تاخاوەن ماڵ دزى گرت .......دزخاوەن ماڵى گرت !
Tuesday, 26/10/2010, 12:00
* پارتى دیموكراتى كوردستان كەپیرەحیزبێكى تەمەن شەست ساڵەیەو نەك هەرلەگەڵ ئەم سەردەمەى ئێستادا نایەتەوە ، بەڵكو ئەم قۆناغەى ژیانى لەدەرەوەى مێژوودا دەگوزەرێنێت ، هەربۆیە بەردەوام لەگەڵ شەقام و جەماوەرى كوردستاندا تووشى ڕووبەڕووبوونەوەو پێكدادانى توند دەبێتەوەو بەوهۆیەشەوە تووشى تەنگەتاوى وهێستریا بووەو هەر ڕۆژەى جۆرە هەڵچوون و پەرچە كردارێك بەرامبەر بەجەماوەر پیشان ئەدات ! ڕۆژێك ڕابردوومان پێ ئەفرۆشێتەوەو ڕۆژێك چاومان لێ سوور دەكاتەوەو ڕۆژێك قەڵەم فرۆشە ڕوو زەردەكانمان لێ بەردەدات و ڕۆژێك جەللادە ترسنۆك و پیاوكوژەكانمان لێ ڕاست دەكاتەوەو ........... بەڵام كاتێك پیرەحیزب بۆى دەردەكەوێت كەهیچ كام لەوڕێبازو شێوازانە ، نەك هەرتۆزقاڵێك جەماوەرو ڕۆشنبیران ناترسێنن ، بەڵكو بەپێچەوانەو زیاتر شەقامى كوردى جۆش دەدەن و دەیوروژێنن ! بۆیە بەم دواییانە پەنچەرچى یەكانى حیزب بۆ دەمكوت كردنى جەماوەر بەگشتى و ڕۆشنبیران و میدیاى ئازاد بەتایبەتى بیریان لەشێوازێكى ترى ڕووبەڕووبونەوە كردەوە ، كەئەویش ڕێگاى یاساو ! پەنابردنە بەر دادگایە !! بۆ تۆماركردنى سكاڵا لەسەر كەناڵەكانى ڕاگەیاندنى میدیاى ئازادو ئۆپۆزسیۆن و بۆ ئەومەبەستەش (فازل میرانى) سكرتێرى حیزب هەستا بەتۆماركردنى زنجیرەیەكداواى یاسایى سەیرو سەمەرە لەسەر ژمارەیەك لەگۆڤارو ڕۆژنامەكان .
* شێوازوناوەرۆكى سكاڵاكانى میرانى بەلاى منەوە گرنگ نى یە ! بەڵكو ئەوەى لاى من گرنگ و جێى پرسیارە ئەوەیە كەئەگەر ڕۆژێك لەم هەرێمەدا یاسا سەروەر بێت ، ئاخۆ دەبێت كێ داواو سكاڵا لەسەر كێ تۆماربكات ؟ ڕەنگە ئاغاى میرانى بەبیستنى ئەم پرسیارە كەمێك ڕەنگى هەڵبڕزكێ و پێى وابێت من مەبەستم ئەوەیە كەئەوو سەرۆكەكەى لەسەر 31ى ئاب وهێنانەوەى هێزەكانى حەرەس جمهورى بۆ هەولێر ! یان لەسر پەلكێش كردن و چاوساغى كردنى جەندرمەى تورك و قەتڵ و عامى گەریلاكانى PKK یان لەسەر شەڕو كوشتارى كوردانى ڕۆژهەڵات شان بەشانى هێزەكانى ئەرتەش و سوپاى پاسدارانى ئێران ! یان لەسەر كوشتن و بەكوشت دان و بێ سەروشوێن كردنى هەزاران ڕۆڵەى كورد لەشەڕەكانى ناوخۆدا ! یان لەسەر دزین و دێزەبەدەرخۆنە كردنى سامان و داهاتى ئەم هەرێمە ! یان لەسەر پاوانكارى سیاسى و ئابوورى و ڕۆشنبیرى و خنكاندنى ئازادى و دیموكراسى ! یان ............یان .........یان ...... بدرێنە دادگا ! نەخێر ئاغاى میرانى ! هەرچەند ئەو زنجیرە تاوانەو دەیان تاوانى لەوجۆرەتان دژ بەم خەڵك وخاكە ئەنجام داوە ، بەڵام بێ خەم و خاتر جەم بە كەمن دوورونزیك بەلاى دۆسیەى هیچ كام لەو تاوانانەدا ناچم ، چونكە ئەوانە زنجیرە تاوانێكى گشتین و دەبێت داواكارى گشتى ! "بەڵام كام داواكارى گشتى ؟ ئەو داواكارەى كەبەڕاستى گشتى بێت " بیان جوڵێنێت . بەڵكو من داوایەكى تایبەت بە (سپڵەیى و بێ ئەمەكى) لەسەر سەرۆكى هێژا تۆمار دەكەم ! ئاغاى میرانى ! لەبیرتە هاوینى ساڵى 1988 كاتێك تەڕو وشكى خاكى كوردستان بەئاگرى ئەنفالى بەعس قرچەى دەهات ؟ ئەوە ڕۆژگارێك بوو كەئەویش ئەمڕۆ وەك پارتى لەدەرەوەى مێژووەو لەباسكردن نایەت ، تەنها ئەوەندە بەسە بڵێم كەمرۆڤ خوا خواى بووهەرچى زووتر لەدۆزەخى ئەنفال ڕزگار بێت و خۆى فڕێداتە ئەودیوى پەتى دیژبانى یەكانى سەر سنوورو لە مەرگى موحەققەق قوتاربێت ! من ئەوڕۆژە لەگەڵ ژمارەیەك لەپێشمەرگەكانى هەردوولقى (3 و 4) ى ئەو كاتە بەبروسكەیەكى بەپەلەى (جەنابى سەرۆك) لەهەورامانەوە بەرەو ناوچەى بارزان ، سۆكۆلۆف گوتەنى (بەرەو ئەو شوێنەى زەوى كە ناڵەى لێوە دەهات) بەڕێكەوتین و لەڕووبەڕووبوونەوەیەكى سەخت و نابەرابەردا داستانێكمان تۆماركرد كەبەقەولى سەرۆك بەو داستانە پەنجاساڵ شۆڕشى كوردمان بەرەو پێشبردو (بەقەد چیاكانى كوردستان شەرەفمان لێ دەبارى) و پاش داستانەكەش دیارى یەك كەئەوكات لەدەستى دەهات تەنها دووربینەكەى ملى و كاتژمێرەكەى دەستى بوو كە بەداواى لێبوردنێكى زۆرەوە بەخشى بەهەردوولقى 3 ،4 (ڕووى زەمانەونەبوونى ڕەش بێت) ئاخر سەرۆك ئەو كاتە دەست كورت وهەژاربوو ، هەرئەوەندەى لەدەست دەهات ، بەڵام پەیمان و بەڵێنى داینێ كەپاش سەركەوتنى شۆڕش و ڕزگاركردنى كوردستان ئەگەر تەنها نانێكى دەست كەوێت لەگەڵ (ئێمەى قارەمان) دەیكات بەدوولەتەوە ! ڕۆژگارهات و ڕۆژگارچوو ، شۆڕش سەركەوت و كوردستان ڕزگاربوو ،بەڵام جەنابى سەرۆك زۆرسپڵەو بێ وەفا دەرچوو ! چونكە ئێستا زۆربەى ئەو جاشانەى كەلەداستانەكەى خواكورك دا دەورى (دەوار)* یان بۆ هێزەكانى ڕژێم دەبینى و بەكۆڵ ئازووقەو تەقەمەنى و بریندارو كوژراویان لەبەرەكانى شەڕدا دەگواستەوە عەزیزو خۆشەویستى جەنابى سەرۆكن و ڕۆڵەى بەوەفاى پارتى و ڕێبازى بارزانین و بەرهەمى ڕەنج و خوێن وخەباتى پێشمەرگەو شەهیدان دەكاتە قوڕگ و گیرفانیانەوە ! ئێستا زۆربەى تاوانبارو ئەنفالچى یەكان مووچەخۆرو موفتەخۆرو كفتەخۆرى حیزبن و قارەمانى داستانەكانى خواركوركیش زرتەى چاوو قۆڕەى زكیان دێت و ژیانى كولەمەرگى دەگوزەرێنن ! بۆیە بەئاغاى میرانى دەڵێم ..بەسەرى خۆى و بەگیانى سەرۆك! ئێستا نا ، بەڵام ئەوڕۆژەى لەكوردستان یاسا سەروەردەبێت ، یەكەم سكاڵا كەمن لەدادگا تۆمارى دەكەم لەسەر سپڵەیى و بێوەفایى جەنابى سەرۆك دەبێت ! ئەوڕۆژەش زۆر دوور نى یە !.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست