کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


تورکیا خەریکە نانی شوان دەخوات

Tuesday, 21/10/2014, 12:00




بەرخۆدانی ڕۆژئاوای کوردستان ٣ ساڵ بەڕێدەکات ، بەرخۆدانێکی خوێناوی لە دژی چەندین گرۆپی توندڕەی پڕچەکی تیرۆرستی عەرەبی (بەرەی نوسرە و دەوڵەتی ئیسلامی لە شام و دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) درێژەی هەیە، باشوری ووڵات ، سەرباری توانا سەربازی و ئابوریە زۆرکەی ، مەخابن (مقی لە خۆ بڕیبوو) ئەو ئاگرەسورەی بەدور لەخۆ دەبینی، هیچ (هەستێکی مرۆڤایەتی و ئەخلاقی و نەتەوایەتی و میژویی) تیا نەبزوا! پێچەوانەی بەهاناوەچون و ئامێزبۆگرتنەوە بۆیان دەستکرا بە تۆخکردنەوەی سنورە دەستکردەکان و خەندەق و ساتر لێدان لە بەردەم هاتنەژورەوە ئەو ئاوارانە کە لە دەستی ڕەشەکوژی تیرۆرستان ڕویان تێدەکردین. دوای دەسبەسەراگرتنی موسڵ و شەنگال و زومار،و چەند ناوچەیەکیتری باشور لە لایەن چەتەکانی داعشەوە ، ئێدی مەترسی لەدەستدانی هەرێم هاتە ئاراوە ،هاوکێشەی هێز گۆڕا بەجۆرێک کە ئێدی(پەیەدە وەک هێزێکی سیاسی کوردستانی و یەپەگە و یەپەژە وەک دوو هێزی سەربازی ئەم حیزبە خەباتگێڕە سەرباری باری قورسی سەرشان ناتوانن بێدەنگی هەڵببژێرن ، هەر زوو کەوتنە مشوری ئەم دۆخە سەربازیە نەخوازراوەی لە باشوردا قەوما هەربۆیەش بڕیاری یەکلایەنەی ناردنی هێزیدا و فریای ئەو کۆمەڵکوژیە کەوت کە چەتەکانی داعش و هەتیوەکانی سەدام دەیانویست بەسەر براو خوشکانی یەزیدیدا بیهێنن ، توانیان بەر بە پێشڕەوی ئەو هێزە بگرن کە دەیانویست لە ئەنجامی شکانی هێزی پێشمەرگەدا چیای شەنگال کۆنترۆڵ بکەن و ئەنفالێکیتری کوردی تیا ئەنجام بدەن) . ؟

بەشداری و هەماهەنگی شەرڤانانی یەپەگە و یەپەژە لە گەڵ هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە باشوری ووڵات ئامانجگەلێکی گرینگ و پیرۆزیان پێکا

پەیەدە وەک هێزێکی نەتەوەیی توانی دەستپێشخەری لە کردنەوەی کۆمەڵێک گرێکوێرەی پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسیەکانی کوردستان ، لەوانە خۆیان و پارتی دیمکرات و پەکەکە و پارتی ، خۆیان و لایەنەکانی تری ڕۆژئاوا کە خەریکبو بە ئاقارێکی مەترسیداردا دەڕۆیشت ، ئەم هەنگاوی ئاشەتەواییە پێشوازیەکی گەرمی لێکرا. پەیەدە و هێزە سەربازیە تێکۆشەرەکانی توانیان ئەو سنورە دەستکردانەی دوژمنان ببەزێنێت کە هەم بۆ دابڕانمان لە یەکتر و دروستکردنی ئاژاوە دروستکرابون تا بتوانن لە سیاسەتی (پەرتکە زاڵبە) سودمەندبن

ئەم هێزە توانی لە ئان و ساتێکی هەستیار و چارەنوسسازی ئەوتۆدا ڕۆڵی فریدڕەسی ببینێت کە هەم ئاوارە دەورەدراوەکانی چیای شەنگال خەریکبو ڕوبەڕوی جینۆساید و ئەنفالێکی گەورە دەبونەوە و هەمیش ئازادکردنەوەی مەخمور و هەم زۆر بەرەی شەڕ و بەرانگاربونەوەیتر پێویستی پێیان بوو

کاریگەری لە سەر ڕوخانی ورەی داعشەکان و تێکشکاندنی پیلانە نەگریسەکەیان دانا

بەقەد ئەوەی کاریگەری لەسەر بەرزکردنەوەی ورەی پێشمەرگە دانا ، دوو ئەوەندەش لەسەر جۆشدانەوە و گەشانەوەی هەستی نەتەوایەتی لە ناخی تاکی کوردا ، هەر بۆیەش ڕۆڵەکانی کورد سەرباری ڕژاندنە سەرشەقامەکان لە باکور و باشور و ڕۆژهەڵات، هاوکات ڕەوەندی کوردیش لە تەواوی وڵاتانی دونیا دەستیان بە خۆپیشاندان و ئەنجامدانی چالاکی جۆراوجۆر کرد، یەکەم جاریشە بەم ئەندازەیە کورد توانیبێتی بەیەک ئیرادەوە ڕوبەڕوی دوژمنانی ببێتەوە

پێویستە بۆ یەکڕیزی و یەکخستنی تواناکانمان سود لەم هەڵوێستە پڕبەرپرسیارێتیەی (پارتی یەکێتی دیمکرات و هەردوو باڵە سەربازیەکەی یەپەگە و یەپەژە) وەربگرین و بیکەینە بەردی بناغەی قۆناخێکی نوێ و سەرەتایەک بۆ ئەم مێژوە ڕەنگینە کە لێرەوە نوسینەوەی دێرەکانی بە خوێنی شەهیدانمان دەستپێدەکات

نابێت ڕۆڵی جوامێرانەی هێزەکانی (پەکەکە و حدک و حدکا و کۆمەڵە و هەمو هێزە سیاسی و پێشمەرگەکانی باشور و باکور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا) لەبەرچاو نەگیرێت کە هەمویان هاتنە هانای باشوری وڵات و ئەزمونی حوکمڕانیەکەی

دەبێت دەستخۆشی لەو هەوڵ و کۆمەک و گەلەکۆمەکیە نێودەوڵەتیە بکرێت کە ئەمڕۆ لە گەلی کوردستان و باشور و ڕۆژئاوا دەکرێت و پێگەی سیاسی و سەربازی گەلی کوردی بە ئاستێکی ئێجگار دڵخۆشکەر گەیاندوە

پێنج هەفتەیە شەڕو بەرخۆدانێکی ڕیکۆردشکێن لە کۆبانێ درێژەی هەیە ، ئەوەی کچ و کوڕە شەڕڤانەکانی یەپەگە و یەپەژە تۆماریان کردوە مێژو هێشتا تۆماری نەکردوە

هەرێمی کوردستان بەداخەوە لە ئاستی بەرپرسیاریەتی نەتەوەیی و نیشتیمانی خۆیدا نەبوو ، زۆر بە درەنگانەوە بەخۆ کەوت .

لە ڕۆژئاوا نەک هەر توانرا بەشێکی خاکی نیشتیمان ئازاد بکرێ بەڵکو ژمارەیەک کانتۆنی خۆجێێش هاتە چێکردن ، دامەزراندنی ئەم کانتۆنانە تورکیای هەراسانکردوە، جێیداخە لە لایەن سەرۆکایەتیەکانی هەرێمی کوردستانیشەوە دانیان پیانەنراوە، تورکیا ویستی بە دەستی داعش لێرە ئەم دومەڵە لە سەر دڵی لاببات ، بەڵام بێئاگا لوتیان بە شاخێک لە ورەو و بەرخۆداندا تەقیەوە ، دوای چڕبونەوەی هێرشەکانی داعش بۆ سەر کۆبانێ و زیاتر خوێناویبونی شەڕەکە ، توندی ڕوبەڕوبونەوەکانی یەپەگە و یەپەژە و نابەرامبەری هێز و درێژەکێشانی شەڕەکە و پاش سرەواندنی گورزی گورچکبڕ لە لایەن شەرڤانانەوە لە داعش و پاش تێپەڕاندنی ٣٥ڕۆژ لە مقاوەمەتێکی ئازایانەی بەردەوام و ڕێگری لە پێشڕەوی داعش بۆ داگیرکردنی کۆبانێ ، بەڵام لە ژێر کاریگەری کەمبونی چەک و ئازوقەی شەڕ توانی باڵانسی شەڕ هێدی هێدی بە قازانجی داعش لە نزیکبونەوە لە کۆبانێ بشکێتەوە . بەڵام دواتر بە مەبەستی بەرگرتن لە ڕودانی کارەساتێکیتری مرۆیی و کۆمەڵکوژیەکیتری هاوشێوەی شەنگال وای لە ئەمریکا و هاوپەیمانان خواست کە وەشاندنی گورزە سەربازیەکانیان لە داعش خاکی سوریاش بگرێتەوە . هەڵوێستی تورکیا بەرامبەر بەم تراژیدیایەش و پاش گەیشتنی داعش بە هەندێ لە گەڕەکەکانی کۆبانێ ، هێشتا تورکیا لە دورەوە ڕۆڵی تەماشاکەر دەبینێت

لە ئیمرالیەوە ئۆجەلان دوا وادەی ئاشتی کە ١٥ ئەم مانگەبو دا بە تورکیا ، سەرهەڵدان و هەلوێستوەرگرتنی کوردانی باکور دژ بە حکومەتەکەی ئەردۆغان تەواوی شارە کوردنشینەکانی گرتەوە ، شەهیدکردنی خۆپیشاندەران خەڵکی کوردی پەستر و توڕەتر کرد ، فشارەکانی ئەمریکا و ناتو لەسەر تورکیا ڕویان لە هەڵکشان و توڕەیی کردوە ، داوای یەکلاکردنەوەی هەڵوێستی ڕەسمیان لە تورکیا کرد ، تورکیا لەوە حاڵی بو کە ئیتر ناتوانێت لەمەزیاتر ڕکە بکات و خۆی چیڕ بکاتەوە ، هەستی بە گەمارۆدان و گۆشەگیرکردن کرد و بۆیە ناچار ملی دایە خەت و ئامادەیی نیشاندا تا بنکەی ئەرجەرلیک لە لایەن فڕۆکەکانی هاوپەیمانانەوە بەکاربهێنرێت و سنوریش بەڕوی خەڵکاندا بکاتەوە بۆ گەیاندنی کۆمەک و هاوکاری بۆ کۆبانێ ، دواتر داوای زیاتر لە تورکیا کرا کە دەبێت خۆی لە نێو هاوپەیمانەتیەکەدا ساخ بکاتەوە ، سەرباری خۆ لەگێلدانی بەردەوام و خۆدزینەوە لە چونی کرداری بۆ نێو ئەم هاوپەیمانێتیە ، بەردەوام داعشەکانی پڕچەک دەکرد و ڕەوانەی

ڕۆژئاوای کوردستانیانی دەکرد

لە ئێستادا تورکیا دەستی کەوتۆتە بن بەرێکەوە کە دەرهێنانی ڕەنگە ئەوەندە سانا نەبێت!؟ بڕیاری دوژمنایەتیکردنی داعش لە لایەن حکومەتەکەی داود ئۆغلۆوە ، داعشەکانی ناو ماڵەکەی خۆی کێشەی بۆ دروست دەکەن !! ئەگەریش لەدەرەوەی هاوپەیمانێتێکەشدا کاربکات ، ئەوجا گۆشەگیری دەستپێدەکات و دەبێت هەر بڵێت ((هەر خۆم مامەوە هەر خۆم مامەوە)). لە ئێستادا بڕیاری ئەوەی داوە کە بهێڵێت هاوکاری سەربازی لە خاکەکەیەوە بگەێنرێتە سوریا کە جاران خۆی بە ئارەزوی خۆی دەینارد و بۆ دۆستەکەی خۆی داعش دەینارد ، ئەمجارە هەر چەک و هێز دەڕوات لە خاکەکەیەوە ، بەڵام بۆ نەیارەکانی خۆی و دۆستەکەشی

ئای شەقی زەمانە .... تورکیات سڕکرد بەم ژانە

کردوتە بەو بزنەی ..... حەزی لە نانی شوانە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە