لیژنەی هەڵبژاردن یا پاکتاوکردن
Monday, 30/07/2012, 12:00
لە دوای جیابونەوەی بزوتنەوەی گۆران لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەشێکی زۆر لە کادران و ئەندامان ریزەکانی ئەم حیزبەیان بەجێهێشت و بۆشاییەکی گەورەیان خستە ناو ریزەکانی رێکخستنەوە بە تایبەتی لە دەرەوەی وڵات .
ئەوەی لەم نێوەندەدا زیانی گەورەی بەرکەوت هەردو وڵاتی بەریتانیاو هۆڵندا بون بەو هۆکارەی کۆمەڵێک کادری پێشکەوتوی یەکێتی لەم دو وڵاتەدا نیشتە جێ بون و هەروەها مەڵبەندی دەرەوە سەرەتا بارەگاکەی لە بەریتانیاو پاشان گوازرایەوە بۆ هۆڵندا .
ژمارەیەکی بەرچاو لەو کادرانەی لە ناو مەڵبەندا کاریان دەکرد بە بەرپرسەکەشیانەوە ریزەکانی یەکێتیان جێهێشت تا کار گەیشتە ئەوەی مەڵبەند گواسترایەوە بۆ ناو وڵات .
ئەگەر گواستنەوەی مەڵبەند بۆ ناو وڵات بۆ لێدان و پاشکۆ خستنی ئەو کادرانە بوبێت کە بەباڵی ریفۆرم ناسرابون ،لەهەمان کاتدا پەکخستنی رێکخستنەکان بە گشتی و بچوک کردنەوەی یەکێتی بو لە دەرەوەی وڵات.
لە دوای یەکلا بونەوەی گۆران و 25/7/2009 یەکێتی بریاری بەخۆدا چونەوەی دا لە سنوری مەڵبەندەکەی دەرەوەی جاران و لە دوای پلینیۆم لیژنەیەکی بۆ سەرپەرشتی رێکخستنەکانی دەرەوە دیاری کرد بە ناوی (لیژنەی باڵای رێکخستنەکانی دەرەوە) ئەم لیژنەیە جگە لە بەرپرسەکەی کە بەرێز (یوسف زۆزانی) بو هەمو ئەندامانی ئەوانە بون کە پێشتر لە ناو مەڵبەندی پێشودا کاریان کردبو .
ئەم لیژنەیە توانی لە ماوەی پلینیۆم تا کۆنگرەی سێ گوروتینێکی باش بداتە رێکخستنەکان بە گشتی هەڵسانەوەیەکی باشی بە خۆوە بینی .
لە دوای کۆنگرەوە کە بریار بو کۆنفرانسێکی فراوان بۆ هەمو دەرەوە بگیرێت بەڵام لە بەر نەبونی بەرچاورونی تەکەتولەکان ئەو کۆنفرانسە بە کۆبونەوەیەک کۆتایی پێهات و ئۆرگانێک بە ناوی ناوەندی دەرەوە پێک هات و بەرێز (سامان گەرمیانی) کرایە بەر پرسی .
ناوەندی دەرەوە کە لە پەیرەودا جێگای نا دیارە لەبەرخاتری بەرژەوەندی لایەک پەسەند کرا بۆ لێدانی هەمو ئەوانەی بە تەکەتولی خۆیان نازانن و لەماوەیەکی کورتدا توانیان کۆمەڵێک ئامانجی خۆیان بەجێ بێنن ،دروستکردنی ناوەندی دەرەوە کە بارەگاکەی لە سلێمانیە لە سەر شێوەی بارەگاکانی ناوەوەی وڵات و دامەزراندنی کۆمەلێک کادر و فەرمانبەر لە سەرحسابی ریکخستنەکانی دەرەوە جگە لە بە فیرۆدانی پارەیەکی زۆر و پێدانی پلەو پایە بە کۆمەڵێک نە شارەزاو نەشیاو بۆ ئەو ئاستانە و هەروەها لەناو ئەوانەدا پەیرەو کردنی ناوچەگەری جگە لە برەودان بە تکەتول شتێکی تر نەبوە .
لاوازی بەرپرسی ناوەند لە ئاست بەرێز(خواوەندی یەکێتی لە بەریتانیا)دا هۆکارێکی تری مانەوەی ئەو ناوەندە یە بۆ ماوەیەکی زیاتر تا لە ژێر ناوی ناوەندی دەرەوەدا هەمو نەیارەکانیان دور بخەنەوە و بە تەواوی دەست بەسەر دەرەوەدا بگرن .
ئەم خواوەندە بەرێزە بۆ لێدانی هەمو ئەوانەی کە خاوەن بۆچون و کەسایەتی خۆیانن و دەستەمۆ نابن بەلایەوە گرنگ نیە یەکێتی بچوک ئەبێتەوە کادرە ئەساسیەکانی لە دەست ئەدات ، چونکە ئەو پێی وایە گەر ئەو خۆی بەرپرسی دەرەوە بێت ئیتر هەمو کێشەکان چارەسەر ئەبن هەر وەک چۆن لیژنە بەرێزەکەی ئەم جارە رایان گەیاندوە ژمارە بەلایانەوە گرنگ نیە خۆ گەر لە کەرتێکدا تەنها چوار کە سو لە کۆمیتەیەکدا 15 کەسیان هەبێت بە سیانە بە مەرجێک هی خۆیان بن ،دیارە ئەم لیژنە بەرێزە بریاریان داوە هەر وڵاتێک بکەنەوە بە کەرت و دەرەوەش بکەن بە کۆمیتەیەکی گوێ رایەڵ و دەستەمۆ هەروەک لە هۆڵندا بەو شیوەیە کۆمیتەیەکی نوێیان پێکهێناوە لە تەکەتولەکەی خۆیان . پاکتاوی هەمو کادرە شارەزاو بە ئەزمونەکانیان کردوەودوریان خستۆنەتەوە ، ئەم کۆمیتە نوییە دەکرێ ناوی لێبنرێ کۆمیتەی (شاخەوان کەرکوکی) کە ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە کار بۆ پێکهێنانی دەکات ، شاخەوان و تەکەتولەکەی مەبەستیان بو لە هەر وڵاتێکدا کۆمیتەیەکی بێ توانا کە پێک هاتبێت لە کەسانێک لە خۆیان بێ تواناتربن و کۆمەڵێک خاڵی لاوازیان هەبێت ، گەر سەرنجێک لەم کۆمیتە نوییە بدەین ئەم راستیە بەدی ئەکەین .
بەرپرسی کۆمیتە(سێ ساڵە بوە بە یەکێتی ،هەتا ئێستا زمانی راست نەبۆتەوە ، ئیمانی بە رۆشنبیری نیە لەبەر ئەوەی نە خوێندەوارە و پێی وایە سەردەمی خوێندن بەسەر چوەو تەنیا پلەو پارە حسابە)
کارگێری رێکخستن : نەک هەر سەرە واوی ئەدەبی رێکخستن وئسلوبی قسەکردن نازانن، لەگەڵ بەرپرسەکەیا هەردوکیان پێویستیان بە موتەرجمی کوردی هەیە تا بەرانبەرەکانیان لێیان تێ بگەن ،سەرەرای ئەوە مەبەستی ئەمانە تەنیا بەکار هێنانی رێکخستنەکانە بۆ بەدەست هێنانی پلەو پایە)
بەرپرسی ئامار و بەدوادا چون : ئەو کارگێرەی کە روی کۆرو کۆبونەوەی نیە گەر بەرپرسێکی دیاری تێدا نەبێت نەوەک خوانەخواستە باسی رابوردو بکریت بۆیە تەنیا بە ئیمێل کار ئەکات و ئەشهەدو مابیلا ئەکێشی بۆ تەکەتولەکەیان و زۆر ماندوە بە بەخێر هاتنەوەو خواحافیزی هەڤاڵەکانی .
جگە لەوانە نازانم چۆن وا زوو بیریان چو باسی راپۆرتی دارایی و کاری رابوردویان بکەن ،ئەرێ ئێوە نەبون لە کۆمیتەکەی پێشودا کارتان کرد ؟! ئەی بۆ باسی ناکەن چیتان کرد تا دەنگ دەرەکان بتان ناسن .
پێشینان وتویانە تەیری گول عاشق بەداری ژەقنە بوتە .
بەراستی ئەم لیژنە بەرێزە خەڵکی شایستەیان بۆ شەریکی خۆیان هەڵبژاردوە و قابیلە هەر خۆیان بەرپرسیان بن .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست