کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ژن و مقاوەمەت!

Sunday, 14/12/2014, 12:00



پێشکەشە بەو ڕۆحی پیرۆزی خەڵتانکراوانی خوێن،جەستە خەڵوزیەکان،بەرد و بلۆک باران کراوان،و ئەو ژنانەی کە تیرۆرستان گەیاندیانی بە کاروانی (عاشقانی ئازادی)

بەداوای لێبوردن لە خاتوان، دوای نیشتنەوەی کەف و کوڵ و شێن و شەپۆڕی میدیاکان و سەنتەر و شەڵتەر و بنکە و ڕێکخراوەکانی مافی ژنان و بەکۆتاهاتنی (هەفتەی بەرەنگار بونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان) م هەڵبژارد تا بتوانم لە ڕێگەی ئەم نوسینەوە تیشکێک بخەمە سەر هەندێ لایەنی گرینگ. بەڕای من توندوتیژی دژی ژنان وەک ئەوەی ئێستا هەیە بوە بە دیاردەیەکی ترسناک و بەردەوامیشە لە تەشەنەکردن، بۆیە بە ڕای من (لە چوارچێوەگرتنی لە دوو هەفتە یان مانگێکدا) هەم لە سەنگ و قورسایی و مەترسیەکانی وەک خۆی ناهێڵێتەوە وهەمیش بەکۆتاهاتنی کاتەکەش دەهۆڵەکەش دەدڕێ ودەنگەکەش دەبڕێ. ئەو دەنگانەشی کە بەشێک لە میدیاکان بێ ئاوڕدانەوە بۆ ڕۆڵی نەگەتیڤانەی کەسانێک لە مێزگەردگێڕان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ کلکیان لە توندوتیژیدا تۆزی کردوە، بۆ گەرمکرنی بازار مێزی بانگهێشتی چاوپێکەوتنیان بۆ دەڕازاندنەوە و ئەوانیش خۆیان وەک خەمخۆری عەیار ٢٤ ی ژنان نمایش دەکردساڵانە و بە تایبەت لە ٢٤/ ١١ لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە شێن و شەپۆڕێکی دەمامکدارانەی ئاینی، سیاسی و کەلتوری دەبینین ژن و ژیان لە تام و جوانەیەکانیاندا جوتێ جمکانەی ڕوحسوکی بێوەین! سەرەتاکانیان بە دوو پیتی وەک یەک و دو پیتی سەرەتا و کۆتای (ژیان) یش ووشەی (ژن) پێکدەهێنن.
لە سەر نێر پێویستە ڕێز لەم واقیعە پیرۆزە بگرێت و خۆی لەسەر هەزمکردنی ڕابهێنێت چونکە درەنگ بێت یان زوو دەبێت مل بۆ ئەو ڕاستیە کەچ بکات کە لە غیابی ژندا ناتوانێت ژیان بدۆمێنێ و بێ تەواوکەرەکەی ناتوانێت هەست بە ئاسودەیی و جێگیربونی خۆی بکات! دەبێ مانگی هەنگوینی بە یەکەوەیان گرێبدات و لێرەوە پێکەوە بەردی بناغەی قۆناخێکی نوێ دادەنێن. هیچکاممان لە نەرمی و بەخشەندەیی و بەوەفایی و جوانی و دڵسۆزی و میهرەبانی مێینە بێ ئاگا نین، ڕەنگە ئەمە لە بەشێک لە نێریشدا هەبن، بەڵام گەر بتەوێ هاوتەریبی ژنان بن (ئەوا ڕەنگە ڕێژەکە هێندە کەمبێت کە لە پەنجەکانی دەست تێنەپەڕنەکەن، کە ڕێژەیەکی بێئومێدبارە).مەخابن زۆرینەمان وەک ڕەگەزی نێر نەک هەر ڕێز لەو خۆشی و خۆشەویستی و لەزەتە ناگرین کە لە لایەن ڕەگەزەکەی بەرامبەرمانەوە بەردەوام لە سەر خوانی زێڕین پێشکەشمان دەکرێ ! بەڵکو سەرباری ئەوەش ئەوەی پێمان بکرێت لە دژیان ئەنجامی دەدەین، تا ئاستی خەڵتانی خوێنکردن و گڕکانی ڕق بۆ دادەگیرساندن.جەستەیان لەو جوانی و بێ وەیەوە دەکەینە تۆپەڵێک لە خۆڵەمێش و خۆشمان وەک بەرزەگی بانان بۆی دەردەچین و دەست بە سمێڵماندا دەهێنین! (لە ئێستادا لە غیابی سمێڵدا دەست بە ورگدا دەهێنین)توندوتیژیەکانیش خۆیان لە هەموو ئەو کوشتن و سوتاندن و لاقە و دەستدرێژی سێکسی و شێواندنی جەستەو زوڵم و ستەم و تف باران و سەرزەنشت و سوکایەتی و هەتک و سەرکوتکردنانەدا دەبیننەوە کە ڕۆژانە لە دژی خاتوان ئەنجام دەدرێن، سەرباری ئەمانە ڕۆژانە ژنان لە ترسی دڕندەیی و بێ بەزەیی و ڕق ئەستوری پیاوان و بۆ خۆدەربازکردن لەو دۆزەخە ناچار دوابڕیاری کۆتاییهێنان بەو دۆخە سەختەی ژیانیان دەدەن. توند و تیژی لەدژی خانمان بەردەوامە و هەموو دونیای تەنیوە و لەهەر وڵاتێکدا بە شێوەی جیا،لە هەندێکیا هاوشێوەی(مەملەکەتەکەی خۆمان) بەرخورد دەکەن و ژن و ژیان دەمرێنن، ئەگەریش لە هۆکارەکانی ئەم بەکۆمەڵ جوانەمەرگکردنەی ژنان بکۆڵینەوە، ئەوا گومانی تێدا نیە کە (ڕەگەزی نێر تاوانباری سەرەکی) ە، واتە هەم ئەنجامدەرەی تاوانەکەین کە بە هۆیەوە حەز و ئارەزوە سێکسیەکانمانیان لێتێر دەکەین و هەمیش ئەنجامدەری کوشتنەکەیانین کە بەهۆیە پەڵە و لەکەی سەرشۆڕی و شەرەف چونەکانمان بەخوێنی ئەوان دەشۆینەوە. لە ئەوروپا و ڕۆژئاوا و دونیای پێشکەوتودا، بەدەر لە کوشتنی ژن لە لایەن هەندێ پیاوەوە، نمایشکردنی جەستەی ژن لە میدیاکانەوە بۆ ڕێکلام و گەرمکردنی بازاڕ سودیان لێوەردەگیرێت کە بەبۆچونی من ئەمەش جۆرێکیتری توندوتیژیە بەرامبەر بە خانمان کە ئەنجامدەدەرێ لە زورێک لە کۆڕ و کۆبونەوە و بڵندگۆی مزگەوتەکان و میدیاکان و گفتوگۆکاندا(ژن بە نیوەی کۆمەڵ و دایکی نیوەکەی تر) و (بەهەشت لە ژێر پێی دایکان) وەسفدەکرێن و هەریەکەشمان دەیان جار جاکاندومانەتەوە، کەچی هەر خۆشمانین ئەم کارەساتانەیان بەسەردا دەهێنین و وەک گورگی هار لمۆزمان لە خوێنیان سوردەکەین.ئەم وەرچەرخانە مێژوییەی ئەمڕۆی کانتۆنەکانی ڕۆژئاوای وڵات،کە لەوێوە بڕیار لە سەر بە یەکسانی ناساندنی ژن و پیاو لە ئەرک و ماف درا و ئەم ڕۆڵە سەرسوڕهێنەرەی کە تێیدا ژنی کورد وەک شەڕڤانانی پیاو ڕۆڵی سەرکردایەتیکردنی بەرەکانی شەڕ لە دژی هێزی کونوپەرستی داعش و داعش عەقڵەکان دەگێڕن، ناکرێت بەهیچ بیانویەک ئەمە نادیدە بگیرێت،نابێت خودی ژنانیش ئەمە بەکەم بزانن.لەم ساتە مەترسیدار و لەم جەنگە دژوارەدا ژنی کورد سەڵماندی کە دەتوانێت تەنانەت پێش پیاویش بکەوێت گەر بیەوێ و ڕێگە بە هیچ هێز و عەقلیەتێکی کۆنەپەرستی و خێڵەکی نادات کە بیانەوێت بۆ سەر نیشتیمان و ئازادیە سادەکانی خۆی مەترسیبن ماوەتەوە بڵێین ئیتر کاتی جاوە جاو و خاوەخاو بەسەرچوە، لێرە بەدواوە ناکرێت ژن چیتر پەراوێز و پشتگوێ بخرێت و وەک پاشکۆ مامەڵەیان لەگەڵ بکرێ





نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە