د . نەجمەدین کەریم غەدری لە خۆی و کەرکوکیەکان کرد
Thursday, 24/07/2014, 12:00
دکتۆر نەجمەدین عومەر کەریم لە دایکبوی ١٩٤٩ گەڕەکی شۆڕجەی کەرکوک و کەسایەتی چالاک و نێشتیمان پەروەر ، لە ساڵی ١٩٧٢ پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەی کوردستانە وە کردوە، لە ساڵی ١٩٧٦ وە ڕو لە وڵاتی ئەمریکا دەکات و وەک کوردێک ڕۆڵی بەرچاوی گێڕاوە و بەشداری زۆر چالاکی نەتەوەیی و سیاسی کردوە و یەکێک بوە لە دامەزرێنەرانی (کۆنگرەی نیشتیمانی کوردستان) و لەدوای گەڕانەوەشی لە ساڵی ٢٠٠٩ بۆ کوردستان و بەشداریکردنی لە کۆنگرەی سێی ی.ن.ک و بەختی دەنگهێنان یاری دەبێت ودەکرێت بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی ،ئەمجارە قوڵتر دەچێتە نێو گەمەی سیاسەت و لە هەڵبژاردنی شارەوانێکان بۆ پەڕلەمانی عێراق لە ٧ / ٣ / ٢٠١١ ئەرکی سەرۆکی لیستی هاوپەیمانی کوردستانی لە کەرکوک پێدەسپێردرێ، دواتر دەبێتە ئەندامی ئەنجومەنی نیشتیمانی عێراق لە مانگی نیسانی هەمان ساڵ وەک پارێزگاری کەرکوک دەست بەکاردەبێت و پۆستی پارێزگاری کەرکوکێکی خەرابستان و وێرانەی ڕادەست دەکرێت !!؟
خۆشبەختانە دکتۆر نەجمەدین ، جیا لە پیشەکەی کە پزیشی دەمار و جومجومەی مێشکە، بۆ نەخۆشیە سەختەکانی کەرکوکیش بو بە دکتۆرێکی خەمخۆری پیشەیی، دکتۆر نەجمەدین، شەو و ڕۆژی لێکدا و قۆڵی دڵسۆزی و بەئەمەکی لێهەڵماڵی و کەوتە خزمەتکردن و نوێژەنکردن و جوانکردنەوە و دوبارە لە نوێ بنیاتنانەوە و چارەسەرکردنی کێشەکان . ڕێگرتن لە تەشەنەکردنی ئاگری ناکۆکی نێوان پێکهاتە ڕەسەنەکانی کەرکوکی کردە سەرمەشقی کارەکانی، بەوەش توانی دوبارە ژیان بە بەر شارەکەدا بکاتەوە ، ئەمانە نەک هەر بوو بە مایەی دڵخۆشی و دەستخۆشیلێکردنی کەرکوکیەکان و بەس بەڵکو
ئەم ماندوبونە ، د.نەجمەدینی کرد بە وێردی سەر زمانی گەورە و وردی کەرکوکیەکان ، ڕۆژ بەڕۆژ شاکارە جوانەکانی سرنجی خەڵکی زیاتر پەلکێشی لای خۆی دەکرد ، دکتۆر نەک هەر بوو بە (پارێزگاری کەرکوک وەک هەر شارێکی ئاسایی) بەڵکو بوو بە (سەرکۆماری عێراقێکی بچوک) (عراق مێغر) کە زۆر جار کەرکوک بەوە چوێنراوە ، د. نەجمەدین کەریم بو بە خۆشەویستی بەشێکی زۆر لە خەڵکی کوردستان و خەڵکانێکی دەرەوەی یەکێتیش، بەمە بەڕێزیان بون بە خاوەن متمانەی کەرکوکیە ڕەسەنەکان بەگشتی و کوردە کەرکوکیەکان بە تایبەتی هەم لە ناوەوەی کوردستان و هەمیش لە نێو ڕەوەندی کوردی لە دەرەوەی ووڵات، دکتۆر توانی بنکەیەکی جەماوەری و شوارایەکی قایمی کەرکوکیەکان بۆخۆی مسۆگەر بکات، ڕەسیدی لە سۆنگەی بڕیاری مانەوەی لە کەرکوک و جێنەهێشتنی کەرکوک و کەرکوکیەکان تا دەهات زیاتر هەڵدەکشا
دکتۆر نەجمەدین لە زۆر چاوپێکەوتنی تەلەفیزیۆنی و ڕۆژنامەوانیدا، جەختی لە سەر جێنەهێستنی کەرکوکیەکان دەکردەوە، کە ئەوەش تاکە داوا و ئۆمێدی کەرکوکیەکان بوو، لە چاوپێکەوتنێکیدا کە لە سەروبەندی بانگەشەی هەڵبژاردن بوو لە نیوەی نیسانی / ٢٠١٤ لەگەڵ کەنالێکدا کە بەزمانی عەرەبی ئەنجامدرا، لە پرسیارێکدا کە ئاراستەی جەنابیان کرا سەبارەت بە جێنەهێشتن یا جێهێشتنی کەرکوک ؟؟ دکتور لەوەڵامدا وتی ، من ماوەیەک وەک پەڕلەمانتاری عێراق کارم کرد ، بەڵام نەمتوانی بە باشی خزمەتی کەرکوک بکەم ، بۆیە بڕیاری گەڕانەوە بۆ کەرکوکم دا، لەدرێژەی قسەکانیدا وتی ئەوەی بیەوێ خزمەتی کەرکوک بکات، دەبێت خۆی لە شارەکەدابێت و ناکرێ لە دەرەوەی کەرکوک ئەو خزمەتە بکات !! هەمیشە دکتۆر بەجەختکردنەوەی لەسەر جێنەهێشتنی کەرکوک و کەرکوکیەکان دەکردەوە ، بۆیە تا دەهات خۆشەویستر دەبو
هەڵبژاردنە پەڕلەمانیەکەی ئەمساڵی عێراق کە لە ٣٠/٤/٢٠١٤ ئەنجامدرا ، دکتۆر نەجمەدین وەک سەرۆکی لیستی یەکێتی ٢٦٦ لە کەرکوک دەسنیشانکرا ، ئەوەندەی توانیمان پشتیوانیمان لێکرد و دەنگمان بۆی کۆکردەوە ، ڕەنگە دوو هۆکاری سەرەکی و گەورە لە پشتی ئەم پشتیوانیە زۆر و زەوەندەی د.نەجمەدینەوە بوبێ لە لایەن ئێمەی کەرکوکیەکانەوە (بۆیە دەڵێم کەرکوکیەکان چونکە تەنها کەرکوکیەکان مافی دەنگدانیان هەبوو) . ؟
١ / لە دوای وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری کەرکوک لە لایەن د. نەجمەدین کەریمەوە و بەراورد بەو سەردەمی چەند ساڵەی ڕابردو کە پۆستی پارێزگار بەدەستی بەڕێز کاک عەبدالرحمن مێگفی وە بوو، کەرکوک پێشکەوتن و گەشەیەکی زۆری بێ جیاوازی لەسەر دەستی د.نەجمەدین بە بەخۆوە بینی ، کە ئەوەش دەنگدانەوەیەکی زۆری لێکەوتوە و بەردەوام کێڕڤ و خۆشەویستی پارێزگاری تازەی هەڵدەکشاند
٢ / لە گەرمەی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریەکانی بەشاری کەرکوک ، بە جای سوپاس و دەستخۆشی لێکردن ، لە لایەن هەندێ لە بەرپرسە باڵاکانی پارتیەوە لە کەرکوک لێی کەتبونە دورە تەقە و وەک هێزێکی بەرهەڵستکار دژایەتیان دەکرد ، ئەمەش وای لە هەوادارانیکرد ئەوەندەیتر پشتیوانی لێبکەن و هەوڵی سەرخستنی لە پرۆسەی هەڵبژاردنی ٤/٣٠/ ٢٠١٤بۆ بدەن و بەڵێنەکەشیان بردەسەر و ژمارەی دەنگەکانیان بەجۆرێک بەرزکردەوە کە زۆر پێوەری شکاند و باڵانسی هێزی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش لە ڕێگەی دەنگەکانی دکتۆرەوە بە ئاستێکی خەیالی بەرز بونەوە
کرۆکی باسەکەم ئەمەیە کە لێرە بەدواوە دەمەوێ ئاماژەی پێبکەم ! ئەویش ئەو بومەلەرزەیە بوو کە لە تەختی خەونی کەرکوکیەکانیدا ،ئەو بڕیاری خۆکاندیدکردنە تاک ڕەوانەیەی دکتۆر بوو کە دور لە دەنگ و ڕای کەرکوکیەکان و مەکتەبی سیاسی یەکێتی دای بۆ پۆستی سەرکۆماری عێراق کە ئەمەش هەرگیز لە گەڵ خواست و ئۆمێدی کەرکوکیەکاندا یەکانگیر نابێتەوە چونکە بەڕای کەرکوکیەکان جێهێشتنی کەشتیەکەیانە بەرلە گەیشتنیان بە کەناری ئارام ! هەقە لێرەبەدواوە و پاش شکستی دەنگ نەهێنان بۆ پۆستی سەرکۆمار کە لەوە دڵنیام، هەقە کەرکوکیەکانیش بیر لە ئەڵتەرناتیڤیتر بکەنەوە
دکتۆر نەجمەدین بەم کارەی گلایە کێشەیەکی مەترسیدارەوە کە ڕەنگە زۆرینەی کەرکوکیەکان خۆیان لێی پاراستبێت کە ئەویش (باڵ باڵێنە و کوتلەکاری) ناو یەکێتیە ، بەشی هەرە زۆری یەکێتیە کەرکوکیەکان هەمیشە لەیەک مەسافەوە تەماشای کوتلەکانیان کردوە و هەردەم دەستیان بەیەکێتی ناو یەکێتیەوە گرتوە ، جەنابیان بەم کارە شکستخواردوەیان درزی خستە ناو متمانەکانی خۆی کە لە ناو مەکتەبی سیاسی یەکێتی و هەمیش گۆزەی متنانەی خەڵکانێکی زۆری بە دەستی خۆی بەزەویدا کێشا و ئەگەر سبەی هەڵبژاردنێکی نوێ بێتە پێشەوە ئەوجا دکتۆر لەو باجە گەورەیە بە ئاگادێت کە دەیدات !! بۆیە (بەر لەوەی غەدر لە کەرکوکیەکان بکات لە بەجێهێشتنیان لە نیوەی ڕێ، غەدری گەورەی لە خودی خۆی کرد ، چونکە دوچاری هەڵوەرینی گەڵای سەوزی دەنگ و متمانەکان هات) !! خۆزگە دکتۆر دوای ڕاوێژ لە گەڵ خۆی و ژمارەیەک لە دۆستە کەرکوکیە نزیکەکانی ئەوسا بڕیاری دورکەوتنەوەی لە کەرکوکیەکان هەڵدەبژارد
هەروەها لەسەر ئاستی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش، من تەمەنام دەکرد کە جەنابیان هەرگیز نەبونایە بە واجهەی یەکێک لەو باڵانەی کە بڕیاری یەکێتی ، ناوماڵی یەکێتی ، ڕابردوی یەکێتی ، داهاتوی یەکێتی ، سەنگی یەکێتی ، مێژوی یەکێتی بەهۆیانەوە توشی ڕوشان و سوکایەتی کراوە
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست