کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


له‌ 31ی ئابدا: هه‌ولێر شارێکی داگیرکراوه‌

Monday, 23/08/2010, 12:00


بۆ گه‌ڕان به‌ شوێن وه‌ڵامی ئه‌و دوو پرسیاره‌ی، ئایا هه‌ولێر شارێکی داگیرکراوه‌ یان نا؟ یان ئایا پرۆسه‌ی ئازادی عێراق له‌ لایه‌ن هێزه‌ هاوپه‌یمانه‌کانه‌وه‌ هه‌موو ناوچه‌یه‌کی ژێر قه‌ڵه‌مڕه‌وی به‌عسی گرتۆته‌وه‌ یان نا؟ پێش ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ هیچ به‌روارێک یان هیچ فایلێک له‌ مێژوو هه‌ڵده‌ینه‌وه‌، ته‌نیا سه‌یرکردنێکی نه‌خشه‌ی ئێستای شاری هه‌ولێر ڕه‌نگه‌ ئاسانکاری بۆ وه‌ڵامی یه‌که‌ممان بکات، که‌ پێکهاتووه‌‌ له‌ شه‌قامێک به‌ ناوی (بارزانی نه‌مر)، پارکێک به‌ ناوی (سامی عه‌بدولڕه‌حمان)، یاریگایه‌ک به‌ ناوی (فه‌ره‌نسۆ هه‌ریری)، هۆڵێک به‌ ناوی (سه‌عد عه‌بدوڵڵا)، پردێک به‌ ناوی (ئه‌کره‌م مه‌نتک).
ئه‌گه‌ر پارتی دیموکراتی کوردستان وه‌کو هێزێکی ده‌سه‌ڵاتداری ئه‌م شاره‌ پێیوایه‌ هه‌ولێری داگیر نه‌کردووه‌‌‌ یان بڕوای به‌ خه‌باتی ئه‌وانیتر و ئه‌و به‌ره‌یه‌ هه‌یه‌ که‌ له‌سه‌ر تابلۆ‌ی باره‌گاکه‌ی نووسرابوو بزاڤی ڕزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌ی کورد، باشه‌ ئه‌دی ناوی شۆڕشگێڕانی شیوعی، کۆمه‌ڵه‌، سۆسیالیست، یان یه‌کێتی له‌ کوێی نه‌خشه‌ی ئێستای ئه‌م شاره‌ن!‌

دیاره‌ ته‌نیا بینینی ئه‌و نه‌خشه‌یه به‌س نییه‌، بۆ سه‌لماندنی ئه‌و ڕاستییه‌ی که‌ هه‌ولێر شارێکی داگیرکراوه‌. بۆیه پێویسته‌ ته‌فسیر بۆ حوکمی داگیرکه‌ر بکه‌ین له‌سه‌ر تاک یان کۆمه‌لگه‌ی داگیرکراو.
هێزی داگیرکه‌ر چونکه‌ به‌ زه‌بری هێز ده‌سه‌ڵات ده‌گرێته‌ ده‌ست، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر تاکی داگیرکراو ببێته‌ ئه‌ندامێکیش له‌ پێکهاته‌ی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی، ‌هه‌میشه‌ به‌ چاوێکی گومانکارانه‌وه‌ لێی ده‌ڕوانێ‌، یان هێزی داگیرکه‌ر بۆ درێژکردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی خۆی چ به‌ ئاشکرا چ به‌ نهێنی بێ باکه‌ له‌ کوشتنی گیانی‌ ڕه‌خنه‌گر له‌ جه‌سته‌ی هه‌ر تاکێکی ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌ داگیرکراوه. ئه‌ویش له‌به‌رئه‌وه‌ی داگیرکه‌ر له‌وه‌ به‌ ئاگایه‌ که‌ کۆمه‌ڵگه‌ی داگیرکراو هیچ کاتێک وه‌لائی بۆ نییه‌. نموونه‌ی زیندووش بۆ ئه‌مڕۆی هه‌ولێر پله‌ دوواتی خه‌ڵکی ئه‌م شاره‌یه‌ له‌ پێکهاته‌ی ده‌سه‌ڵات یان شێواندنی ئه‌و ده‌مووچاوانه‌ی‌ ڕه‌نگیان زه‌رد نییه‌.

ئه‌وه‌ی لێره‌دا ناچارمان ده‌کات جارێکی تر بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ به‌رواری‌ 31ی ئاب و هه‌ڵدانه‌وه‌ی ئه‌و فایله‌ی که‌ حه‌وت ساڵ به‌ر له‌ پرۆسه‌ی ئازادی عێراق، حزبی به‌عس به‌ له‌شکرکێشی سوپای ئه‌وکاتی عێراق بۆ سه‌ر شاری هه‌ولێر له ‌هه‌مان کات کێشانی سنوورێک به‌ زنجیری ده‌بابه‌کانی بۆ جوگرافیای حکومه‌تێک (له‌ سێبه‌ری خۆی)، هه‌موو ئه‌وانه‌ له‌ پێناو وه‌ڵامی پرسیاره‌که‌یترمانه‌.
دیاره‌ گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و مێژووه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ئه‌وه‌مان‌ بیرده‌خاته‌وه‌ که‌ حکومه‌ته‌ زه‌رده‌که‌ی هه‌ولێر دانراوی حزبی به‌عسه یان ڕوونتر پاشکۆیه‌تی،‌ ئه‌وه‌شمان نیشان ده‌دات که‌ مانه‌وه‌ی تا ئێستای ئه‌و حکومه‌ته‌‌ له‌م شاره‌ مانای ئه‌وه‌ ده‌گه‌یێنێ‌‌ پرۆسه‌ی ئازادی عێراق هه‌ولێری وه‌کو ناوچه‌یه‌کی ژێر قه‌ڵه‌مڕه‌وی به‌عس نه‌گرتۆته‌وه‌.

دیسان ته‌نیا گێڕانه‌وه‌ی مێژووییه‌ک به‌س نییه‌، بۆ خستنه‌ڕووی ئه‌و ڕاستییه‌ی که پرۆسه‌ی ئازادی عێراقی ساڵی دوو هه‌زار و سێ هه‌ولێری له‌ به‌عس پاک نه‌کردۆته‌وه‌، بۆیه‌ به‌رله‌وه‌ی بزانین به‌عسییه‌تی ئه‌و حکومڕانییه‌ چییه‌، پێویسته‌ ته‌فسیر بۆ حوکمی به‌عس خۆی بکه‌ین.
کاتێک حزبی به‌عس هه‌موو تاکێکی له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی عێڕاقی به‌ ئه‌ندامێک له‌ خۆی ده‌زانی، له‌و ڕوانگه‌یه‌ نه‌بوو که‌‌ به‌عس به‌ ڕه‌زامه‌ندی هه‌موو تاکه‌کان هه‌ڵبژێردراوی کۆمه‌ڵگه‌یه‌، به‌ڵکو له‌و دیده‌ فاشییه‌‌ بوو مادام کۆمه‌ڵگه‌ی‌ داگیرکردووه‌ بۆیه‌ هه‌موو تاکه‌کانیش به‌ موڵکی خۆی ده‌زانێت. سیاسه‌تی پارتیش وه‌کو پاشماوه‌ی ئه‌و جۆره‌ حوکمکردنه‌، به‌ موڵککردنی تاک له‌ سڕکردنی بیرکردنه‌وه‌ کورت ده‌کاته‌وه‌، که‌ ئه‌وه‌ش ترسه‌ له‌ تێگه‌شتنێکی جودا.

به‌ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و دوو وه‌ڵامه‌، ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و ڕاستییه‌ی هه‌ولێر شارێکی داگیرکراوه‌ و‌ پێکهاته‌ی ده‌سه‌ڵاته‌که‌شی هه‌رچه‌نده‌ له‌ ئه‌ندامانی ڕاسته‌وخۆی سه‌ر به‌ حزبی به‌عس نه‌بن، له‌ کوردانێکن.. سه‌دام ده‌ستی له‌ شانی داون. به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌ لێڵی ده‌مێنێته‌وه‌ و گومان له‌ (هاتنی له‌ پێناو دیموکراسی) هێزه‌ هاوپه‌یمانه‌کان دروست ده‌کات، بۆچی سه‌رانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ناو وه‌ره‌قه‌ داواکراوه‌کان نین‌!
- هه‌ولێر

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە