با كورد وێنەی پێشەوایەك هەڵواسێت كە لەپێناو كورددا هەڵواسرا
Tuesday, 21/02/2012, 12:00
چەند رۆژێكە جێگۆڕكێی وێنەكەی مەلامستەفا بارزانی لەسەرۆكایەتیی پارلەمان لەلایەن ئەرسەلان بایزەوە، بۆتە مەسەلەی رۆژو میدیاكانیش قسەوباسی لەبارەوە دەكەنو شەڕەدەنكوكی فەیسبووكیش ئەوەندەی دیكەی ئەو مەسەلەیەی وروووژاندووە بەشێوەیەك پارلەمانتارانیش لێرەو لەوێ رای جیاواز لەو مەسەلەیەوە دەدەنو بەشێك لە پارتییەكان ئەو كارە بە كوفری موتڵەق دەزانن، لەبەرئەوەی نەك هەر پێیانوایە هەموو كوردێك وەك ئەوان مستەفا بارزانی بە باوكی رۆحیی نەتەوەیی كورد دەزانێت، بەڵكو ئەو مەسەلەیە بە "نایاسایی!"و نائاساییش دەناسێنن و گوایە پارلەمان پێشتر بە یاسا مستەفا بارزانی كردووە بە باوكی رۆحیی.
دیارە ئەنوەری حاجی عوسمانیش لە ئاماژەكەی خۆی بۆ ئەرسەلان بایز مستەفا بارزانی بە "خومەینی"و كەمال ئەتاتورك" چوواندووە، بێئەوەی ئەوە فام بكەن كە هیچ كەسێك ناكرێت بە یاسایەك بكرێت بە باوكی رۆحیی ئەگەر بۆخۆی لەڕاستییدا لە ویژدانی گەلدا زیندوونەبێت و شایەنی نەبێت، داوتر نە خوالێخۆشبوو مەلامستەفا خومەینی و ئەتاتوركە، و نە كوردیش دەبێت بتی وەك خومەینی و ئەتاتورك بۆخۆی دابتاشێت، وێڕای ئەو راستییەی كە ئەتاتورك سوپای هاوپەیمانانی لەسەر خاكی تورك راماڵی و دەوڵەتی بۆ تورك دامەزراندو خومەینیش شۆڕشی گەلانی سەرخست و بنەماڵەی شاهەنشاهیی پەهلەوی رووخاند، بەڵام مستەفا بارزانی خەباتی شۆڕشی 14 ساڵەی ئەیلولی كردە قوربانی بەرژەوەندییەكانی ئێرانی پەهلەوی و یەك چارەنووسی كردە بە باڵادا كرد ئەویش "ئاشبەتاڵە".
لەلایەكی دیكەوە بارزانی لەژیانییدا حەزی بەكەسێك نەبوو پێیدا هەڵبدات و وێنەكەی هەڵواسێت، بۆ راستیی ئەم بۆچوونە، وەختی خۆی لە ساڵی 1963 تەنیا لەبەرئەوەی سەعید كویستانی كە تێكۆشەرێكی رۆژهەڵات بوو بە بارزانی وت مامۆستا، بارزانی دوو رۆژ زێندانی كرد، بارزانی لە ژیانی خۆیدا گاڵتەی بەكەسێك دەهات پێیهەڵبدات، ئیدی باوكی رۆحیی و شتی دیكە كەس نەیوێراوە هەر باسیشی بكات. لەلایەكی دیكەوە لەرووی نەتەوەییەوە، كەس ناتوانێت نكۆڵیی لەو راستییە بكات كە لەسەردەمی شۆڕشی ئەیلول و سەركردایەتیی خوالێخۆشبوو مەلامستەفادا، چ لەسەرئاستی باشووری كوردستان و چ لەسەرئاستی بەشەكانی دیكەی كوردستان، نەك هەر یەكڕیزییەكی تۆكمەی لە هاودەردیی و یەكێتیی نەتەوەییدا نەهێناوەتەئارا، بەڵكو تووشی نشوستییەكی مەزنیشی كرد، كارەساتی سڕینەوەی ئەو سۆزە لاوازە نەتەوەییە كەمەشی كە هەبوو بەهۆی پەرتكردنی جوولانەوەی چەكدارانەی كورد لەساڵی 1964دا بەسەر هەردوو باڵی مەلاییوجەلالیو هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆ كە ریشەی هاوبەستەگیی كۆمەڵگای كوردی لەریشەوە هەڵتەكاند، راوەدونانو كوشتنی سەركردەكانی پارچەكانی رۆژهەڵات و باكوری كوردستان لەساڵەكانی 1968و دواتر و كوشتنی ئەندامە بەرزەكانی حیزبی دیموكرات وەك فایەقو قادر شەریفو خەلیل شەوباشو مەلا رەحیمی ویردی و هەروەها كوردی باكووری وەك دكتۆر شڤان..هتد كە لەمێژوودا ئاشكران و پێویست ناكات زۆریان لەبارەوە بڵێین...
بەبڕوای ئێمە ئەمڕۆ گەلی كورد لەقۆناغێكی مەترسییداردایەو نەكاتی ئەوەی هەیەو نە پێویستیشی بەوەیە خۆی بە مەسەلەی داتاشاینی باوكی رۆحیی و هەڵواسینی وێنەی ئەو باوكانەوە بەخۆڕایی بەفیڕۆبدات، سەركردایەتیی كورد لە باشووری كوردستان كە چەند ساڵێك بەر لەئێستا لەسەر قازێك و دواتریش لەسەر سووتانی پارچەپەڕۆیەك شەڕێكی دۆزەخییان بۆ گەلی كورد داخست و هەزاران رۆڵەی ئەم مبلەتەیان بەكوشتداو رەشەكوژییان لەو خەڵكە كرد، ئێستاش لەسەر بەزمی هەڵواسینی وێنەو جێگۆڕكێیەكەی خەریكن ئاشووبێكی دیكە دەقەومێنن، ئایا ئێوە رۆژێك بیر لەگۆڕینی عەقڵییەتی دۆگماتان ناكەنەوەو تاكەی ئەم میلەتە رەشو رووتە باجی ئەم ناعەقڵانییەتان بدات!!!
خۆئەگەر هەر بڕیاریشە گەلی كورد وەك قۆناغی پێشووی گەلانی دیكە، پێشەوایەكی میلی خۆی هەبێ تو وێنەكەی هەڵواسێت، ئەوا واباشترە كە كورد وێنەی پێشەوایەك هەڵواسێت كە لەپێناو كورددا هەڵواسرابێت و لە ویژدانی هەر تاكێكی بەشەرەفی ئەم میلەتدا زیندووبێت و مێژوو شایەتیی بۆ بدات، كەسێك كە لەلایەن هێزێكی تایبەتی سیاسییەوە بازرگانی بە رۆحییەوە نەكرێت و لەململانێ ناوخۆییەكانداو بۆقازانجی بنەماڵەو كەسانێكی دەسەڵاتداری ئەمڕۆ ئیستیغلال نەكرێت. ئەو كەسەش بە بڕوای ئێمە "پێشەوا قازی محەمەد" ی سەرۆك كۆماری میلی كوردستانە، چونكە:
1- مرۆڤێكی رۆشنبیر بوو.
2- مافناسودادپەروەر بوو.
3- مرۆڤێكی بەحەق ئازادییخوازو پێشكەوتووخوازو رەوشتبەرز بوو.
3- بوردبارو نەرم و دڵاوابوو.
4- نەك تەنیا كوردی رۆژهەڵات، بەڵكو تەواوی گەلی كورد رێبەرایەتیی پێشەوایان قبوولأ بوو.
5- تەنانەت دوژمنەكانی پێشەوا قازی محەمەدیش، نەیانتوانیوە لەئاست مەزنیی و شكۆمەندیی و مرۆڤدۆستیی ئەو رابەرە دان بە راستییەكاندا نەنێن و چاوی لێبپۆشن.
6- لەسایەی قازییدا هاوبەستەگیی و یەكێتی ریزەكانی كورد پێكهاتو مەهاباد بووە قیبلەگای تێكڕای كوردان. نە شەڕی ناوخۆ، نە كوشتنی كوردانی هیچ پارچەیەكی كوردستان، ئەمانە هیچی نەقەومان.
7- ئەوەی لەهەموو ئەمانەش رۆشنترە ئەوەیە كە خودی خوالێخۆشبوو مەلا مستەفا بارزانی لە سایەی پێشەوادا ناوی پێشمەرگەی لێنراو بەهۆی بەشداریی بارزانی لەمەهاباد و لەسایەی قازییدا ناوبانگی مەلامستەفا زێدەبوو، لەكاتێكدا پێشەوا لەرۆژی دامەزراندنی كۆمارە كوردییەكەدا وەك رابەرێكی مەزنی كورد سڵاو بۆ گەلەكەی دەكات، مەلامستەفا لەخوارەوەو لەبەردەم پێشەوا وەك پاسەوان و شوێنكەوتەیەك وەستاوە، هەروەها پارتییەكان باس لەوە دەكەن گوایە مەلامستەفا ئاڵای كوردستان و پەیامی كوردایەتیی لەپێشەوا قازی محەمەد وەرگرتووە!
ئەگەر ئەمە تەواو دروستیش بێت ئیدی چۆن دەكرێت كەئەولەوییەت بدرێتە مەلامستەفا بە باوكی رۆحیی نەتەوەیی كورد دابنرێت و بخرێتەپێش قازی محەمەدی پێشەواوو رابەرو وەستاوە، كە لەتەواوی ژیانییدا نەك هەر دەستی بەخوێنی تاكێكی نەتەوەكەی سوور نەبوو، بەڵكو بە گیانی خۆی پێشی بە مەرگ و رژاندنی خوێنی هەزاران رۆڵەی گەلەكەی گرت و سەلماندنی بەراستیی قوربانیدەرو پێشمەرگەیە.
هەربۆیە گەر كوردیش وەك چۆن گەلی هند شانازیی بە گاندی ئاشتییخوازەوە دەكات و گەلی باشووری ئەفریقاش شانازیی ماندێلای بوردبارەوە دەكات،دەبا هەموو كورد وێنەی ئەو پێشەوا ئاشتییخوازو بوردبارە هەڵبواسێت كە لەپێناوی كورددا هەڵواسرا
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست