یه‌که‌م خیتابی بارزانی

Monday, 13/07/2009, 12:00


هه‌موو گه‌لانی جیهان به‌درێژایی مێژوویان ئه‌و چیرۆکانه‌ بۆ نه‌وانه‌کانی‌ ده‌نوسن وده‌گێڕنه‌وه‌ که‌له‌ ڕابردوودا ڕوویان داوه‌ ،گه‌ر ئه‌و چیرۆکانه‌ چیرۆکی به‌رئاگردان و شه‌وچه‌ره‌ی شه‌وان بێت یان ئه‌و سه‌روه‌ری و ده‌ستکه‌وتانه‌ی سه‌رده‌می به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ بووبێت .
دیاره‌ نه‌ته‌وه‌ی کوردیش بێبه‌ش نیه‌ له‌هه‌ردوو چیرۆکه‌که‌ ، ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمه‌ لێره‌دا باسی بکه‌م چیرۆکی دووه‌مه‌ که‌به‌شێکی گرنگی مێژووی سیاسیه‌کی کورد ده‌گرێته‌وه‌ له‌رۆژانێکی دیاریکراودا ئه‌ویش بارزانی و ڕێبازه‌که‌یه‌تی‌ .
به‌درێژایی ته‌مه‌نی خۆم که‌ وا له‌50 ساڵ نزیک ده‌بمه‌وه‌ ده‌سته‌واژه‌ی { ڕێبازی بارزانی } دێته‌ گوێم ئه‌وه‌ی له‌ڕێی پارتی دیموکراته‌وه‌ ئیدیعای بۆده‌کرێت و ده‌ڵێن : { ڕێبازی بارزانی یه‌کسانه‌ به‌ ڕێبازی کوردایه‌تی } به‌ڵام بابزانین ئه‌م ڕێبازه‌ کوردایه‌تیه‌ لای بارزانی چی بووه‌و پاشان چۆن ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه‌ لای خانه‌واده‌که‌ی .
مه‌لا مسته‌فا به‌درێژایی ژیانی حه‌زی له‌وه‌ نه‌بووه‌ ببێته‌ سه‌رۆکی پارتی به‌ڵکو هه‌ر حه‌زی به‌ کوێخایه‌تی و مه‌لایه‌تیه‌که‌ی خۆی بووه‌ به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بانگه‌شانه‌ی که‌ تا هه‌نوکه‌ بۆی ده‌کرێت به‌ڵام قه‌ده‌ر بۆی ڕه‌خساند، به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌وه‌ یه‌که‌م کۆنفرانسی پارتیه‌ له‌شاری قه‌ڵادزێ که‌ تێیدا بانگ ده‌کرێت ووته‌یه‌ک بخوێنێته‌وه‌ به‌و موناسه‌به‌یه‌وه‌ ئه‌ویش کاتێک دێته‌ سه‌ر شانۆ ده‌بینێت برایم ئه‌حمه‌دو جه‌لال تاڵه‌بانی و کۆمه‌ڵێک له‌و که‌سانه‌ی حه‌ز به‌چاره‌ی ناکه‌ن له‌پێشه‌وه‌ دانیشتون { پێده‌چێت پێیان ڕابواردبێت } قاڵس ده‌بێت و ده‌ڵیت : خۆزگه‌ ده‌بوومه‌ سه‌رۆکی حیزبی که‌ران نه‌ک ئه‌م حیزبه‌ ئه‌مه‌ به‌یه‌که‌م خوگبه‌ی مسته‌فا به‌رزانی داده‌نرێت له‌مێژووی سیاسی ئه‌و پیاوه‌دا واته‌ یه‌که‌م فه‌لسه‌فه‌ی نه‌مریی بارزانی .
ئه‌م چیرۆکه‌ له‌گه‌ڵ گه‌وره‌بوونمدا گه‌وره‌بوو تا ئێستا هه‌رده‌م باسی ڕێبازه‌ نه‌مره‌که‌یم گوێ لێده‌بێت له‌ده‌زگاکانی پارتیه‌وه‌ هه‌مان چیرۆکی حیزبی که‌رانم بیر ده‌که‌وێته‌وه‌ ئیدی نازانم خانه‌واده‌که‌ی مه‌لا چ فه‌لسه‌فه‌یه‌کی تریان له‌پشت ئه‌م ووته‌زایه‌وه‌ دۆزیوه‌ته‌وه‌و به‌ شێوه‌یه‌کی فه‌نتازیاوه‌ به‌جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی کوردستانی ده‌فرۆشنه‌وه‌ { باهه‌مومان له‌پشت ڕێبازه‌ نه‌مره‌که‌ی بارزانیه‌وه‌ بوه‌ستین } له‌کاتێکدا که‌سی مه‌عنی باوه‌ڕی به‌حیزبه‌که‌ نه‌بووه‌و بگره‌ پێی شه‌رم بووه‌ وه‌ک چۆن ڕقی له‌ووشه‌ی مامۆستا بووه‌ که‌به‌مه‌لا ده‌ڵێن و تائێستاش ناوی مه‌لا وه‌ك ڕێزگرتن به‌مامۆستا ناوده‌برێت به‌ڵام لای مه‌لا موسته‌فا یه‌کێک پێی ووتبێت مامۆستا توڕه‌ بووه‌و ووتوویه‌تی { عه‌لی مه‌ردان مامۆستایه‌ نه‌ک من } .
کاتێک باسی ڕێبازێکیش ده‌کرێت پێویسته‌ بنه‌ماکانی له‌ڕوی ئایدۆلۆژی و ئابوری و فه‌لسه‌فی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ به‌ڕونی و به‌به‌رنامه‌ بڵاو بێته‌وه‌ بۆیه‌ پێم سه‌یره‌ به‌و مێژووه‌ دورو درێژوو ده‌سه‌ڵاتی ئێستای خانه‌واده‌ی مه‌لاوه‌{ چونکه‌ کچانی بڤه‌یه‌ له‌کاری سیاسیدا به‌شداربن } نه‌یانتوانیوه‌ ئه‌و ووتارو ڕێبازه‌ گرنگه‌ی که‌شانازی پێوه‌ ده‌که‌ن بیخه‌نه‌ به‌رده‌ست خوێنه‌ری کورد چونکه‌ نه‌یبووه‌ گه‌ر بوبێتیشی له‌مه‌ی سه‌ره‌وه‌ گرنگتر نه‌بووه‌ که‌باسکرا ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ مه‌سعودی کوڕی ژیاننمایه‌کی له‌خه‌باتی باوکی نوسیوه‌ته‌وه‌ به‌زمانی عه‌ره‌بی و له‌ژێر ناوی البارزانی والحرکە التحرریە الکردیە جگه‌ له‌ چیرۆکی به‌رئاگردانه‌که‌ی سه‌ره‌وه‌ به‌ترش و خوێوه‌وه‌ هیچ فه‌لسه‌فه‌یه‌کی باوکی تێدا نیه‌ که‌ باسی لێ بکرێت و ناوی لێ بنرێت ڕێبازی بارزانی و وه‌ک پره‌نسیپێک نه‌وه‌ی دوای خۆی په‌یڕه‌وی بکه‌ن .
گه‌ر ڕێبازی بارزانی یه‌کسان بێت به‌ڕێبازی کوردایه‌تی ئه‌وه‌ هه‌موو واتاکانی به‌رگریکردن و سه‌روه‌ری نیشتمان هیچ مانایه‌کی نابێت چونکه‌ له‌گه‌ڵ گه‌وره‌ بوونی ده‌سه‌ڵاتی خێزانی مه‌لادا هه‌میشه‌ هه‌وڵی کۆکردنه‌وه‌ی سه‌رمایه‌و ده‌سه‌ڵاتیان داوه‌ نه‌ک خه‌باتکردن بۆ کوردایه‌تی .
گه‌ر ڕێبازی بارزانی یه‌کسان بێت به‌ڕێبازی کوردایه‌تی ئه‌و هه‌موو خیانه‌ت و خۆفرۆشیه‌ی که‌ کوڕانی بارزانی کردویانه‌ ده‌بێت واتایه‌کی دی بدۆزینه‌وه‌ بۆ مانای ئازادی بوونی مرۆڤی کورد .
گه‌ر ڕێبازی بارزانی یه‌کسان بێت به‌ڕێبازی کوردایه‌تی ئه‌و هه‌موو خائینانه‌ی که‌له‌سه‌رده‌می خه‌باتی چه‌کداریدا ماڵی کوردیان هه‌ڕاج کرد و پاشان کوڕانی بارزانی کردیانه‌ کوڕی بارزانی { هه‌مو مسته‌شاره‌کانی به‌کوڕی بارزانی ده‌شوبهاند } ئیدی ده‌بێت واتایه‌کی دی بدۆزینه‌وه‌ بۆ شۆڕشگێڕیی و به‌رگریکردن .
[email protected]


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە