی بەڕێز مام جەلالت بە كاروباری بەغداوە قۆستەوە، تاكو بەشە داهاتی ئیدارەی سلێمانی لە بودجەی هەرێم، كە ئەوسا نیوە بە نیوە بوو، بە ویستی خۆت بەكاربێنی. كوا ئەو پڕۆژەو بەرنامانەی ئەوسا كە دەبوایە بەو بودجەیە جێبەجێ بكرێت؟ بۆ سلێمانی ئەو ساڵانەی تۆ تاكە موختاری بوویت، لە ڕووی ئاوەدانییەوە پاشكەوت؟ بۆ ئەوسا باسی گەندەڵیت نەدەكرد؟. ئێستاش دەستت تێكەڵاوی بۆند و كۆنتراتەكانی نەوتە، بۆچی بۆ خەڵكی كوردستانیان ئاشكرا ناكەی؟ ئەو ساتانەی كە دەستیشیان لە زۆر بەرژەوەندی و دەسەڵات كورت كردی، هەموو كەست لابووە گەندەڵ و خۆت بووی بە ئەشڕەف و ئەمینی قەوم. پێوەری تۆ هەمیشە دەسەڵات و بەرژەوەندیی خۆت بووە، تۆ حزب و حكوومەتت بەلاوە تەنیا كۆمپانیایەكە لە خزمەت بەرژەوەندییەكانت، بۆیە كاتێ بەرژەوەندییەكەت لە حزبدا كەوتە مەترسییەوە، بیرت لە دامەزراندنی كۆمپانیایەك بۆ خۆت كردەوە، كۆمپانیا بنەمای بیرو هزری تۆیە، نەك حزب و نەتەوە و كاری سیاسی، تۆ لەو سۆنگەیەوە دەڕوانیتە كاری حزبی، بۆیەشە بناغەی كاری گردەكەت هەمان كۆمپانیای وشەیە. كۆمپانیا بۆ تاقم و دارودەستەكەت وشەیەكی پڕ بە پێستیەتی.
تۆ وروژێنەری هزری ناوچەگەری و دابەشكردنی كوردستانیتلەم ڕۆژگارەدا، كورد لە هەر كات و ساتێ زیاتر پێویستی بە یەكڕیزی و یەكگرتوویی هەیە، بەڵام تۆ هەمیشە بە پێچەوانەی ئەم ئاڕاستەیە هەنگاوت ناوە. بیر و هزری تۆ لە ئاستی یەك گەڕەك و یەك گرد قەتیس ماوە. تۆ لە دەرەوەی گەڕەكی خۆت كەس بە كورد نازانی. وتەكانت لە بارەی هەولێرو دهۆك و كەركووك، گوێچكەی هەموومانی ئازار داوە. تۆ هێشتا هەڵگری هزری دابەشكردنی كوردستان، بۆ ئەماراتی بابان و سۆران و بادینانی، بەڵام ئەم خەونەت هەرگیز نایەتەدی و كوردستان بۆ سەدەكانی ناوەڕاست ناگەڕێتەوە. تۆ لە ڕوانگەی هزری ناوچەگەرییەوە، دەخوازی پەرە بە پێگەی خۆت بدەی، بۆیە كە هەوڵی پەلهاوێشتن بۆ شوێنەكانی دیكەی كوردستان دەدەی، وا هەست دەكەی سنووری ئەمارەتەكەی خۆت فراوان دەكەی، بۆیەشە هەموو ناوچەكانی دیكەت تەنیا بۆ خزمەتی گەڕەك و گردەكەی خۆت دەوێت. تۆ دەخوازی پشێویت لە سلێمانیەوە بگەیەنیە هەولێر و دواتر دهۆك و كەركووك، بەڵام هەولێر كۆتایی بە خەونەكەت دێنێت و سلێمانیش تا سەر فێڵبازییەكانت قبووڵ ناكات و هەر لە گردەكەی خۆت ڕۆژ بە ڕۆژ بچووكتر دەبیەوە.
تۆ كولتووری جنێو و بێڕەوشتیت بڵاوكردۆتەوە، لای تۆ هیچ شتێك پیرۆز نییەتۆ كەسەكی بوێر نەبوویت و هەرگیز ڕووبەڕوو و بە زمانێكی ئاشكرا نەتتوانیوە گفتوگۆ لەگەڵ كەسانی بەرامبەرت بكەیت. تانەو تەشەر و تەشهیر هەموو هونەرەكەت بووە. تۆ جنێو و قسەی ناشرین و دوور لە ڕەوشتت كردە ئامرازێك بۆ دامركاندنەوەی كین و تووڕەییت لە كەسانی بەرامبەرت. تۆ لاوازیی خۆت بەرامبەر بە كەسانی تر بە جنێو پڕ دەكەیەوە. جنێو پۆستی موختارزادەكەت، پوختەی هەموو داهێنانی ژیانتە. تۆ فابریكەیەكی دروستكردنی جنێو و قسەی ناشیرینت دروستكردووە بۆ ئاواكردنی كولتوورێك كە هیچ شتێك پیرۆز نەبێت. نە وڵات و نە خوێنی شەهیدان و نە ئەخڵاق و نە مرۆڤایەتی و نە ئازادی، لای تۆ پیرۆز نەبوون، بۆیە هەوڵت داوە ئەم چەمكانە لای گشت تاكێكی كوردیش پیرۆز نەبن، بەڵام سەركەوتوو نابیت، چونكە خەڵكێك كە زۆرینەن، زۆر چەمكی پیرۆزیان لاماوە. ئەو خەڵكەی كە خوێن و فرمێسكیان بۆ ئەم وڵاتە ئاوێتە بووە، خاك و نەتەوەو خوێنی شەهیدان و ڕەوشت و بیرو باوەڕیان لا پیرۆزە. لای خەڵكی دڵسۆزی ئێمە هەر سووچێكی كوردستان پیرۆز و جێگەی ڕێزە. تۆ بە ڕێبازی ناپیرۆزكردنی هەموو شتێ، زۆر گرفتی گەورەت ناوەتەوە، هەر تۆ بوویت كە بە دروشمی هەولێر كوێی پیرۆزە تا شەڕی تیا نەكرێت، پایتەختی هەرێمت خستە ناو بازنەی پیلانی ئەهریمەنیت. لای تۆ كولتووری جنێودان پیرۆز و موقەدەسە، تۆ دەخوازی دەم و لووتت بۆ جنێودان كراوە بێت و ئەوەی دەخوازی لە تەشهیر و بوختان بە خەڵك، درێغی نەكەی، ئەوجا ئەو مافەش بە كەس ڕەوا نابینی كە بە زمانێكی سەردەمیانەش بەرگری لە خۆیان بكەن. تۆ بەناوی ئازادییەوە هەر ناو و ناتۆرەیەكی بێ بنەما بۆ خەڵك هەڵدەبەستی، بەڵام كە خەڵك بەرگرییان لە خۆیان كرد، بە دژی ئازادی ڕادەربڕینیان لەقەڵەم دەدەیت. تۆ پێناسەی ڕۆژنامەنووسیت شێواند، ئەم ناوەت بێ ناوەڕۆك كرد. وات نمایش كرد كە ڕۆژنامەنووسی و جنێودان یەك شتن. ئەوجا باسی حەسانە بۆ ڕۆژنامەنووسان دەكەی، وەك ئەوەی تەنیا جنێوفرۆشەكانت دەبێ حەسانەیان هەبێت و كەس مافی بەرگری لەخۆكردنی لەبەرامبەر بوختان و درۆ و تەشهیریان نەبێت. واتان خستۆتەڕوو كە هەر كەسێ لە بەرامبەر ئەمانەدا، داوای مافە پێشێلكراوەكەی بكات دژی ئازادیی ڕۆژنامەگەرییە. تۆ لە ماكینە جنێوسازیەكەتدا، وەفات بۆ نزیكترین كەسانی خۆت نەبووەو هەركاتێ بۆت لوابێت خەنجەرت لە پشتەوە لێ وەشاندوون. تۆ لەبەرامبەر گلەییەكانی پارتی بە زمانە شڕەكەت وتبووت: تا من خەڵك ڕابێنم قسەیەك بە بارزانی بڵێن، دەبێ سەد قسە بە مام جەلال بڵێن، ئەمەیان ڕاستە، تۆ كە وەفات بۆ مام جەلال نەبوو و نمەك بە حەرامیت لە بەرامبەری كرد، ئەستەمە پابەندی هیچ بنەمایەكی ڕەوشتی بیت.
تۆ بەرگەی ئەنجامی هەڵبژاردن و ڕای خەڵك ناگریتوات باس دەكرد كە پارتی و یەكێتی كۆتاییان پێهاتووە. بە خەیاڵی خۆت، واتدەزانی زۆریینەی خەڵك بڕوایان بە دروشمە چەواشەكارانەییەكانت هێناوە. هەموو دەرفەتێك بە ئێوە درا كە ئازادانە خۆتان تاقیبكەنەوە، بەڵام ئەنجامەكانی هەڵبژاردن نائومێدی كردن. زۆرینەی خەڵك متمانەیان بە پارتی و یەكێتی دا، جەنابی سەرۆك بارزانیش متمانەی %70ی خەڵكی كوردستانی وەرگرت، بەڵام ئێوە تا ئێستاش ڕێزتان لە ڕای زۆرینەی خەڵك نەگرتووە، بۆیە لە كاتێكدا كە بە هەموو لایەنەكانی دیكە %30ی دەنگەكانتان بەدەستهێنا، ئەوجا خۆتان كردووە بە دەمڕاستی خەڵك و ڕای خۆتان بە ڕای زۆرینەی خەڵك پێناسە دەكەن. هۆكاری ئەم ڕەفتارەشتان ئەوەیە كە ئێوە لەگەڵ پرۆسەی هەڵبژاردن و ئازادیی ڕادەربڕیندا نامۆن. ئێوە لە ناخی خۆتاندا دیكتاتۆرن و دەخوازن ڕای ئێوە ڕای تێكڕای خەڵك بێت. ئێوە خۆتان بە بەیرەقداری دیموكراسی و ئازادی ڕادەربڕین لە هەرێمی كوردستان دەناسێنن و لە كەموكوڕییەكاندا پەنجەی تۆمەت بۆ جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان درێژ دەكەن، وەك ئەوەی لە بیرخۆتان بردۆتەوە كە لەیەكەم ساتەكانی ڕاپەڕین هەر لە مانگی ئاداری 1991 ـەوە، ئەوسا كە هێشتا هیچ كەسێك بیری بۆ جۆری حوكمڕانی لە كوردستان نەدەچوو، سەرۆك بارزانی لە شاری كۆیە داوای سازدانی هەرچی زووتری هەڵبژاردن و پێكهێنانی بنەمای دامودەستگای یاسایی كرد. یان لە بیرخۆتان بردەوە كە هەر جەنابی سەرۆك بارزانی بوو كە یاسای ڕۆژنامەگەریی، تا ئەو كاتەی جێگەی ڕەزامەندیی هەموو ڕۆژنامەنووسان نەبوو، پەسەند نەكرد. ئایا ئەمانە بەرتەسك كردنی ئازادی و دیموكراسییە؟ یان ڕێزنەگرتنتانە بۆ ڕاو ئیرادەی زۆرینەی خەڵك؟. ئێوە بە هەڵبژاردن نەگەیشتنە ئامانجەكانتان، بۆیە پەنا بۆ پیلانگێڕی و پشێوی نانەوە دەبەن، بەڵام كاتی ئەوە هاتووە كە گەل چیتر لێتان قبوڵ نەكات و سنوورێك بۆ سەرەڕۆییەكانتان دابنێت.
ئێمە چیتر بێدەنگ نابینئێوە دەڵێن بێدەنگ نابین باشە ئێوە كەی بێدەنگ بوون؟ هەر ئێوە دەنگتان كردووەو بوختان و درۆ و دەلەسە نەماوە بۆ خەڵكی هەڵنەبەستن، هەر ئێمە لە پێناوی بەرژەوەندیی گشتیدا بێدەنگیمان نواندووە. هیچ شتێك نەماوە كە ئێوە نەیڵێن و لەم نێوەندەدا هەموو سنوورێكی ڕەوشتی و مرۆڤایەتیتان بەزاند و هەر ئێمە بێدەنگ بووین. دەمانزانی جنێوپۆستی موختارزادە جێگەی ڕشانەوەی ئێوەیە و بڵاوكراوە ناوخۆییەكانیشتان بە ناوی ئازادی ڕۆژنامەگەریی هەریەكەو بە زمانێك بۆ درۆ و بوختان تەیار كردووە، بەڵام دەنگمان نەكرد. بەڵام لەمەولا پێتان دەڵێین چیتر بێدەنگ نابین، چونكە هەموو سنوورێكتان بەزاند و كار گەیشتە ئەوەی گەنجانێكی وەك (سۆران و سەردەشت) بكەن بە قوربانی، ئەوجا فرمێسكی تیمساحانەیان بۆ بڕێژن و بە تۆمەتباركردنی بێبەڵگە، دەسەڵاتی هەرێمی كوردستانی پێ ناشیرین بكەن. هەموو دروشمەكانتان لە بواری گۆڕانخوازی و چاكسازی، لە كولتوور و فەرهەنگی (بوختان و جنێو)دا چڕ بۆتەوە. خەڵكێك لە دژمان هان دەدەن و ڕاماندەكێشن بۆ وەڵامدانەوەیان، بەڵام لەمەولا ئێمە كارمان بە دەستوپێوەندەكانتان نییە، بەڵكو ڕاستەوخۆ وەڵامی خۆتان، تۆی نەوشێروان و تاقمەكەت دەدەینەوە. ئێوە گەر دەتوانن چەند كەسێك بێننە سەر شەقامەكان، ئێمە دەتوانین بە دەریایەك لە جەماوەری خرۆشاو، شەقامی گشت شارو شارۆچكەكان بهەژێنین. ئێمە پشت ئەستوورین بە متمانەی ئەم جەماوەرەو هاودەنگ و هاوڕا لەگەڵیان ئەم پیلان و تاوانە مەحكووم دەكەین و ڕێگە نادەین بازرگانی بە خوێنی گەنجانمان بكرێت و بوختانكاران و چەواشەكارانیش دەبێ ڕووبەڕووی یاسا ببنەوە. لە كۆتاییشدا بە پێویستی دەزانین پیرۆزباییتان لێبكەین، بە هاودەنگبوونی (حارپ الچاری) و هەیئەتەكەی لەگەڵتان دا.
خهبات
http://www.xebat.net
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست