خەمەكانى پزیشكێك یان خەمەكانى وڵاتێك
Saturday, 28/01/2012, 12:00
لە وڵاتێكى پڕ ئازاردا، شتێكى نامۆ نییە كە چین و توێژە جیاوازەكان گیرۆدەى هەمەجۆر كێشەو گرفت ببن، لە هەرێمێكدا كە حیزبى چەكدار لەبرى حكومەت بڕیاردەر و لەبرى پەرلەمان چاودێربێت، دەبێت هەر چاوەڕێى هەناسەى ساردى خەماوى بەناو چینە بەرزەكانى كۆمەڵگاو هاوارو ناڵەى سكى برسى هەژاران بین، لە وڵاتێكدا كە خاكو ئاو و ئاسمان دابەشكراوە بەسەر دوو رەنگى كۆنى ژەنگاویدا دەبێت هەر چاوەڕوانى ژەنگگرتنى خەونەكانو گەرموگوڕى خەمەكان بین! كەواتە شتێكى ئاساییە هەریەكەمان كۆڵەكێشەیەك بەسەر پشتمانەوە بێتو تا گۆڕستان هاوڕێو هاوكارمان بێت، ئەوەى نامۆو سەرنجڕاكێشە ئەوەیە خەمەكانى چینێكى دیاریكراوى كۆمەڵگا خەمى یەك بە یەكى هاوڵاتیانە بەبێ ئەوەى هەست بەم تەمە خەماوییە كرابێت.
لە گەڕانێكى سەرپێیدا بەناو چەند كتێبخانەیەكدا، ناونیشانێكى سەرنجراكێشم بینى (خەمەكانى پزیشكێك)! ئاخۆ پزیشكیش خەمى هەیە؟! مەگەر ئەوان تاكە چینێكى كۆمەڵگا نین كە تا رادەیك چۆكیان بۆ دەستەڵاتى میلیشیایى دانەداوەو بە پشتبەستن بە بڕوانامەو هەلوەرگرتن لە زۆرى نەخۆشى كۆمەڵگایەكى نەخۆش ئاستێكى بەرزى ژیانیان بۆ خۆیان دابینكردووەو گەشتە سیاحییەكانیان كە زیاترە لە ئیشت و كارەكانیان خەمەكانى ئەم وڵاتەى لەبیربردوونەتەوە؟! تەنها بۆ ئاشنابوون بە خەمەكانى ئەم توێژەى كۆمەڵگا دەستمدایە كتێبەكەو كڕیم و هەرئەوەندەى چەند لاپەڕەیەكى سەرەتام خوێندەوە ئیتر نەمتوانى دەستبەردارى ببمو تا دوا وشە هەست و هۆشم لاى هەناسەى ساردى پزیشكى نوسەربوو! بۆم دەركەوت خەمەكانى پزیشكێك وەك خەمى كرێكارو هەژارو بازرگان و راگەیاندنكار و.... نییە كە تایبەت بێت بەخۆیانەوە بەڵكو پشكى هاوڵاتى بەشى سەرەكى خەمەكانى پزیشك پێكدەهێنێتو ئاگادارنەبوون لەم سەهمداریە جۆرێكى دیكەى بێهۆشییە كە ئەگەر بەردەوامبێت دوورنییە ببێتەهۆى ئیفلیجى و ماڵئاوایى یەكجارى وەك خۆیان دەڵێن.
لەپەرتوكەكەوە بۆمان دەردەكەوێت كە پشتگوێ خستنى خزمەتگوزرارى تەندروستى لەلایەن حوكەمەتو ئاوڕنەدانەوەى میدیا لە رۆشنبیرى تەندروستى، چەند سەدەیەك كۆمەڵگاى كوردى لەم بوارەدا بردووەتە دواوە و مەترسى راستەوخۆى بۆسەر ژیانى یەك بەیەكى تاكەكانى ئەم هەرێمە دروستكردووە. لێرەوە دەنگى پاڕانەوەم دەخەمە پاڵ پزیشكى نوسەر و داوا لە هاوڵاتیان و میدیاكاران دەكەم ئاوڕێك لە ڕۆشنبیرى تەندروستى بدەنەوە و بە حكومەتیش دەڵێم گەندەڵیتان لە هەر بوارێكدا بەجێێ خۆى بەڵام لەبەر خاترى خانەوادەى شەهیدان گرنگى تەواو بە بوارى تەندروستى بدەنو مەبنە بكوژى راستەوخۆى خەڵكى سیڤل.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست