گرده‌که‌ ئاشبه‌تاڵی به‌ (گۆڕان) کرد !

Saturday, 03/04/2010, 12:00


دووبارەبوونەوەى پاشاگەردانى لەناو بزوتنەوەى (گۆران)دا و بەیعەت دان بە خوێن بۆ تاڵەبانى
ئەوكاتەى نەوشیروان هەڵوێستى وەرگرت وبە تەواوى دەستى لە یەكێتى هەڵگرت بریارى كۆتایى بە كاركردنى دا لە ناو یەكێتى نیشتمانى كوردستاندا. ئێمە كۆمەڵێك كەسى خوێن گەرمى خاوەن هەڵوێست بە هەموو توانا و خۆئامادەكردنێك بۆهەرچ كارێك كەنەوشیروان مستەفا بیكات ئامادەیمان كرد و هەڵوێستمان بۆپشتگیرى بەرێزیان كرد, ئەوسا ناوى بزوتنەوەى گۆران هیچ ئاسارێكى نەبوو, تەنها لە ناوخەڵكدا بە (ریفۆرم خواز) ناودەبران یان (كۆمپانیاى وشە) و خەڵكى دواى بیروباوەر و مەوقیفى نەوشیروان مستەفا كەوت.
ئەوسا كۆمپانیاى وشە لە 8 كەس تێپەرى نەدەكرد و ئەو برادەرانەشى كە لە ناو مەكتەبى سیاسیدا بوون چاوەروانى رەحمەتى تاڵەبانیان دەكرد و دەستى دەستیان بە خودى نەوشیروان دەكرد و بروایان وا بوو نەوشیروان دەگەڕێتەوە و هەندێك جار دەبونە حەكەم لە نێوان نەوشیروان وتاڵەبانى . نەوشیروانیش هیچ بروایەكى بەوانە نەمابوو .رووى كردە كۆمەڵێك گەنجى خوێنگەرم لە چینى رۆشنبیر و خوێندەوار. ووردە ووردە كۆمپانیاى ووشە بووە ئەمرێكى واقع و گەشەى سەند، دواتر پێش هەڵبژاردنى پەرلەمانى كوردستان ناوى (بزوتنەوەى گۆران) لێنرا. جارێكى تر نەوشیروان مستەفا هەوڵێكى دا كە ئەو برادەرانەى لە (م س) دەوام دەكەن و ناویان لە خۆیان ناوە ریفۆرمەكانى ناو مەكتەبى سیاسى، كەخۆیان یەكلابكەنەوە، بەڵام بێ فائیدە بوو... (م س) وتاڵەبانیش بە چاوى شك و خیانەتەوە ئەیڕاوانیە ئەو برادەرانە و هەربڕوایان بە وازهێنان ولە دەستدانى پلە وپۆست نەبوو.
لە كاتێكدا لە ناو مەكتەبى سیاسیی یەكێتی هیچ حسابێك بۆ ئەو (4) برادەرە نەدەكرا. بەیانیەكیان (عمرى سەید على) دەچێتە (م س) دەبینێ ناو (م س) چۆڵە دەپرسێ ئەوە برادەران لە كوێن؟ لەوەڵامدا دەڵێن كۆبوونەوە هەیە, بۆ بەرێزتان ئاگادارنین.... بزانە هیچ بڕوایەكیان بەو برادەرانەى ریفۆرم نەمابوو.. كەچى ئەمان هەر چاوەرێى رەحمەتى شەیتانیان دەكرد.. ماوەیەكى ترى برد هەروا مانەوە و بە ناوى ئەوەى بتوانن (كۆسرەت رەسول) قەناعەت پێ بكەن و بیهێنە ناو گۆران بەڵام كۆسرەت لە پێناوى پارە ودەسەڵاتدا كڵاوى نایە سەریان و تووشى چەندین پەنگى كردن.
كۆسرەت زۆر لە كوتلەكان دەترسا بە تایبەتى كوتلەى مەڵبەند و عومەرى سەید عەلى.. كۆسرەت دەیووت: (ئەگەر 3 برا پێكەوە بن وكرێكارى بكەن كاك عومەر بچێتە ناویان یەكسەر بە 3 رۆژ تێكیان دەدات و ئەیانكات بە 3 كوتلەوە).
ئێستاكە بزوتنەوەى گۆران لەو حاڵەتەى ناو مەڵبەندى جاران دەچێت، بەڵام بە ناوێكى تر و رەنگێكى تر (خواردەمەنى مازى 1 وخواردەمەنى مازى 2) ...مەڵبەندى یەكێتى جاران و جماعەتەكەى گۆرانى ئێستا... وەك لە ناوەكانى كە نێراوە بۆ وەزارەتى ناوخۆ بۆ مۆڵەت دەرهێنان وخودى عمرى سەیدعەلى دایناوە هەمووى كوتلەى خۆى وجماعەت وخزمى خزمێكى برادەرانى خۆیانن .. تیایەتى 2 جار گردەكەى نەدیوە، یان ترساوە سەردان بكات، یان ژنى فڵان برادەرە یان مێردى فڵان خوشكە.. لە كاتێكا چەندەها كەسى تێكدایە لە بزوتنەوەى گۆران سەد ئەوەندەى كوتلەكەى عمرى سەید عەلى هیلاك ترو ماندوتر وبە هەڵوێسترە وزیاتر لەوان كارى بۆگۆران كردووە..باشە ئەگەر ئێمه‌ بە هەمان هەڵە ورێگەى یەكێتیدا برۆین و بە هەمان شێوە هەر ئەو برادەرانە بكەینە براگەورە و هەرچى كەسى دڵسۆز وخاوەن مەوقیفە برا بچوك بێت چیمان كردبە چى؟ بۆ دەبێت هەر ناوى ئەندام پەرلەمانە كۆن و تازە و برادەرانى كۆنى مەڵبەندى تیابێت و ئەوەى كرنۆش بۆ جماعەتەكەى مەڵبەند نەبات نابێت و بچێتە سەرەوە؟ ئەیا كاك نەوشیروان له‌ بیری چوو، که‌ له‌م لە م هەڵبژاردنەى عێراقدا بە هۆى هەڵەى ئەمانەوە چیمان بە سەر هات و لە (سلێمانى و هەولێر) 17 هەزار دەنگمان كەمى كرد.. ئایا کاک نه‌وشیروان نازانێ ئەم بەزمى (كۆن كۆن .. براگەورە. براگەورە) چ زەرەرێك لە ئایندەى بزوتنەوەى گۆران دەدات؟ ئەى نازانى كە بزوتنەوەكەت بۆته‌ رێكخراوێك یان حیزبێك وهەندێك لەوانەى چواردەورت چ سینارێویەكى رەش دووبارە دەكەنەوە؟ ئەوەتا جارى هیچ نەبووە و چوونەوە ناو باوەشى جه‌لال تاڵەبانى، بەخوێن بەیعەتان بۆ تاڵەبانى تازەكردوەوە، دەنگتان پێدا كە جارێكى تر ئەو دیكتاتۆرە ببێتەوە بەسەرۆك كۆمارى عێراق و ئەو خەڵكە دڵسۆز و نیشتمان پەروەرەى جەماوەر لاى گۆران رەنجیان بە خەسارچوو.

لێپرسراوێکی تۆراوی ناو گۆڕان

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە