بۆچى عەبدولوەهاب عەلى، هاتۆتە لقى مەكتەبى سیاسى پارتى لە سلێمانى

Wednesday, 12/10/2011, 12:00




نزیكەى بیست رۆژ بۆ مانگێك دەبێت كە عەبدولوەهاب عەلى (ئەندامى مەكتەبى ناوەندى راگەیاندنى) پارتى دیموكراتى كوردستان، كە پلەكەى كراوە بە سەرۆكى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى (پارتى) گەیشتۆتە بیناى لقى مەكتەبى سیاسیى پارتى لە سلێمانى، كە كەوتۆتە نزیك لقى 21ى پارتى لە راپەڕین. لەو رۆژەوەى هاتۆتە سلێمانى، لەگەڵ عیزەدین بەروارى و فازیلى مەلیح و فەرەیدوون جوانڕۆیدا..
هەروەها بە پێى پەیڕەو و پرۆگرامى حزبەكەى رۆژانە خەڵكى ئەمشارە دەبینێت و نووسەران و هونەرمەندان و هەوادارانى پارتى و تۆراوەكان لە پارتى دەدوێنێت و ماستاویان بۆ سارد دەكاتەوەو وەعدو وعودى درۆینەى زۆریان پێدەدات كە گوایە حزبەكەى لەمەودوا لە شارى سلێمانى كارى باش بۆ خەڵكى ئەمشارە قارەمانە دەكات و دەتوانێت دایان بمەزرێنێت و مانگانە مووچە بۆ ئەو خەڵكانە ببڕێتەوە كە هاوكاریان دەبن و زوو زوو هاتووچۆیان دەكەن و دەووروبەریان قەرەباڵغ دەكەن.
لەو رۆژەوەى ئەم عەبدولوەهابە گەیشتۆتە سلێمانى كەوتۆتە جموجۆڵ و خۆ نزیك كردنەوە لە رۆشنبیران و نووسەران و هەوادارانى بزووتنەوەى گۆڕان و ئۆپۆزسیۆن بەگشتى و لە كەناڵە تەلەفزیۆنییەكانەوە، لە كافیتیریاى كلتوورى ئەمشارە (شارى سلێمانى) سیمینارو دێبەیت و گفتوگۆ ساز دەدات بۆ ئەوەى بیسەلمێنن و بە سەرۆكە زەردەڵە سەر سوورەكەیان بڵێن ئەوەتا چووینەوە ناو شارەكەو خەڵكانێكمان كۆ كردۆتەوەو ئێمەى پارتى لە شارى هەڵمەت و قوربانیدا دیسانەوە بارەگاو مەجلیسەكانمان گەرم و گوڕ كردۆتەوە و بێخەم و راشكاو بن كەوا پارتیمان زۆر بەهێزەو رەگوریشەى داكووتیووە و هێشتاكە خەڵك لە خۆمان كۆ دەكەینەوە و ئەوانیش لە دڵەوە گوێمان لێدەگرن.
لەمانە گرنگتر ئەوەیە كە دەبێت ئەو جۆرە خەڵكانە ئەوە بزانن كە هاتنى عەبدولوەهاب و كردنەوەى لقى مەكتەبى سیاسى پارتى لەم دەم و وەختەدا بۆ شارى سلێمانى بۆ ئەوەیە كە لە نزیكەوە پێڕەو پڕۆگرامە نوێكەیان بۆ خەڵكانى تۆراوى ناو پارتى و هەوادارە زوویرەكانى پارتى و خەڵكى هەژارى ساویلكە لەخشتە بەرن و وردە وردە لە گۆڕان و حزبە ئۆپۆزسۆنەكانى ناو ئەمشارە دووریان بخەنەوە، لەلایەكى دیكەوە حزوور بۆ ئەو غیابە پەیدا بكەنەوە كە ساڵانى دواى 2005 تا ئەمڕۆ بەسەریان هاتووە، كاتێك لە دوا هەڵبژاردندا نەیانتوانى تەنیا یەك تاقە كورسیش بەدەست بێنن لەكاتێكدا مەلا مستەفا وتوویەتى سلێمانى ئەو خۆڵەمێشەیە كە ئەگەر فووى لێبكەیتەوە، هەموو ژیلەمۆكانى دەگەشێنەوە.
دەیانەوێت دیسانەوە ژیلەمۆ نووستووەكانى ئەمشارە كە وەختى خۆى هەوادارو هاوبیرى ئەم حزبە زەردە بوون، لەشارى خۆپیشاندان و ئازادیخوازاندا بگەشێننەوەو خۆیان لە خەڵكى ئەمشارە نزیك بكەنەوە، ئەوان هاتوون وەعدو پەیمان و گفتى درۆ بە خەڵكى بدەنەوە، هەر هەفتەیەى توێژو چینێك لە نووسەران و هونەرمەندان و رۆشنبیران و پیشەوەرانى شارى سلێمانى دەبینن و گفتى زۆریان دەدەنێ پاش بواریان دەدەن كە گوێ لە داواكارى و سكاڵا زۆرەكانیان وەربگرن و شەكواى نانبڕین و بێ مووچەییان بەم بەرپرسە زەردەڵانە بڵێن و بگەیەنن..
بەڵام داخى گرانم ئەم خەڵكە هەناسە ساردو بەشمەینەتانە ئەوە نازانن كە ئەم لقى مەكتەبى سیاسەیەى پارتى لە شارى سلێمانیدا تەنیا بۆ ئەوە كەوتۆتە جموجۆڵ چونكە وادەى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاكان نزیك بۆتەوەو دەیانەوێت خۆیان لە خەڵكى شارەكە نزیكتر بكەنەوەو وەعدى زۆریان دەدەنێ كە گوایە پارتى سەرو سامانى خۆى لە رێى خەڵكانى ئەمشارەدا جەنفیدا دەكەن و پارتیش هەر ئەو حزبەیە كە زەمەنى مەلا مستەفا حزبى یەكەم و تاقانە بووەو حزبێكى جەماوەرى بووەو ئەمێستاكەش هەر هەمان حزبەو وەرنەوە ناوى و لێمان نزیك ببنەوەو چیتان دەوێت بەسەرچاومان بۆتان مەیسەر دەكەین ..
بۆیە سەدان و هەزاران گفتیان دەدەنێ ، وەعدى مووچە و یارمەتى و دامەزراندنى دەزگاى گەورەیان دەدەنێ كە هەموویان لەو رێگەیەوە پلەو پایەى سیاسى و حزبیان بەردەكەوێت و بگرە زەویش لە هەولێر وەردەگرن چونكە لە سلێمانیدا بەداخەوە خاوەنى زەوى نین و دادە هێرۆش هەمووى لووش داوەو هیچى بۆ پارتى نەهێشتۆتەوە.
لەبەرئەوە تكا لەو كەسانە دەكەم كە خەون و خەیاڵیان چۆتە ناو جوغزى ئەم بەرپرسانەوەو هیواى زۆریان بەمجۆرە وەعدو وعودانە هەیە و شەوانە خەونى سەوزو زەدو سوورى جوان دەبینن كە گوایە ئیتر هەژار نامێننەوەو پارتى لەمەودوا ئاوڕیان لێدەداتەوە، با ئەم جۆرە كەسە ساویلكانە چیدیكە دواى كڵاوى بابردوو نەكەون و بە قسەى بریق و باقى ئەم بەرپرسە زەردەڵانە خۆیان لەخشتە نەبەن و دواجار نەبنە گۆدۆ و چاوەڕوانى هیچ نەكەن و تا رۆژى مەحشەر بێومێد نەبن، چونكە وادەى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاكانى كوردستان نزیك بۆتەوەو ئەوەى ئەم مەكتەبە سیاسییە پێى هەڵدەستێت تەنیا گفت و پەیمانى درۆى گەورە گەورە، وەكو چۆن بیست ساڵ لەمەوبەر ئەم دوو حزبە زەبەلاحەى دەسەڵاتى كوردى نواندوویانەو هەزاران گفتى درۆیان بە میللەتەكەى خۆیان داوەو تەنیا لەكاتى هەڵبژاردنەكاندا خەڵكیان بیر كەوتۆتەوەو خۆیان نزیكتر كردۆتەوە لێیان ئەگینا ئەوان لە كوولەكەى تەڕیشدا خەڵكى هەژارو كەمدەرامەتیان بیر نییەو وەكو دەعباو حەشەرات تەماشایان دەكەن و وەڵامى تەلەفۆن و داواكارى ئەوان نادەنەوەو كەسیش ناتوانێت بیان بینێت.

 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە