تاڵەبانى باڵانسى شارەوانییەكى پێ راناگیرێت لەكەركوك ، كەچى دەیەوێت شەڕى گۆران بكات لەو شارە!!

Saturday, 30/01/2010, 12:00


شاڵاو كەركوكى كاریگەرى شەڕى گومان خستنە سەر خەڵكى دڵسۆزو وهەوڵدان بۆسرینەوەى ماندوو بوونى و ناشرینكردن و پەراوێزخستنى ئیش وكارەكانى هیچى لە كاریگەرى شەرە خوێناوییەكان كەمتر نییە و لەوەش قورستر ئەوەیە كە رەنج و هەوڵى خەڵكانى دڵسۆزو بە توانا بە چەواشەكارییەوە بخەیتە روو ، قیزەونێكەشى لەوەدایە كە ئەو كەسانەى هەواڵەكان بە ناراست دەگەێننە بەرپرسە باڵاكان و وێنەى كەسە پاك ودڵسۆزەكان ناشریندەكەن لە پێناو ئەوەى لەلاى سەركردەكان خۆیان وەك فریاد رەسێكى دڵسۆز و خەمخۆر وێنا بكەن و دەسەڵاتداران بخەنە بازنەى وەهمى دڵسۆزى خۆیانەوە لەسەر حیسابى كەسانێك كە ئامانجییان خزمەتى خەڵكە رەش و رووتەكەیە .
بەراستى ئامانج لەو كورتە پێشەكییەى سەرەوە تەواو هاوتاى حاڵەتى جەمال محەمەد شكور- ە ، ئەو ئەندازیارە كە لە دواى پرۆسەى ئازادییەوە ئیدارەى كەركوك بە قەناعەتى تەواوى خۆیان ئەركى پۆستى سەرۆكى شارەوانیى كەركوكییان خستە ئەستۆى بە تایبەتى ئەمە لە كاتێكدا شارى كەركوك ئەو كاتە لە شارەدێیەكى وێرانكراو پێشكەوتوتر نەبوو ، بەڵام بە هەوڵ و ماندووبوونى ئەو ئەندازیارەو هاندانى كارمەندانى شارەوانییەكەى توانى لە ماوەیەكى كەمدا قۆناغێكى سەخت ببرێت و لە كاتى خۆیدا كارەكانى بووە مایەى خۆشحاڵى خەڵكى شارەكە ، بەڵام دواتر و بەتایبەتى دواى ئارامبوونەوەو سەقامگیرى بارودۆخى شارى كەركوك قۆناغێكى نوێ هاتە ئاراوە كە دەكرێت بە قۆناغى بەربەرەكانى و حەسادەت و تێهەڵچوونى حیزبى و بەرژەوەندى تایبەتى لێپرسراوانى حیزبى و حكومى كەمتواناكان دەستى پێكرد بە هەمان راوە كەوە خۆخۆرەكەى رۆژانى شاخ و شۆرش بەڵام بە شێوازێكى تازە و فێڵاوى تر .
لەو قۆناغەدا كە لەسەرەوە ئاماژەمان پێكرد شەرى نا بەرامبەرى نێوان خەڵكانى نا هاوكارو لێپرسراوى حیزبى و حكومى بەرژەوەندى خۆ پەرست هەوڵەكانیان خستە گەڕ بۆ دژایەتیكردنى ئەوئەندازیارەى كە ئەركى بەرێوەبردنى شارەوانیى كەركوكى پێ سپێردرابوو ، ئەمەش لەبەر هیچ نا تەنیا لە پێناو ئەوەى كە ئەو بەرێوەبەرە یەكەم كەركوكییەو دووەم رێگر بوو لە ئەنجامدانى كارە نایاساییەكانى هەندێك لە بەرپرسانى تەجاوزكەرو سەرپێچیكارى مودمین بە فایرۆسى موزمینى گەندەڵى.
پێدەچێت گوناهى بەرێوەبەرى ئەو شارەوانییە ئەوە بووبێت كە رێگر بووە لە تەجاوزكردنى هەندێك مەسئول لەسەر ماڵو موڵكى دەوڵەت و سەرەراى رێگرى لە كارى نایاسایى و پشتگوێخستن و نەكردنى هەندێك ئیشى تایبەت بە بەرژەوەندى خودى ئەو كەسانە تا كار گەیشتە ئەوەى كە ئەو كەسانە لە ژێرەوە راپۆرتى لێبدەن تا سەرەنجام لەلایەن ئاسایشەوە بۆ ماوەیەك دەسگیركراو پاش چەند هەفتەیەك بە داواى لێبوردنێكى شەرمۆكەوە ئازاد كرا ، لێرەدا مەهزەلەكە ئەوە بوو كە بەشێوەیەكى نایاسایى و بێ ئاگاداركردنەوەى هیچ لایەك لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیركرا لە كاتێكدا ئەو واتا بەرێوەبەرى شارەوانیى كەركوك لە رووى وەزیفییەوە سەر بە حكومەتى ناوەندە و هیچ پەیوەندییەكى بە حكومەتى هەرێمەوە نییە ، لەوەش سەیر تر ئەوەبوو ئەو ئەندازیارە لەلایەن حیزبەكەى خۆیەوە دەستبەسەركرا ، سەیرە .. لە دواكەوتوترین و دیكتاتوریترین وڵاتانى دونیا سەرۆكى شارەوانى رێزى تایبەتى هەیە ، كەچى ئەم بەرێوەبەرە تەنیا بە مەبەستى بێڕێزكردنى بە رۆژى روون و بە بەرچاوى عەرەب و توركمان و نەتەوەكانى دیكەى كەركوك و دۆست و دوژمنى كورد بە شێوەیەكى زۆر نا شارستانییەو دوور لەهەموو بەهایەكى یاسایى و سیاسى وئەخلاقى و بەهەرەمەكى لەلایەن ئاسایشى یەكێتییەوە دەست بەسەر كرا ، باشە خۆ ئەندازیار جەمال محەمەد شوكر ى سەرۆكى شارەوانیى كەركوك نە قاتیل و نە تیرۆریست و نە جەردەو نە تەزویرچى و نە قۆڵبڕ نەبوو تا بەو شێوەیە و لەلایەن حیزبەكەى خۆیەوە سوكایەتى پێبكرێت و ئاشكراشە ئەنجامدانى ئەو پرۆسەیە مەسجێك بوو بۆ ناوبراو لەلایەن كوتلەچى حیزبەكەى تاڵەبانى و گەندەڵچییەكانەوە تا ئەوەى پێ رابگەێنن كە ئەوان واتا گەندەڵكاران قوللەى قافن و مێروولە شەرى قوللەى قافى پێناكرێت . كەچى هەر دواى ئەو جەولەیە جەولەیەكى دبكەى دژایەتیكردنى دەستى پێكرد و بارمۆمەترى تۆمەت بەخشینەوە بەسەر جەمال شكوردا رۆژ لە دواى رۆژ لە هەڵكشاندابوو تا كار گەیشتە ئەوەى كە بریار بدات سەردانى مام جەلال بكات و باسى ئەو هەموو ناهەقییەى بۆ بكات ، دواتر لە سەردانێكى مام جەلالدا بۆ كەركوك ئەو دەرفەتەى بۆ رەخسا و دواى بینینى مام جەلال لە لێدوانێكى تەلەفزیۆنیدا بە راشكاوى و دەقاو دەق بەرێوەبەرەكەى شارەوانى كەركوك وتى : ((فەخامەتى مام جەلال بەو پەرى خۆشحاڵییەوە كێشەكانى چارەسەركردووە و داواكارییەكانى جێبەجێكردووە)) هەر لەو لێدوانەدا جەمال شكور ئەوەى نەشاردەوە كە دواى بینینى مام جەلال چەندێ ورەى بەرز بۆتەوەو ئێستا بە حەماسەتێكى زۆرەوە دەستیكردووە بە جێبەجێكردن و راپەراندنى ئیش و كارەكانى شارەوانیى كەركوك و ئەوەشى وت : كە ئەو هەواڵە بووەتە مایەى دڵخۆشى سەرجەم كارمەندانى شارەوانیى كەركوك بە تایبەتى پاش ئەوەى مام جەلال برێك پارەى تەرخانكردووە بۆ پاككردنەوەى شارەكە كە ئەمەش نیشانەى خەمخۆرى بەرێز مام جەلالە چ وەك حكومەت و سەرۆك كۆمار و چ وەك سكرتێرى یەكێتى نیشتمانى كوردستان)) ئەمە بەشێك بوو لە قسەكانى جەمال شكور پاش بینینى جەلال تاڵەبانى بەڵام كوتلەكەى قوللەى قاف ئەو حەماسەتەى سەرۆكى شارەوانیى كەركوكییان لەبار برد بە تایبەتى پاش چەند رۆژێكى كەم لە لێدوانە تەلەفزیونییەكەى هەواڵى دەست لە كاركێشانەوەى بە هەموو شارى كەركوكدا بڵاو بوەوە و حەماسەتى دواى بینینى تاڵەبانى لەبار برد ئەمە لەگەڵ ئەوەى كە كەركوكییەكان تا ئێستا نەیانتووانیوە دەرگاى ئەو تەلیسمە بكەنەوە كە سیحرى قەلەمى راپۆرت نوسەكانى نێو یەكێتى و هێزى لە بن نەهاتووى كوتلە بازى نێوان باڵەكانى ئەوحیزبە وا لەسەرۆك كۆمارو سكرتێرى گشتى یەكێتى نیشتمانى بكات كە لە ماوەى چەند رۆژێكى كەمدا لە بریارو بەڵێنەكانى بۆ سەرۆكى شارەوانیى و خەڵكى كەركوك پەشیمانبێتەوە بە تایبەتى ئەمە لە كاتێكدا سكرتێرەكەى یەكێتى بەوە ناسراوە كە زۆر ئەستەمە لە بڕیارەكانى پەشیمان بێتەوە بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەدا لە هەمووى سەیرو سەمەرەتر ئەوەیە كە هەر مەسئولێك كەسێكى نزیكى خۆى دەستنیشانكردووە تا جێگەكەى ئەندازیار جەمال شكور بگرێتەوە و لەوەش سەیرتر ئەوەیە ئەو كەسانەى بۆ ئەو پۆستە دانراون لە كاتى خۆیدا بریاریان لەسەر دراوە كە بە هۆى گەندەڵیونییەوە هیچ پۆستێك وەرنەگرێن . لێرەدا پرسیار ئەوەیە ئەم تەسەروفەى ئێستاى تاڵەبانى چى دەگەێنێت ؟ ئایا ئەم تەسروفە دژى سەرۆكى شارەوانییە یا دژى فەرمانگەى شارەوانییە یا گەمەیەكى فێڵبازانەیەو مەبەست تێیدا تێكدانى باڵانسى نەتەوەیى و پێكەوە ژیانە یا هۆیەكى سیاسیى و حیزبى لە پشتەوەیە یا رێكەوتنێكى ژێر بە ژێرى تاڵەبانییە لەگەڵ بەغدا بۆ لادانى بەرێوەبەرە كوردەكانى ئەو شارە یا خودى تاڵەبانى خۆیشى شەرى گەندەڵچییەكانى پێناكرێت بەتایبەتى لەم سەرو وەختەى هەڵبژاردندا یا تەحەداكردنى بریارەكانى تاڵەبانییە بە تایبەتى ئەو خۆى راستەوخۆ سەرپەرشتى هەڵبژاردنەكان دەكات لەو شارەدا و گرفت لەوە دایە ئەو بەرێوەبەرەى شارەوانیى و لە 90 % كارمەندە كوردەكانى ئەو بەرێوەبەرایەتییە نەك هەر یەكێتیین بەڵكو بە ((جەلالییەكان)) ناسراون !!


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە