وەڵامێکی کورت بۆ خزم و هەڤالەکەی قاسم اغای سەرۆک جاش

Wednesday, 20/10/2010, 12:00



من وه‌کو برازایه‌کی شه‌هید (سه‌فین سعید ره‌زا) ئەمەوێت وەڵامێکی کورتی ئەوکەسە بدەمەوە کە خۆی بە خزمێک وهەڤالێکی قاسم اغای سەرۆک جاش ناساندووە.
ویژدانم ئازارم دەدا گەر رێگا بدەم بە کەسانێک کە بیەوێت خەلک و خوێنەران چەواشە بکات و راستیەکان بشێوێنێت، وە بیانەوێت رووی رەشی سپی نەبۆوەی قاسم  اغا سپی بکاتەوە. ئەگینا وەڵامدانەوەی کەسێک کە خۆی بە خزم و هەڤالێکی قاسم  اغا بناسێنێت (کە ئەمە خۆی لە خۆی دا پێناسەیەکی جوانە بۆ خۆی)بە پێویست نازانم. چونکە هەموو خەلکی بەشەرەفی کوردو بە تایبەت خەلکی شاری کۆیە ئەزانن کە قاسم  اغا کێیەو وە چی کردووە. وە لەبەرئەوەی کە نەبا ئێمەی بنەماڵەی شەهید تاوانبار دەرچین و ئەوان قارەمانەکەبن.
ئەم بە ناو خزمەی قاسم  اغا هاتووە بە ناراستەوخۆ بەرگری لە قاسم  اغای سەرۆکی دەکا و جار جارێکیش ئەنوسێت کەگوایە ئەویش پێ ی وایە کە قاسم ێغا تاوانبارە! ئەم پێ ی وایە کە خەلک لە گوێی گا خەوتووە و هیچ نازانێت و ئاگاداری هیچ نیە بۆیە هاتووە بە دڵی خۆی وشەی بەدوای یەکدا ریز کردووە بێ ئەوەی هەر خۆی لە خۆی بپرسێت کە ئایا ئەوەی ئەو دەیڵێ چەندە راستی تێدایە وە ئایا ئەیەوێت سەر لە کێ بشێوێنێت. ئەگینا هەر لە نوسینەکەی خۆیدا کە باس لە کوشتنی خەلک دەکات لەلایەن جاشەکان ئایە ئەمانە جاشی کێ بوون و کێ سەرۆکیان بوو وە بە فەرمانی کێ خەلکیان ئەگرت و ئەیان کوشت بۆ ئەوەی تەرمەکەیان بۆ بەغدا بەرێکات و لای رژێمە گۆربەگۆرەکەی ئەوسا پێگەو پایەی بەرز بێت.
هەرچەندە هەموو شەهیدانی کوردستان وە ئەوەی کە بە دەستی ئەم جەلادە شەهید کراوە بە شەهیدی خۆمیان ئەزانم بەڵام ئەوەی کە ئەمەوێت باسی کەم شەهید (سه‌فین سعید ره‌زا)یە کەخۆم برازای ئەوم کە لە نووسینەکەی بەشی دووەمی ئەم خزمەی قاسم  اغا ناوی هاتووە.
ئەم هاتووە ئەڵێ سەفین لە کەمینی جاشان شەهید کرا. بەڵێ راستە بەڵام جاشی کێ ؟ وە کەمینی کێ ؟ وەبەفەرمانی کێ کەمین دادەنرا ؟وە بۆ کوشتنی کێ کەمین دادەنرا ؟ لەوانەیە تۆ پێت وابێت کە ئەم کەمینانەی جاشەکانی قاسم  اغا بۆ لەناو بردنی بەعسیەکان بوبێت نەک بۆ لەناوبردنی ئەو قارەمانانەی کەژیانی شاخیان هەڵبژاردبووکە زەوی رایەخ و ئاسمان پێخەفیان بوو بەڵام هەر نە دەسرەوتن و لە تێکۆشان بەردەوام بوون.
.کورتەیەک لەسەرکاتی شەهید بوونی شەهید سەفین تا وەرگرتنەوەی تەرمی پیرۆزی:ـ
شەهید سەفین پێشمه‌رگه‌یه‌کی یەکێتی تیپی (91)ی سه‌فین بوو، شەوی ١٧/١٨ مانگی ١٢ ساڵی ١٩٨٧لەرێگەی نێوان شاری کۆیەو گوندی فەقێیان لە شوێنێک کە پێی دەوترێت مامۆستا کەرەم شەهید سەفین ئەکەوێتە یەکێ لە کەمینەکانی جاشەکانی قاسم ێغا وە شەهید دەکرێت. تەرمە پیرۆزەکەشی ئەکەوێتە بەردەستی ئەوان. بۆبەیانیەکەی باوکی شەهید سەفین (‌‌‌حاجی سە‌عید مام رەزا) کە حاجیەکی ریش سپیە کە ئەچێت بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکەی کازمی برای قاسم  اغا پێی دەلێ کەکەس بۆی نیە داوای تەرمەکەی بکات چونکە تەرمەکە ئەنێرمە بەغدا وە دێم ماڵەکەشت شۆفڵ لێدەدەم.وە دەڵێ هەر ئەبێ بینێرمە بەغدا بۆ ئەوەی بزانن کە من چیان بۆ دەکەم. بەڵام دواتر بە هەوڵی کۆمەڵێک پیاو ماقولی شاری کۆیە کە لە ناویاندا (خوالێخۆشبوو مەلا حەمەدامین چۆم حەیدەری مەلای گەورەی کۆیە کە ئەکاتە باوکی دکتۆر جەواد کە ئێستە لە زانکۆی کۆیەیە وە خوالێخۆشبوو ئەحمەد مام یەحیا و چەندانی تر...) بە تکاو پارانەوە یەکی زۆر تەرمەکە وەردەگرنەوە. بەڵام کازم بە مەرجێک ئەیانداتەوە کە وێنەی بگرێت. دوای وێنە گرتنی تەرمەکە ئەوسا ئەیانداتەوە. خۆزگە ئەمانە لە ژیان دا ئەمان تاوەکو شاهیدی بۆ ئەم راستیە بدەن.
ئاخر خەڵکینە کازم گەر قاسم  اغا پشتی نەبێت چۆن ئەتوانیت هەڕەشە بکات کە شۆفڵ لە ماڵی خەلک بات لە ماڵی کەسێک کە کورەکەشیان بە دەستی ئەو جەلادانە شەهید کرابێت؟
تۆ ئەی خزمەکەی قاسم اغا کە ئاوا خزمی نزیکی بیت بێگومان ئێستا لە دیوەخانەکەی ئەو دانیشتوی لە مەلا ئۆمەر وە شانت ئەخشێت لە شانی کازم ێغا ئەوەی من نوسیومە لێی بپرسە بزانە راستە؟
تۆ گەر پێت وابێت ئەوەی کە بە دەستی قاسم  اغا خۆی نەکراوە ئەوە قاسم  اغا تاوانبار نیە سەهوویت زۆریش سەهوویت، چونکە هەرچی کرابێت بە ئەمری ئەو کراوە. هیچ شتێک بێ ئاگاداری ئەو نەکراوە. کە وابێت خۆت کە لە نوسینەکەتدا کە مام جالال و مەسعود بە تاوانباری شەری ناوخۆ ئەبینی راستناکەیت چونکە ئەوانیش خۆ بە دەستی خۆیان نەیان کردووە. کە وابێت سەدامی گۆربەگۆری هاورێی هاورێکەت تاوانبار نەبوو خۆ بە دەستی خۆی تاوانەکانی نەکردبوو.
دواتر تۆ هاتووی باسی جاشێک ئەکەی کە لەم کەمینە بەشدار بووە تاوانبارە بووە بە شەهید کردنی شەهید سەفین وە تێکەڵت کردووە لەگەڵ کۆمەڵکوژیەکەی حەمەی حەلاق، کە کاوەش یەکێک بووە لەوانەی ئەو رۆژە کوژرا لەگەڵ حەمەی حەلاق. کە ئەمە دوو روداوی جیاوازن.تۆ دەڵێی کاوە پەیوەندی نەمابوو بە حەمەی حەلاق ئەی ئەو رۆژە بۆ لەگەڵی بوو؟ بەڵام بۆ زانینت جاشەکانی تریش کە لە کەمینی شەهیدکردنی شەهید سەفین بەشدار بوون وە سەرۆک جاشەکەشیان کە قاسم  اغایە ئەبێ رۆژێک بێت بە سزای گەل بگەن. وەک چۆن هەندێکیان پێی گەیشتن.
تۆ لە نوسینەکەتدا تەنها ئەتەوێ بەرگری کوێرانە بکەیت ئەگینا چۆن کە خۆت نوسیوتە کاوە کە جاشی قاسم  اغا بووە دواتر دێڕێک خوارتر پلەی شەهیدت بەم جاشە بەخشیوە !
پلەی شەهید پلەیەکە شایستەی کەسانی قارەمان و خۆ بەخت کەرە لە پێناوی وڵات پلەی شەهید پلەیەکی ئەمەندە بەرزەکە خەلک ئەبێت ئاواتی بۆ بخوازێت بۆ ئەوەی بە بەرزی بمێنیتەوە.ئەوە ئەوان بوون ئەو رۆژەیان رەخساند بۆ ئێمە کە بتوانین کەسانی وەک قاسم ێغا شار بەدەر بکەین و ناویان بدەین بە دادگا بۆ ئەوەی رۆژێک بێت پەلکێشی دادگایان بکەین(ئەم رۆژە هەر ئەبێ بێت). ئەوە ئەوان بوون خەباتیان دەکرد لە وەرزی گەرماو سەرما لەو شەوە ساردانەی کە تۆ لە باوەشی خێزانەکەتدا ئەتوت ئەمشەو شەوی پێشمەرگەیە و نەتئەوێرا بە دیار پەنجەرەکەشتەوە بوەستیت. ئەم پلەی شەهیدە شایەنی ئەوکەسانە نیە کە خیانەتیان لە گەل ونیشتمان کردبێت گەر بۆ تەنها جارێکیش بێت. کەسانی وەک تۆش نەک تەنها بۆتان نیە ئەم پلەیە ببەخشن بەڵکو نابێ جوورئەتی ئەوەش بکەن کە باسیان بکەن.
من داوات لێدەکەم کە بە خۆتدا بچیتەوەو لەگەل ویژدانی خۆتا راستگۆ بیت، لەناو ئەو بەرگە بێیتەدەر ،ئاخر تاوانی ئەو سەرۆک جاشە ئەوەندە زۆرن خەلک نازانێت کامەیان بنوسێت. ئاخر هەموومان قاسم  اغامان نەبینی کە لەگەڵ سەددامە دۆستە گۆربەگۆرەکەی بە عەرەبیە شرەکەی ئەیوت کە داوای لێکردووە کیمیایی پێ بدات تا لە دەشتی بیتوێن بدات؟ ئێ ئەمە بەس نیە؟ من تێناگەم ئەم نوسینانەی تۆ بۆ وە ئەتەوێت بگەیتە چی؟ گەر چاوەرێی ئەوەی کە قاسم  اغا لەم دەسەڵاتەی ئێستە پلەیەکی بەرز وەرگرێت و تۆش بکات بە دەستە راستی خۆی ئەوە سەهوون چوونکە بنەماڵەی شەهیدەکان و خەلکی بە شەرەفی کوردستان هەرگیز ئەمجارە لە هیچ دەسەڵات و لایەنێک قبول ناکات کە داڵدەی کەسی لەو جۆرە بدات. ئەمانە هەر ئەبێت بە سزای خۆیان بگەن. تۆش کە دەزانی ئەو داوای لەسەرە وە پیت وایە تاوانبار نیە داوای لێبکە با بچێتە بەردەم ژادگا بۆ ئەوەی بێ تاوانی خۆی بسەلمێنێت. ئەوە ئێمە وەکو بنەماڵەی ئەو شەهیدانە کە ناومان لە کەمپینەکە هاتووە داواکەمان لە دادگا نوسیوە جا با قاسم  اغا خۆی بچێت بەرگری لە خۆی بکات تۆش بۆت هەیە بچیت ببیت بە پارێزەری ئەو سەرۆک جاشە. تۆ کە خزمێک و هەڤالێکی وا نزیکی بیت ئەوەنە دڵسۆز بیت بۆی ئەمە پیرۆزی ئێوە بێت وە پیرۆزی ئەوانە بێت کە لە دیوەخانەکەی دائەنیشن بێگومان ئەمانە هەموو جاشە کانی ئەون کە ئێستە خۆشحالن بە گەرانەوەی سەرۆکەکەیان و لە دیوەخانەکەی سەردانی دەکەن.
لە کۆتاییدا لەگەڵ ئەم نوسینەمدا گلەیی گەورەم لەم دەسەڵاتەیە کە تا ئێستا هەنگاوی جددی نەناوە بۆ بە دادگایی کردنی ئەو جاش و خۆ فرۆشانەی کە دەستیان سورە بە خوێنی ڕۆلەکانی گەلەکەمان بۆ ئەوەی تاوەک و هەم ئەوان بە سزای خۆیان بگەن و هەم ئەمانەش جورئەت نەکەن بەرگری لە کەسانی ئاوا بکەن. داواکاریشم لە کۆمەڵانی خەلک کە هەموو یەک دەنگ پشتیوان بن بۆبە دادگایی گەیاندنی ئەو خایین و خۆفرۆشانە و وە بۆ ریسوا کردنی هەر تاقم و لایەنێک کە قاسم  اغاو هاوشێوەکانی بگرێتە خۆ وە بۆ ئەوەی بە دەسەڵات بڵێین کە چیتر قبول ناکەین کەسانی ئاوا شوێنیان هەبێت لە کوردستان. وە بۆ ئەوەی ببیتە دەرسێک بۆ هەموو کەسێک بۆ ئەوەی جارێکی ترو چیتر خوێنی کورد بە دەستی کورد نەرژێت ە هیچ کەسێک جورئەت نەکەت بەلای خیانەتتدا بچێتەوە.
ماکۆک ئەسوەد سەعید / برازای شەهید سه‌فین سعید ره‌زا

  

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە